Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ژنێکی کورد لە سوید لەترسی هاوسەرەکەی ٣ ساڵە بەنهێنی دەژی

ژنێکی کورد لە سوید لەترسی هاوسەرەکەی ٣ ساڵە بەنهێنی دەژی

Closed
by November 30, 2010 ژنان

 

جوان: هەموو کات هەست دەکەم سێبەری پیاوەکەم لەدوامەوەیە بۆ کوشتنم

کێ لەوڵاتی من بڕوا دەکات ژنێک لە ئەوروپا لەترسی کوشتن ٣ ساڵە بەنهێنی دەژی

چۆن دەبێت هەر پیاوێک تاقەتی نەما لەژنەکەی لە ئەوروپا، بڵێ خیانەتی لێ کردووم خزم و کەسی ژنەکەش بڕوای پێ بکەن و بڕیاری کوشتنی بدەن؟

هەڵاڵە رافع: ئێمە حساب بۆ بچوکترین هەرەشە دەکەین و ڕێوشوێنی خۆمان دەگریەنە بەر لەپێناو پاراستنی ژیانی ئەو ژنانە

رزگار رەزا چوچانی / سوید
www.civilmag.com

لەیەکەم هەفتەی هاوسەرگیریەکەم پیاوەکەم بەتوندی لێی دام و لوتی شکاندم,  چوار ساڵە لەسوید دەژیم بەڵام ٣ ساڵە بە نهێنی و لە ناونیشانی شاراوە ژیان بەسەر دەبەم,  لەترسی هەرەشەکانی مێردەکەم. من بۆ ژیان هاتم ئێستا سەختترین ژیانم هەیە لە سوید، تەنیاو بێ کەسم، ناشتوانم بە ئاشکرا ژیان بکەم، هەموو کات هەست دەکەم سێبەری پیاوەکەم لەدوامەوەیە بۆ کوشتنم دڵنیام دەشیکات.
ئەوە قسەی، جوان، ئەو ژنە کوردەبوو، کە دوای چوار ساڵی دەستگیرانداری ئاهەنگی هاوسەری لەگەڵ دەستگیرانەکەی دەکات و لەکوردستانەوە بەرەو وڵاتی سوید دەگوازرێتەوە.
سەنتەری نیناش لای خۆیەوە رایدەگەیەنێت، چۆن لەسەرەتاوە هاوکاری جوان بوون،  ئێستاش هاوکاری دەبن تا دەگات بەمافەکانی.
جوان، لەگێڕانەوەی چیرۆکی هاوسەرگیری خۆی وتی” کاتێک ئەو پیاوە هاتە داوام، بۆخۆم بەدڵم نەبوو، بڕواشم بەوە نەبوو بەو پیاوە رازی بم، بەڵام کەسوکارم پێیان خۆش بوو، ئەوان رازیان کردم، بۆیە کاتێک مارەکرام ٤ ساڵ بە دەستگیرانی چاوەرێم کرد تا هێنامییە سوید.
