Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
چیرۆكە شێواوەكانی ژیان

چیرۆكە شێواوەكانی ژیان

Closed
by July 10, 2008 گشتی

  كرمانج عەلی
 kirmanjali@yahoo.com
 
 دەمەوێ گومان لە نێو هەموو هەقیقیەتێكدا بچێنم تا ئەو رادەیەی یەقین لە نێو هزرمان جێینەبێتەوە. ئەمەم بۆ جێلەقكردنی باوەڕە جیاجیاكان نیە، بەڵكو بۆ ئەوەمە ئیدی لەوە بگەین كە دنیا پڕە لە سەربردەو سەرگوزشتە شێواو و شێوێنراوەكانی ژیان. دەستەمۆبوونی لاوان بۆ چیرۆكە تەقلیدییەكان جگە لە یاتاخ راخستن لە قەفەس مانایەكی دیكە نابەخشێ. مێژووی ئێمەی مرۆڤ چۆن نووسراوەتەوەو ئەوە كێن ئەوانەی حیكایەتەكانی دوورو نزیكمان بۆ دەگێڕنەوە؟
 توینبی، مێژوونووسێكی دیاری جیهانە. بەیانییەك لەماڵەكەی دێتەدەرەوەو تەماشادەكا رووداوێك روویداوە. تا دەگاتە شوێنی رووداوەكە لە چەند كەسێك لەبارەی رووداوەكە دەپرسێ. بەڵام زانیاری جیاجیای بەردەستدەكەوێ. بەڵێ زانیاری جیاواز لەسەر رووداوێك كە كەمێك پیشتر روویداوەو لە رووبەرێكی بچووكی جوگرافی. ئەم رووداوە هەروەستەیەكی جدی بە توینبی كردو لەخۆی پرسی رووداوێك لە پانتایییەكی وابچووك و زەمەنێكی وا كورت بەم شێوەیە بگێڕدرێتەوە، دەبێ رووداوە مێژووییەكان چۆن سەروگوێلاكیان شكابێ تاكو گەیشتوونەتە ئەمڕۆ.
 • كێ هەیە لە ئێمە شەوانی تاقیكردنەوەی مێژوو بەدەست ئەو هەموو ساڵ و پێناسەو ناوی پادشا سوومەرییەكان چاوی سوورو مێشكی پڕنەبووبێ. كەچی بەمدوادواییە مێژوونووسێكی ئێراقی لەدووتوێی كتێبێكی زیاتر لە 400 لاپەڕەیی دەڵێ سومەرییەكان هیچ بوونێكیان نیەو زادەی وەهمی چەند مێژوونووسێكن.
 • شكسپیر كێیە؟ هەمووتان دەڵێن گەورەترین شاعیری شانۆنووسی ئینگلیزە. بەڵام ئێستا چەند توێژەرەوەیەك پەیدابوون دەڵێن شكسپیر بوونی نەبووە. كەسایەتییەكی خەیاڵییە لە جیهانی ئەدەبی ئینگلیزی. هەندێكیش دەڵێن شكسپیر ناوی خوازراوی ژنە شاعیرێك بووە ئەو كات نەیوێراوە بە ناوی خۆی ئەم شاكارانە بڵاو بكاتەوە.
 • ساڵانێكی زۆر دەیانگوت ئەنیشتاین گوتوویەتی هێزێكی غەیبی زاڵتر لە ئێمە بوونی هەیە. كەچی مانگێك پێش ئێستا نامەیەكی دەستنووسی ئەنشتاین بە 400 هەزار دۆلار فرۆشراو تێیدا بۆ هاوڕێیەكی نووسیوە كە بڕوای بە هیچ شتێكی غەیبی نیەو ئەوەی لە كتێبە دینییەكان لەبارەی گەردوون هاتووە تەنیا لە خەیاڵی منداڵان دەچێ.
