Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
چاوپێكەوتن لەگەڵ پەسار فایق

چاوپێكەوتن لەگەڵ پەسار فایق

Closed
by April 10, 2008 ئەدەب

  دیمانە:رابەر فاریق……
  
 
* چ جیاوازییەك لە نێوان ورێنەو شیعردا هەیە؟ لات وایە نەوەی دوای نەوەد و پێنج هیچ ئیزافەیەكی كردبێتە سەر ئەدەبی كورد؟
 

– رەنگە من نەتوانم هەموو جیاوازییەكانی "ورێنە" و "شیعر"ت بۆ باس بكەم، بەڵام بە بۆچوونی من شتێك هەیە لە ورێنە ئەویش ئەوەیە كە ئەم جۆرە نووسینە دەربڕینە لە دۆخێكی تایبەتدا بۆ بابەتێكی تایبەت، رەنگە ئەوەی كە دەتەوێت بە وڕێنە دەریببڕیت نەكرێت بە شێوازێكی دیكە لە ئەدەبدا دەریببڕیت، ورێنە دەربڕینێكی تایبەتی خۆی هەیە. بە كورتی ورێنە هەندێك حٍاڵەتە لە ناخی مرۆڤەوە بەهۆی هەندێ كاریگەری دەرەكی دروست دەبێت و بەم شێوەیە دەریدەبڕێت. من پێموایە وڕێنە جوانییەكی خۆی هەیە و دەبێت بنووسێرت، تەنانەت هەندێك جار بەرهەمی زۆر جوانیشی لێكەوتۆتەوە..
 شیعر دنیایەكی جیاوازترە لە ورێنە، شیعر خۆ ئامادەكردن و دروستكردنی جیهانی تایبەتە بە شاعیر، شیعر قوڵبوونەوەیەكی ئارامی ناو ناخی مرۆڤە، هەستكردنە بە وردەكارییەكانی ناو ژیان، هەوڵدانە بۆ جوانتركردنی مرۆڤایەتی و زیاتر تێگەیشتنە لە خودی خۆت، ناكرێت هەموو كاتێك شیعر بنووسرێت. شیعر دەربڕینی توڕەبوون و خۆشی و ناخۆشی نییە، شیعر قوڵبوونەوەیە بیرگردنەوەیە، ئارامبوونەوەیە دروستكردنی جیهانێكی ئارامترو رۆمانسی ترو جوانترە.
 دەربارەی ئەو قۆناغەی كە باسی لێوە دەكەیت، من پێموایە لە هەر قۆناغێك پێویستیمان بە بەرهەمێكە و لە هەموو قۆناغێكیش بەرهەمی جوان هەبووە، پێموانییە لە نووسینی ئەدەب قۆناغێك لە قۆناغێكی دیكە باشتر هەبێت، هەر شتێك كە دەنووسێرت لە قۆناغێكدا دەنووسرێت كە ئەو كەسە بەپێی هەڵومەرجی ئەوكاتە نووسیویەتی.   
 
*رێژەی زۆری شاعیران و خوێنەرانی ئێستا، بەتایبەتیش گەنجان، چێژ لە شیعری تازە وەرناگرن كەوا بە "فێڵڕەمز" ناوزەدكراوە، هەندێك هەڵە شیعریش هەن ئەوەندە سادەن لەگەڵ یەكەمین

خوێندنەوەیاندا كاڵدەبنەوە، تۆ بەردەوام شیعر دەخوێنیتەوە، مەبەستم ئەوەیە ئاگاداری هەموو دەنگەكانی؟
 