 لەماوەی چاوەروانیەکەشدا هاتبوومە ئەو بروا کە ناتوانم لەگەڵی بژیم چونکە هەرجارێک کە  تەلەفۆنێکی دەکرد، ئێمە شەڕوکێشەمان بوو، یەکجارنەبووە بەخۆشی تیل بکات، هەر ئەوکاتیش گومانم لەباری نەفسی هەبوو، بەڵام ماڵی باوکم دەیانوت ئەو ماوە زۆرە دەستگیرانداربوی، چۆن دەکرێ لەکاتی دەستگیرانی جیا بیتەوە”  
جوان هێمای بۆ ئەوەکرد، کە “چوار ساڵ بەدەسگیرانی چاوەروانی ئەو پیاوە بووم، کاتێک هاتمە دەرەوە و ژیانی هاوسەریمان پێکهێنا، ٢ مانگ لەگەڵی بووم لەو دوومانگەدا، وەک کۆیلەیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکردم، بە توندترین شێوە ئازاری ئەدام و لێی دەدام، ئەیکردمە دەرەوەی ماڵ، هەرچی شتی ناشیرین بوو پێی دەوتم، پێی دەوتم ئەوە منم و بەو شێوە دەبم، ئیدارە دەکەی بەم لێدان و قسانەوە بیکە، نایکەی دەرگای دەکردەوە و دەیگوت بڕۆ دەرەوە، بەراستی شێت بوبوم نەمدەزانی چی بکەم لەدەستی؟”
ئەم ژنە، کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای کێشەکانی هەست بەنیگەرانی و بێهیوای گەورە دەکرێ لەژیانکردنی، ئەو لە گێڕانەوەی رۆژەکانی هاوسەرگیری خۆی بەردەوام بوو” لە هەفتەی یەکەم کە هێنامییە سوید، لەخۆڕا کەوتە لێدانم و لوتی شکاندم، لە نەخۆشخانە نەمدەوێرا باسی بکەم، کە ئەو لوتی شکاندووم زمانم نەدەزانی وەرگێرەکە پێی وتم زۆر قەلەق دیاری، هەرچی هەیە باسی بکە، باسەکە لەلای خۆت و دکتۆرەکەت پارێزراو دەبێت و منیش بۆم نییە هیچ باس بکەم، منیش وتم من بەلێدان وام لێهاتووە، نازانم ئەترسم بۆ من کێشە بێت، وتی باسی بکە بۆ دکتۆرەکەت و لێرە شتەکان ناچنە دەرەوە باشترە حکومەت بەکێشەکانتان بزانێ، نەک سبەی شتێکی گەورەتر روو بدات، منیش باسەکەم بەدکتۆرەکەم وت، تاحەفتەیەک چاوم پڕ لەخوێن بوو خەڵک دەیان ویست سەردانمان بکەن، بۆ پرۆزبایی هاوسەرگیریمان، بەڵام پیاوەکەم بە تەلەفۆن وەڵامی دەدانەوە، کە لەماڵەوە نین بۆ ئەوەی نەیەن و بەو شێوە بوکی حەفتەیەک نەبینن، دەموو چاومی والێکردبوو هەرکەس منی بدیتبا، دەیزانی کەلەگەڵ شێتێک دەژیم، وەڵا ئەوەشی لەخۆرا کرد، ئەموت لەسەر چی دەیوت من وام و وام پێ خۆشە پێت ناخۆشە فەرموو بڕۆ دەرەوە، نەمدەزانی رووبکەمە کوێ ئاخر بوکی حەفتەیەک بۆ کوێ بڕوا؟؟ کێ بڕوا دەکات؟ نازانم”.
زۆرێک لەو پیاوانەی کە لەگەڵ هاوسەرەکانیان کێشەیان هەیە، هۆکار گەلێک وەک پاساو باس دەکەن، بەڵام جوان رەتی دەکاتەوە پیاوەکەی هیچ پاساوێکی هەبێت، جیا لەوەی “کێشەی نەفسی لەگەڵ خۆشیدا هەبووە”  وتیشی” من هەموو خزمەتێکی هاوسەرەکەم دەکرد، لەژن بونیشدا بێ کێشەبووم لەگەڵیدا، ئەو نەیدەتوانی رەخنەی  لەژن بونی من هەبێت، تەنانەت تا جارێک توانای هەبوو دەیان جاو توانای سەرجێی نەبووە، کە تواناشی دەبوو زۆر کات وەک تەعەدا تەعەدای لێ دەکردم و بەوشێوەی خۆی بیویستایە کە لە نەریتی ئێمەو دینیشمان نەبێ لەگەڵم رایدەبوارد، راستە لەگەڵ هاوسەرەکەم حەڵاڵی یەک بوین، بەڵام تەعدای لێ دەکردم”.
