Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل لە تەوەرى نوسینو خوێندنەوەدا

ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل لە تەوەرى نوسینو خوێندنەوەدا

Closed
by May 8, 2008 گشتی

  ئامادەكردنى : توانا ئەمین……
 
 ئەمڕۆ نێوەندى روناكبیرى كوردى لەكۆمیدیایەكدا ژیان دەكات، بەدەست دەردێكەوە دەناڵێنێت كەدەتوانین بەپەتاى نەخوێندنەوە ناوزەدى بكەین! دەیان روژنامەى زەردو سەدان كتێبى هیچ لەبازاڕدا بەرچاودەكەون، دەزگاگەلێكى چاپو پەخش لەم هەرێمە بچوكەى ئێمەدا دەبینرێن كەبەزەحمەت لە بیۆگرافیاكانیاندا كتێبێك، تەنها یەك كتێبى چاك دەدۆزیتەوە، ئەگەر بەختت هەبێت.
 رۆژنامەى هەرزان، نوسەرانى سادەگۆو پیشەیى، روشنبیرى موزەیەفو بەناو روناكبیرى بێئاگا لەدونیا، دەسەڵاتێكى سیاسى بێخەمو بێخەبەر، لە زەمینە سازیەكانى ئەم نەخۆشیەن… ئەمڕۆ لەلاى ئێمە تاڕادەیەك هاوكێشەى نوسەرو خوێنەر لەپێچەوانەبونەوەدان، خوێنەرانێكمان لە ئاستێكدا هەن كەلێناگەڕێن هەموو شتێك بەسەریاندا تێپەڕێت، لەحاڵێكى وادا دەبێت نوسەرى ئێمە حسابێكى جدى تر لەدەیەكانى پێشوو بۆ خوێنەر بكات.
 ئێمە لێرەدا لەبارەى گرنگى خوێندنەوەو ئاشنابوون بە كتێبو كلتور، وەك دەروازەیەك بۆ دۆزینەوەى پێگەى خۆمان جارێك وەك مرۆڤو جارێك وەك نەتەوە، لەمەڕ بەهەند وەرگرتنى مەعریفە وەك مەرجى یەكەم لەپرۆسەى نوسیندا، ئیشى ئیلهامو رۆڵى مەعریفە لەبەرهەم هێنانى دەقدا، لەمەڕ ئەو پاشا گەردانیەى رۆژنامەوانىو رۆشنبیرى كوردى، دەستەیەك روناكبیرو نوسەرى جدیمان لەم تەوەرەدا كۆكردەوەو لەم پرسیارەدا پەیامى خۆمان كورتكردەوە:
  
 لەكاتێكدا تێكستە گەورەكانى دونیا زادەى مەعریفەن نەك ئیلهام، كەچى نووسەرى ئێمە كەم دەخوێنێتەوەو زۆر دەنووسێت! نووسینى دواى ئەم هەموو نەخوێندنەوەیە رۆشنبیریى كوردىو بەتایبەتیش ئەدەبیات بەرەو سادەگۆیىو هیچ نەوتن نابات؟
 
 
 
 
 
 ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل:
 خوێندنەوە پێش ئەوەى حەزو ئارەزوو و خولیا بێت، كولتوورە
 
