Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
ڕکودی ئابووری ئێستا وهه‌لومه‌رجه‌کانی

ڕکودی ئابووری ئێستا وهه‌لومه‌رجه‌کانی

Closed
by March 30, 2009 گشتی

ڕکودی ئابووری ئێستا وهه‌لومه‌رجه‌کانی                     

ڕکودی ئابووری یانی به‌ کورتی ماڵوێرانی بۆ ته‌واوی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک، ناسینه‌وه‌ی ئه‌م ده‌ورانه‌ ئابووریه‌ سه‌رمایه‌داریه‌ بریتیه‌ له‌ هه‌لاوسانی به‌رهه‌م هێنان و که‌م بوونه‌وه‌ی داواکاری و زۆربوونی خستنه‌ڕوو له‌لایه‌کی تر هه‌ڵاوسانی دراو دابه‌زینی توانای کڕین و به‌هاکانی دراو و زۆربوونی بێکاری و له‌ده‌ستدانی کارو که‌م بوونه‌وه‌ی فرسه‌ته‌کانی کار و پیشه‌کان دابه‌زینی کرێی کرێکاران و توانای کڕینی که‌لوپه‌ل له‌لایه‌ن کرێکاران، له‌لایه‌کی تر دابه‌زینی قازانج و بوونی گرفتی زۆر بۆ به‌رهه‌مهێنانی نه‌ته‌وه‌یی و دابه‌زینی داهاتی تاکه‌کان.

تاکه‌ وانه‌ی ئه‌م ڕکوده‌ ئابووریه‌ شکستی مۆدیله‌کانی به‌ڕێوه‌بردنی بانکه‌کان و سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌تان بۆ سیسته‌مه‌کانی بانک و ده‌ست پێکردنی ده‌ورانێکی تره‌ له‌ دوای 11ی سێپتێمبه‌ر له‌ دونیا و سووک بوونی جه‌نگی دژه‌ تیرۆر و ده‌ست پێکردنی فازێکی تره‌ له‌ ژیان و خه‌باتی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له‌ ته‌واوی دونیادا. هه‌روه‌ها گۆڕانی کێشه‌ی کارو سه‌رمایه‌ له‌ ووڵاتانی پێشکه‌وتوو و کاریگه‌ری کرێکارانی ئه‌رستۆکرات وڕوون بوونه‌وه‌ی جێگا و ڕێگایان له‌ نێو چینی کرێکاردا و ئاواڵا بوونی سیسته‌م و دیموکراسی چوارساڵه‌ی (کورت ماوه‌ی) سه‌رمایه‌دارییه‌ بۆ کرێکاران و ماڵئاوایی سوسیال دیموکراته‌کانه‌ له‌ سوسیالیزم و خزانیانه‌ بۆ به‌ره‌ی ڕاست له‌ ئه‌وروپادا.

ئه‌م ده‌ورانه‌ی ئه‌مڕۆ وه‌زعیه‌ت له‌ بانکه‌کان و مه‌سه‌له‌ی عقارات له‌ ئه‌مریکا ئه‌م وه‌زعه‌ی ته‌قانده‌وه‌. له‌لایه‌کی تر مه‌سه‌له‌کانی گه‌نده‌ڵی و مۆدێله‌کانی به‌ڕێوه‌بردن و
هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی هه‌ندێ بنه‌ماڵه‌ که‌ خاوه‌نی زۆرێک له‌ بانکه‌کانن له‌ ئه‌مریکا و ئه‌وروپا ( له‌به‌ر مه‌سایلی
ڕۆژنامه‌وانی ناویان ناهێنین) ئه‌م وه‌زعانه‌ی زیاتر به‌ره‌و خراپتر برد.

هه‌ڵوێستی بانکه‌کانی ئایسلا‌ند و ووڵاتانی تر و ئه‌مریکا ئاڵوگۆڕ له‌ نرخه‌کانی قازانج و بێکاری و ئیفلاسی کۆمپانیاکان ته‌نها دیارده‌یه‌کی ئه‌م رکوده‌ ئابووریه‌ بوون. له‌م لاشه‌وه‌ دابه‌زین و گرفته‌کانی عقارات و مه‌سه‌له‌کانی کردیت له‌ ئه‌مریکا هێنده‌ی تر وه‌زعیه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی کۆمه‌لانی خه‌ڵکی زامدار کرد و برینه‌کانی قووڵترکرد.