جوان کێشەکانی زیاتر پەیوەست دەکات بۆ گرفتە دەرونیەکانی هاوسەرەکەی و دەڵێت” ئەو چارەسەری وەردەگرت، نەخۆشی نەفسی هەبوو، من نەمزانی ئەم نەخۆشییەی هەیە کاتێک هاتم حاڵەتەکەم بۆ خزمەکانی خۆی باسکرد، ئەوان وتیان بەرلەوەی تۆ بهێنێ ٣ مانگ لە نەخۆشخانە بووە، کەس نەیتوانییوە نزیکی بێت، ئەوەندە دۆخی نەفسی خراپ بووە، تازە من هاتبووم ناچار قبوڵم کردو دانیشتم بەلایەوە، بەڵام ئەو ژیانی تێک دام، ئەو بۆخۆی شتەکانی کۆکردەوە دایە دەستم وتی بڕۆ، منیش هیچ شارەزاییەکم نەبوو لەم وڵاتە، تەلەفۆنم بۆ هەندێ خزمم کرد لەشارێکی تری سویدن، وتم وەرن بەدواما ئەوە کێشەکەمەو هیچ جێیەک پێ نازانم، ئەوانیش تەلەفۆنیان بۆ ناسراوێکی خۆیان کرد لە ستۆکهۆڵم، کەهاوکاریم بکات و گەیاندمییە محەتەی قیتارو لەوێ بەڕێیان کردم بۆ ئەو ماڵەو ئەوانیش هاوکاریان کردم، دواتر سەنتەری نینام ناسی کە تایبەتە بە داڵدەدانی ژنان و ئەوان هاوکاریان کردم، ئێستاش هاوکاریم دەکەن کە کێشەکانم چارە بکەن و سوپاسی ماندوبونیان دەکەم”.
کێشەکانی ئەم ژنە کوردە وەک خۆی دەڵێت زۆر باش دەبوو ئەگەر تەنها بەجیا بونەوە کۆتایی پێ بهاتایە، بەڵام بە گوتەی خۆی هاوسەرەکەی تەسویری هەڵەی لەسەر جوان، بەماڵی باوکی داوە لە کوردستان، بۆیە ئێستا بۆی نییە بچێتەوە کوردستانیش” دوای کێشەکان کە کەسوکاری من پرسیبویان، بۆ بەوشێوە تەعامولی لەگەڵ کردووم؟ وتبوی بۆیە لێم داوە لەگەڵ کەسێکی ترە بەسەرمندا و خیانەتم لێ دەکات، من نازانم لەم وڵاتەدا کە کەس کەس ناناسێ، چۆن دەبێ من بەدوو مانگ کەسێک بدۆزمەوە بەسەر پیاوەکەمدا لەگەڵی بم؟ چۆن دەبێت ئەو کەس و کارەی من ئاوا بەئاسانی بڕوا بکەن؟”.
جوان وتیشی” بەدەر لەتۆمەتی خیانەت، لەناو کەسوکارەکەی خۆی و خزمەکانی من، بەناو هەمویدا بڵاوی کردۆتەوە، کەمن دزیم لێکردووە و دەستم پاک نییە، نازانم دزی لەچی ؟ کە خەڵک لێرە هەر پارەیەکیشی هەبێت لە بانکدایە و تەنها کارتێک لە گیرفانیدایە دزیم لەچیکردووە؟؟”.
جوان سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت، کە ماڵی باوکی ئەویان گەورەکردووە و دەزانن ئاکاری چۆنە، بۆچی ئێستا ئاوا زوو کەوتونەتە ژێرکاریگەری قسەی ئەو پیاوە؟، نازانم چۆن دەبێت خەڵکی ئێمە بەم شێوە خۆش بڕوا بن؟ هەر پیاوێک تاقەتی نەما لەژنەکەی لە ئەوروپا، بڵێ خیانەتی لێ کردووم و دزی کردووە، ئەوە بکات پاساوی جیابونەوەکەی خزم و کەسی ژنەکەش بڕوای پێ بکەن و بڕیاری کوشتنی بدەن، چۆن دەبێت ماڵی باوکی من بەو شێوە بن، باوکی من خۆی لەسەر جێگا کەوتبوو لەپێش براکانمەوە هەڕەشەی کوشتنمی دەکرد، براکانم بەهۆی ئەم تۆمەتانەوە، بڕیاریان داوە تۆڵەی شەرەفی خۆیان لەمن بکەنەوە، لەکاتێکدا کە من هیچ شک نابەم کردبتیم، جیا لەوەی لەسەر قسەی پیاوەکە خۆی، لەکۆیلەبون و لەدەست پیاوێکی نەخۆش دەربازم بووە، نەک من داوام جیابونەوە بکەم لەسەرەتاوە،  ئەو بۆخۆی لە دواین رۆژدا، پاسپۆرت و شتەکانی لێ سەندم و وتی ئەوە دەچم ناوی تۆ لەسەر خۆم ناهێڵم و ئەبێ جیا بیتەوە لە من”.
