Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
چەند شەكرە شیعرێك .. هەتا سێو… زانا سامان

چەند شەكرە شیعرێك .. هەتا سێو… زانا سامان

Closed
by February 29, 2008 ئەدەب

 (شیعر)
 قوڵپ ئەدات گریانى من
 كچە شیعرێك لەدوورەوە
 دەست بەپرچى خۆیدا دێنىَ.
 
 (گەڵا)
 دەنگى(با)و
 كەتنە خوارەوەى گەڵایەك
 ئاوى چەمەكەى سینەى من دەشڵەقێنىَ.
 
 (گۆچان)
 مچوڕكە بە لەشمدا دىَ
 لەناو سێبەرەكەى خۆمدا
 گۆچانێك پێم پێدەكەنىَ.
 
 (پرچى درێژ)
 ئەو درەحتە
 ناتوانىَ سەر بەرزكاتەوە
 چونكە پرچى زۆر درێژەو
 هێلانەیەك دەشێوێنىَ.
 
 (سنور)
 (بەڕە)م نیە
 تابەقەد ئەو پێم راكێشم
 ژیان هێندە جوانە لەلام
 چۆن رێدەدەم
 بە سنورێك بشێونرىَ.
 
 (بەرەو پیرى)
 درەنگانىَ بەخۆمزانى
 كەگرىَ كوێرەى تەمەنم
 دەربازبوون تێیدا مەحاڵەو
 هەموو رۆژێك
 لایەكى گیانم دەرزێنىَ.
 
 (تارینا زانا)
 بۆ جەژنى لەدایكبوونت
 هەر خەڵكەو گوڵت بۆ دێنىَ
 من شیعرێكت بۆ دەنوسم
 لەجوانیدا
 هەموو گوڵى دونیا بێنىَ.
 
 (شنۆ موحسین)
 هەر ئەوەندەى
 نوسینى چەند دێڕە شیعرێك
 دەستم زیاتر درێژ ناكەم
 ژنێك لەرۆحما راكشاوە
 زۆر دەترسم هەڵیسێنىَ.
 
 (ئیدریس عەلى)
 ئەو هەنارێكى مێخۆشى
 هەڵەبجەیەو
 لەهەموو 16/3 یەكدا
 دەنك .. دەنك
 بەشیعر خۆى دەوەرێنىَ.
 
 (دانا فایەق)
 وەك شنەباى
 دەم چەمێكى وەرزى بەهار
 خۆشمدەوىَو
 قەد نایەڵم
 ئەو عەشقەم تێدا نەمێنىَ.
 
 (توانا ئەمین)
 دارچنارێكى درێژى
 ناو چەمەكەى قلیاسانەو
 كە تەلەفونم بۆ دەكات
 بە(براكۆتر) ناوم دێنىَ.
 
 (حەمە عومەر)
 ئەمساڵ پایز زۆر سەیربوو..!!
 گەڵا بەسەوزى دەوەرى..!!
 بەلاى چەند دێرێكدا
 رۆیشتم
 ووتیان گوایە:
 شەرم لە شاعیرێك دەكەن
 بۆیە ئەمساڵ
 هیچ گەڵایەك
 بەرەنگى زەرد خۆى نانوێنىَ.
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.