Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ڕۆڵی ڕۆشنبیریی سیاسی له‌ پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه‌دا

ڕۆڵی ڕۆشنبیریی سیاسی له‌ پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه‌دا

Closed
by October 11, 2009 گشتی

 
یه‌کێک له‌ گرفته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتی داماوی ڕۆشنبیریی سیاسی یه‌، به‌و ڕاده‌یه‌ی چه‌نده‌ ئاستی ئاگایی و تێگه‌یشتنی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا له‌گشت بواره‌کانی ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا له‌پێش بێت، ئه‌وه‌نده ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ش ‌ مۆدێرن و پێشکه‌وتنخواز ده‌بێت، له‌دیاریکردنی ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی هاوچه‌رخ و سکۆلاردا. به‌پێی قه‌باره‌ی ئه‌و کۆسپ و ڕێگریانه‌‌ی دووچاری کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان بووه‌، ‌ له‌ که‌ڵه‌که‌بوونی بیروباوه‌ڕه‌ به‌زۆر سه‌پێنراوه‌ کۆنه‌په‌رست و دواکه‌وتووه‌کانی ئایینی و قه‌ومی و خێڵه‌کی و ئه‌تنیکی‌ پشت به‌ستوو‌ به‌ مێژووی‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ڕۆشنبیری چه‌ند ساڵه‌ی بۆرژوازی، پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ پێشکه‌وتنخوازی و ئازادیخوازی ته‌شه‌نه‌یکردووه‌‌. سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ی‌ ‌ڕابردوو و ئێستای ده‌سه‌ڵاتداران هه‌لێکی بۆ جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه‌ نه‌هێشتۆته‌وه‌، تابتوانن ئازادانه بیر و بۆچوونه‌کانیان ده‌ربڕن و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان بناسن، وه‌ که‌ره‌سه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی ڕۆشنبیریی مێژووی چینایه‌تیان بخه‌نه‌ به‌رده‌می کۆمه‌ڵگا. له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی پیشه‌سازی و زانستدا زۆر له‌ کۆمه‌ڵگاکانی جیهان نوێبوونه‌وه‌ی فیکری و ئایدیۆلۆژیان به‌خۆ‌وه‌ بینی و پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری کاری کرده‌ سه‌ر ئاڕاسته‌ی گه‌شه‌ی سیاسی و ئابووری و پیشه‌سازی. له پاشاندا ‌ئاکامی ململانێکان سکۆلاریزمی وه‌ک سیسته‌مێکی گشتگیر و زانستی هێنایه‌کایه‌وه‌. سۆسیالیزم  وه‌ک سه‌رقافڵه‌ی سکولاریزم به‌‌ به‌های فیکری و زانستی چینایه‌تیه‌وه‌ په‌‌یوه‌ند به‌ گه‌شه‌ و پێشکه‌وتنی گشت کۆمه‌ڵگاکانی مرۆڤایه‌تی له‌ بواری ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا‌ به‌ڕووی سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌دا وه‌ستایه‌وه‌. ڕه‌تکردنه‌وه‌ی سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ ته‌نیا مانا و مه‌به‌سته‌ سوسیۆلۆجیه‌که‌ی نی یه‌، به‌ڵکو قاڵبوونه‌وه‌ بوو‌ له‌ مه‌رج و پێویستی بابه‌تی ئاڵوگۆڕی ڕیشه‌یی‌ و شۆڕشگێڕانه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابووریدا به‌قازانی زۆرینه‌ی مرۆڤه چه‌وساوه‌کان‌. هه‌وڵدان بوو بۆ ڕماندنی ده‌سه‌ڵاتێک که‌ پایه‌کانی له‌سه‌ر زوڵم و زۆرداری دامه‌زرا بوو‌، له‌ناوه‌رۆکدا به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی کۆمه‌ڵگه‌بوو‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کۆمه‌ڵانی به‌شخوراوه‌وه‌. سکولاریزمبوونی کۆمه‌ڵگا واتا ڕزگاربوونی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و