گه‌وره‌ترین گرفت که‌ مۆدێلی به‌ڕێوه‌بردن بانکه‌کان که‌ کاری پێده‌که‌ن ئه‌ویش کارکردن به‌ بۆنسه‌ ( ئه‌مه‌ یانی چه‌ند کارت کردووه‌ ئه‌وه‌نده‌ پاداشت وه‌رده‌گری) ئه‌مه‌ زیاتر ڕاسته‌وانه‌ دێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری. ئه‌م به‌ڕیوه‌به‌رانه‌ له‌لایه‌ک کاتین و له‌لایه‌کی تر بۆ ماوه‌ی کورت ماوه‌ بیرده‌که‌نه‌وه‌، کاتێ کاره‌کانی خۆیان مه‌یسه‌ر بوو ئیتر وازله‌کارده‌هێنن و ڕوو له‌ بانکێکی تر یان ڕوو له‌ کارێکی ترده‌که‌ن. له‌لایه‌کی تریش هیچ کۆنترۆلێکی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر کاری به‌ڕیوه‌بردن بۆ هه‌ندێ سیسته‌می فینانشێل له‌ ئه‌مریکا و هه‌ندێ ووڵاتانی ئه‌وروپایی نه‌بوون و نین. ته‌نها ده‌وڵه‌تی سوید نه‌بێت که‌ زیاتر له‌ ده‌ساڵه‌ به‌ به‌رنامه‌ کار بۆ ئه‌م کۆنترۆڵه‌ ده‌کات و تاڕڕاده‌یه‌ک کۆنترۆڵی به‌سه‌ر سیسته‌می بانکه‌کان و کارکردن به‌ دراو و بازاری دراو له‌ ووڵاتدا هه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نیه‌ ده‌وڵه‌تی سوید و کرێکارانی ووڵاتی سوید له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ڕکود دان. هه‌رگیز وانیه‌ و ئه‌وانیش که‌م و زۆر له‌ ئه‌لقه‌یه‌ک له‌ ئه‌لقه‌کانی دان.

قوربانیانی بانکی  ئایس سه‌یف هه‌ر حکومه‌تی ئایسلاند نه‌بوو به‌ قوربانی به‌ڵکو چه‌ندین شاره‌وانی و به‌ ده‌یان هه‌زار کرێکار له‌ هۆله‌ند و ئه‌وروپا دراوه‌کانیان بۆ قازانجی به‌رز له‌م بانکه‌دا ته‌وزیف کردبوو. دوایش هه‌مووی بوون به‌ ژماره‌ و کتابینا کیتابیکم المورقم و المؤرخ له‌ نێوان ده‌وڵه‌تی ئایسلاند و ووڵاتانی تر. نه‌ک هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ڵکو زۆر له‌ بانکه‌کان و ئۆڤیسه‌کانی ڤینانشێل له‌ نیویۆرک و له‌نده‌ن کۆتاییان به‌ کاره‌کانیان هێنا و به‌نموونه‌ له‌ ئه‌مستردام چه‌ندین ئۆفیسی ئه‌مانه‌ له‌ شه‌وڕۆژێکدا چۆڵکران و کۆتاییان به‌ ژیانیان هێنا. ئه‌مه‌ش یانی هه‌موو کرێکاران و کارمه‌ندانیان بێکار کران و له‌دوای ئه‌وانه‌ش سه‌فێکی تر له‌ بێئیمکاناتی ده‌ناڵێنن که‌ مه‌به‌ست له‌ خێزانه‌کانیانه‌.

هه‌موو ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپای و ووڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان که‌وتنه‌ خۆ بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م وه‌زعه‌ له‌ هه‌ر ووڵاته‌ و به‌جۆرێ باشترین ڕێگا کۆنترۆل و کڕینه‌وه‌ی بانکه‌کان بوو له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و چاره‌سه‌ری هاوبه‌شی هه‌موو ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا بۆ ئه‌م رکوده‌ ئابووریه‌. به‌ڵام سیسته‌می بانکه‌کان دووباره‌ هێزی بێکارانی زیاتر کردوو وه‌زعیه‌ته‌کانی ئاڵۆزتر کرد.

له‌لایه‌کی تر ئیعترازی کرێکاران به‌نموونه‌ له‌ هۆڵه‌ند به‌ تایبه‌ت فیدراسیۆنی ئیڤ ئێن ڤی که‌ فدراسیۆنی کرێکارانی سوسیالیست و کاسۆلیکه‌کانه‌ ئیعترازی کرێکاریان له‌ لاهای سازدا و له‌ پلاکاردو به‌یاننامه‌کانیان نووسییبوویان که‌ کرێکاران و کارمه‌ندان هۆی قه‌یرانی ئابووری نین، ده‌وڵه‌ت  چۆن چاره‌سه‌ری بانکه‌کانی کردووه‌ ده‌بێ چاره‌سه‌ری کرێکارانیش بکات. وا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت هاوینی ئه‌مساڵ بۆ مه‌سه‌له‌کانی گرێبه‌سته‌ کرێکاریه‌کان ئیعترازات گشت ڕشته‌ کرێکاریه‌کان بگرێته‌وه‌. چه‌ند ڕۆژێک له‌مه‌وبه‌ر کرێکارانی پاککردنه‌وه‌ی فرۆکه‌خانه‌ی سخیپهۆڵ له‌ ئه‌مستردام ده‌ستیان به‌ ئیعترازکرد. ئه‌م شه‌پۆڵی ئیعترازه‌ ته‌واوی ووڵاتانی ئه‌وروپایی بۆ داخوازیه‌ ڕشته‌ییه‌کان ده‌گرێته‌وه‌. فه‌ره‌نساویه‌کان و ئه‌ڵمانه‌کان و ئیتالیاییه‌کان هه‌رده‌م له‌سه‌ری ڕم دان.