– تۆ پێت وایە كە رێژەی خوێنەرانی شیعر زۆرن؟!! من دەڵێم نەخێر خوێنەری شیعرمان زۆر كەمە بەقەد ئەو هەموو تێكستە شیعریانەی كە دەنووسێرت، كوا خوێنەرمان؟ كێ رۆژێك هاتووە پێت بڵێت ئەم شیعرەی تۆم خوێندەوە و بیرو بۆچوونەكانیشم ئەمانەن. زۆرێك لە گەنجەكانمان شیعر دەنووسن، بەڵام لە هەمان كات شاعیر نین، تۆ بەنووسینەوەی چەند تێكستێكی شیعر نابیتە شاعیر و بەنووسینی یەك ملیۆن تێكستی شیعریش هەر نابیتە شاعیر، ئەگەر خۆت شاعیر نەبیت، مەبەستم ئەوەیە دەبێت شاعیرانە بژیت و دەبێت شاعیرانە بیربكەیتەوە. ئەزیزم شاعیر ژیان بە جوانی دەبینێت و هەوڵیش بۆ جوانتركردنی دەدات. ئەمڕۆ هەموومان دەتوانین شیعر بنووسین، بەڵام ناكرێت هەموومان شاعیر بین. من خۆم چێژ لە هەموو شیعرێك وەرناگرم، من لە سەدەی 17-18 ناژیم بچم چەند رۆژێك بەدیار شیعرێكەوە دابنیشم و بیخوێنەوە، من لە سەدەی 21 دەژیم پێویستم بەنووسینی شیعرێكە بیركردنەوەی ئەو سەردەمەی تێدا بێت و لەهەمان كات شیعریش بەم شێوەیە دەنووسم، بەسادەیی شیعر دەنووسم بۆ ئەوەی هەموو كەسێك بەرهەمەكەم بخوێنێتەوە بەو سادەییەش دەتوانم بیركردنەوەو جوانی بەخوێنەرم ببەخشم. نازانم مەبەستت لە سادەیی شیعر چییە؟ ئەگەر مەبەستت لە بیركردنەوەو قوڵبوونەوە بێت من لەگەڵتم، بەڵام لەگەڵ رێزم ریزكردنی چەند وشەیەكی بریقەدار و سەخت و ئاڵۆز هیچ جوانییەك و قوڵبونەوەیەكم پێ نابەخشیت.
 زۆرێك لەو دەنگانە دەخوێنەمەوە، بەڵام شیعرێك بە خوێندنەوەی ئەزیەتم بدات، منیش بە نەخوێندنەوەی ئەزیەتی دەدەم، ئەوەندە دەڵێم شیعر دەبێت لە نووسین سادە بێت و لە بیركردنەوەش قوڵبێت……… بەسە با لە وشەی ئاڵۆزو سەخت دووركەوینەوە.

 *لەبەرچی گەنجانی دوای راپەڕین هەموویان لەرووی شیعرەوە بۆنی مەرگیان لێ دێت، بە دەگەمەن نەبێت، یاخود تراژیدیایەكی وەهمییان خولقاندووەو بە نائومێدی و بێدەنگییەوە پەیوەست و تەمەننا دەكەن سۆفیانە بیربكەینەوە، هەوڵیش دراوە؟

