Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
پێڵاوەکانی …. حەمە کاکەڕەش

پێڵاوەکانی …. حەمە کاکەڕەش

Closed
by August 11, 2012 ئەدەب

 

 

بۆ تۆ نەرموشلتری لە ئاو

کەی دەگەڕێیتەوە 

دڵم شێتبووە 

دەستکێشەکانت دەخەمە سەردڵم،

پێڵاوەکانت دەخەمە ژێر سەرم 

لە خەونمدا دەگەڕێیتەوە،

,,,

پێڵاوەکانت تۆزی خەمیان لێنیشتووە

ئەوانیش وەک من بیرت دەکەن.

،،،

باران بوو پێڵاوەکانی لێ بەجێما

تینوێتی تاسەی بینینەوەی

خەریکبوو بمخنکێنێ

باراناوی ناو پێڵاوەکانیم خواردەوە

ئای لە باراناوی ناو پێڵاوی دایک و شەهید و یار 

،،،

پێڵاوەکانی  هەر لای سەرینەکەمە

بڕواناکەم 

کە تەنیام 

پێڵاوەکانی لە لامن 

چۆن تەنیا دەبم،

،،،

کەس سەردانم نەکا

میوانم هەیە

پێڵاوەکانی لێرەیە.

،،،

وەک ئینجانە گوڵ لە پێڵاوەکانیا دەڕۆێنم،

،،،

پێڵاوەکانی  پڕ دەکەم  لە ئاو

بۆ ئەوەی گوێم لە شڵپ و هوڕی تەنیایی نەبێ.

،،، 

لە تاریکی تەنیایدا پیڵاوەکانی دەدرەوشێنەوە

،،،

هیچ ناڵێن هیچ 

پێڵاوەکانی خەوتوون 

ئەبێ چ خەونێک ببینن؟

،،،

ئەگەر تۆفان هەڵکات

دەچمە پێڵاوەکانییەوە 

پێڵاوەکانی دەمگەیەننە  وشکایی 

ئەی هەر ئەم پێڵاوانە ئەویان نەدەهێنا بۆلای من.

،،،

ئێوارەیەک پێڵاوەکانی دەبەم بۆ پیاسەو 

پێکەوە جگەرە دەکێشین و قاوە دەخۆینەوە،

پێڵاوەکانی ………..

پێڵاوەکانی وەک دوو کۆتر

لە چیمەنی باخچەکەدا

دەم دەنێنە ناو دەمی یەک.

،،،

پێڵاوەکانی دەکەمە بەلەم 

لە دەریای یادەوەرییەکانیا سەوڵ لێدەدەم

تا شەپۆلی یاوەرییەکی لەگەڵ خۆیدا دەمبا.

،،،

2012

ئەم شیعرەم لە ڕەخنەی چاودێر بڵاوکراوەتەوە

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.