چۆن ئایینەکان بڵاودەبنەوە؟!
ناوبەناو سەرنجی کۆمەڵێک هەواڵ یان ووتار دەدەم ، کە ژمارەی ئەو کەسانە بڵاودەکەنەوە کەچوونەتە سەر ئاینێکی نوێ ، بۆ نموونە ئیسلام یان مەسیحی. زۆرجار ئەم ژمارەیەش بە هەزاران یان بە دەیان هەزار کەس دەبێت. وە زۆرجاریش ژمارە 50 هەزاریش دەبینین ، کە دەڵێن ساڵانە ئەمەندە کەس هاتوونەتە ناو ئەم ئایینە . بەدڵنییایەوە لەڕووی ئامارییەوە ژماردنی ئەو کەسانەی کە دەچنە ناو ئایینێکی نوێوە، کارێکی ئاسان نییە ، چونکە ئەم ئامارە لەلایەن دەزگایەکی فەرمییەوە نەکراوەو هەموو دانیشتوانیش ناگرێتەوە. زۆرجار ئەم ئامارە لەلایەن کۆمەڵێک لایەنی ئایینیەوە دەکرێت ، کەئەویش زیاتر بۆ خزمەتی پەیامەکەی خۆیەتی. دیارە قەبەکردنی ژمارەکان جۆرێکە لە جۆرەکانی پروپاگەندە ، کەلایەنێک بەکاری دەهێنێت بۆئەوەی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەکاریبهێنێت.
بۆ نموونە هەندێک کۆمپانیا هەوڵ دەدەن لە ڕێگای قەبەکردنی ژمارەی فرۆشیەوە ، دەیەوێت ئەوە پیشانی خەڵكی بدات ، کە بەرهەمەکانی باشن بۆیە فرۆشیان زۆرە . بەهەمان شێوەش پارتە سیاسییەکانیش هەمان شت دەکەن ، بەتایبەت پێش کاتی هەڵبژاردنەکان ، کاتێک ڕێژەی ڕازی بوونی خەڵکی و پێشبینی هێنانی ژمارەی دەنگی خەڵكی بڵاودەکرنەوە. کەئەمەش هەمووی لە خزمەتی سیاسی ئەو پارتەیە. کەواتە تاچ ئاستێک ئەم ژمارانە جێگای باوەڕن ؟ بەگشتی ژمارەی ئەو کەسانەی دەچنە ناو ئایینێکی نوێوە ، لەلایەن دەزگا ئایینیەکانەوە کۆدەکرێتەوە ، بەتایبەت ئەو دەزگایانەی کە پرۆسەی گٶرانەکەی تێدا جێبەجێدەکرێت ، وەکو مزگەوت و کڵێسەکان . ئەم ژمارانەش لەچاو خۆیاندا کەمتر پیشان دەدەرێن ، بۆ نموونە خەڵکانێکی زۆر واز لە ئایینەکەی خۆیان دەهێنن و دەچنە ناو ئاینێکی تر ، بەبێ ئەوەی خۆیان لە قەرەی دەزگا ئایینیەکانەوە بددەن. لەلایەکی تریشەوە ئەم ژمارانە تەنها باس لەوانە دەکات ، کە هاتوونەتە ناو ئایینەکە ، باس لەوانە ناکات کەلە هەمان ئایین دەرچوون . کەواتە پشت بەستن بەم ژمارانە ، بەبێ بوونی تێڕوانێکی گشتگیرانە ، وا دەکات کە زانیاریەکی تەوامان نەبێت و ئاماژەیەکی خراپیشمان بە ژمارەی پێڕەوانی ئەو ئایینە دەداتێ. لەهەمان کاتیشدا ئەم ژمارانە زۆرجار دژ بەیەکن ، چونکە چوونە ناو ئاینێکی نوێوە ، مانای ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو کەسە لەئاینێکی تر دەرچووە یان بۆتە مولحید” بێ ئایین” . بۆ نموونە ئەو مەسیحیەی کەدەبێتە موسڵمان ، ناوی وەکو موسڵمانێکی نوێ دەنووسرێت ، بەڵام کڵێسەش لەناو لیستی ئاماری خۆیدا ناوی ئەو کەسە ناسڕێتەوە. بەهەمان شێوەش گەر ئەو کەسە موسڵمان بێت و ببێتە مەسیحی .