به‌ڵام هه‌روا کاریگه‌ری ئه‌م ڕکوده‌ له‌ ئاستی جیهاندا ماوه‌و به‌ گوێره‌ی دوایین ئامار دوانزه‌ ملیۆن کرێکار له‌ ئه‌مریکا قوربانین، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ هه‌موو ووڵاتانی تری دونیادا. دابه‌زینی نرخی نه‌وت و توانای کڕینی دراو چ یۆرۆ و چ دۆلار و دراوه‌کانی تری دونیا و دابه‌زینی نرخه‌کانی به‌شه‌کان(سه‌هم-ئاندیل) و هه‌روه‌ها داخستن و ئیفلاسی کارگه‌ بچوکه‌کان و خواردنگا و چێشتخانه‌کان و هه‌ره‌سی زۆر له‌ کارخانه‌کان و کۆتایی به‌ ژیانیان و زۆربوونی بێکاری و دابه‌زینی نرخه‌کانی کالاکان و وه‌ستانی زۆر مامه‌ڵه‌ له‌ کۆمه‌ڵگادا به‌تایبه‌تی مامه‌ڵه‌ی عه‌قارات و بینانانی نه‌خشه‌کانی بیناسازی و هتد. ئه‌مه‌ هه‌ر له‌ ئه‌مریکا نیه‌ به‌ڵکو ئه‌وروپا و ته‌واوی دونیای گرتۆته‌وه‌. کرێکارانی ئه‌وروپا که‌ زۆربه‌یان دراوه‌کانیان به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شیوه‌کان له‌م نێوه‌ده‌دا له‌ هاتوچۆدایه‌و هه‌مان ڕه‌زاله‌تی گشت ده‌چێژن. هێشتا ئۆباما هه‌موو ژووره‌کانی کۆشکی سپی نه‌دیووه‌و لێی ڕانه‌هاتووه‌ بودجه‌که‌ی کورتی به‌ ملیارد دێنێ و نایه‌وێ له‌م باره‌وه‌ به‌ ڕاشکاوی وورته‌ی لێ بێت. ده‌وڵه‌تانی ئه‌و‌روپایش له‌ هه‌وڵی پینه‌و په‌ڕۆکردنی دان، کالاکانی چین و هیند و به‌رازیلیش هه‌روا له‌که‌ڵه‌که‌ بوون دان.

 ئه‌گه‌ر کاروابڕوا به‌ مانای کلاسیکی سه‌رمایه‌ بیر له‌ شه‌ڕێکی گه‌وره‌تر ده‌کاته‌وه‌ له‌وه‌ی له‌ ناوچه‌ جیاجیاکاندایه‌و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕکوده‌ ئابووریه‌ په‌رده پۆش بکات. کێشه‌ ئاینده‌کانی دونیا بریتی ده‌بن له‌ کێشه‌کانی ئینێرژی (نه‌وتی خاو و گازی سروشتی) و ئاو ناوچه‌ هه‌رێمیه‌کانی پۆلی به‌سته‌لۆکه‌کان و گرینلاند و مه‌سه‌له‌کانی خۆراک بۆ ووڵاتانی ئه‌فریقایی و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند و ئه‌مریکای باشوور هه‌ر به‌ مه‌یدانی کێشمه‌کێشه‌کان به‌ گه‌رمو گوڕی ده‌مێننه‌وه‌. جیاوازی ڕه‌گه‌ز و ئاین و ڕق و کینه‌ی ناسیۆنالیزم و مه‌زهه‌بیش هه‌رده‌مینن بۆ فتیل و گڕ گرتن.
ئه‌مانه‌ش کافین بۆ چوارشیفت‌ کارکردنی کارگه‌ و کارخانه‌ جه‌نگیه‌کان و که‌ڵه‌که‌ بوونی سه‌رمایه‌، چۆن ئه‌ڵترا ڕاست وا له‌ ئیسرائیل و هه‌ندێ ووڵاتان گه‌شه‌ ده‌کات ئاواش ژیانی لوکس- لوکس له‌لای سه‌رمایه‌داران گه‌شه‌ ده‌کات.  کۆما بوونی سه‌رمایه‌ له‌ ده‌ست که‌مایه‌تیه‌کی که‌م و زۆرینه‌ش له‌ ره‌زاله‌تیه‌کی زۆر هه‌روا به‌رده‌وام ده‌بێت.                      
باشترین نموونه‌یان نرخی یاریزانه‌کانی فوتباڵ و باسکیتباڵ و موزیسیه‌نه‌کانی پۆپ له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریکا شاپی یه‌ک تۆپیان به‌ به‌های کرێ مانگێکی کرێکارێکی غه‌یره‌ماهره‌ له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریکایه‌. ئه‌گه‌رچی ڕکودی ئابووری ئه‌وانیشی گرتۆته‌وه‌و خاوه‌نی یانه‌یه‌کی ئینگلیزی که‌ خاوه‌نه‌که‌ی که‌سێکی ڕووسیه‌ چه‌ند ملیاردێکی له‌ ده‌ست دا. یان کڕین و فرۆشتنی یاریزانان له‌ وه‌رزی داهاتوودا هه‌روا ئاسان نیه‌. ( به‌ڕاستی ئه‌م یاریزانانه‌ وه‌کو کۆیله‌ له‌ یانه‌که‌وه‌ بۆ یانه‌یه‌کی تر ده‌کڕێن و ده‌فرۆشێن- کۆیله‌ی مۆدیرن- به‌ڵام ئه‌وانه‌ جیایان له‌وه‌یه‌ به‌هره‌مه‌ندن له‌ هه‌ندێ له‌ نرخه‌کانیان و هیچی تر). (ئه‌مه‌ بۆ هونه‌رمه‌ندانیش هه‌ر ڕاسته‌وانیه‌ له‌گه‌ڵ کۆمپانیای سۆنی یان کۆمپانیایه‌کی به‌رهه‌مهێنانی سیده‌ی).