ئەو ژنە کوردە دڵنیایی خۆی دەربڕی لەوەی کە” ئەگەر لەگەڵ مێردەکەم بەردەوام بومایە، بێ گومان دەیکوشتم، کەسوکاری خۆشیان زۆریان پێ باش بوو جیابومەتەوە، چونکە لە قانونی سوید کەسێک نەفسیەن تەواو نەبێت، بشتکوژێت بەهۆی نەخۆشیەکەوە ئاسانکاری بۆ دەکرێت، هیچی لەسەر نییە، هەموو رۆژ ئەو دنیایەک ترسی ئەکرد بەدڵی مندا جیا لە ئازاری جەسەدی، هەموو رۆژ دەیوت دەبێت بتکوژم، خۆ ئەگەر ئەوەش نەکات، هەموو رۆژ بەم لێ دان و هەرەشانە کوشتبومی، بەڵام بێ گومانم ئێستاش دەمکوژێت”.
ئەوەی زیاتر ئەم ژنە نیگەران دەکات لەگەڵ هەموو خەمەکانی تری، ئەو کێشانەن کە لەدوای جیابونەوەی لەگەڵ ماڵی باوکی بۆی دروست بووە، هەروەها ئەوەی کە هاوسەرەکەی لە مامەڵە رەسمییەکانی هێنانی جواندا بۆ سوید، وەک دەڵێت”تەزویری” کردووە “من لە کوردستان بەرەسمی زەواجم کردووە لەگەڵ ئەو پیاوە و ئاهەنگی هاوسەریمان کردووە پێکەوە، بەڵام ئەو کاتێک هەتووەتە ئێرە پێش ئەوەی من بهێنێت، وتویەتی من خێزاندارم و خێزانم هەیە، بۆ ئەوەی کاتێک ژنێکی لە کوردستانەوە هێنا ئاسانکاری زیاتری بۆ بکرێت، بۆیە کاتێک مامەڵەی هێنانی منی کردووە، تەمەنی منی دەسکاری کردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو کاتە گونجاو بێت، کە وتویەتی ژنم هەیە لەکوردستان و هەموو شتەکانی بەتەزویر لەکوردستانەوە لەگەڵ مامەڵەکەی ئێرە گونجاندووە، بۆیە ئێستا کە جیا بومەتەوە لێی، کێشەم بۆ دروست بووە، لە دائیرەی هیجرە وتویەتی ئەو خێزانەم تەزویراتی کردووە، لەکاتێکدا ئەوە خۆی بووە من ئاگام لەوە نەبووە، ئەو لێرە چی کردووە و چی قانونی و ناقانونی هەیە، باشە ئەگەر من ئەوەم بکردایە، دەمزانی چیم کردووە، نەک ئاوا تێ بکەوم، کە دوای ئەوەی جیابومەوە لێی، داوای ئیقامەم کردەوە دوبارە چونکە ماڵی باوکیشم لەسەر قسەی ئەم پیاوە دەیانەوێ بمکوژن، بۆیە چوم رەگەزنامەی ئەسڵی خۆمم داوە، نەک تەزویر، ئەوەش بووە هۆی ئاشکرابونی تەزویرەکە، کە سەلمێنەری ئەوەیە من ئاگام لەم تەزویراتەی ئەو نییە، ئەگەر خۆم بمکردایە چۆن شتی ئەسڵیم دەدا تا ئاشکرا بم”.
