Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
پێنچ ساڵ لەگەڵ مارێنزەكاندا

پێنچ ساڵ لەگەڵ مارێنزەكاندا

Closed

  عەزیز ڕەئووف……

 دواى پێنچ ساڵ تێپەڕین ەسەر ڕوخانى پەیكەرەكەى سەدام و هاتنى مارێنز بۆ كۆمەڵگەى عیراق و كوردستان، تا دێت ئەم كۆمەڵگەیە خوێناویتر و جەهەنمتر دەبێت. پێنچ ساڵ بۆ یەك چركەس كۆمەڵگە لەسایەى مارێنزەكاندا چانسى حەسانەوەى نەبوو. پێنچ ساڵ بارتەقاى مێژوویەك ئەم كۆمەڵگەیە خوێنى لێچۆڕا. بۆیە زیادەڕۆیى نیە گەر بڵێم ئەو قوربانیەى لە ماوەى پێنچ ساڵ لە سایەى دەسەڵاتێك كە هەڵگرى دروشمگەلى دیموكراسى و مافى مرۆڤ بوو، هیچى كەمتر نەبوو لە ڕێژەى ئەو خوێنڕشتن و قوربانیەى كە لەسایەى دیكتاتۆریەت و ستەمكاریدا كۆمەڵگە بەخۆوەى بینى.
 پێنچ ساڵ ڕووبەڕوو لەگەڵ مارێنزەكاندا بۆ چركەساتێكیش نەمانبینى ئەم مەخلوقە دەستبەردارى تفەنگەكەى بێت و لە خەون و خولیاكانمان حاڵى بێت و گوىَ لە حیكایەتەكانمان بگرێت. یەكێك لە خەسڵەتەكانى مارێنز ئەوەیە كە هەرگیز گوێ لە حیكایەتى مرۆڤەكان ناگرێت. ئەوان كە ئیستا لە عیرقدا پەنجەیان لەسەر پەلاپیتكەى تفەنگەكانیانە، هەرگیز ئامادە نین گوىَ لە ئازارەكانى ئەم كۆمەڵگەیە بگرن.
 ئیشكالى مارێنزەكان لە عیراقدا لانى كەم پەیوەندى بە ڕەفتارى سەربازئاسایانەوە هەیە بۆ گێڕِانەوەى ئاشتى و لەم وڵاتەدا. ئیشكالى ئەوان ئەوەیە دەیانەوێت بە چەك كۆتایى بە چەك بێنن، كە ئەمەش كەم تا زۆر جگە لە كۆمەڵگەیەكى چەكدار و میلیشیائاسا هیچى ترى لێ شین نابێت.
 پێنچ ساڵ ڕووبەڕوو لەگەڵ مارێزەكاندا هەرگیز بۆ چركەساتێكیش ڕوویەكى جوانى مارێنزەكانمان نەبینى. ئەوان وایان لێكردین كە ڕقێكى گەورەمان لە كەلتورى ئەمریكى بێت. ئەوان ئەمریكایان بەو كەلتورە فراوانەوە لا ناشرین كردین و ڕوویەكى شەڕانى و عەنتەریاتى ئەمریكامان بینى لەجیاتى ڕوویەك لێوانلێو لە تۆلێرانس و قبوڵكردنى جیاوازى. من دڵنیام ئەم ڕەفتارەى مارێنزەكان لە عیراقدا دەیكەن، هەرگیز لە وڵاتى خۆیاندا لێیان قبوڵ ناكرێت. ئایا هیچ مارێنزێك دەتوانێت لە یەكێك لە ویلایەتەكانى ئەمریكا بىَ پرسى دادگا، بە لەقە و بە شكاندنى دەرگا لە نیوەشەودا خۆى فڕێبداتە ماڵەكانەوە و ترس و تۆقین بخاتە دڵى منداڵەكانەوە؟
 ئەو بێحورمەتیەى مارێزنزەكان كردنیان وێنەى نیە. ئەوان گەر هیچیان فێر نەكردبێتین، فێرى ئەوەیان كردین كە تورەكە بخەینە سەرى ئەوانەى كە لانى كەم وەك ئێمە بیر ناكەنەوە. ئەوان لەجیاتى فێرى جیاوازى و لێبوردەیمان بكەن، فێریان كردین كە هەر گروپ و هێز و بزوتنەوە و خۆپیشاندانێك لە دەرەوەى دەسەڵات ناوبنێین دەستى تیرۆرست و گێرەشێوێنى لە پشتەوەیە. ئەو گەمانەى مارێز لە عیرقدا دەیكەن، گەمەگەلێكى تەواو تەمومژاوى و هەڵگرى گومانە. ئەوان هەرگیز هەوڵى ئەوە نادەن كۆمەڵگەى عیراق لەم ئەزمونە خوێناویە قوتارى بێت. كێشەى ئەو گەنجانەى كە شەڕى ئەمریكیەكان دەكەن، چەندە كێشەى تەماشاكردنى ئەمریكیەكانە وەك شەیتان، بارتەقاى ئەوەش هەوڵێكى ئەو گەنجانەیە بۆ جێهێشتنى عیراقێك كە بستێك لە جەهەننەمەوە دوورە. ئاخر كۆمەڵگەیەكى وێرانە و نەبوونى چانسى كاركردن بۆ گەنجەكانى، ئایا وەها گەنجێك چ ڕێگەیەكى تر هەیە بیگرنە بەر جگە لە هەڵبژاردنى مردن و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ مارێنزەكاندا؟