 پێم وایە هەموو كەسێك بەشێوەیەك لەشێوەكان لەژێر كۆمەڵێك فاكتەرى دیاریكراوى كۆمەڵایەتىو ئابوورىو سیاسیدایە كە حوكم دەكاتە سەر ڕێڕەوى بیركردنەوەو تێڕامانى لەئاست دیاردەكانى نێو كۆمەڵگاو ئاراستەكردنى تاك بەرەو سنوورەكانى بیركردنەوەو تێڕامان لەهزرى كۆمەڵایەتى بەگشتى كە بەرهەمهێنەرى ئەو تەرزە لەبیركردنەوەو تێڕامانە.
 لەو ڕوانگەیەوە، كۆلتوور فاكتەرێكى هەرە گرنگە لەدەستنیشانكردنى مەیلى خوێندنەوەو نووسین لەنێو تاكەكانى كۆمەڵگادا. كۆمەڵگا خۆرهەڵاتییەكان بەگشتىو كۆمەڵگاى كوردى بەتایبەتى، لەبەرئەوەى ماوەیەكى زەمەنى زۆر لەژێر كاریگەرى فاكتەرى زمانى گێڕانەوەدا بوون، لەژێر كاریگەرى ئاخافتنو حیكایەتخوانەكاندا بوون، بەو مانایەى كولتوورى كۆمەڵگاى ئێمە زیاتر كولتوورى ئاخافتنو گێڕانەوەو حیكایەتخوانەكانە، نەوەكو كولتوورى نووسەرو دیكۆمێنتكاران بێت، ئەو كولتوورە لەسەر بنەماى گێڕانەوەى سەرزارەكى دامەزراوەو تا ئێستاش گێڕانەوە زۆرترینو باڵاترین پێگەى هەیە، بەحوكمى ئەوەى هێشتا بەشێكى زۆرى كۆمەڵگا نەخوێندەوارن، یا لەئاستێكدا نین ڕۆژانە بەلایەنى كەم ڕۆژنامەیەك، یا گۆڤارێك بخوێننەوە، ئەگەر زیاتریش نەبێت، ئەوە لەكاتێكدا خوێندنەوەى كتێب هێشتا نەبۆتە نەریت.
 كێشەى كۆمەڵگاى كولتوور دامەزراو لەسەر بنەماى گێڕانەوەو ئاخافتن هەر ئەوە نییە كە حەز بەنووسینو خوێندنەوە ناكاتو زۆر بڕواى بەدیكیۆمێنتكارى نییەو تەنیا لەسەر ڕایەڵى قسەو ئاخافتن وەستاوە، بەڵكو ئەو كولتوورە هەر لەكۆنەوە لەململانێى تووند دایە لەگەڵ قەڵەم بەدەستەكانو بەردەوام بیر لەوە دەكاتەوە پێگەى ئاخافتنكاران بەهێزتر بكاتو بپارێزێت لەئاست هێرشى لەناكاوى خوێندەوارو نووسەراندا كە هانا دەبەنە بەر هەندێك شێوازو كەلو پەل كە لەدەرەوەى جەستەى مرۆڤ خۆیدایە.
 كەواتە ئێمە لەبەرانبەر دوو حاڵەتداین، یەكەم ئاخافتنكارەكانن كە لەپەناى هێزى سروشتى خۆیانەوەو بەپشت بەستن بەتوانا جەستەییەكانیانەوەو لەمیانەى ئامادەگى جەستەى خۆیاندا پەیامەكانى خۆیان دەگەیەننو جەخت لەسەر چەمكى ئامادەگى دەكەنەوە، ئەو شەپۆڵەش زۆرتر لەمیانەى شۆڕشو خەباتى كورددا جێگاى خۆى كردۆتەوەو گوتار بۆتە نەریتێكى باوو سەركردەكان لەمیانەى گوتارەوە ئامادەگى خۆیان دەسەپێنن. ئەوەش تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ حاڵەتى دووەم كە لەسەر بنەماى هانا بردنە بەر هەندێك شیوازو پێداویستى دەرەكى وەستاوەو نووسەرو ڕۆژنامەنووسانى كورد دەیانەوێت لەمیانەى ڕەشكردنەوەى كاغەزى سپییەوەو پڕكردنەوەى لاپەڕەى ڕۆژنامەكاندا گوتارى خۆیان بگەیەنن، گوتارێك كە ئامادەگییەكى نائامادەگى بەخاوەنەكانیان دەبەخشێت. لێرەدا نووسەرو نووسین پرۆسەیەكى نێو خۆیى نییەو زیاتر كارێكە پشت بەكەلو پەلى دەرەكى دەبەستێتو كەسى نووسەر بۆ ئەوەى پەیامەكەى خۆى بگەیەنێت دەبێت كۆمەڵێك پێداویستى تر دابین بكات كە لەنێو تواناى جەستەیى خۆیدا نییە.
 ئەگەر زانیمان ئەو جۆرە ململانیێە مێژووێكى هەرە قووڵو ڕابردوێكى زۆر دوورو درێژى هەیەو لەگەڵ یەكەم هەوڵو كۆششى مرۆڤ دەست پێدەكات بۆ بەرهەمهێنانى نووسینو وشەى نووسراو كە بەوشەیەكى مردوو تەماشا دەكرێت، لەبەرانبەر ئاخافتندا كە وشەیەكى زیندووەو خاوەنەكەى ئامادەگى هەیە.
