چۆن ڕه‌وتی تازه‌کردنه‌وه‌ی شیعری کوردی پۆلێن بکه‌ین؟…2
ئه‌م دابه‌شکارییه له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ق کراوه. ده‌قی تازه پێوه‌ری دیاریکردنی سه‌ره‌تای هه‌ر قۆناغێکه. وه‌ک ئاماژه‌شمان بۆ کرد، ئه‌وه‌ی له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا جێی دڵخۆشییه، له هه‌ر قۆناغێک، ڕۆڵی شاعیرانی هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستان، به هه‌موو شێوه‌زاره‌کانه‌وه دیاریکردووه.
له باسی قۆناغی یه‌که‌م، نووسه‌ر پێداگری له‌سه‌ر ڕۆڵی (گۆران)ی شاعیر ده‌کاته‌وه. به سه‌ره‌تای تازه‌یی له شیعری کوردی‌دا داده‌نێت. ئه‌ویش به هۆی به‌کارهێنانی کێش و سه‌روای خۆماڵی. هه‌روه‌ها باسی ڕۆڵی (جگه‌رخوێن)ی شاعیر ده‌کات، که له ساڵی (1932) ئه‌و کیشانه‌ی له شیعری میللی کوردی‌دا به‌کارهاتوون دۆزیوه‌ته‌وه، ناوی له‌م کێشانه‌یش ناوه (هه‌سپ). له‌هه‌مان قۆناغ ڕۆڵی شاعیرانی کرمانجی سه‌روو باس ده‌کات له‌وانه (بوزان شاهین، کامه‌ران به‌درخان، جگه‌رخوێن، عوسمان سه‌بری، قه‌دریجان، سه‌بری بۆتانی، ئه‌نوه‌ر مائی، ساڵح یووسفی، ته‌ها مائی). به‌ڵام ئێمه تێبینیمان له‌سه‌ر ناوهێنانی ئه‌م شاعیرانه‌یه به بادینی، نووسه‌ر ده‌بوو له‌بری بادینی، کرمانجی سه‌رووی به‌کارهێنابا، چونکوو بادینی بنزاراوهیهکه له کرمانجی سه‌روو، هه‌روه‌ها هه‌ندێک له‌و شاعیرانه خه‌ڵکی جزیره و بۆتانن، هه‌رچه‌نده دواتر له شوێنه‌کانی دیکه ئه‌مه‌ی به دروستی به‌کاربردووه. نووسه‌ر پێداگری زیاتر له‌سه‌ر ڕۆڵی (گۆران) ده‌کاته‌وه، له‌گه‌ڵ (دڵدار و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د). یه‌که‌م لادانێک بۆ تازه‌کردنه‌وه‌ی شیعری کوردی ئه‌م شاعیرانه ئه‌نجامیاندا، به‌کارهێنانی کێشی خۆماڵی بوو، که له‌ناو جه‌رگه‌ی شیعری میللی و فۆلکلۆری کوردییه‌وه هه‌بوو. هه‌روه‌ها گوتاری شیعریان تازه‌کرده‌وه. جووت سه‌روایان بۆ شیعر به‌کارهێنا. توانیان بیری نه‌ته‌وه‌یی وه‌کوو گوتارێکی شیعری ده‌رببڕن. هه‌روه‌ها به‌کاربردنی وشه و ده‌سته‌واژه‌ی کوردی، ئه‌مه‌شیان وه‌کوو تازکردنهوهی زمانی شیعری ئه‌نجام ده‌دا.
