Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
چۆن مرۆڤێكی سەركەوتوو ئەبیت؟

چۆن مرۆڤێكی سەركەوتوو ئەبیت؟

Closed
by December 6, 2010 گشتی

 

لە شەقامێكی گەڕەكەكەماندا لە بەرلین ،لە بەردەم قوتابخانەیەكی سەرەتایی و باخچەیەكی ساوایان ئامێرێك بۆ شۆفێرەكان دانراوە ،كە بە تیشكی ڕۆژ كار ئەكات،خەڵكی ئاگادار ئەكاتەوە ،ئەگەر بێتوو لە30 كم خێراتر بڕۆن،لەسەری ئەنوسرێت(هێواشتر)،ئەگەر خێراییەكەیان تا30 كم بوو،بە سەوز ئەنوسرێت( سوپاس)،لە هەموو تێپەڕبوونێكمدا بەلایدا بیری لێ ئەكەمەوە ، ئەبێت
چی لاوێكی دڵسۆز بە ووڵاتەكەی ،بۆ پاراستنی منداڵان لە كارەسات ئەم ئامێرەی داهێنابێت بۆ خزمەتی هەموو لایەك( داهێنانێكی بچوك، خزمەتێكی گەورە) ، ئەبێت مێشكی ئەو داهێنەرە چەندین ڕۆژی خۆی تەرخان كردبێت  و بیری لێ كردبێتەوە تا گەیشتبێتە ئەو ئەنجامە ،ئایا ئەبێت مێشكی گەنجێكی كوردیش بتوانێت بۆ داهێنانێكی وا سودبەخش بەو شێوەیە بیر بكاتەوە؟  ،یان بیری خۆی تەرخان ئەكات، چۆن بەربەرەكانی هاونەتەوەكانی خۆی بكات و چەندین ڕۆژ  كاتی خۆی بەفیڕۆ بدات،تا بتوانێت بە درۆ و بوختان بۆ ناو زڕاندنی یەكتری،نوسینێك بهۆنێتەوە  ،تەنها لە بەر ئەوەی چەند بیروبڕوایەكی جیاوازی كۆمەڵایەتی یان سیاسی دژ بەیەكیان هەیە ، بێ ئەوەی بۆی ڕوون بكاتەوە و ئاگاداری بكاتەوە لە ئەنجامە خراپەكانی ، تا هەوڵ  بدرێت چارەسەرییان بكرێت.
ئایا نهێنی سەركەوتویی ئەم گەنجە ئەڵمانیە و دواكەوتوویی ئەم گەنجە كوردە لە چیدایە ؟
ئایا ئەمە تەنها خووە یان لێهاتوویی و زیرەكی یە لە جەستەی مرۆڤدا ؟
گەورەترین هێز،كە دەست بەسەر جەستە و مێشكی مرۆڤدا ئەگرێت تەنها خووە (عادەت) ،خووش
پێكهاتەی ئەو كردارانەی مرۆڤە ،كە لە بەرەبەیانەوە تاكو كاتی نوستن پێی هەڵ ئەستێت.
ئەو توانا و ووزە شاراوەیەی لەقولایی بوونی مرۆڤدا هەیە ، گەر دركی پێ بكرێت و بەكاربهێنرێت
بەڕاستی و دروستی ،ئەوا كرداری جوانی لێ پەیدا ئەبێت و ئەبنە خوویەكی باشی سەركەوتوو ، زانست سەلماندویەتی ،كە پێكهاتەی مێشك لە نێوان مرۆڤدا لە هەر سوچێكی سەر ڕووی زەمین جیاوازییەكی ئەوتۆی نیە،جگە لە هەندێ خوویی بۆماوەیی(میراتی)لە باوانەوە بۆ نەوەكانیان  ،بەڵكو زۆرتر پێكهاتەی كۆمەڵگا بەداب ونەریتەكەیەوە، دەوروبەر ، خودی كەسایەتی ،سیستەمی خوێندن،ڕژێمی ئەو ووڵاتە كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر سەركەوتوویی هەرتاكێكی كۆمەڵ.
مەرجی سەركەووتوی لە ژیاندا نەبەستراوە بە بڕوانامەیەكی بەرزی زانستی یەوە،بەتایبەتی گەر نەتوانێت بڕوای بەخۆی هەبێت و توانای بیركردنەوە و خۆگونجاندنی لەگەڵ دەوروبەرە و خێزانەكەیدا نەبێت. زۆركەسی  بێ بڕوانامەی خوێندن تاڕادەیەك سەركەوتون لە ژیاندا ، جا چی لە ڕوی ئابورییەوە بێت یان كۆمەڵایەتی،بەڵام مەرجیش نیە لە هەموو ڕویەكەوە سەركەوتوو بێت ، لەگەڵ ئەوەی بێ پشودان هەوڵ ئەدەن.