پاشماوه‌ فیکری و دید و بۆچوونه‌ کۆنه‌په‌رست و نازانستی و ناشارستانی و نامرۆڤانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی گیرۆده‌ی دواکه‌وتوویی و نزمی ئاستی ڕۆشنبیری و نامۆیی به‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی کردووه‌. کوردستانیش وه‌ک هه‌موو شوێنێکی تری دنیا ئه‌م هێزه‌ پێشکه‌وتنخواز و مۆدێرن و سکولاریزمه‌ی له‌خۆگرتووه‌، به‌ڵام باڵی بۆرژوا کۆنه‌په‌رست و به‌رژه‌وه‌ندخوازی ده‌سه‌ڵاتدار به‌ ناسیۆنالیزم و ڕه‌وته‌ ئایینی و هاوشێوه‌کانیانه‌وه‌، کۆسپ و به‌ربه‌ستن له‌به‌رده‌م جووڵه‌و هاتنه‌کایه‌و ڕۆڵبینینی ئازادانه‌و ڕاسته‌قینه‌ی بزووتنه‌وه‌ی پێشکه‌وتنخوازی و ئازادیخوازی و یه‌کسانیخوازیدا. هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌ی کوردستان سه‌لماندی ڕه‌وته‌ ئایینیه‌کان به‌و هه‌موو هه‌وڵانه‌ی چه‌ند ساڵه‌ پیاده‌ی ده‌که‌ن نه‌یانتوانی نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵکی بن و یه‌کێتی و پارتیش به‌ به‌فێڵکردن و هه‌ڕه‌شه‌ی نانبڕین له‌ده‌سه‌ڵاتدا مانه‌وه‌. ده‌نگه‌کانی گۆڕانیش، بێزاری و ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵک بوو به‌رانبه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات. له‌ڕاستیدا سکولاریزم وه‌ک تێڕوانینێکی ڕۆشن و گه‌شه‌سه‌ندو به‌قازانجی‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵک ته‌واو ده‌بێت، ڕۆشنبیریه‌کی ئازادانه‌یه‌ و ئه‌لته‌رناتیڤی خه‌ڵکی ئاسایی و ساده‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌ دیاریکردنی سیسته‌می پێشکه‌وتووی سکولاریزمدا ، له‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین و بیروباوه‌ڕی سیاسی و ئاره‌زوومه‌ندانه‌ بڕیادان له‌چاره‌نووسی دانیشتوانی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌‌‌. ڕۆشنبیریه‌ک گه‌ر نه‌توانێ نایه‌کسانی و ناته‌واویه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ ببینێ و له‌سایه‌ی ئه‌و ڕۆشنبیریه‌دا کۆمه‌ڵگه‌ له‌ بازنه‌یه‌کی فیکری و ئایدۆلۆژیدا ڕێک نه‌خات و  هه‌موو تواناییه‌کانی ته‌نیا له‌پێناو توێژێک یان ئه‌و چینه‌ی هۆکار و بنیاتنه‌ری ئه‌و ناته‌واوی و ناهه‌موارییانه‌یه‌ سه‌رف بکات ئیتر گۆڕان به‌قازانجی کێ ده‌کات. کاتێک تۆ ده‌بیته‌ ئۆپۆزسیۆن که‌ بزانیت بنچینه‌و سروشتی چینایه‌تی ئۆپۆزسیۆنه‌که‌ت کامه‌یه‌. میتۆدی فیکری و سیاسه‌تی ڕۆشن و به‌رنامه‌ی ئایینده‌شت ئاماده‌و له‌به‌رده‌ستدا بێت. گه‌ر مافخوراوانی کۆمه‌ڵگه‌ هه‌نگاوێک چوونه‌ پێشێ و ئازادی و ئاسایشیان مسۆگه‌رکرد ئه‌وسا ده‌کرێت ناوه‌رۆکی چینایه‌تیان وه‌ک هێزێکی ئازادیخواز و پێشکه‌وتنخواز زیاتر ده‌ربخه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندی چینایه‌تیان بۆ دامه‌زراندنی یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا زیاتر بچه‌سپێنن. نیشانه‌ و تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی به‌رنامه‌ی کار بۆ ڕێکخسن و به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا خۆی له‌و پرسیاره‌دا ده‌بینێته‌وه‌ ده‌کرێ گۆڕانکاری ئازادانه‌ و سکۆلار به‌کام هێزی ناو کایه‌ی سیاسی بکرێت؟ گه‌ر سکۆلاریزم به‌مانای ڕزگاربوون له‌ پاشماوه‌کانی زۆرداری وچه‌وسانه‌وه‌ و پێشێلکردنی ماف و ئازادیه‌کان بێت، جیاکردنه‌وه‌ی دین له‌ ده‌وڵه‌ت بێت، کرانه‌وه‌ بێت به‌ ڕووی دونیای زانست و پێشکه‌وتنخوازی و شارستانێتیدا، که‌واته‌ هێزه‌کانی ئه‌م جۆره‌ گۆڕانه‌ کۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و مۆدێرن و سکۆلاریزم ده‌به‌ن، ته‌نیا ئه‌و هێزانه‌ش‌‌ ده‌توانن ده‌سته‌به‌ری ماف و گۆڕانکاریه‌کان بن که‌ به‌رنامه‌ و ئاسۆی ڕۆشنی ئینسانه‌ چه‌وساوه‌کانیان هه‌ڵگرتووه، واته‌ ته‌نیا بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی ‌ ده‌توانێ پێشڕه‌و و ڕێکخه‌ری ناڕه‌زایه‌تیه‌کان بێت و کۆمه‌ڵگه‌ به‌ئاقاری گه‌شه‌ی سیاسی و ئابووریدا به‌رێت و پرۆسه‌ی ئازادانه‌ی گۆڕانی ڕیشه‌یی کۆمه‌ڵایه‌تی بێنێته‌دی‌. تاقیکردنه‌وه‌کانی هه‌ژده‌ ساڵی ڕابردوو، وانه‌ی به‌نرخی دایه‌ ده‌ست خه‌ڵکی هه‌ژار و به‌شمه‌ینه‌تی کوردستان. شه‌ڕی ڕۆژانه‌ی حیزبه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی کورد له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و موڵک و سامانی خه‌ڵکی، هاوکاری و پاڵپشتی دواکه‌وتوویی و بێمافکردن و سه‌رکوتی هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئازادیخوازی و سکولار، نیشانه‌ی ئاشکراو دیاری ئه‌و بزووتنه‌وه‌ کۆنه‌په‌رستانه‌‌یه‌. ئێستاش خۆشباوه‌ڕی به‌ گۆڕانی ناسیونالیستانه‌ خۆهه‌ڵخڵه‌تاندن و ڕه‌شبینیه‌کی تره‌ به‌ ئایینده‌. ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ پێشڕه‌و و خوازیاری گۆڕانکارین ته‌نیا گۆڕانیان له‌ده‌سه‌ڵات و ڕووکه‌شدا ده‌وێت، ئه‌گینا پێش ئه‌وه‌ی ببنه‌ سه‌رکرده‌و ڕابه‌ری گۆڕان ده‌بێت خۆیان بگۆڕن و باجی تاوانه‌کانیان بده‌ن. چونکه‌ ئه‌وانیش به‌شداری ده‌سه‌ڵاتیانکردووه‌و له‌ناخی بیر و فکریاندا هه‌مان سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ و فریوکاری ده‌کوڵێت و قوڵپده‌دات. ئه‌گینا له‌کوێی به‌رنامه‌ی ئێستا و داهاتوویاندا قسه‌یه‌ک له‌ ئازادی سیاسی و گوزه‌رانی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵکی کرێکار و هه‌ژاردا هه‌یه.‌ ‌له‌ چ به‌ڵگه‌ و دۆکمێنتێکدا باسێک له‌ به‌ ئازادیکردنی کۆمه‌ڵگه‌ له‌ چه‌مکه‌کانی یه‌کسانی ئابووری و سیاسی و مافه‌کانی مرۆڤداکراوه‌‌. هه‌ر بۆیه‌ ته‌نیا هێزی کرێکاران و به‌شمه‌ینه‌تان ده‌توانن وه‌ک پێویستیه‌کی مێژووی،  بۆرژوازی کوردی له هێز و ‌ده‌سه‌ڵات بخه‌ن. چونکه‌ هه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌، به شێواز‌ی دڕندانه‌‌ و ‌کردار و ڕه‌فتاری نامرۆڤانه‌ و زۆر نادادپه‌روه‌رانه‌ هه‌میشه‌ هێرشی کردۆته‌‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان. هه‌رچی بیرباوه‌ڕی پووچ و گه‌نده‌ڵ و ڕزیوه‌ ده‌یخاته‌‌‌کار بۆ زیاتر بره‌ودان به‌ده‌سه‌ڵات و پارێزگاریکردن له‌ مانه‌وه‌ی خۆی. پڕۆژه‌و کارنامه‌ و به‌رنامه‌ی ‌ده‌سه‌ڵات ته‌نیا بۆ هێشتنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ و داروده‌سته‌کانیانه‌، ئه‌وانه‌ش که‌ ئه‌ڵقه‌ له‌گوێی ئه‌و نه‌زمه‌ن ته‌نیا مووچه‌خۆر و خزمه‌تکاری موڵک و سامانی ده‌سه‌ڵاتدارانن. ئه‌م جۆره‌‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتیه‌ش پێچه‌وانه‌ی جیهانی سکولاریزم و مودێرنیزمه‌. لێره‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگه‌ پێچه‌وانه‌ی یه‌کدی ڕه‌وده‌که‌ن و هه‌نگاو ده‌نێن، ئیتر فاکتی گۆڕانی کۆمه‌ڵگه‌ پێویستییه‌کی ژیارییه‌ و خۆی وه‌ک پێویستیه‌کی مێژوویی هه‌ستیار ده‌خاته‌ڕوو. ده‌کرێ له‌ڕێی ئایدیۆلۆژیایه‌کی به‌بنه‌ڕه‌ت مرۆییانه‌ ئاڵوگۆڕێ له‌ ده‌سه‌ڵات و سیسته‌م