نووسه‌ر باسی ئه‌و هۆکارانه‌ی پاڵنهربوونه بۆ ئه‌م تازه‌کردنه‌وه‌یه ده‌کات، وه‌کوو گۆڕانی سه‌رده‌م و فراوانبوونی دید و تێڕوانینی خه‌ڵکی بۆ جیهان و بوون. هه‌روه‌ها پێشکه‌وتنی ململانێی فیکری و ئایدیۆلۆژی و ده‌ربڕینی ئه‌و ئایدیۆلۆژیانه. دواتر تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌م قۆناغه‌ی له چه‌ند خاڵێکدا دیاریکردووه. وه‌کوو وازهێنان له کێشی عه‌رووزی و به‌کاربردنی کێش و سه‌روای خۆماڵی. دوورکه‌وتنه‌وه له سرووشتی ده‌ربڕین به‌و زمانه کۆنه‌ی کلاسیک. دوورکه‌وتنه‌وه له به‌کارهێنانی وشه‌ی ناکوردی. شیعره‌کان ده‌ربڕی واقیعی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و سه‌رده‌م بوون، کێشه و گرفته‌کانی خه‌ڵکیان ده‌رده‌بڕی. ڕوونی له تێڕاوانین بۆ جیهان و بوون.
قۆناغی دووه‌می تازکردنهوهی شیعری کوردی، نووسه‌ر ماوه‌که‌ی له نێوان ساڵانی (1969-1983) دیاریده‌کات. هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی ڕۆڵیان له‌م تازکردنهوهیه هه‌بووه، دابه‌شی سه‌ر چه‌ند کۆمه‌ڵه‌یه‌کیان ده‌کات له‌وانه:
کۆمه‌ڵه‌ی یه‌که‌م: شاعیرانی ناوچه‌ی گه‌رمیان و که‌رکووک له‌وانه ( له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، فه‌رهاد شاکه‌لی، ئه‌حمه‌د شاکه‌لی، عه‌بدولسه‌لام محه‌مه‌د).
کۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م: شاعیرانی هه‌ولێر له‌وانه ( عه‌بدوڵڵا په‌شێو، جه‌میل ڕه‌نجبه‌ر، سه‌عدوڵڵا په‌رۆش، جه‌وهه‌ر کرمانج، سامی شۆڕش و عه‌بدولخالیق سه‌رسام).
کۆمه‌ڵه‌ی سێیه‌م: شاعیرانی سلێمانی دیارترینیان ( شێرکۆ بێکه‌س و ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د) بوو.
کۆمه‌ڵه‌ی چواره‌م: ئه‌و شاعیره کوردانه‌ی له شاری به‌غدا ده‌ژیان له‌وانه ( جه‌لالی میرزاکه‌ریم، ڕه‌فیق سابیر، سه‌ڵاح شوان، عه‌بدوڵڵا عه‌باس).
کۆمه‌ڵه‌ی پێنجه‌م: شاعیرانی ناوچه‌ی بادینان له‌وانه ( عه‌بدولڕه‌حمان مزووری، فه‌یسه‌ڵ مسته‌فا، به‌درخان سندی).
ئه‌م دابه‌شکردنه، دابه‌شکردنێکی زانستیانه و تازه‌یه، چونکوو شاعیرانی هه‌موو ناوچه‌کان ڕۆڵیان له تازکردنهوهی شیعری ئه‌م ماوه‌یه‌دا هه‌بووه، به‌ڵام بێگومان هه‌ر ناوچهیهکهیش تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه. بۆیه‌یش ده‌ڵێم زانستیانه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆربه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌کانی دیکه، ته‌نێ شاعیرانی گرووپی و ڕوانگه و کفری له‌م قۆناغه به تازه‌که‌ره‌وه‌ی شیعری کوردی داده‌نێن. لێکۆڵه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌م قۆناغه به ده خاڵ دیاریده‌کات، له‌وانه: لادان له بونیادی ڕیتمی کێشی خۆماڵی. قووڵی له دیدی شیعریی و دوورکه‌وتنه‌وه له ده‌ربڕینی ئایدیۆلۆژیا له‌سه‌ر ئه‌رکی شیعر. به‌کاربردنی سیمبووله کۆن و نوێیه‌کانی