جوان وەک دەڵێ ناتوانێ بچێتەوە کوردستان بژی، بۆیە لە سوید داوای مافی پەنابەری کردووەتەوە، بەڵام”دائیرەی هیجرە بەمن دەڵێن، دەبێ بەڵگەت هەبێ، دەڵێم ئەوە بەڵگە، کە هاوسەرەکەم نەخۆشە و سوید ئەوە دەزانێت، ئەوە بەڵگەی لێدان و ئەشکەنجەو تەعداکردنی، دەڵێن تەزویر کراوە لە ناوەکەت کێ دەڵێ تۆ هاوسەری ئەو کەسەبوی، داوای تەسویری ئاهەنگ دەکەن، ئەویش لای پیاوەکەمەو پێیان نادات و دەڵێت بۆخۆی تەزویری کردووە، من نازانم روو بکەمە کوێ؟ ناتوانم لەگەڵ ماڵی باوکم قسە بکەم، تەنها قسەم لەگەڵ دایکم هەیە، ئەویش پێم دەڵێت هەرچی دەکەی نەگەڕێیتەوە، براکانت ئەتکوژن، من نازانم ئەبێ چی بکەم؟ دائیرەی هیجرە دەبوو ئەوە بزانن، ئایا کەسێک مەترسی لەسەر ژیانی خۆی نەبینێت، ئامادەیە ٣ ساڵ لەم وڵاتەدا بەنهێنی و بێ کەس بەتەنیا بژی؟”.
جوان بەدڵتەنگییەوە لە قسەکانی بەردەوام بوو” من بۆ ژیان هاتم ئێستا سەختترین ژیانم هەیە، لە سوید تەنیاو بێ کەسم، ناتوانم بە ئاشکرا ژیانی خۆم بکەم، دەبێت نهێنی بێت ژیانم، بۆم نییە بە ئاشکرا بژیم، چونکە مەترسی کوشتنم لەسەرە بەدەستی مێردەکەم، ئەوە  ٤ ساڵە لێرەم یەک رۆژ شتێکی خۆشم لە ژیانما نەبینیوە، کێ لەوڵاتی من بڕوا دەکات، ژنێک لە ئەوروپا لەترسی کوشتن ٣ ساڵە بەنهێنی دەژی؟، من نازانم چی بکەم؟ بەراستی نازانم نە دەتوانم بچمەوە کوردستان نە لێرەش وەک ئینسان بژیم، دائیرەی هیجرە بڕوایان نییەو ناشتوانم بە ئاشکرا ژیان بکەم، هەموو کات هەست دەکەم سێبەری پیاوەکەم لەدوامەوەیە بۆ کوشتنم، دڵنیام دەشیکات چونکە بەئاشکرا هەرەشە دەکات بەڵام نازانێ لەکوێم”.
هەر لەبارەی کێشەکانی جوان، هەڵاڵە رافع بەرپرسی سەنتەری نینا، بۆ ڕێنوێنی و  پاڵپشتی و داڵدەدانی ژنان لەسوید، ئەو سەنتەرەی کە ئەم ژنەو زۆر ژنێکی تر پەنای بۆ دەبەن بۆ سڤیل وتی” ئەو ژنەش وەک زۆرێک لە ژنەکانی تر، لەڕێی خەڵکەوە زانیبوی سەنتەرێک هەیە بەناوی نیناو کێشەی ئەو ژنانە لەخۆ دەگرێت و هەوڵی چارەسەرەکردنی دەدات، تەلەفۆنی کردو هات لەگەڵی دانیشتین، تێگەشتین ئەم ژنە جیا لەهەرەشەکانی سەری کە خۆی باسیکردن، کێشەی ئیقامەکەشی بۆ دروست بووە، چونکە دوو ساڵ لەگەڵ هاوسەرەکەی نەژیاوە جیابۆتەوەو ئەو کەسانەش ئیقامەیان سەحب دەکرێتەوە، بۆیە هەوڵماندا لەگەڵ پاریزەرەکەی و دائیرەی هیجرە قسەو باس بکەین، تا بزانین چی بکەین بۆ چارەکردنی کێشەکانی؟. کێشەکە لەوەدابوو بەهۆی جیاوازی لە نێوان ناسنامەکان، ئەوەی ژیان داویەتی و ئەوەی پێی هاتۆتە سوید، گومان دروست ببوو، ئەوان هیچ بەڵگەیەکیان بەدەستەوە نەبوو، کە بزانن ئەمە ئەو ژنەیە، کە لەگەڵ ئەو پیاوە هاوسەرگیری کردووە، بۆیە ئێمە وەک یەکێک لە چارەکان زۆر هەوڵماندا فیلمی زەواجەکەیمان دەستکەوێت، کەلای هاوسەرەکەی بووە، بەڵام دەست نەکەوت، بۆیە کێشەکە مایەوە ماوەیەک لای ئێمە لەسەنتەری نینا ژیانی بردە سەر، بەڵام کێشەکەی درێژەی کێشا، نەشدەکرا ماوەیەکی دورودرێژ بمێنێتەوە لە سەنتەر، بۆیە وامان کرد کە ماڵێکی نهێنی و ناونیشانێکی شاراوەی هەبێت لە جێگایەکی تر”.