خاڵێکی تر کەئەم ئامارانە باسی ناکەن ، ئەویش هۆکاری ئەم گٶرانەیە. ئایا ئەو کەسەی کە واز لە ئایینەکەی خۆی دەهێنێت و دەچێتە ناو ئایینێکی نوێوە ، تەنها لەبەر هۆکارە لاهوتییەکانە ؟ یان لەبەر بوونی هۆکاری کۆمەڵایەتی( بۆ نموونە هاوسەرگری ، یان پلەیەکی کۆمەڵایەتی ) ، یان لەبەر هۆکاری ئابووری یان بەلەبەر ئەوەی بە تۆبزی ناچارکراوە کە واز لەئایینەکەی خۆی بهێنێت،یان لەبەر هۆکاری تر بووە؟ . لێرەدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ژمارەکان هیچ گرینگیەکیان نییه و ناشتوانین تەنها پشت بە ژمارەیەکی ڕووت ببەستین ، بەبێ بوونی لێکۆڵینەوەیەکی بابەتییانە ناتوانین حوکمی خۆمان لەسەر باشی و خراپی ئایینەکان بددەین و ناشتوانینن بڵێین ئەم ئایینە لەو ئایینەی تر باشترە. جگە لەوەی کەهەموو مرۆڤێک خاوەنی بۆچوون وتێروانینی تایبەت بەخۆی بۆ ژیان هەیە ، کەئەمەش وای لێ دەکات کە مەیلی بۆ ئەم ئایین یان ئەو ئایین هەبێت ، یان بەتەواوەتی باوەڕی بەهیچ ئایینێك نەبێت . لەڕووی مێژووییەوە وەرگرتن و چوونە ناو هەر ئایینێکەوە ، بەشێوەیەکی ئاشتییانە نەبووە . لەهەمانکاتیشدا لێکۆڵینەوەی لاهوتی و ئیمانی تایبەتیش ، تەنها ڕۆڵێکی ئێجگار بچووکیان لە بڵاوبوونەوەی ئایینەکان گێڕاوە. چونکە گەر کەسێک پاش ئەوەی لێکۆڵینەوەو هەڵسەنگاندنی لەگەڵ ئایینەکانی تر بکات ، بچێتە ناو ئایینێکی نوێوە ، مانای وایە ئەو کەسە دەتوانێت بخوێنێتەوەو بنووسێت ، لەهەمانکاتیشدا دەتوانێت زانیاری زیاتر دەربارەی ئەدەبیاتی ئایینەکان بزانێت و پاش ئەوەی لێی دەکۆڵێتەوەو ئینجا بڕیاڕی کۆتایی خۆی دەدات . ئەویش بە شێوەیەکی ئازاد و بەبێ هیچ ڕێگرێکی یاسایی یان کۆمەڵایەتی ، ئایینەکەی خۆی دەگۆڕێت. ئەم حالەتەش تەنها بۆ ڕێژەیەکی ئێجگار کەمی دانیشتوانی سەر زەوەی دەستدەکەوێت. هەتاوەکو ئەمڕۆش ئەما حالەتە بۆ ملیۆنەها کەسی تر ڕێك ناکەوێت. چونکە جاران نووسین و خوێندنەوە لەلایەن نوخبەی مەلیک و حاشییەکەی یان تەنها توێژی پیاوانی ئایینی پاوان کرابوو. هەر لە ڕووی مێژوویشەوە زۆربەی دەوڵەتانی جیهان ، ئایین و دەوڵەتییان تێکەوڵا دەکرد ، دەسەڵاتی سیاسی بە دەستخۆشی و موبارەکبایی دەسەڵاتی ئایینی دەبوو بۆ نموونە لە ( میسری کۆن یان ئیمپراتۆریەتی رۆمانی یان مەلیکەکانی فەرەنسا ، کەلەلایەن پاپای فاتیکانەوە دەسەڵاتی مەلیکیان پێدەبخشرا) . کەواتە بۆماوەی هەزاران ساڵر ، مرۆڤ خاوەنی هیچ جۆرە ئازادییەک نەبوو بۆئەوەی لێکۆڵینەوەو هەڵسەنگاندنی ڕاستەقینانە دەربارەی ئەو ئایینەکە بکات ، کە دەیەوێت بچێتە ناوی و ئیمانی پێ بهێنێت. دیارە هەتاوەکوو ئەمڕۆش کۆمەڵێک کۆمەڵگا هەر ڕێگا نادەن.