 – تەنها دەتوانم بەوە وەڵامت بدەمەوە كە گەنجی دوای راپەڕین تەنها مەرگی بینیووە و تەنانەت ئێستاش مەرگ دەبینێت، بێ ئەوەی خۆی هەستی پێ بكات ئەو مەرگە دەڕژێتە ناو شیعرەكانییەوە گەنج لەو وڵاتە بێ ئومێدە، هەر ئەم بێ ئومێدیشە دەچێتە ناو شیعرەكانی، جوانترین نموونەش بۆ ئەوە كۆچی گەنجە بۆ هەندەران، هەرچەندە نامەوێت بچمە ناو ئەو بابەتەوە، بەڵام پرسیارەكەت ئەو وەڵامەی پێویستە. بەڵی گەنجێك جوانترین و ناسكترین تێكستی شیعری خۆی دەنووسێت، بەڵام بەبێ ئەوەی بینووسێتەوە مەرگ لەناو دەقەكەیدا هەیە. پێم وانیەش ئامادەبوونی ئەو مەرگە پەیوەست بێت بەوەی كە دەیەوێت بچێتە ناو دنیای سۆفیا، تەنها بۆ ئەوە دەیگەڕێنەتەوە كە گەنج بێ ئومێدە و ئەو بێ ئومێدیەش چۆتە ناو بەرهەمەكانی. هیچ كەسێكمان ناتوانین ئەو بەرهەمە ناسك و جوانانە بنووسین كە ئێمە پێمان وایە دەتوانین دەینووسێن لەبەرئەوەی ئێمە بەرهەمی ئەو كۆمەڵگاییەن، كۆمەڵگایەك لە خۆشەویستی تۆراوە، كۆمەڵگایەك تاك ناتوانێت ئازاد تیدا بژێت، لە كۆمەڵگایەك هەتكردن و كوشتنی ئافرەتی زۆر ئاسان بێت، بەمەش زۆر سەختە ببین بە خاوەنی ئەو بەرهە جوانانە.  

 *ئەگەرچی لام وانییە تێپەڕاندنێكی جیاوازو ئێستاتیك و پڕ وردەكاری دروست بووبێت، بەڵام وەهای نابینم كەوا نەوەی دوای راپەڕین لەسەر سفرەی شاعیرانی حەفتاكان دانیشتبن، ئەمە جگە لەوەی داهێنان و نوێگەری خەریكە دەبشكوێت، بەڕاستی تۆش وەها بیردەكەیتەوە؟
 

– شاعیری حەفتاكان نوێگەری و ئێستاتیكایاو داهێنانیان لە شیعر هەبووە، ئەمڕۆش گەنج ئێستاتیكا لە شیعرەكانیان بەرچاو دەكەون و بگرە داهێنانی زۆر جوانیشیان هەیە، بەڵام كێ هەیە پێت بڵێت ئەمەی ئەوان داهێنانەو ئەوەی ئێمەش داهێنانە. ئەو گەنجانەی ئێستا دەنووسن تا رادەیەكی زۆر كاریگەر نین بەو شاعیرانە، یان چاكتر بڵێین بەو بەرهەمەی ئەو شاعیرانە، ئەوان خەریكی خۆیانن هەوڵ دەدەن بنووسن و رەنگە هەندێ جار گوێ بەهیچ بنەمایەك نەدەن لە نووسینی شیعر. من كە قەسیدەیەك دەنووسم شیعری هیچ شاعیرێكم لەخەیاڵ نییە و نامەوێت لەو كاتانە هیچ تێكستێك لەگەڵم بژیت، دەمەوێت تەنها خۆم بم، تەنها هەست و بیركردنەوەم ببێتە خۆراكی ئەم بەرهەمە. شیعر دەنووسم و كاریگەری هیچ شاعیرێكیشم لەسەر نییە، بەر لەوەی شیعر بخوێنیتەوە شیعر بنووسە، بیركردنەوەو قوڵبوونەوە و جوان بینین دەمانكات بە شاعیر، كەمتر شیعر دەخوێنەمەوە، بەڵام زیاتر لە خۆم و ژیان و ئاسمان و پایز و باران قوڵ دەبمەوە من پێویستیم بەوە نییە لە قەسیدەیەك قوڵ ببمەوە ئەوەندەی پێویستیم بە بۆنكردنی گەڵایەكی پایزی و بینینی فراوانی ئاسمان و سەماكردن لەگەڵ باران و قوڵبوونەوە لە چاوی خۆشەویستەكەم و ماچكردنی ناخی خۆم هەیە.
 

