چهند وشهیهک لهبارهی دوایین دیوانی شێرکۆ بێکەسهوه
خودایش بەبێ شیعر ناژی….. شێرکۆبێکەس
شیرکۆ بێکەس، جارێکی تر بە دیوانێکی نوێی شیعریەوە دەگەڕێتەوە لای دۆست و خوێنەرانی . ” خێراکە مردن خەریکە بگات”، ناونیشانی دوایین بەرهەمی شێرکۆبێکەسە. لەوانەبێت خوێنەر لەگەڵ بینینی ناونیشانی کتێبەکەدا، واهەست بکات ، ئەم دیوانە وەکو وەسیەتنامەیەک بێت شاعیر پێش مەرگی نووسیویەتی، لێ بە پێچەوانەوە ، ئەم دیوانەی شێرکۆ بێکەس، پڕیەتی لە هیوایەکی گەورە بەژیان، خۆشەویستی ، لێبوردن، شۆرش ، نیشتمان. وەکو هەموو دیوانەکانی تری ، بە سیحری ووشەو، دەستەواژەی جوان، ڕستەی عاشقانە ، خوێنەرانی ئاسوودە دەکات. منیش وەکو هەموو خوێنەرێکی هەمیشەیی شێرکۆبێکەس، جێژێکی گەورەم لەم دیوانەیدا بینی. لەم دیوانەیدا، کۆمەڵێک باس دەبنە میوانی خوێنەران. ” سیاسەت، خۆشەویستی، ژن، ڕووداوەکانی بەردەرکی سەرای سلێمانی 2011 ، تەنیایی.” لەسەرەتای دیوانەیەکیدا ، هەستدەکەم کە شێرکۆبێکەس ، تووڕەیی و گلەیەکی زۆری لە تەنیایی هەیە ، ئەمەش لە شیعری ” سەعاتەکانی وەرسبوون” دا بە جوانی دەردەکەوێت.
لەماڵەوەم وەکو هەموو ڕۆژێکی تر ،
لەگەڵ “تەنیایی” دانیشتووم.
من لەسەر کورسیەکەی خۆم و
ئەویش لەسەر کورسی خۆی و بەرامبەرم .
تەنیایی ئاپوورەی ناوێ
حەز بە تێکەڵبوون ناکات و
چارەی شایی و دەنگە دەنگ و
هاوار هاواری هەرناوێ .
ئەم شیعرەی یەکێکە لە شیعرە درێژەکانی ناو دیوانەکەی . یەکێکی تر لە شیعرە درێژەکانی بەناوی ” مەحاڵەکان” کە بەلامەوە زۆر جوان بوو، هەرچەندە من زیاتر عاشقی شیعری کورتم ، لێ ئەم شیعرەی جوانییەکی زۆری تێدایە .
دەشتێک وتی:
کەس نەیدیوە
لەسەر هیچ ڕێگایەکی من
کورت و درێژ
” جەنگ و ئاشتی”
پێکەوە ڕێیان کردبێ
وەکو دوو هاورێی
گیانی بە گیانی یەکتری .
یەکێک لە باسەکانی تری ئەم دیوانە، شیعری سیاسیی و حەماسیانەیە، بەتایبەتی مێژوویان هەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوەکانی شوباتی 2011. ئەمەش لە شیعری ” ئاپوورەی تووڕە” دەردەکەوێت. شێرکۆ ناوی ئەم شیعرەی ناوە ” شیعری جەماوەری”. هەروەها لە شیعری ” فایەق بێکەس دەگڕێتەوە بەر دەرکی سەرا ” ، خۆی لە خۆیدا ئەم شیعرە زیاتر چیرۆکێکی خەیاڵی ئامێزە، کەبە زمانێکی شیعری جوان نووسراوە. فایەق بێکەس دوای هەشتا ساڵ زیندوو دەبێتەوەو دەگەڕێتەوە بۆ ماڵی خۆیان ، ژن و منداڵەکانی دەبینێت، لێ زۆر دانانیشێت دەیەوێت بەزووترین کات خۆی بگەیەنێتە لای ئاپۆرەی جەماوەر و شیعری حەماسییان بۆ بڵێت .
ئەبێ بڕۆین.. هەموو بڕۆین
بە مناڵ و بە پەپوولە و
بە شیعرەوە
هەر ئێستا
بۆ بەر سەرا !
دیارە پاشتر شێرکۆ دونیای ” سیاسەت و تەنیایی” جێدەهێڵێت و ڕوو لە خۆشەویستی دەکاتەوە. شیعری” حەمام” زیاتر شیعرێکی ئیرۆتیکییە، کە یەکەمجارە جۆرە شیعرێکی وا ئیرۆتیکی بنووسێت. وەکو هەموو دیوانەکانی تری ، شیعری تایبەتی بۆ کۆمەڵێک کەسایەتی ناوداری کورد نووسیوە لەوانە : ( تۆفیق وەهبی، ئەمین زەکی بەگ، مەشعەل تەمۆ، عەبدوڵڵا جەوهەر،هەمزەی عەلی دەدە ئەحلام مەنسوور). دیارە زۆرجار ڕەخنەی ئەوەش لە شێرکۆ بێکەس دەگیرێت، کە هەندێک لەو شیعرانەی کە بۆ کەسایەتییەکان نووسیویەتی ، کەمێک پەلەیی پێوەدیارە و ، ئەو کەسانەی کە شیعری بۆ نووسیون جێگای رەخنەی خەڵکین. بەڵام ئەمجارەیان ئەوانەی کەلەم دیوانەدا شیعری بۆ گووتون ، هەموویان لووتکەیەکی بەرزن لەناو دونیایی ” ئەدەب و سیاسەتی” کوردیدا . بەڕاستی کەسایەتییەکی وەکو ئەحلام مەنسوور ، شایستەی ئەوەیە ، کە شێرکۆبێکەس شیعری بۆ بڵێت.
کچێ لە خۆزگە
خۆزگە لە ڕێگە و
ڕێ لە کتێب و
کتێبیش لە دڵ
کەوتە خوێندنەوە ، کەوتە هەڵکەندن، کەوتە باڵگرتن .
شێرکۆبێکەس ئەم دیوانەی بە کۆمەڵێک شیعری کورت ڕازاندۆتەوە، کە من خۆم یەکێکم لە هەوادارنی ئەو شیعرە کورتانە . بۆ نموونە لە شیعری ” شیعر و شەراب” پێناسەیەکی جوانی شیعر دەکات:
شەرابی جوان و شیعری جوان
لەیەک ئەچن
تا کۆنتربن .. تازەترن .
یەکێکی تر لە شیعرە کورتە جوانەکانی ئەم دیوانە ، شیعری “پرسیار”
کە ژن نەبوو .. ژیان چییە.
باهەزار ساڵیش من بژیم؟
کەماڵ مۆسیقای تیانەبوو،
ئیتر ” گوێ” بۆ ئەبێ هەبێ؟
بەدڵنیاییەوە خوێنەر وەکو هەموو دیوانەکانی تری شێرکۆبێکەس، جارێکی تر باوەش دەکاتەوە ملی شیعر. جێگای گووتنە ئەم دیوانە لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی ” غەزەل نووس ، له سلێمانی” چاپکراوە.