دیارە ئازادی ئایین و خودا پەرستی ، شتێکی نوێیە ، لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆرشی ڕینانسازی ئەوروپی پەیدا بوو ، بەشێوەیەکی تەواوەتیش هەتاوەکوو ئیلحاد ( بێ باوەڕی ) لەسەدەی نوزدەهەم بڵاو نەبوویەوە ، ئازادی خودا پەرستی جێگای خۆی نەگرت .
کەواتە گەر لێکۆڵینەوەی تایبەتی دەربارەی ئایین ، ڕۆڵێکی هێندە گەورەی لە بڵاوبوونەوەی ئایینەکان نەگێڕابێت ، کەواتە ئایینەکان چۆن بڵاوبوونەوە؟ .
دیارە کۆمەڵێک ئامڕاز و ڕێگا هەن، کە بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئایین بەتایبەتی و کولتوورەکان بەگشتی ( بۆ نموونە زمان) لە جیهاندا
یەکەم : لەڕێگای شەڕەوە /
بێ گوومان کاتێک نەتەوەیەک نەتەوەیەکی تر داگیردەکات ، بە تۆبزی یان بە رێگای لەخشتەبردنەوە، ئایینی خۆی بەسەر دەسەپێنێت ، ئەمەش زۆرترین و باشترین ئامڕاز بووە کە بۆتە هۆی بڵاوبوونەوەیە ئایینە نوێکان . دیارە پەلاماردانە عەسکەرییەکان زیاتر ڕٶڵیان دەبێت ، گەر هاتوو ئایینە هێرش بەرەکە بتوانێت بنکەی سەرەکی ئایینەکەی بەرامبەری داگیربکات . هەتاوەکو شاری ڕۆما کە بنکەی سەرەکی ئایینی رۆمانی بوو داگیرنەکراو، هەتا ئیمپراتۆری رۆمانی قوستەنتینی یەکەم نەبوو بە مەسیحی ، ئایینی مەسیحی بە تەواوەتی لە جیهاندا بڵاونەبوویە . هەمان شت لە ئیسلامیش دووبارە دەبێتەوە ، چونکە بڵاوبوونەوەی ئیسلام بەشێوەیەکی سەربازی لەدەرەوەی شەڕی خێڵە عەرەبییەکانەوە ، نەیتوانی بە تەواوەتی بڵاوبێتەوە ، هەتاوەکو مەککەیان داگیرنەکرد ، کە ئەو کات مەککە بنکەی سەرەکی ئایینە پت پەرستی عەرەبییەکان بووە. لەزۆربەی کاتدا ، توێژە ئایینییه سەرکەوتووەکان ، بنکەی خۆیان بۆ بنکەی سەرەکی ئایینە دٶراوەکان دەگوێزنەوە، ئەمەش لەکاتی دروستبوونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەدیدەکەین ، کاتێک قوستەنتینییە کە بنکەی سەرەکی کەنیسەی ئەرتەدۆکسی بوو ، کرایە پایتەختی ئیمپراتۆریەتەکە( پاشان ناویان بۆ ئەستانە و ئەستەنبوڵ گۆڕی ،،،،وەرگێر) .
شەڕ یەکێک بووە لەو ئامڕازانەی کە ئایینە سروشتییەکان بەکاریانهێناوە بۆ ئەوەی ئایینەکەیان بڵاوبکەنەوە، باشترین نموونەش ئەو شەڕە فراوانخوازیانەی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی کۆن بوو ، کە بە تۆبزی ئایینی رۆمانی بە سەر نەتەوە ژێرکەوتووەکاندا دەسەپاند .