 ئەو كێشەیە جگە لەوەى كێشەیەكى فیرعەونییەو لەمیسرى كۆنەوە سەرى هەڵداوە، بەڵام لەنێو مێژووى فەلسەفەشدا وەكو هەنگاوێكى گرنگ گوازراوەتەوە بۆ نێو دیالۆگى یۆنانىو سوقراتو ئەفلاتونیش دێنە نێو ئەو باسە. بۆیە سەیر نییە كاتێك دەبینین سوقراتو ئەفلاتون نووسین بەژەهر وەسف دەكەن، ژەهرێك كە نووسەران نۆشى دەكەن، كەواتە ئاساییە ئەگەر مرۆڤى پایەبەرزو شكۆمەند پێیان عەیب بێت بنووسنو پەنا بۆ نووسین نەبەن، لێرەوە كێشەكە دەبێتە ململانێیەكى سیاسى.
 سەبارەت بەئێمەو لەسەردەمى ئێستادا، كۆمەڵگاى كوردى پێى بزانێت یا نەزانێت، هێشتا لەنێو ئەو دیالۆگو سەردەمانەدا گوزەران دەكات، هێشتا نووسینو خوێندنەوە نەبۆتە كولتوورێكى چەسپاو، بێگومان ئێمە ناتوانین لەمیانەى چەند ساڵى ڕابردوودا قسە لەسەر حاڵەتێكى گشتى بكەین، چونكە ڕەنگە ماوەى نووسینى كوردى لەهەموو حاڵەتێكدا لەچەند سەدەیەك تێپەڕ نەكات.
 بەشێكى سەرەكى هۆى ئەو مەسەلەیە دەكەوێتە ئەستۆى سیستەمى خوێندنو زانكۆكانى كوردستان، چونكە سیستەمى خوێندن ئەوەندەى مرۆڤى دەراخ بەرهەم دێنێت كە پشت بەیادەوەرى خۆى دەبەستێت بۆ سەركەوتن، ئەوەندە مرۆڤى توێژەرو بیركەرەوە بەرهەم ناهێنێت پشت كە بەلۆژیك ببەستێتو بەشێوازى بیركردنەوەى لۆژیكیدا بڕوات. كاتێك سیستەمى خوێندن هانى ئەو جۆرە كەسانە دەدات كە پشت بەهێزى یادەوەرى دەبەستن بۆ دەسكەوت، ئەوە ئاساییە ئەو كەسانەى پشت بەبیركردنەوە دەبەستن نەتوانن بێنە پێشەوە.
 بەوەش زانكۆو سیستەمى خوێندن مرۆڤى نیوە خوێندەوەار بەرهەم دێنن، مرۆڤێك بەحیساب خوێندەوارە، بەڵام شارەزاییەكى تەواوى نییە لەخوێندنەوەداو خوێندنەوە نەبۆتە كولتوورێك لەنێو ژیانى ڕۆژانەیدا.
 ئەگەر بەشێكى قەیرانەكە لەتێڕوانینى كۆمەڵگاو كولتوورى باو بێت، بەڵام بەشێكى ترى پێوەندى بەپێش نەكەوتنى سیستەمى چاپو بڵاوكردنەوە هەیە لەكوردستاندا، چونكە تا چەند ساڵێكیش پێش ئێستا ژماەى چاپخانەكانى كوردستان لەپەنجەكانى دەست تێپەڕى نەدەكرد، ئەوە لەكاتێكدا دەزگایەك نەبووە بتوانێت بڵاوكراوەكان بگەیەنێتە هەموو ناوچەو شوێنێكى ئەو وڵاتە. لەهەموو دونیادا پێشكەوتنى دەزگاو ئامێرەكانى چاپ جیا ناكرێتەوە لەڕەوشى پێشخستنى بوارى ڕۆشنبیرىو كولتوورى گشتى، بۆیە كاتێك ڕۆژنامەو كتێبو گۆڤار نەگاتە خەڵك، چۆن دەتوانن بیر لەخوێندنەوە بكەن؟ ئێمە كە ئێستا لەنێو شارە گەورەكاندا دەژین، ڕۆژانە لەكاتى خۆیدا ڕۆژنامەو گۆڤارەكانمان پێناگات تاوەكو بتوانین بیانخوێنینەوە، باشە ئەوەى قەزاو ناحیەو گوندە دوور دەستەكان چیبكەن؟.
 ڕەنگە بەشێكى ترى كێشەكە لەئاڵۆزى سەردەمى ئێستاماندا بێت، چونكە لەماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا  نەوەیەكمان پێگەیاند، ئەوەندەى بەدواى شتە كەمالییاتەكانى ژیانەوەیە، ئەوەندەى بەدواى مۆبایلو سەتەلایتو دى ڤى دییەوەیە، ئەوەندە بەدواى كتێبەوە نییە، ئەوەش لەئێستادا بەتەنیا كێشەى كۆمەڵگاى ئێمە نییەو كێشەیەكى نیمچە جیهانییە، ئەگەرچى لەخۆرهەڵاتو وڵاتانى عەرەبىو ئاسیا زیاترە، چونكە وەرچەرخانە ئابوورىو تەكنۆلۆژییەكان لێرەدا بەپێى ئاستى پێشبینى ئێمە بەڕێوە ناڕواتو چەند هەنگاوێك لەپێشەوەى ئێمەدایە، بۆیە بەردەوام پاشكۆى ئەو تەكنۆلۆژیایەینو ناتوانین لێى داببڕێین. بەوەش ئێمە مرۆڤى نیمچە ڕۆشنبیر بەرهەم دێنین، مرۆڤێك ڕۆشنبیرە لەبەكارهێنانى هەندێك جۆر لەتەكنۆلۆژیادا، بەڵام نەزانە بەسادەترین زانیارییەكانى دەورووبەرى خۆى.
 خوێندنەوە پێش ئەوەى حەزو ئارەزوو و خولیا بێت، كولتوورە، ئەگەر خوێندنەوە نەبێت بەكولتوورى كۆمەڵگا بەگشتىو ڕۆشنبیرى كۆمەڵگا لەسەر بنەماى كولتوورى دانەمەزرابێت، سانا نییە بتوانین خوێندنەوە بكەین بەئارەزوو و خولیا.
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.