Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
چاو دێری و سزا  ، دادگایی کردنی تۆتال سیستەم

چاو دێری و سزا ، دادگایی کردنی تۆتال سیستەم

Closed
by March 7, 2011 گشتی

 Surveiller et punir  میشیل فۆکو لە کتێبی
      ‘ بەوردی ئیش لەسەر ئەکتیڤیتێی دادو دادوەری دەکات ، فۆکو لەکاتێکدا ڕەخنە لەو ڕەخنە  گرانە دەگرێت کە پێان وابوو دادگا کەمتر بە ئەرکە نیشتیمانی و یاساییەکەی هەڵدەسێت لە سزادانی ئەو تاک و گروپ و هێزانەی لە دەروەی سیستەم خەتەریات لەسەر ئاسایشی تاک و سیحەتی یاساو عەرشی  مەدەنیەت دروست دەکەن ، فۆکو لە کتێبی چاودێری و سزادا  پێی وایە درۆیەکی ترسناکە پێمان وابێت سیستەمی سیاسی و داد و حوکمڕانی بخەینەدەرەوەی  خواستی کۆنترۆڵ کردنەوە ، واتە تەواوی  دام و دەزگاکان  ، سەرلەبەری سیستەمی بەڕیوە بردن  تەنها یەک لایەن کۆنترۆلی دەکات و ئەو لایانەش ناودەنێت  هێزەکانی پۆلیس ، فوکو دەڵێت یەکەمین پرسیار کە داوەر  ڕوبەروی تاوانباری دەکاتەوە بەرلە هەرشت ئەوەیە ئایا تۆ دان با تاوانی خۆتدا دەنێتیت ؟ لەڕێگای ئەم پرسیارەوە دادوەر ئەرکی سەر شانی خۆی سوک دەکات و پایەکانی هێزی کۆنترۆڵ کاریش  بە‌هێز تر دەکات ، لەویدا کە تاوانبار  دان بە تاوانی خۆیدا دەنێت  هەموو پێمان وایە تاوانمان  لە وڵاتدا قەڵاچۆ کردوە لای فوکو پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە کە داخۆ لە پاش بەند کردن و موجازات کردنی تاوانبار بەڕاست کۆمەڵگا لە تاوانبار پاکدەبێتەوە ؟ داخۆ ئەم سیستەمەی بە شیوەیەکی هەرەمەکی  ئیش لەسەر بەند کردن و سزا دانی تاكێک دەکات دەتوانێت ئێمە لەوە دلنیا بکاتەوە کە تاوان و خەتەر لەسەر ژیانی تاکەکەن لەگەڵ تاوانبار دەچنە بەندیخانەوە ؟ بێگومان فوکو بە نەخێر وەڵامی ئەم پرسیارە ئەداتەوەو پێی وایە تاک هەڵگری شوناسی  تاوان و خەتەریات نیە لەسەر کۆمەڵگە ، بەڵگە تاک یەکێکە لە قوربانیە سەرەتاییەکانی سیستەمێک کە بە چاوی داخراوەوە خەریکی ڕەش بگیر و توند کردنی ئەو کەسانەیە کە تەنها بەپێی رێنومایەکانی سیستەم جوڵاونەتەوە ،، واتە بە نەزەری میشێل فوکو تاوانباری ڕاستەقینە  سیستەمی  کۆنترۆڵ کردن و زەبرو زەنگی کۆنکرێتیە وادەکات مانایەک بۆ جولانەوەو هەنسەدانی تاک نەهێڵێتەوە ،، بەڕای فوکو ئەوەی دەبێت دادگای بکرێت سیستەمە ناک تاک چونکە سیستەمێکی دڵ ڕەقمان هەیە رۆژانە بە سەدان  تاکی ناجێز پەروەردەدەکات ، هێزێکی کۆنترۆڵکار هەیە رۆژانە هەزارەها  قوربانی فڕیدەداتە ناو کۆمەڵگاوە ، بە کورتی لای میشێل فوکو  تاک خاوەنی هێچ حەرەکەیەک نیە کە پێشتر لەلایەن سیستەمی پەروەردەکردنەوە سینیالی بۆ نەهاتبێت ، واتە ئەوەی وەکو تاوان دەخرێتە بەردەمی دادوەرێکەوە لە دادگا هیچ نیە جگە لە چاوپۆشیەکی خەتەرناک لەسەر سیستەمێکی گەندەڵ و دڵ ڕەق کە بۆ ڕەوایەتی بە خۆی پێویستی بە دروست کردنی شوناسە بۆ تاوانباران و پێویستی بە دروست کردنی بینای بەرزو دڵ ڕەقە بۆ بەند کردنی تاوانباران  ..