دووەم / لە ڕێگای پارەوە
ئەگەر هاتوو کەسێک بە زۆر باوەڕی بە ئایینەکە کرد ، ئەوا لەخشتەبردن لەڕێگای پارەوە باشترین ڕێگایە. دیارە ئامرازی پارە تەنها مەبەستمان ئەوە نییە کە راستەوخۆ پارە بدرێتە ئەو کەسە تا ئایینەکەی خۆی بگۆڕێت، بەڵکە لەڕێگای سەپاندنی چەندین یاساگەلی زۆرەوە ، کە مافی زیاتر لەچاو ئایینەکانی تر دەداتە ئایینی فەرمی . یان زۆر پۆستی حکومی تەنها بۆ ئایینێکە و ئەوانی تر ناتوانن ئەو پۆستەیان هەبێت ، یان ئایینەکانی تر لە زۆر پلە وپاییە و کاری تر پەراوێزدەخرێن ، یان ڕێگەیان پێ نادرێت زەوی کشتوکاڵی بکڕن ، یان باجی زیاتریان بەسەردا دەسەپێنرێت بۆ نموونە ( جزیە، کەلە جیهانی ئیسلامیدا بەسەر مەسیحیەکان دەسەپێنرا) ، هەموو ئەمانەش بۆئەوەی هانیان بدرێت تا ئایینەکەی خۆیان بگۆڕن . هەموو ئەم یاساگەلانە لەپاش شەڕی سەربازی و سەرکەوتنی سووپای هێرش بەر دەسەپێنرێت ، یان لەکاتی ئاشتیدا ئەو دەوڵەتانەی خاوەنی ئایینی فەرمین ، ئەم یاساگەلانە دەسەپێنن بۆئەوەی دژایەتی کەمینە ئایینیەکانی تری پێ بکات . هەر ئەم یاسانە وایان لە جوولەکەکانی ئەوروپا کرد ، کەلە سەدەی نۆزەدەهەمدا ، بەشێکی زۆریان ناچارکران کە لە ئایینەکەی خۆیان وازبهێنن و بچنە ناو ئایینی مەسیحیەوە. هەر ئەم ئامرازەش هۆکارێکی گرینگ بوو ، بۆئەوەی ئایینی ئیسلام لەو کۆمەڵگایانەدا بلاوبێتەوە کە پێشتر ئیسلام نەبوو ناچارکران کە ملکەچی خەلافەتی ئیسلامی بن. هەروەها پارە وەکو ئامرازێك بەکاردێت ، بۆئەوەی سەرکەوتنی تاکی بکرێتە نموونەیەک و پیشانی گەلە هەژارەکانی پێ بدرێت. بۆ نموونە کاتێک بازرگانێکی دەوڵەمەند بۆ وڵاتێکی هەژار دەچێت، لای خەڵكە هەژارە وا پروپاگەندە دەکەن ، کە ئەم پیاوە بۆیە دەوڵەمەندە چونکە باوەڕی بەم ئایینەیە و ئەمەش هۆکاری سەرەکی بەختەوەری ژیانی ئەم پیاوە دەوڵەمەندەیە.