لەبارەی بڕوابونی ئەوان بەکێشەکانی ئەو ژنە، هەڵاڵە وتی”ئەوە مەسئولیەتە لەسەر ئێمە هەرکەس بێتە لای ئێمە، دەبێت هاوکاری بکەین و هەوڵی لەگەڵ بدەین، ئەو ژنە تاکو ئێستاش براکەی و هاوسەرەکەشی هەڕەشەی کوشتنی دەکەن، بۆیە ئێمە حساب بۆ بچوکترین هەرەشەش دەکەین و ڕێوشوێنی خۆمان دەگریەنە بەر، لەپێناو پاراستنی ژیانی ئەو ژنانەی دەڵێن هەرەشەمان لەسەرە، لەسەرەتاشەوە چۆن هاوکاری بووین هاوکاری دەبین تا دەگاتە مافەکانی خۆی و کێشەکانی بۆ چارە دەکرێت”.
بەرپرسی سەنتەری نینا. داوای لەهەموو ئەو ژنانەکرد کە کێشەیان هەیە بەرلەوەی كێشەکانیان لەدەستدربچێت بۆ چارەسەرکردن، پەیوەندی بەسەنتەری نیناوە بکەن و وتی”هەموو لایەک دەزانن کە لەوڵاتێکی وەک سویدیش کوشتن و هەرەشە لەسەر ژیانی ژنان بەردەوامە، بێگومان خەتای لایەک نییە بەتەنها، کەموکوڕی دەوڵەت و دائیرەی هیجرەشی تێدایە و وەک چۆن کەموکوڕی خودی ئەو خەڵکەشی تیایە کە هەڕەشەی لەسەرە، رەنگە کەمتەرخەمی ئێمەشی تیابێت، کە زۆر دیار نەبین لەم وڵاتەدا، تا هەموو ئەو ژنانەی کە هەرەشەیان لەسەرە دەستیان پێمان بگات، هیوادارم هەموو ئەو ژنانەی هەرەشەو ماف پێشێلکردنێک دەبینن لەژیانیان، بەرلەوەی كێشەکان لەدەست دەربچن پەیوەندیمان پێوە بکەن، تاهاوکاریان بین لە چارەسەری گرفتەکانیان، لەم رۆژانەی ئاخردا، ژیان کچە کوردێک  کە لەسوید کوژرا، بێ گومان کێشەی هەبووە، خۆ ئەگەر سەرەتای کێشەکەی هەوڵی لەگەڵ بدرایە رەنگە بەو کارەساتە نەگەشتایە و رزگار بکرایە، لە هەوڵدان بۆ چارەکردنی کێشەکان هیچ شەرم و عەیبەیەک نییە، ئەوە داکۆکیکردنە لەژیان و مافی خۆت و  دەبێت سود لەهەموو ئیمکانیەتانە ببینیت کە لەبەردەستیدا هەیە، بۆ ئەو مەبەستە، بۆیە دەخوازم و هیوادارم لەهەر رێگایەکەوە بێت ئەو ژنانەی کێشەیان هەیە پەیوەندی بکەن”.
سوپاس بۆ هاوکاری راگەیاندنی سەنتەری نینا لە ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.