و  کۆمه‌ڵگه‌دا بێته‌کایه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری و میلیشیایی شانسی مانه‌وه‌ی له‌ده‌ستبدات. تاقیکردنه‌وه‌کان سه‌لماندیان ناسیونالیزم و ده‌سه‌ڵاته‌کانیان به‌ پاساوی کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی چه‌ندین ساڵه‌ بونه‌ته‌ ڕێگر و کۆسپ و په‌کخه‌ری گه‌شه‌ و په‌ره‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگا له‌ڕووی ئازادی و نوێبوونه‌وه‌ و شارستانیه‌ت و زانستی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌. که‌واته‌ ده‌سه‌ڵات ته‌نیا ڕێگه‌خۆشکه‌ره‌ بۆ‌ قۆرخکردنی کایه‌ ئابووری و سیاسیه‌کان و گرتنه‌ده‌ستی‌ جڵه‌وی ڕۆشنبیری سه‌پاندنی فیکری و ئایدۆلۆژیی بۆرژوایی به‌قازانجی که‌مینه‌یه‌کی زۆردار و مشه‌خۆر‌ له‌ کۆمپانیا بازرگانیه‌کانی سه‌رمایه‌داری کوردایه‌تی‌. هه‌ر بۆیه‌ ڕۆشنبیر وه‌ک مرۆڤێکی ڕاستگۆ به‌ هه‌ڵویستیدا ده‌ناسرێته‌وه‌، هه‌ڵویستی له‌چه‌وسانه‌وه‌ و پێشێلکردنی ماف و ئازادیه‌کانی خه‌ڵک، هه‌ڵویستی له‌ به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵات و سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌ڵوێستی له‌ڕۆڵبینینی ئاگایانه‌ی به‌دیدو بۆچونی شۆڕشگێڕانه‌و مرۆڤانه‌وه‌. به‌ هه‌ڵوێستی فیکری و فه‌لسه‌فی ئنجا توانایی و کارایی به‌بوونی ‌زانیاری له‌سه‌ر بارودۆخی ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی له‌ پێناوی گۆڕانکاریه‌کی تاسه‌ر ڕاسته‌قینه‌ و  بنه‌ڕه‌تیدا. له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تیدا زۆرینه‌ی مرۆڤه‌کان  له‌ هه‌موو پێداویستی یه‌کی ڕۆژانه‌ بێبه‌شن و ڕێگای ئازادی و ده‌ربڕینی بیروڕایان سه‌رکوت و قۆرخکراوه‌، ئازاردانی جه‌سته‌یی وفیکری کۆسپی سه‌ر ڕێیی پێشکه‌وتنیانه‌، مه‌سه‌له‌ی ڕزگاربوونیان له‌م زۆرداریه‌ هه‌میشه‌ جێی گفتوگۆ و پرسیار و هێندێ جار تێڕوانینی جیاوازیانه،‌ هێزی بۆرژوازی به‌یه‌کگرتوویی کرێکاران تێکده‌شکێنرێت. مرۆڤی هۆشیار له‌ڕیزی چه‌وساوه‌کاندا خۆی ده‌بینێته‌وه‌،‌ له‌گه‌ڵ ڕێبازی زانستی و دیالکتیک و ڕیالیزمی شۆڕشگێڕانه‌دایه‌،‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی بابه‌تیانه‌یه‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و کێشانه‌ی کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و ڕوویان بۆته‌وه‌. کۆمه‌ڵگای کوردستان له‌هه‌موو بارێکه‌وه‌‌ پێویستی به‌ گۆڕانکاریه‌‌ له‌ڕووی هه‌ڵوێستگرتنی تیۆری و پراکتکه‌وه‌، له‌بواری ئازادی سیاسی و ئابووری و فه‌رهه‌نگیه‌وه،‌ بۆ‌‌ هێنانه‌دی دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، پێویستی به‌ تێکۆشان و هه‌وڵدان و یه‌کڕیزی کرێکاران و بێبه‌شان و ئازادیخوازان و یه‌کسانیخوازان هه‌یه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌.‌ له‌چوارچێوه‌ی سۆسیالیزمی ‌زانستیدا له‌پێناو گۆڕینی ئه‌و دۆخه‌ سه‌پاوه‌ی بۆرژوا ناسیونالیزم و ئیسلامی کۆنه‌په‌رست خوڵقاندوویانه‌‌، ده‌کرێ به‌گژاچوونه‌وه‌ی واقیعیانه‌ له‌ پراکتیزه‌کردنی ئاگایی فه‌لسه‌فی و سیاسی و میتۆدێکی ئینسانی پێوانه‌ییدا بێت که‌ له‌مارکسیزمه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، وه‌ تاکه‌ ڕێگایه‌ک بێت بۆ دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگایه‌کی یه‌کسان و بێچه‌وسانه‌وه‌.
10.10.2009                 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.