*تۆش لەگەڵ ئەم بۆچوونەدای كەوا ئەگەر شاعیر هاوڕێی لێكۆڵەری نەبێت، با شیعرەكانیشی ئێجگار قووڵبن، لەناو تەواوی رۆژنامەو كۆوارو پەرتوكەكاندا تۆزیان بەسەرەوە بنیشێت؟
 

– تەواو بێ ئەومێدم لەوە، من شیعر دەنووسم و هەرگیز چاوڕەێی ئەوە نیم یەكێك خوێندنەوەی بۆ بكات، رەنگەهەر پێویستیم بەوە نەبێت، من شیعر دەنووسم لەبەرئەوەی شتێك هەیە لە ناوەوە پێم دەڵێت بنووسە و كەسانێك هەن بیخوێنەوە ئەگەر هەر كەس نەبوو بیخوێنێتەوە بۆ خۆشەویستەكەت بیخوێنەوە بۆ هاورێكەت بیخوێنەوە. دەینووسم تا دەیخوێنەوە، بەڵام هەرگیز چاوەڕێی ئەوە نیم كەسێك بێت خوێندنەوەی بۆ بكات رەنگە لەم قۆناغە پێویستم بەوە نەبێت، هاوڕێ گیان ئەگەرشیعرەكەت  تۆزی لەسەر نیشت فویەكی لێ بكەو برۆ بۆ خۆشەویستەكەت بیخوێنەوە بۆ هاوڕێكەت، بروا بكە دەتوانی بۆ دایكیشت بخوێنیەوە و گومانت لەوە نەبێت كە گوێت لێ دەگرت و دڵیشی پێ خۆش دبێت.
 با شیعر بنووسین……خوێنەرێك چاوەڕێیە.

 *رەخنەی ئەدەبی تەواو سست بووە، كەچی لێكۆڵەروەكان لەسەر شەقامی پیاهەڵدان هاوڕێیەتی دەگوزەرێنن و ئەو تۆزە رەخنەییەش كە وجودی هەیە خەریكە دەبێتە هەوێنی ئافات و ئاژاوەو رقبەرانبەریی، چۆن لەم دوو دیاردە ترسناكە دەڕوانیت؟
 

– ئینجا رەخنەی ئەدەبی بۆ هەبێت ئەگە رتەنها بۆ پێداهەڵگوتن بە هاورێیەكەت بێت، بۆ داوەتكردنی رۆژێكی سەر مێز بێت، با رەخنەی ئەدەبی هەر نەبێت كاتێك كە رەخنە لە بەرهەمی شاعیرێك دەگریت ببێتە مایەی ئەوەی بە دوژمنی خۆت بزانی لەو بوارەدا، كاتێك كە رەخنەگر رەخنە دەگرێت ئەو اخۆی بەرهەمێكی دیكە دەخوڵقێنێت، خودی نووسینەكەی ئەو بەرهەمێكی دیكەی بۆ خوێنەرو دەوڵەمەندكردنی لایەنێكی دیكەی خوێنەرە. بڕوات هەبێت لەبەر نووسینێكی رەخنەیی لەسەر شیعری شاعیرێك ئێستا چاك و چۆنی لێ ناكات، لەبەرئەوەی شیكردنەوەی ئەو رەخنەگرەی بۆ بەرهەمەكەی قبووڵ نەبووە، جا تخوا ئەوە رەخنە ئەدەبیە نەبوونی باشتر نییە. ئەم حاڵەتەش زیاتر لەنێوان سوپای گەنجان و سوپای كەسە بە تەمەنەكان دەبینرێت، كێشەكەش لەوەدایە ئێمەی گەنج دان بەو باگراوەندە مەعریفی و زانستییەی ئەوان دانانێن، رۆشنبیرە بەتەمەنەكانیش رێزێك بۆ هەوڵ و داهێنان و توانای گەنج دانێن.    