پشودان لە ژیاندا پێویستە ، گەر بەكاربهێنرێت بۆ بیركردنەوە لە خووەكانی خودی خۆت ، لەكاتی بیركردنەوەش پێویستە هەوڵ بدرێت بیر لە ڕۆژانی ڕابوردوو نەكرێتەوە ، كە سەركەوتوو نەبویت لە كارێكدا ، بەڵكو بیر لە پیلانی ژیانی داهاتووت بكەیتەوە و هەنگاو بنێیت بۆ ژیانێكی باشتر،تەنها هەوڵدان بە درك كردنی وبەكارهێنانی ئەو ووزە شاراوەیەی هەمانە، ئەمانگەیەنێتە ئامانجەكانمان ، بە مەرجێك پشودان لە ژیاندا نەگاتە ئاستی تەمەڵی ، چونكە كات زۆر پیرۆزتر و بە نرخترە لە زێڕ ، بە فیڕۆدانی ئەو كاتە زیانێكی گەورە لە خۆمان ئەدەین ، با هەوڵ نەدرێت تەمەڵی بكرێت بە خوو ، چونكە نەگبەترین كەس لە جیهاندا ئەو كەسەیە ، كاتی خۆی بەفیڕۆ بدات بەبێ سود وەرگرتن وبیرنەكردنەوە لە هەڵەكانی وهەوڵ نەدان بۆ ڕاستكردنەوەیان. ژیانی تەمەڵی و بێ بیركردنەوە هەنگاوی یەكەمە بۆ توشبوونی نەخۆشی دەرونی و داڕوخاندنی بناغە وبنەمای ژیانێكی شادی و بەختەوەریی ، تا پەیدا بونی خووی ڕارایی و بەدگومانی لە خۆیی و كەسانی نزیكی، تا وای لێ دێت لە جیهانی هزر و ئەندێشەدا ئەژێت و گومان لە سێبەرەكەی خۆشی ئەكات. تەنها خۆی  بەڕاست ئەزانێت بەهەڵەكانیشیەوە و كەسانی تر بە ناڕاست و تاوانبار دائەنێت، لەگەڵ ئەوەی خۆی سەرنج و هۆش و بایەخدانی نیە بۆ كار و ڕەفتارەكانی ڕۆژانەی.
هەندێك بە هەڵە وا ئەزانن هۆش وبایەخدان بە كارێك یان بابەتێك ئامانجی سەرەكی یە ، نەك تەنها هۆكارێكە بۆ گەیشتن بە ئامانجە مەبەستدارەكە ، كە زۆرجار لە پێناویدا ووزەكانمان بە بێهۆدە بەفێڕۆ ئەدەین. بەووردیی ڕوانیین و هۆشدان بە كارەكانی ڕۆژانەمان ئەركێكی پێویستە ،هۆكارێكە بۆ ئاسان كردنی گەیشتن بە ئامانجەكانمان ،بە مەرجێ بیرەكانمان لەو بازنەیەدا دەرنەچێت و بە شتی لاوەكییەوە خەریكی نەكەین ، تا هێزەكەمان بە فیڕۆ نەچێت تەنها بیر لە سەركەوتن بكەینەوە ، بەردەوام لە مێشكماندا دوبارەی بكەینەوە و بڵێین سەرئەكەوم.
 بەكارهێنانی بیر وهزرەكانم بۆ سەركەوتن ،ئەتوانین بیكەین بە خوو ،نەك سەرنەكەوتنەكانمان بگەڕێنینەوە بۆ چارەنوس و ناوچەوان ڕەشی وبێ بەختی ، بێتوانایی خۆمانی پێ بشارینەوە ، چونكە زۆربەی پسپۆرە دەروونناسەكان لەو باوەڕەدان،مرۆڤ خۆی پەیژەی تەلاری سەركەوتنەكانیان دروست ئەكەن تا گەیشتنە لوتكەكەی ، پێویستیش ناكات خەمبار بین وهەستی ئیرەیی لامان دروست بێت ،بۆ فڵان كەس بەخت یاوەرێتی و لە زۆربەی كارەكانی سەركەوتووە ، بەپێچەوانەوە من هەر بێ شانسم ، ئەمە خۆ هەڵ خەڵەتاندنە ،تەنها ئەگەڕێتەوە بۆ بەكارنەهێنانی ووزەكانمان بە شێوازێكی دروست و هەندێ جاریش زیان گەیاندن بە جەستە و مێشكی خۆمان لەڕێگای بەكارهێنانی مادەی بێهۆشكار و ئەلكهول و جگەرەكێشان و خۆ خەریك كردن بە كاری نابەجێوە. ناشتوانین بڵێین مرۆڤ توانای هەیە لەجێ بەجێ كردنی ئاواتەكانی  لە 100% ، بەڵام بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بە بەخت و ناوچەوانەوە نیە ، بەڵكو كۆڵنەدانی خۆمان لە كارەكانمان،بە بێ شەرم و هەست بەكەم نەكردنمان.