لەڕاستیا ئەم خوێندنەوەیەی میشێل فوکو بۆ سیستەمی پەروەردەو بەڕیوە بردنی وڵات  تا رادەیەکی زۆر لە ژیانی ئەمڕۆی ئێمەیا وەزنێکی بێوێنەی هەیە ،، ئەمڕۆ  بە دەگمەن تاکێک لە کۆمەڵگای کوردیا ئەدۆزینەوە باسی تاوان نەکات ،، قسە کردن لە تاوان بە هەموو ئاستەکانییەوە بووە بە هەیکەلی  ویژدانی و ئەخلاقی و ڕۆشنبیری ئێمە ،، لە هەمانکاتدا هیچ لایەنێکی سیاسیش نادۆزینەوە  تاوان بە چەپ و ڕاستا بەسەر دەستەو تاقم و هیزە جیاوازەکانیتردا دابەش نەکات  ،،  سەیر لەوەدا دەبینم کاتێک تورەیی شەقامی کوردی پیدەخاتە نەخشەیەکەوە کە پیی وایە دەبێت سیستەمی  حوکمڕانی و هێزە دڵ ڕەقە کۆنترۆڵ کارەکان  کۆتایی بە دەوری خراپی خۆیان بهێنن  ،  پوخت ترین پرسیارێک ئەمڕۆ جێگای لێکۆڵینەوە بێت ئەوەیە داخۆ سیستەمی پەروەردەی حیزبی و پەروەردەی کۆمەڵایەتی و گەشەکردنی هزری ئاندیڤیدوێل  چەندە  نزیک بونەتەوە لە رێکخستن و بونیاد نانی کلتورێکی ئازادو سەربەخۆ کە کایەکان لە یەکتری جیاببنەوەو هیزەکان  خەریکی فروان کردنی  مەیدانی ململانێی عەقڵانیدا بن بۆ  ڕەخساندنی دونیایەک شایستەی  خزمەت کردن بێت ،، بێگومان لە بیست ساڵی ڕابردوو دا حیزبەکانی هەرێم تەنها بەهرەیەک کە هەیانبوو لەوەدا خۆی بینیەوە کە یەک سیستەم بتوانێت لەبری تەواوی داموو دەزگاکانی تر بیر بکاتەوە، وەکو کارخانەیەکی گەورەی  دروست کردنی ئینتیمای نەتەوەیی خۆی نمایش بکات ، هەروەها ئینتیما بۆ خیانەت ئینتیما بۆ دزی و کوشتن و تۆقاندن و راوەدونان  ببێتە ستراکتۆری ڕاستەقینەی  هۆشیاری حیزبی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی ئێمە ،، مێژووی درێژی بیست ساڵی حیزبایەتی لە کوردستان ئەوەی سەلماند کە مرۆڤی کورد ببێتە کاڵایەکی هەرزانی نێو ئەو کارخانە بێکەڵکەی حیزبی کوردی کەی و چۆن ویستیان بەو شێوەیە بەکاریان بهێنن ،، ژیان کردن لە ناو سیستەمێکدا حوکمەت خۆی  درۆزن و  ئیزدیواجی و ناپاک  بێت بەرامبەر مێژووی نەتەوەکەی ، بەد گومان بەرامبەر داهاتوی خۆی ، بە ئاشکرا  دەست ڕەنگین لە دزی و تاڵانی ،  قارەمان لە کوشتن و بێسەروشوێن کردنی خەڵکیدا ،، ئەبێت چی چاوەروانیەکیان هەبێت لە شەقامی کوردی ؟ لەڕاستیا ئەوەی دەبرێتە زیندانەکانەوە ،، ئەوەی وەکو خاین و ناپاک دەرهەق بە خوێنی نەتەوەی حیسابی بۆ دەکرێت ، ئەو خوێنکارو خەڵکە توڕەیەی ئەمڕۆ لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دەبینرێن بە خەستی  توڕەن و نەفرەت و قەهری خۆیان ئەرێژن بەسەر حوکمەت و پەرلەمان و حیزبەکەندا  لە هەناوی کلتوری حیزبەکانەوە دێنە دەرێ ، واتە ئەو سیستەمە ناپاک و نەخۆشەی حیزبەکان دروستیان کرد ، نەوەیەکی توڕەو دڵ رەقی پەروەردە کرد کە بە هەموو جوڵەیەکی ئەوان ناڕازی و توڕەبێت ،، لێرەدا وەک میشێل فۆکو دەێڵت خەتاکاری ڕاستەقینە سیستەمی بەڕێوە بردن و ئیدارە کردنی خەڵک و دام و دەزگاکانە کە دەبێت ببرێتە دادگاکانەوە ، ئەوەی قابیلی گومان و هەڵوەشاندنەوەو لێپێچینەوەیە سیستەم خۆیەتی نەک بکەرێکی کۆمەڵایەتی ، هەڵبەت دادگای کردنی سیستەم بەبێ دادگایی کردنی عەقڵیەتی حیزبایەتی لەم هەرێمەدا کارێکی بێ بەرهەمە ، ئەو فەوزاو پاشا گەردانیەی ئەمڕۆ لە کوردستان بە ناوی عەقڵانیەت