 *ئێستا هێندەی فیكرو فەلسەفەو قسەی دیوەخان، یاخود كۆڵان لەناو شیعردا دەبینرێت، ئەوەندە شیعرییەتی پەتی نابینن، لاتوایە سەری شیعر مووی كەمی پێوە مابێت؟

 -شیعر شتێك نییە كۆتایی پێ بێت یان بەرەوە فەنابوون بوون بچێت، شیعر بەردەوام لەدایك دەبێتەوە و لە خۆ نوێكردنەوەدایە، با فیكرو فەلسەفەش و نازانم چی بێتە ناو شیعر، بەڵام دەكرێت لە هەمان لە تێكستەكەدا شیعریەتیش بوونی هەبێت، دەكرێت زۆر فەلسەفیانە بیر لە شتەكان بكەینەوە بەگشتی لەهەردەقێكی ئەدەبیدا بیخەینە روو، بەڵام پێموایە دەبێت بەسادەیی بێت، ئێمە بۆ بێین بڵێین دەریا وایە و ئەوەهایەو بێ كۆتاییە و بێ نازانم چییە؟ بۆ نەیێین بڵێین:
 "دەریا..دەریا.
 دەریا…تەنها تەنها دەریایە!".
 ئەمە شیعرێكی روفائیل ئەلبێرتی شاعیری ئیسپانییە بەناوی "دەریا..دەریا" هەر لەناونیشانەكەشی دیارە كە باس لە دەریای دەكات، من ناڵێم وەرە تۆ وەكو ئەلبێرتی بنووسە، بەڵام مەبەستم لە سادەییە و لە هەمان كات قوڵیشی، هەركەسەو دەریا بەجۆرێك پیشان دەدەین، بەڵام كەس ناتوانێت هەموو جوانییەكانی و توڕەبوونەكانی دەریا پیشان بدات، بۆیە "دوریا تەنها دەریایە"، دیسان دەڵێمەوە با شیعری ناسك و سادە بنووسین و لە هەمان كاتیش قوڵ بێت و بیركردنەوەو مرۆڤایەتی تێدا بێت.
 

*بۆچی تا ئێستا هیچ لێكۆڵەرو رەخنەگرێك بەدروستی و فرەبینیەوە لە "شیعری گەنج" و "شاعیری گەنج" یان نەروانیوە. شاعیری گەنج بێ ئەژمارە، بەڵام شیعری گەنج هەیە؟
 

-كێ دەڵێت ئەمەیان نەكردووە، بەڵام ئەوانە رێژەیان كەمن كا شیعری گەنج و شاعیری گەنجمان قبوڵە من جارێ ناڵێم بێن خوێندنەوەو رەخنە بۆ شیعرەكانیان بكەن، بەڵام من پێشتر باسم كرد هەموو لامان قبوڵی یەكترمان نییە، منێكی گەنجی یاخی قبوڵی كەسە بەتەمەنەكەم نییە، كە رێگرە لەبەردەم داهێنانم، لە هەمان كات ئەو كەسە بەتەمەنە منێكی قبوڵ نییە بەرهەمەكانی خۆم لەو پێ باشتر بێت لەبەرئەوەی پێیوایە كە ئەو ئەزموونی ژیانی لە من زیاترەو ئەو بەر لە من لەدایكبووە.
 كێشەكە لەوەیە كە یەكتر قبوڵ ناكەین، دەباشە ئەگەر ئەوان نەیێن ئەمە بۆ شاعیری گەنج بكەن، بۆچی گەنجان خۆیان ئەمە بۆخۆیان ناكەن، یان تۆ پێت واییە هەڵسەنگاندنی بەرهەمی گەنج لەلای پیرێك باسی و دەوڵەمەندی خۆی دەسەلمێنێت.
 لە كۆتاییدا دەمەوێت پێت بڵێم من وەكو پەسار فایق كە رەنگە ئەزموونێكی زۆرم لە نووسینی شیعر نەبێت یان رەنگە من خۆم وا ببینم، بەڵام شیعر دەنووسم بۆ ئەوەی ناخی خۆم جوانتر بكەم و بۆئەوەی ژیان جوانتر ببینم و دواتر هەوڵبدەم شتێكیش پێشكەش بە خوێنەركەم بكەم.
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.