ناوه‌خۆ و ده‌ره‌وه. گرنگیدان به ئه‌زموونی ژیانی ڕۆژانه بۆ خزمه‌تکردنی ده‌قی شیعری و چه‌ند خاڵیکی دیکه. نووسه‌ر باسی دامه‌زرێنه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م قۆناغه ده‌کات و تایبه‌تمه‌ندی هه‌ریه‌که‌یان دیاریده‌کات. ئه‌وه‌ی له‌م قۆناغه جێی بایه‌خه و نووسه‌ر په‌نجه‌ی خستۆته‌سه‌ر، نائاماده‌یی تازه‌کردنه‌وه‌ی شیعر له باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، هه‌روه‌ها له ڕۆژهه‌ڵاتیش ته‌نێ (سواره‌ی ئێلخانیزاده)مان هه‌یه، ڕۆڵی ئه‌م شاعیره‌یش بهرباسدهدا. ئه‌و پاڵنه‌ر و هانده‌رانی هۆکاری هاتنه‌کایه‌وه‌ی تازه‌کردنه‌وه‌ی شیعر له‌م قۆناغهبوون به شه‌ش خاڵ دیاریان ده‌کات. له‌وانه: بارودۆخی مێژوویی وه‌کوو ئه‌و ئازادیه‌ی به‌هۆی به‌یاننامه‌ی یازده‌ی ئازار هاته‌کایه‌وه. ده‌رچوونی گۆڤار و ڕۆژنامه و ئازادی بڵاوکردنه‌وه، وه‌کوو گۆڤاری (ڕوانگه). به‌ستنی کۆنگره‌ی یه‌کێتیی نووسه‌رانی کورد. وه‌رگێڕان و ئه‌ده‌بیاتی دراوسێیه‌کان. توێژینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی له‌سه‌ر شیعر و گوتاره ئه‌ده‌بییه‌کان، وه‌کوو ئه‌و گوتارانه‌ی به یار و نه‌یار له‌باره‌ی ڕوانگه‌وه ده‌نووسران. چاخانه و کۆمه‌ڵه ئه‌ده‌بییه‌کان، هه‌ر شارێک چاخانه‌یه‌ک ده‌بووه مه‌ڵبه‌ندی کۆبوونه‌وه‌ی شاعیران و له‌وێدا ئاڵوگۆڕی بیر و ڕای ئه‌ده‌بییان ده‌کرد، هه‌روه‌ها هه‌ر له‌م چاخانانه گرووپی ئه‌ده‌بی دروست ده‌بوون. وه‌کوو گرووپی کفری، هه‌روه‌ها گرووپی هه‌ولێر له چاخانه‌کانی (عوسمان و بێخاڵ و مه‌چکۆ) کۆده‌بوونه‌وه. له سلێمانی له چاخانه‌ی ( پشده‌ری و شه‌عب) کۆده‌بوونه‌وه. ئه‌م خاڵانه هه‌مووی به درێژی له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه قسه‌یان له‌باره‌وه کراوه.
قۆناغی سێیه‌م له ڕه‌وتی تازه‌کردنه‌وه‌ی شیعری کوردی، لێکۆڵه‌ر له نێوان ساڵانی (1984-2000) دیاریده‌کات. ئه‌ویش له‌گه‌ڵ دروستبوونی گرووپی (پێشڕه‌و) له شاری هه‌ولێر. ئه‌وانیش شاعیران (عه‌باس عه‌بدوڵڵا یووسف، دڵشاد عه‌بدوڵڵا، جه‌لال به‌رزنجی) بوون، دواتر شاعیرانی دیکه‌ی وه‌کوو (ئیسماعیل به‌رزنجی، هاشم سه‌ڕاج، ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی، محه‌مه‌د باوه‌کر، سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) هاتنه ناو گرووپه‌که و ڕه‌وتی شیعریان به ده‌قه‌کانیان تازه‌کرده‌وه. هه‌ر له‌م باسه‌دا تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌م قۆناغه‌ی به حه‌وت خاڵ دیاریکردووه، له‌وانه، به‌ته‌واوی کێش و سه‌روایان فه‌رامۆشکرد. گرنگیدان به به‌ریه‌ککه‌وتنه زمانییه‌کان. گرنگیدان به پێکهاته زمانییه‌کان به‌وپێیه‌ی بونیادێکی سه‌ره‌کیی ده‌قه. قووڵی خه‌یاڵی شیعری. ئه‌م ڕه‌وته له سلێمانی شاعیران ( جه‌مال غه‌مبار، بۆتان جه‌لال، قادر مینه، به‌رزان