شەرم كردن و بڕوابەخۆ نەبوون ئەبێتە زمان سڕبوون و نەدواندن و فێر نەبوون و خۆنەگونجاندن  لەو كۆمەڵگایەدا،ئەنجامەكەشی هەر شكست خواردن و دووركەوتنەوەیە لە سەركەوتن، باشترین
چارەسەر تێكەڵ بوون و ئارەزووی فێربوونە ،پێویستە ئاست و توانای مێشكمان بخەینە ژێر تاقی
كردنەوە ،با بزانین تا چەند ئامادەیی فێربونمان هەیە ،شانبەشانی ئەوەش  ویستی(ئیرادە) كەسایەتیمان ئازاد بكەین و هێزی پاڵنەری پێ ببەخشین و سەركووتی نەكەین ، گەر تۆ هەوڵی فێربوونت بە پەرۆشەوە و بەهەستێكی زیندووەوە بدەیت و ئامێزی بۆ بگریتەوە ، بێگومان بەئاسانی فێر ئەبیت و هەرگیز لە یادت ناچێت ، لەگەڵیشیدا هەوڵ بدە ناو وناوەڕۆك و ڕوخسارەكانیت لەبەرچاو بێت و لە یادیان نەكەیت.
لە بیر كردنی ناو و ڕوخسار ناگەڕێتەوە بۆ بێهۆشی و دەبەنگی ، بەڵكو سەرنج نەدان بە ووردبینیەوە وبایەخ نەدان بەو بابەتانە ،بۆ نمونە لە بیر چونی ناوێك ،یان نەدۆزینەوەی ئەدرەسێك ، لەبەرچاو وون بونی ڕوخسارێك ، تەنها پەیوەندی بە ڕاهێنانەوە هەیە تا ئەبنە خوویەك و پاپەند ئەبیت پێوەی و لەیادت ناچن. تۆ ئەزانیت لەش ساغ و تەندروستی باش ئەبێتە هۆی چالاكی مێشك و جەستە ، كەواتە بەردەوام بیر لە هەوای پاك و وەرزش كردن بكەرەوە ، بەردەوام بون لەسەر ڕاهێنان ، بیرێكی ساف و كەسایەتیەكی بەهێزت پێ ئەبەخشێ.
كەس ناتوانێت كەسایەتی تۆ دروست بكات ،  جگە لە چەند بیرەوەرییەكی منداڵی ، كە لە داهاتودا كار لەسەر كەسایەتی تۆ ئەكات ، بەڵام مەرجی كەسایەتیەكی بەهێز لە ناو دەستەكانی خۆتدایە و ئەتوانی بۆ دانانی بناغەیەكی بەتوانا بەكارییان بهێنیت ، بۆ نمونە چالاكی و تەمەڵی دوو خوون لە ناو جەستەی تۆدا ، خۆت بڕیار دەریت كامیان بەسەر كامیاندا سەر بكەوێت ، جا  بیركردنەوە لە جوڵە و كردارەكە ئەبێتە باشترین یاسای ژیانت ، كەو‌اتە تۆ بۆ خووە دروستەكەیان هەڵنابژێریت تا بەرەو سەركەوتن بچیت.
ڕێگای سەركەوتن بگرە بەر ، بەڵام پێشبینی مەكە لە ماوەی چەند كاتژمێرێك یان ڕۆژێك و هەفتەیەك پێی بگەیت ، لەوانەیە ئەمجارەیان سەركەوتوو نەبیت ، بەڵام بە دڵنیاییەوە خوویەكی خراپت لەناو برد و خویەكی باشت لە جێی ڕواند ، ئائەمەیە سەرەتاكەی.
سەركەوتن بە سەر خوویەكی خراپی خۆت وا ئاسان نیە ، بەڵام لە ئەنجامی ڕاهێنانەكانت بە چەند مانگێك گوڕانكارییەكی بەرچاو ئەبینیت بە مەرجێك بە بڕوایەكی پتەوەوە بێ ترس بڕوانیتە بابەتەكە. مرۆڤی ڕەشبین توشی ترس ئەبێت ،چونكە درك بەتوانای خۆی ناكات.