 سەبارەت بە ئەزموونى هەرێمى كوردستان و ماوەى پێنچ ساڵ شەهرلعەسەل لەگەڵ مارێزەكاندا هیچ هەوڵێك بۆ لێكنزیكبوونەوەى كورد و مارێنز هەست پێناكرێت. هەر هەوڵێكى ئەمریكیەكان بۆ نزیكبوونەوە لەگەڵ كوردەكاندا جگە لە مجامەلەى تاكەكەسى و ڕەفتارى میوانداریكردنى دیوەخانئاسا، هیچ ڕێكەوتنێكى ستراتیژى لەنێوان كورد و ئەمریكیەكاندا بوونى نیە.
 تا ئیستا لە هەرێمى كوردستان خوێن لە لوتى مارێنزێك نەڕشاوە، كەچى بۆ چركەیەكیش  هەڵوێستى مارێنزەكان بەرامبەر بە كورد گۆڕانى بەسەردا نەهاتووە. ئەوان كە دێنە هەرێمى كوردستان هەمان ڕەفتار دەنوێنن كە لەگەڵ یاخیەكانى باشور و ناوەڕاستى عیراقدا دەینوێنن. ساڵى 2004 مامۆستا بووم لە یەكێك لە قوتابخانە نمونەییەكانى شارى سلێمانى تایبەت بە زمانى ئینگلیزى. كۆمەڵێك مارێنز بە جلى سەربارزیەوە خۆیانكرد بە خوێندنگەكەدا. تەنانەت لەناو كلاسەكانیشدا پەنجەیان لەسەر پەلاپیتكەى تفەنگەكانیان بوو. بۆیە بە یەكێك لەمارێنزەكانم وت: ئایا لە ئەمریكا دەتوانى بە تفەنگەوە بچیتە ناو پۆلەكانى خوێندنەوە؟ مارێنزەكە هێندە بە پرسیارەكەم توڕەبوو كە زۆرى نەمابوو تورەكە بخاتە سەرم.
 مارێنزەكان هەمیشە كەلتورێكى شەڕانگێزیمان پیشان دەدەن. ئەوەى كە سەربازە كۆرییەكان لە هەولیر ئەنجامى دەدەن سەبارەت بە ئاوەدانكردنەوە و ڕەفتارى نەرمونیان، بۆ تۆزقاڵێكیش لە كەلتورى مارێنزە ئەمریكیەكان ناچێت. بۆیە كەلتورى كۆرییەكان زۆر لە كەلتورى ئەمریكى جوانتر و نەرمونیانترە، بەو پێیەى ئەمریكیەكان هەمیشە بە شەڕ دەیانەوێت كێشەكان چارەسەر بكەن و كۆرییەكانیش بە نزیكبوونەوە لە خەڵك و كردنەوەى دەرگاكان بەسەر ئەوانى تردا.
  دەسەڵاتى كوردی لە هەرێمى كوردستان تا ڕادەیەكى زۆر لە ڕەفتارى مارێنزەكان دەچێت. دەسەڵاتى كوردى لە مارێنزەكانەوە فێر بووە كە هەر هەوڵێك لەدەرەوەى خۆیان بە قێزەون و ناشرین و تیرۆریست ناوزەد بكەن. گەر هەر خۆپیشاندان و ناڕەزایدەربڕینێك لە سەرەتاى ڕاپەڕینەوە هەست پێبكرایە، ئەوا هێزە كوردیەكان ناوى "تابورى پێنجەم"یان لێدەنا. بەڵام دواى هاتنى مارێنز لانى كەم لە پێنچ ساڵى ڕابردوودا هەر هەوڵێك، هەر بزوتنەوەیەك، هەر خۆپیشاندان و ناڕەزاییەك دوور و نزیك دەسەڵاندارانى ئەم دەڤەرە بەناوى "دەستى تیرۆریست و كۆمەڵێك گەنجى ئاژاوەگێر" دایانمركاندووەتەوە و لانى كەم ئامادە نەبوون بۆ چركەساتێكیش بێت گوىَ بۆ ناڕەزاییەكان ڕادێرن.
 
azizrauf2003@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.