 • دەزانن كێ یەكەم كەس چووە سەر مانگ؟ ئارمسترۆنگ. ئەو كابرا داماوە چیان بۆ هەڵبەست؟ منداڵ بووم گوێم لەو چیرۆكە بوو دەیانگوت رۆژێك ئارمسترۆنگ (پاش ئەوەی لەسەر مانگ دێتەوە) لە خەرتووم گوێی لە بانگی الله اكبر دەبێ. سەرسام دەبێو دەپرسێ. دەڵی ئەرێ ئەمە چیە ئەم دەنگە؟ سودانییەكانیش دەڵێن ئەمە بانگی پیرۆزی موسڵمانانە لە مزگەوت. بۆ دەپرسی؟ ئارمسترۆنگ دەڵێ: من ئەو دەنگ و سەدایەم بەگوێی خۆم  لەسەر مانگ بیستووە. ئەم بەسەرهاتە لە گۆڤاری العربی كوەیتی بڵاودەبێتەوە. من چەن مانگێك پێش ئێستا لە رێی نووسینی نووسەرێكی راستگۆ لە سایتی سبەی زانیم كە دواتر ئلرمسترۆنگ نامەیەك بۆ گۆڤاری ناوبراو دەنێرێ و دەڵێ: برای بەڕێزینە لەگەڵ رێزو حورمەتم بۆ هەموو دین و پیرۆزییەكانی مرۆڤەكان، بەس باوەڕ بكەن بە ژیانم نە خەرتومم دیتوە، نە ئەو بەسەرهاتە هەڵبەستراوە ئەسڵ و ئەساسی هەیە. سەیر لەوەدایە ئەم روونكردنەوەی ئارمسترۆنگ پاش 18 ساڵ ئینجا بڵاو كرایەوە.
 • شاعیری داماوی كورد نەما بەسەر شان و شەوكەت و هێزو بازووی لەبن نەهاتووی كاوەی ئاسنگەر هەڵنەدا. كەچی دواتر هەندێ مێژوونووس گوتیان كاكە ئێمە زۆر یاغنیشین كاوە كۆرشی فارسەو زوحاكی داماویش شتیاكی كوردە. شتەكان ئاوەژوو مەكەن.
 • جۆشو خرۆشی كوردایەتی فێری كردبووین كە كورد ئازاترین نەتەوەی سەرزەمینەو بەرگری هەموو داگیركەرێكیان كردوە. دواتر یاداشتەكانی زەینەفوونمان خوێندەوە كە دەڵێ پێش ئەوەی بگەینە هەر دێهاتێكی كوردی گوندەكانیان چۆڵ دەكردو دەچوونە پەنا شاخەكان ئێمەش بە ئارەزووی خۆمان لە شەرابە هەرە نایابەكانی ئەوانمان دەخواردەوە. دواتر تەیموری لەنگ دیسان لە یاداشتەكانیدا دەڵێ: كوردەكان كەسانی شوانكارەی بێوەی بوون بەلایان رەتدەبووین. هیچ كێشەیەكیان نەبوو. ئەهلی شەڕو جەنگ نەبوون.
 • ئای ئەبو هورەیرە. چەند بە ئەزبەركردنی گێرانەوەی حەدیسەكانی پێغەمبەر لەزاری تۆوە خەریكبووین لە دەرسی تەربیەی ئیسلامی. دواتر كە گەورەبووین چەند زانایەكی دیكەی ئیسلاممان خوێندەوە پێیانگوتین ئەبوهورەیرە بەژیانی چەند سەعاتێك لە مەجلیسی پیرۆزی پێغەمبەر دانەنیشتوە.
 لیستی چیرۆكە شێواوو شێوێنراوەكانی مێژوو ئەوەندە زۆرن بەكۆتا ناگەن. بۆیە پێویستمان بە تێڕامانە لە هەموو ئەو شتانەی كە بۆمان دەگێڕنەوە. تێڕامانێك كە بونیادی كۆنكریتی لەسەر هیچ مەسەلەیەك دروستنەكەین و  تەنیا مرۆڤایەتی و ژینگەپارێزی ئامانج بێ لە ژیان.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.