هه‌ستیار) ڕۆڵیان هه‌بوو. له بادینان شاعیران( موحسین قۆچان، عارف حیتۆ، شوکری شه‌هباز، هزرڤان، سه‌لمان کوفلی) ڕۆڵیان هه‌بووه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له کن من جێی سرنجه لێکۆڵه‌ر له‌م قۆناغه‌دا هیچ باسێکی له‌باره‌ی گرووپی وێرانه‌وه نه‌کردووه. هه‌رچه‌نده ئه‌م گۆڤاره مانیفێستی خۆی هه‌بوو هه‌روه‌ها چه‌ند شاعیرێکی (پێشڕه‌وه‌کان) تێیدا ڕۆڵیان هه‌بوو، له‌وانه (هاشم سه‌ڕاج، عه‌باس عه‌بدوڵڵا یووسف، ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی، ئیسماعیل به‌رزنجی، فه‌رهاد پیرباڵ). ئه‌م گۆڤاره ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی هه‌بوو له تازه‌کردنه‌وه‌ی کۆی بونیاده‌کانی شیعر له ساڵی (1994) به‌دواوه، دواتر هه‌ر ئه‌مانه دوو ژماره له به‌رهه‌می (جوایه‌ز)یان ده‌رکرد. چونکوو ئه‌مانه ته‌واو به سووریالییه‌کان و داداییهکانی ئه‌ورووپا کاریگه‌ربوون.
لێکۆڵه‌ر بۆ ئه‌م قۆناغه‌یش کۆمه‌ڵێک هۆکار، که پاڵنهربوونه بهرباسدهدا. له‌وانه : پاڵنه‌ری مێژوویی به‌هۆی گۆڕانکارییه سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه هۆکاربوون بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌کی تازه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ شیعر بکه‌ن. هه‌روه‌ها پێشکه‌وتنی دیدی شیعریی.
قۆناغی چواره‌می تازکردنهوه نووسه‌ر له‌دوای ساڵی (2000)ه‌وه تاکوو ئێستا هه‌ژماری ده‌کات. ئه‌وه‌ی له‌م قۆناغه بۆ من جێی دڵخۆشی بوو دانانی شاعیرێکی کورد (وریا مه‌زهه‌ر) به سه‌ره‌تای ئه‌م قۆناغه. چونکوو ئه‌م شاعیره هه‌رچه‌نده پێشتر شیعری به فارسیش ده‌نووسی، به‌ڵام دواتر زیاتر ڕووی له نووسینی شیعر به زمانی کوردی کرد و ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی هه‌بوو له تازکردنهوهی ئه‌م شیعر کوردییه‌دا، هه‌روه‌ها شاعیره بۆ هه‌ندێ که‌س نه‌ناسراو نه‌بوو، به تایبه‌ت کاتێک که له ساڵی (2010) خۆی کوشت. له‌م قۆناغه‌یش ته‌نێ ناوی (وریا مه‌زهه‌ر و زانا خه‌لیل، ته‌لعه‌ت تاهیر) ده‌هێنێت، ده‌بوایه باسی له ئه‌زموونی (به‌ڕۆژ ئاکره‌یی) بکردایه که ده‌که‌وێته ساڵانی کۆتایی قۆناغی سێیه‌م و سه‌ره‌تاکانی ئه‌م قۆناغه، که به‌هه‌ردوو کۆمه‌ڵه شیعری (فه‌رامۆشیم نازناوی مه‌رگه و به‌ته‌مابووم له ته‌م بدوێم) ئه‌م شاعیره له ده‌قه‌کانیدا به شێوه‌یه‌کی تازه ڕیتم و مۆسیقای له شیعردا جێکرده‌وه، هه‌ر وشه‌یه‌ک و دێرێکی ڕیتمێکی هه‌یه. هه‌ر له‌م قۆناغه‌دا چه‌ندین شاعیری گه‌نجمان هه‌ن، به ده‌قی تازه‌وه له‌دوای ساڵی دووهه‌زاره‌وه به‌شداریان له ڕه‌وتی تازه‌کردنه‌وه‌ی ئه‌م قۆناغه کردووه. له‌وانه: له هه‌ولێر (ڕێبین ئه‌حمه‌د خدر، به‌شدار سامی، ڕابه‌ر فاریق)، له سلێمانی (شاڵاو حه‌بیبه، ئیدریس عه‌لی، ئاریان ئه‌بووبه‌کرد)، له که‌رکووک (هیرۆ کورده، ئاوێزان نوری) و چه‌ندانی دیکه.