كاتێك هزر و بیرەكانمان لێ ئەبنە ترسێكی بێ بنەما،ئیتر ئەگۆڕێن بۆ فەرمانێكی بێكەڵك و سەرچاوەی ڕاڕایی و دڵە ڕاوكێی و كەمبوونەوەی ووزە و تواناكانمان و لە ناوچوونی ئازایی.
باشترین دەرمان بۆ نەهێشتنی ترس پەیدا كردن و پەرەپێدانی هەستی ئازایەتی یە ،هەندێ كەس هەیە لە نرخ وبەهای خودی خۆی كەم ئەكاتەوە و تاوان بەرامبەر بە جەستەی خۆی ئەكات.
تا هەستی ئازایەتی لە گیاندا گەشە بكات ، ترس ئەڕەوێتەوە و بڕوا بە خۆبوون زۆر ئەبێت، پەرە بە خۆدی كەسایەتی خۆت ئەدەیت ، لە ئەنجامیشدا دەست بەسەر كەموكوڕی و نەنگییەكاندا ئەگریت وچارەی گرفتەكان ئاسانتر ئەبێت وهەنگاو خێراتر ئەهێنی بۆ سەركەوتن و جەستە و دەرونی نەخۆش لە ئاستی ئەو بیركردنەوە نوێدا شكست ئەهێنێ و دەروازەی دڵتەنگی دائەخرێت.
ئایا مرۆڤ ئەتوانێت داهێنان بكات ، گەر ئەمە گونجاوە ،كامەیە باشترین ڕێگا بۆ گەیشتن بەم ئامانجە ؟ هەندێ كەس لە سروشتەوە ،لەكاتی لەدایك بونیانەوە ،بەهرەی داهێنانیان تیایە و لەگەڵ گەشەسەندنیان ئەو بەهرەیەش گەشە ئەسێنێ. بەڵام هەر یەك لە ئێمە مەرج نیە ببێتە داهێنەرێكی ناودار ، بەڵكو زۆر بەسادەیی ئەتوانین لە ژیانماندا بۆ خۆمان و دەوروبەرەكەمان داهێنان بكەین و هیچ نەبێت بۆ چەند كەسێك سود بەخش بێت ، هەروەكو ڕیزبەندكردنی هەموو هزر و بیرێكی جوان و داڕشتنی بە شێوازێكی هونەری ،سیاسی ،یان وێژەیی . هەموو كەسێكیش ناتوانێت لە هەموو بارەكانی ژیانەوە داهێنەر بێت ، بۆیە تۆ ئەو لایەنە بگرە كە تیایا سەركەوتوو ئەبیت  و گەشبین بە لە بۆچونەكانت.هەوڵی بەردەوام بدە بۆ فێربوون و كۆكردنەوەی زانست و زانیاری ، بەلایەنی كەمەوە لە بابەتێكدا ، هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕاستیەكان ، نەهێشتنی شەرم و پەرەپێدانی ئازاییەتی بۆ داهێنان.
گەشبینی یان ڕەشبینی ڕەوشتی مرۆڤن ، هەر یەك لە ئێمە ئارەزووی لایەنێكیانی هەیە ، ئەوەی ڕەشبینە لە بابەتێكدا ئەكەوێتە هەڵەیەكی لۆژیكی یەوە و ئەگەر لە توانایدا بێت پاساوی لێهاتووانەی بۆ ئەهێنێتەوە و بەردەوامیش ئەبێت لەسەر بیروڕاكەی خۆی . ئەوەی گەشبینانەش لەو بابەتە ئەڕوانێت  ،دوبارە ئەكەوێتە هەڵەیەكی لۆژیكی یەوە ، بە بۆچونی ئەو ، ئەو بابەتە باشتر ئەبێت و هەرواش نامێنێتەوە ، بۆ نمونە گەندەڵی ، هەندێ بەڕەوای ئەزانێت و ئەوی تر بەناڕەوا ، بێلایەنێك ئەتوانێت بڕیاری لەسەر بدات.
هیوادارم گەنجانی كوردیش گرنگی بە خۆیان و نەتەوەكەیان بدەن و هەوڵی داهێنانێك بدەن ، كە هیچ نەبێت خۆیانی تیا سودمەند و سەركەوتوو بن،لە جیاتی ئەوەی كاتی بەنرخی خۆیان بۆ سوككردنی یەكتری بە فیڕۆ بدەن.

خەبات لاوباخ

 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.