و ئەکتیڤیتێی مەدەنییەوە دەکرێت نەک جێگای گومانە بەڵکە غەمگین ئامیزیشە ، لە دونیایا بەر چاو ناکەوێت هەر لە حوکمەتەوە تا ئەگەتە ئۆپۆزیسیۆن و حیزبەکان و تەواوی گروپە بچوکەکانی داکۆکی کردن لە کۆمەلگای مەدەنی ، پێکەوە هەموویان هەڵگری یەک دروشم ،  یەک ئامانج  ، یەک خولیا بن ، ئەویش خەون و خولیای قەڵاچۆ کردنی گەندەڵی و ئامانجی بەدیهێنانی حوکمەتێکی یەکسان بۆ داکۆکی کردن لە مافی هەموو هاوڵاتیان ، بەڵام پرۆسەکە خۆی لە قورس ترین و تۆخ ترین دۆخی گەندەڵیدا بژی . گۆڕینی عەقڵی پارتیزانی و تێگەشتن لە ماناو مەفهومی دیمۆکراسی و  گەشە کردنی رۆشنبیری کۆمەڵایەتی کاری رۆژ و دوان نیە ، دروست کردنی لیستێک لەداواکاری کە بەشێکی زۆری ئەو خاڵانە پەیوەندی بە پەروەردەی تەدریجیەوە هەیە هەر لە ئەساسا ئەوە نیشانی ئێمە ئەدات کە ئەم هێزانە نیازی گۆرانکاریان نیە لە سیستەمی پەروەردەی کۆمەڵاتیدا ، واتە کۆمەڵێک ماف هەیە کە تاکی کورد نازانێت بەکەڵکی چیدێت ، بە بێ تێگەشتن لە ماناو مەفهومی ماف  مومکین نیە بەندێکی دەستوری و قانونی گەرەنتی دەستەبەر کردنی مافی هاوڵاتیان بکات ، واتە کاتێک هاوڵاتی هۆشیارە بەرامبەر بە مافی خۆی ئەوکات ئەبێتە ئامانجێکی فیکری و ئەخلاقی بۆ بە دەست خستنی ، ڕیز کردن و کۆکردنەوەی کۆمەڵێک داواکاری و کە هەر کامیان قۆناغێکی مێژووی گرنگی پێویستە تا ئەبێتە هۆشیاری کۆمەڵایەتی بە ڕای من جگە لە فەوزا شتێکی تر نیە  ، فەوزایەک دیسانەوە ئەو سیستەمە فەوزەوییە لێی بەرپرسیارە کە ئەوەندەی ڕیگای کردۆتەوە بۆ ئەوەی خەڵکی لە خراپ ترین دۆخی نەخوێنەواری و ناهۆشیاریدا بەند بکات  ، ئەوەندە دروست کردنی هۆشیاری کۆمەڵایەتی  هۆشیاری حوکمڕانی و هەروابێتەوە هۆشیاری پارتیزانی بە خەمی خۆی نەزانیەوە ، ئێستا کە ئاشکرایە حیزبەکان کڕ کەوتن بەسەر پەڕلەماندا ،، کڕ کەوتون بەسەر حوکمەتو دامو دەزگاکاندا ، حیزبەکان دەقیان گرتووە لە ناو سیستەمی گەندەڵی و بەربەریاتدا ،، ئێمە پێویستمان بە شۆڕش هەیە ، شۆڕشێک سەرلەبەری کلتوری دەسەڵات و حیزبایەتی  لەم هەرێمە هەڵوەشێنێتەوە ، بەبێ دروست بونی شۆڕشێکی ڕاستەقینە هەرگیز مومکین نیە چاوەڕێی تەنها یەک هەنگاوی چاک سازی لەم حیزب و حوکمەت و پەرلەمانە بکرێت ،، لە کاتێکا داوای شۆڕش دەکەم لێشم ڕونە بارودۆخێکی دژوار دێتە پێشەوە ، بەڵام ئەو دونیایەی دوای شۆڕش کە دێتە دەرەوە لانی کەم بازی داوە بەسەر شکاندنی کۆمەڵێک قودسیاتدا  ، هەنگاوی بەسەر کۆمەڵێک سەمبۆلی حیزبی و ناوچەگەری و فامیلیالدا ناوە ، بە بەڕجاوی دونیاوە  فریاد ڕەسی درۆینەی مێژوویی تەریق کردۆتەوە ، لیرە بەدوا هێزێک لەدایک دەبێت بەرهەمی شۆڕشێکی کۆمەڵایتی کە دازانێت نەفرەتێکی کردوە  لە قۆناغێكی مێژوویدا ، بەڵام ئەوینێک لەگەڵ خۆی دە‌هێنێت و ئەتوانێت دەربارەی قسە بکات ، ئەم شۆڕشە لەکاتی گفتوگۆدا ناگەڕێتەوە بۆ مێژوو ، بەڵکە دەگەڕێتەوە بۆ واقیع دەگەڕێتەوە بۆ یاسا ،بە هەموو ‌هێزی خۆی  دەربارەی دەستکەوتی رۆژانە ئەدوێت .   

شەهید کەوڵۆسی.  پاریس

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.