له دوا باسه‌کانی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا نووسه‌ر باسی شێوازه‌کانی نووسینی شیعری تازه‌ی کوردی ده‌کات. حه‌وت شێواز دیاریده‌کات. له‌وانه شیعری سیلابی، شیعری سیلابی نوێ، شیعری ئه‌نگلۆسه‌کسۆنی ئازاد، قه‌سیده‌ی دوانه‌یی، قه‌سیده‌ی په‌خشانی کوردی، شیعری لێکدراو ئه‌م شیعره به‌هۆی لێکدانی شیعری ئه‌نگلۆسه‌کسۆنی و په‌خشانی ده‌نووسرێت، ده‌قی کراوه. هه‌ریه‌ک له‌مانه‌یش پێناسه و باسیان ده‌کات. له به‌شی کۆتاییدا باسی ئاراسته‌کانی شیعری تازه‌ی کوردی ده‌کات. له‌مه‌یش چوار ئاراسته له‌هه‌ر چوارقۆناغهکه دیاریده‌کات. له‌وانه: ئاراسته‌ی ئایدیافۆنی ئه‌م ئاراسته‌یه له سه‌ره‌تای شه‌سته‌کانه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئاراسته‌یه‌که واز له تێکه‌ڵکردنی ئایدیۆلۆژیا له‌نێو ده‌ق ده‌هێنێت. ئاراسته‌ی فۆرمافۆنی، ئه‌م ئاراسته‌یه‌ش له ناوه‌ڕاستی حه‌فتاکانه‌وه ده‌ست پێده‌کات، ئه‌مانه واز له شێوه‌ی کۆنی شیعر نووسین ده‌هێنن و شێوه‌یه‌ک و تۆبۆگرافیایهکی تازه بۆ شیعر داده‌هێنن. ئاراسته‌ی سینتافۆنی، ئه‌م ئاراسته‌یه‌ش هه‌وڵی وازهێنان له پێکهاته‌یی شیعری کۆنیان ده‌دا. کۆتا ئاراسته، ئاراسته‌ی ئهوبفۆرمافۆنییه.
ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه، به شێوه‌یه‌کی تازه هه‌وڵی دیاریکردنی شیعری تازه‌ی کوردی ده‌دا. ئه‌مه‌یش له دیاریکردنی قۆناغه‌کانی تازه‌کردنه‌وه‌ی شیعری کوردی. ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه گرنگی و بایه‌خی زۆری بۆ بواری ئه‌کادیمی هه‌یه، چونکوو لێره‌دا هه‌وڵدراوه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی زانستیانه و به‌پێی مێتۆدی نوێ کار بکرێت. دیاریکردنی هه‌ر قۆناغێکیش له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ق بووه. لێره‌وه ئه‌م لێکۆڵینه‌وه ده‌توانێت (لانیکه‌م بۆ ئێستا) وه‌رامی پرسیاری ناوونیشانه‌که بداته‌وه. ڕه‌نگه له داهاتوودا شێوه‌یه‌کی تازه‌تر بۆ پۆلێن‌کردنی ڕه‌وتی تازه‌کردنه‌وه‌ی شیعری کوردی بێته‌ئاراوه، به‌ڵام بۆ ئێستا ئه‌م پۆلێنبه‌ندییه بۆ شیعری کوردی زانستیانه و تازه‌یه.
حه‌مه مه‌نتک