Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
(چنار) لەهەموو تەمەنیدا تەنها جارێكیش نەیتوانى بەرووى ژیاندا پێبكەنێت؟؟

(چنار) لەهەموو تەمەنیدا تەنها جارێكیش نەیتوانى بەرووى ژیاندا پێبكەنێت؟؟

Closed
by September 30, 2008 ئەدەب

 (چنار) لەهەموو تەمەنیدا تەنها جارێكیش نەیتوانى بەرووى ژیاندا پێبكەنێت؟؟ 
  بەهرەوەر مەرزانى

 
 لەنێو تەم و مژى ئەم رۆژگارە جەنجاڵ و پڕ حەسرەتەدا دەیان سپێدەى پڕ بەرائەت بەخوێنى ئاڵى مرۆڤە بێگوناهەكان دەنووسرێتەوەو لەبەردەم حەزو ئومێدەكانى مرۆڤایەتیدا ژیان ئەو مانایەى نامێنێت كەهەموومان هەوڵى بۆ دەدەین , لەنێو خەنەبەندانى هیواكان بەتفى نەعلەت و چەقۆى رق و كینە گوڵێك دەژاكىَ, هەناسەیەك دەمرىَ, خەوێك یاخى دەبىَ, ژیانێك دەبێت بەسەراب و بۆ هەتا هەتایە ون دەبێت, لەنێو كۆمەڵگاكەى ئێمەدا تا بەئەمڕۆش دەگات قێزەونترین داب و نەریتە ژەنگ گرتووەكانى سەردەمى جەهالەت پەیڕەو دەكرێت و نەك تەنها هەوڵیش بۆ بنبڕكردنى نادرێت بەڵكو رۆژ لەدواى رۆژیش ئەو دیاردە پڕ لەشەرمەزارى و قێزەونانە زێدەترو زێدەتر دەبن.
 (چنار) سەرگوزشتەو خەمى ژیانى ئەو كچە دڵ پڕلە ئاوات و خۆزگەیەیە كە لەهەموو تەمەنیدا تەنها جارێكیش نەیتوانى بەرووى ژیاندا پێبكەنێت و چێژ لەساتێكى تەمەنى پڕ نەهامەتى خۆى وەربگرێت، سەرەڕاى هەموو ئەو نەهامەتى و مەرگە سەریانەش بەردەوام هەوڵى دروستكردنى بڕوابوونێكى بەهێزى لەخۆیدا دروست دەكرد بۆ ئەوەى بتوانىَ بەرگەى تاڵى ژیان و چەوساندنەوەى لەلایەن مریەمى باوەژنى بگرێت ، بەڵام هەموو ئەمانە هیچیان نەیانتوانى تۆزقاڵێك لەخەم و پەژارەكانى رۆژانى سەختى تەمەنى كەم بكەنەوەو ببنە پەناگەیەك بۆ كۆكردنەوەى حەزو ئومێدە خەزان گرتووەكانى تیایداو هەڵڕشتنى ئەو هەموو پەیڤە مەنگەى ساڵانێك بوو لەنێو سینەى تاریكیدا حەشارى دابون.
 (چنار) تەمەنى هێشتا نەگەیشتبووە پێنج بەهار كاتێك دایكى لەسەر منداڵى دووەمى گیانى لەدەستداو دواى كەمتر لەچوار مانگیش باوكى ژنێكى ترى هێنایەوە، ئەمە بووە سەرەتاى دەستپێكردنى نەگبەتیەكانى ژیانى ، چونكە بەهۆى نەبوونى سەرپەرشتیارێكى دڵسۆزەوە لەهەموو خەونەكانى منداڵیى بێبەشكراو ژیانى پڕبوو لەئازارو ئەشكەنجەو بێئومێدى بەدەست ئەو باوەژنەى كە بەهۆیەوە زۆربەى خزم و كەسەكانى باوكى لێیان دوور كەوتنەوەو هەندێكیشیان بەیەكجارى وازیان لێهێنان و هاتووچۆیان نەكردن چونكە رەفتارەكانى مریەم نەشیاوو نا مرۆڤانەبوو بەجۆرێك جگە لەخزم و كەسەكانى خۆى ئەوانى ترى هەموو رەتدەكردەوەو رووى بەكەس نەدەدا .
 (چنار) لەگەڵ گەورەبوونى تەمەنى خەم و ناسۆرەكانیشى بەباڵایدا هەڵدەگەڕان و لەگەڵیدا گەورە دەبوون بەرادەیەك كەسەیرت دەكرد فرمێسكە قەتیس ماوەكانى لەچاوانیدا بەدیدەكراو لەروخساریدا خەم و پەژارە دەخوێندرایەوە بەهۆى ئەو گوشارە دەروونیەى لەلایەن باوەژنەكەیەوە خرابووە سەرى چونكە زۆرجاران بەراشكاوى و لەبەردەم باوكى پێى دەگوت ( رسق بڕ ، سەربەهەش ، هتد …) هەتا تۆ لەو ماڵەدا بیت خێر نایەتە ئەو ماڵە ، كاتێكیش تەمەنى گەیشتە شانزە ساڵان بەبىَ گەڕانەوە بۆ راى تایبەتى (چنار) و تەنانەت پرس نەكردن بەباوكیشى باوەژنەكەى رەزامەندى دەربڕى كەبیدات بە ( سمكۆى ) برازاى كە پانزە ساڵ لەو گەورەتر بوو جگە لەوەى بەهۆى نەخۆشى خوریكەوە هەموو روخسارى شێوابوو كە لەنێو خەڵكیدا بە سمە گڕوو ناودەبرا، ئەو كارەش بەقەد هەموو تاڵى و سوێریەكانى رۆژانى تەمەنى پڕ لەناسۆرى خەم و پەژارەى خستە دڵیەوەو هەموو ئەو هیواو ئومێدانەى ساڵانێك بوو لەنێو تاڵترین ژیانى پڕحەسرەتیدا بەدوایاندا دەگەڕا كەوتنە بەر رەشەباى خەزانى حەزو دڵ رەقى (مریەم)ى زڕ دایكى كە بىَ گوێدانە نزاو پاڕانەوەى ( چنار ) ى خستە نێو دۆزەخى مەرگى هەتا هەتایى.
 ئەو شەوەى مەلا جومعە هاتبوو بۆ مارە كردنى چنار شەوێكى سارد و باراناوى بوو روخسارەكان لە بىًَ دەنگیدا دەتلانەوە , ئەستێرەكان لە شەرما خۆیان خستبوە پەناى پەلە هەورە رەشەكانەوەو رویان نەدەهات خۆیان دەربخەن, ناڵەى هەور لە نزاى دایكێكى جگەر سوتاو دەچوو بۆیە بەگوڕ ئەسرینەكانى دائەبارندە سەر زەوى, بىَ دەنگى بالى بە سەر ژوورەكەدا كێشا بوو جار نا جارێك بەلا چاوێكەوە سەیرى یەكتریان دەكرد, مەلا جومعە بە ئحمێك ئەو بىَ دەنگییەى شكاند, رووى لە باوكى چنار كردو گوتى: كاك قادر ئەگەر ئێوە رێككەوتون با ناوى خواى لێبینین؟ چونكە !! مریەم قسەكانى پىَ بڕى و گوتى: مامۆستا ئێمە لە سەر هەموو شتێك رێككەوتوین باوكى چناریش گوتى ئیشى خێر چەند بە نهێنى بێت باشترە نەكو لە خوا نەترسێك كارەكە تێك بدات.
 ئەو قسانەى مریەم كۆتایى بە بێدەنگیەكانى قادر هێنا, بۆیە هەڵسایە سەر چۆكەكانى و دەستى بۆ مەلا جومعە درێژ كرد و گوتى: مامۆستا ئەوە نزیكەى یانزە ساڵە من ئەو ژنەم هێناوە جگە لە خەم و خەفەت هیچى ترم لێنەبینیوە ئەم رۆش بە بەرچاوى ئێوە و هەموو خەلكەوە دەیەوێت لە پیاوەتیم بخات و ئابروم بەرێت بۆیە بە شایەدى تۆو ئەم جەماعەتە لەم رۆوە مریەم ژنى من نیە ئەوا سىَ بە سىَ تەڵاقم دا ئێوەش بەخێربێن و هەر كەسەو لەماڵى خۆمان.
 گریان و قیژەى مریەم ژوورەكەى بەمیوانەكان چۆڵكرد، دواى كەمێكیش قادر دەستى گرت و لەدەرگاى حەوشەكەیانەوە فرێى دایە دەرەوە، ئەو شەوە تا بەرەبەیان هیچ كام لە قادرو منداڵەكانى خەو نەچووە چاویان هەر یەكەو بەسەیر كردنێك چەندین پرسیارى لەوى تر دەكرد بەڵام هەموویان بىَ وەڵام بوون.
 قادر لەگەڵ دەركەوتنى خۆردا لەنێو كەرنەڤاڵى خەم و ناسۆرەكانى ژیاندا بەرەو سەر كارەكەى بەرێكەوت، مریەمى دڵرەق دەیزانى هەموو رۆژێك قادر لەچ كاتێك دەچێتە سەر كار بۆیە ئەو بەیانییە وەك گورگێكى هار كە چاوەكانى بۆ رشتنى خوێنى كەسێك سور هەڵگەرابوو خۆى كرد بەماڵەكەداو شاڵاوى بۆ چنار بردوو دەستى نایە قوڕگى ، هەرچەندە چنار زۆر هەوڵیدا خۆى لەدەستى رزگار بكات بەڵام بێهێزى جەستەى لەبەرامبەر مریەم دا ئەو رێگەیەى پێنەدا چونكە لەكاتى خۆ پچڕینەوەیدا پشتاو پشت بەر بۆوەو سەرى بە بەردێك كەوت و لەهۆش خۆى چوو مریەمیش بێبەزییانە تر رەفتارى لەگەڵدا كردو دەستى نایە سەر دەم و لوتى تا گیانى دەرچوو، دواتر دەستى هەردوو منداڵەكەى گرت و بەرەو شوێنێكى نادیار هەڵاتن، شەش مانگ بەسەر ئەو تاوانەدا تێپەڕى ئێوارەیەك كاتێك مریەم بەنهێنى دەیویست بچێتەوە ماڵى باوكى لەلایەن قارەمانى مامى چنار درایە بەر دەسڕێژى گوللەو گوژرا.
 
 Bahrawar_s@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.