Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ڕوانینێک بۆ ژیان …دلۆڤان عەلی

ڕوانینێک بۆ ژیان …دلۆڤان عەلی

Closed
by September 14, 2012 هۆنراوە

 

 

لە قەسیدەیەکی درێژەوە دەست پێ ئەکەم

ئەڕۆم بەناو ماڵە مەستەکانی وشەداو

دێڕێ شیعری جوان ئەدەم لە دیواری ماڵە شاعیرەکان

تا نیگاکانم وەڕز ئەبن چاو ئەبڕمە کتێبخانەیەک و

لێی ورد ورد ئەبمەوە کتێبێک تێناپەڕێنم

لە خۆمەوە دەست پێ ئەکەم

ئاه چەندە نابوتانە ژیان ئەبینم و

نەمتوانیوە بۆ جارێک دڵخۆش بم و

لە دڵەوە بە قاقایەک پێبکەنم

چەندە بێ هیوا بووم ئەو کاتەی

لە دایک بووم بە ئاسانی مناڵیمم جێهێشت

نازانم چۆن لە مناڵیم بڕوانم

مناڵی من پڕ بوو لە بێهودەیی و

لە شریخەی تفەنگی سەربازێکی پۆستاڵ ڕەش و

لە گرمە گرمی ماشێنێکی شوم و بێزارکەر

مناڵیم

هەر لەسەرەتاوە بە نەهامەتی دەستی پێکرد

لە گێژەڵوکەیەک ئەچوو کارەساتی دنیای لەگەڵ خۆیا هێنا

لە شاعیرێک ئەچوو دێڕەکانی بە بادا چوبن و

خۆشەویستەکەی لە ژوانێکی هات و نەهاتدا جێی هێشتبێت

من ڕقم لە ڕژانی شەرابە

ئەو کاتەی پێکێک شەراب ئەڕژێ

بۆسۆم لێ هەڵئەستێت

مناڵیمم دێتەوە یادف

کاتێک مێشکی مرۆڤێک پڕژاوەتە سەر زەوی لە پەناما

ڕقم لە دەنگی شۆفڵ و گرێدەرەکانە

کاتێک گوێم لە فڕ و هۆڕیان ئەبێت

ڕاکە ڕاکی بۆردومانم دیتەوە یاد

ئەنفالم لا دوبارە ئەبێتەوە

نازانم هیوا بۆ مناڵیم بخوازم

یان بەردەوام بم لەم تەنیاییە

من لە عەشقیش بێ هیوا بووم

زۆر ڕێگای دوری تەماویم بڕی

کەوتمە بەر ڕێژنەی بارانی بوخوڕ

تا چۆکان لە بەفری دوندا شربووم

بەڵام بە هیچیان نەگەیشتم

عەشق چەند جارێک توشی لەرزۆکی کردووم

سنورە تێکەڵاو و ئاڵەکانی پێ بەزاندووم

بردومیە وێستگە تاریکەکانی مردن

حەکایەتە دور و درێژە بێ ماناکانی پێ گێڕاومەتەوە

بەڵام دواجار گەڕاندومیەتەوە بۆ شوێنێک

کە ت ە ن ي ا ي ی بووە

لە دواهەمین وێستگەی عەشقدا

جوانێکی خوانەناسم ناسی

بە نیگایەک و هیچی تر چۆکی پی دادام

لە قوژبنێکی تاریک و لێڵدا

زۆربەئاسانی زیندانی کردم 

بە تاڵێک لە قژە نورانیەکەی کە بۆنی خوای لێدێت

سێدارەیەکی پۆشتەی بۆ دامەزراندم

جانازانم قەدەر چۆن ئەمکوژێت و

ئاوا زوو سێدارە ئەکاتە ملم

کە هێشتا چەند قسەیەکم هەیە بۆ گوتن

هێشتا تێر تێر بۆنی بەرۆکی دایکمم نەکردووە

پیاسەیەکی نێو شەقامی یادەوەریەکانم ماوە

هێشتا دو تا سێ کتێبم لەسەر ماوە بیانخوێنمەوە

لە هەمووشی گرنگتر هێستا گەڕانەوێک ماوە بۆ مناڵی

ئا ئاوایە ژیان لای من

پڕ پڕە لە حەکایەتی بە قاقا و گرژ و مۆن

ئا ئاوایە ژیان لای من

 

 

 

دلۆڤان قەڵادزەیی

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.