پەرلەمانی سوید و ناساندنی ئەنفال وەکو جینۆساید
پاش هەوڵو کۆششێکی بەردەوام لە لایەن هەڵسوراوانی دژە جینۆساید لە سوید و ڕێکخراوەی کوردۆ ساید (چاک)، توانرا بە پشتیوانی چەند ئەندام پەرلەمانێکی سوید، رۆژی چوارشەممە، بەرواری ٥/١٢/٢٠١٢ سەعات ٤ ی دوای نیوەڕۆ بەکاتی سوید، کۆمسیۆنی دەرەوەی پەرلەمانی سوید بەکۆی دەنگ پەلامارەکانی ئەنفال لە کوردستانی عێراق بە فەرمی بە کردەی جینۆساید بناسێنێت.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە هەفتەی پێشوو هەر هەشت حیزبەکەی ناو پەرلەمانی سوید لە کۆمسیۆنی دەرەوە کۆک بوون لەسەر ناساندنی ئەنفال وەکو جینۆساید . پێشنیارەکە لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکی هەردوو حیزبی ژینگە و سۆسیال دیموکراتەکانی سوید پێشکەش کراوە ، کە هەم کورد و هەم سویدی تێدایە ، پەرلەمانتارە کوردەکان رۆڵی گرنگیان هەبووە بەهاوکاری لەگەڵ چالاکوانە کوردەکان جا چ کەسایەتی سیاسی و سەربەخۆن یان لە رێکخراوەی مەدەنی کار دەکەن ، بە تایبەتی رێکخراوی چاک . پێشنیارەکە پشتی بە پێوەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەست ، هەروەها بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق ، دادگای باڵای عێراق وەک پاڵپشتیەک ئاماژی پێکرابوو.
لە باری مێژویەوە ئەم بڕیارە گرنگیەکی ئێجگار قوڵ و کاریگەری هەیە ، دوای نزیکەی چارەکە سەدەیەک لە بێ دەنگی نێو دەوڵەتی لە باری نیشاندانی هەڵوێستی ڕەسمیەوە ، ئەمە یەکەم جارە ئەم تەوقی بێ دەنگیە تێک دەشکێنرێت و پەرلەمانی سوید ئەم شانازیەو مرۆڤدۆستیە بە نێوی خۆی تۆماردەکا لە بارودۆخێکی نالەباری نێو دەوڵەتی و ئیقلیمیدا .
ئەم بڕیارە دەرگایەک دەکاتەوە بۆ ئەکتیڤ کردنەوەی هەموو ئەو هەوڵانەی کە لە زۆر شوێنیتری دونیا نیوەناچڵ بوون یان تووشی بێ ئومێدی هاتن ، وەکوو ئەزمونیش دەکرێ وردوو درشتی ئەم پرۆسەیە سودی لێببینرێت، بە دڵنیایی ئەگەر ئیرادە و ساغ بوونەوە هەبێت هەمان دەسکەوت بە ماوەیەکی کەمتر لە وڵاتەکانیتریش بەدەست دێت .
سایتی دەنگەکان ، دەستخۆشی لە دانە دانەی ئەو کەسانە دەکا کە ساڵانێکە لە سوید خەریکی ئەم دۆسیەیە بوونە ، دەست خۆشی لەو ئەندام پەرلەمانە کوردانەی سوید دەکات کە مانایەکی عەمەلیان دایە پڕۆسەی لۆبی دورست کردن و ئاراستە کردنی . بڕیاری مرۆڤانه و ئازایانهی پهرلهمانی سوید سهبارهت بهناساندنی ئهنفال بهجینۆساید ڕوویەکی تری لە پێکهاتەی دەوڵەتی سوید پێمان نیشان دا کە تەنیا وڵاتی “دیپۆرت کردنەوەی پەنابەر نییە”! بەڵکو وڵاتێکە چەمکە یۆنیڤیرسالەکانی مرۆڤایەتی لە پێکهاتەی دەوڵەت و پەروەردەو سیستەمی سیاسیدا بوونی هەیە . ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو لە دەرگای هەمان ئەو کەناڵانە بدەین کە لە زۆربەی وڵاتەکانی ئەوروپا و کەنەدا و ئەمریکا بوونیان هەیە ، بەڵام ، پێویستی بە کەسانی خۆبەخش و نەفەس درێژهەیە .
دەستەی بەڕێوەبەری سایتی دەنگەکان