ئه‌م وه‌زعه‌ هه‌روا ته‌مه‌که‌ی نه‌ڕه‌ویته‌وه‌و هه‌روا کاریگه‌ری ده‌مێنێ، مرۆڤایه‌تی ده‌بێ ده‌رسێکی تریش فێربێت که‌ سه‌رمایه‌ و یاساکانی هه‌روا ڕه‌زاله‌تیه‌کانیان زیاتر ده‌بێت بۆ هه‌مووان، ده‌وڵه‌ت و یاساکانی کۆمه‌ڵایه‌تی باشترین هۆن بۆ چاککردنی ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتیان. هاوسه‌نگی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مڕۆ نیه‌ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک داواکاریه‌تی  به‌لام هه‌روا له‌ نێوانی چه‌کوش‌ و سندانی سه‌رمایه‌دا ماوه‌ته‌وه‌. نه‌وه‌کانی ئاینده‌ هێنده‌یتر ڕه‌زاله‌تیه‌کانی ده‌بینن. ده‌ڵێن له‌ ڕکودی ساڵی سیه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌چێت. ئه‌مه‌ش مژده‌ به‌خش نیه‌ چونکه‌ کۆتاییه‌که‌ی به‌ جه‌نگی جیهانی دووه‌م هات و دواتریش پلانی مارشاڵ ئه‌وروپای به هێزی کاری هه‌رزانی ووڵاتانی دونیای سێیه‌م بنیات نایه‌وه‌. مێژوو له‌ ته‌مه‌نی خۆیدا شتیکی چاوه‌ڕوان نه‌کراومان پێ نیشان ده‌دات. به‌ڵام وه‌زعه‌کان بۆ کرێکاران و هه‌ژارانی دونیا مژده‌ به‌خش نیه‌ چونکه‌ بزوتنه‌وه‌ی کرێکاری له‌ دونیا هه‌روا له‌ به‌رگری دایه‌ وهیچ ناوه‌ندێکی ئه‌نته‌ناسیۆناڵی نیه‌ و هێشتا نه‌چۆته‌ مه‌یدان بۆ هێرشکردن. ڕکودیش وه‌زعه‌کان زیاتر ئاڵۆزده‌کات له‌ جیاتی به‌ره‌و ئه‌ڵته‌رناتیڤی کرێکاری ببات هه‌روه‌کو له ئه‌ده‌بیاتی‌ کلاسیکی مارکسیستی و کرێکاری رایجه‌- به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ وه‌زعه‌کان پێچه‌وانه‌یه‌ یانی کۆیله‌تی کرێکاران زیاتر ده‌کات و قوفلێکی تریش توند ده‌بێ له‌ ته‌وقی ملدا- ئه‌مه‌ش وانه‌یه‌که‌ له‌ مێژووی دونیای ئه‌م سه‌د ساڵه‌ی دواییه‌وه‌ هاتووه و ده‌بێ به‌ واقعیانه‌ سه‌یری ئه‌م هه‌لومه‌رجانه‌ بکه‌ین‌.

ئاسۆ حامدی
مارس 2009‌

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.