سێهەم / لەڕێگای ژیانی هاوسەرگیرییەوە
دیارە لێرەدا ئێمە مەبەستمان تەنها ئەوە نییە ، کە ژن یان پیاوەکە واز لەئایینەکەی خۆی بهێنێت و بچێتە سەر ئاینێکی تر ، بەڵکە کاتێک پیاوێک ژنێکی لە ئاینێکی تر دەخوازێت ، منداڵەکانی ئایینی باوکیان هەڵدەگرن نەک هی دایکیان . دیارە گەر لە کۆمەڵگایەکدا بژین ، باوەڕی بەیەکسانی نێوان ژن و پیاو بێت ، ئەوا ئەنجامێکی پێچەوانەمان دەبێت ( واتە منداڵەکان ئایینی دایکیان هەڵدەگرن). بەڵام لەڕووی مێژووییەوە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پێشتر ( دەتوانم بڵێم هەتاوەکو ئێستاش ) هەر کۆمەڵگایەکی پیاوسالاری بووە، منداڵەکان ئایینی باوکیان هەڵدەگرن ( دیارە ئەمە پێناسەی گشتیی خەڵکییە، هەرچەندە لەوانەش بێت منداڵەکان ئایینی دایکیان هەڵبژێرن ) . هەمووکاتێک گەلانی جیهان ژیانی هاوسەرگیرییان ، وەکو ئامڕازێک بەکارهێناوە ، بۆئەوەی ئایین و کولتوورەکەی خۆیان لە کۆمەڵگاکانی تردا بڵاوبکەنەوە. بۆ نموونە لە سەردەمی رۆمای کۆن ، یان ئەوروپییەکان بەتایبەت کاتێک کیشوەری ئەمریکایان داگیرکرد ، یان زۆر نەتەوەی تری جیهان . لێرەدا دەتوانین بۆ هەزارانی ساڵی پێشوو بگەڕێینەوە، کاتێک هەندێک پسپۆری بواری زانستی ئەنترۆپۆلۆژی پێیان وایە ، کە هۆکاری سەرەکی نەمانی مرۆڤی نیاردەتاڵ دەگەڕێتەوە بۆئەوەی ، کە ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ مرۆڤی ئێستادا (Homo sapiens). کردووە.
بە دڵنییایەوە کۆمەڵێک ئامڕازگەلی تر هەن ، کەئایینەکان بەکاری دەهێنن بۆ بڵاوبوونەوەی ئایینەکانیان ، هەندێکیشیان ئامڕازی نوێن . یەکێک لەگەورەترین و ئاڵۆزترین کێشەی دەسەڵاتە ئایینیەکانی ئەمڕۆ ئەوەیە ، کە رێژەی نەخوێندەواری زۆر کەم بۆتەوەو ، لەهەمانکاتیشدا ئەمڕۆ دوورەپەرێزی و گۆشەگیری باوەڕیی و ئایینی هیچ شانسی نییەو شتێکی مەحاڵە. ئەمڕۆ زۆرینەی دانیشتوانی سەر زەوی دەتوانن زانیاری زیاتر دەربارەی ئایین ومەزهەبەکانی تر بزانن و لەگەڵ ئایینەکەی خۆیاندا هەڵی بسەنگێنن . لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئامڕازەکانی پەیوەندی لەناو دانیشتوانی زەویدا و زیادبوونی ئەو قەناعەتەی کە ئایین بەشێکە لە ئازادییە تاکگەراییەکان ، دەسەڵاتە ئایینیەکانیش پێویستیان بە گۆڕانکاری و نوێبوونەوە هەیە ، نەک لەبەر بڵاوبوونەوەی ئایینەکەی بەڵکە لەبەر بەرگریکردن لە خۆی.
چونکە ئامڕازە کۆنەکان ، هەرچەندە هەتاوەکوو ئەمڕۆش لەزۆربەی جیهاندا بەکاردەهێنرێت ، بەڵام هەمان سوودی جارانی نییە. ئەمڕۆ پیاوێکی ئایینی ناتوانێت لەرێگای کۆمەڵێک قسەی گەورەو نادیارو شاراوەوە خەڵکی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت . ئەمڕۆ پێویستە گفتوگۆ و موجادەلە بکات ، نەک تەنها لەگەڵ ئایینەکانی تر ، بەڵکە بۆ ئەوەی باوەڕەکانی بسەلمێنێت ، کە دژ بە راستییە زانستییەکان نییە.
لەم شەڕە گەورەیەی میدیادا ، بوونی ژمارەی زۆری ئەو کەسانەی کەهاتوونەتە ناو ئایینەوە ، یەکێک لەو ئامرازانەی کە پیاوانی ئایینی لەبەرامبەر هەوادارانی خۆی بەکاریدەهێنێت ، ئەمەش بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە کارەکەی بەرهەمی باشی هەیە .
نووسینی : عادل نورالدین
وەرگێڕانی لەعەرەبیەوە : ئەردەڵان عەبدوڵڵا
a.abdulla@araspress.com
سەرچاوە:
كيف تنتشر الأديان؟ . بقلم: عادل نورالدين . سایتی الاوان