Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
کاتێک سەرۆک دەکرێتە سیمبول لە نێو حیزب و کۆمەڵگادا!

کاتێک سەرۆک دەکرێتە سیمبول لە نێو حیزب و کۆمەڵگادا!

Closed
by October 7, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

مێژوی مرۆڤایەتی پڕیەتی لەو ساتە سەخت و کارەسات ئامێزانە کە بە هۆکاری بڕیاردانی سەرۆکی بە سیمبول کراوەوە توشی هاتوە. جا ئەو ساتە سەختانە چ تێوەگلانی کۆمەڵگا بوبێت بە جەنگ دژی دەوڵەت و دەسەڵاتەکانی تر یان بە هۆکاری بەمێگەل کردنی کۆمەڵگا بێت تا ئەوەی خودی ئەو کۆمەڵگایە نەتوانێت هەست بە خاڵە لاواز و بەهێزەکانی ئیرادەی خۆی بکات.

 کاتێک لە ڕێگای پەرتوکە مێژوییەکانەوە، دەچینە نێو قڵایی ئەو ساتەوەختانەی کە کەسایەتیەک لە ڕوی سیاسیەوە هاتوەتە مەیدان و لەگەڵ گروپێکدا پارتێک پێک دەهێنن، هەر لەو ساتە وەختانەوە کەسی یەکەمی نێو ئەو پارتە، بە وریاییەوە خۆی وا لێ دەکات کە هەم لە نێو گروپەکەیدا وە هەم لە نێو کۆمەڵگەدا، وا دەر بکەوێت کە ئەو، ئەو کەسایەتیەیە کە دەتوانێت کۆمەڵگا ڕزگار بکات لەو ژیانە ژێر دەستەیەی کە لەلایەن دەسەڵاتی خاوەن دەوڵەتەوە پێوەی دەناڵێنن. ئەم حاڵەتە دەتوانین بۆ خودی پێغەمبەرەکانیش هەمان شێواز بێت، چونکە خودی پێغەمبەرەکانیش هەر لەو ڕێگایەوە توانیان خۆیان بکەن بە کەسی یەکەم و بە سیمبول بوون، کاتێک بانگهێشتیان بۆ کۆمەڵگای سەردەمی خۆیان دەکرد کە بێنە پشتی ئەمەوە و بە هیمەتی خوداوەند دەتوانن خۆیان ڕزگار بکەن لە دەستی دەسەڵاتە دڕندەکانی ئەو سەردەمانە. بەڵام گرفتی سەرەکی لە نێو ئەم بە سیمبول بونەی سەرۆکدا ئەوەیە، کە خودی سەرۆک یان پەیامهێنەر، نەی ویستوە  کەسەکانی ناو پارتەکەی یان کەسایەتیەک پەروەردە بکات کە دوای مردنی خۆی بتوانێت ئەو فریاد ڕەسە بێت تا ئەوەی کۆمەڵگای بە مێگەل کراو بە گورگانە خوارد کردن نەبرێت. لە سەردەمی ناپلیۆنەوە تا ئەم سەردەمەی ئێمەی تێیدا دەژین، زۆرترین ئەو سەرۆکانەی کە کراون بە سیمبولی نەتەوەیی یان دینی، نەک نەیان توانیوە کۆمەڵگا بخەنەوە سەر ڕێگا ئەسڵیەکەی خۆی، کە توانستی خود بە ڕێوەبردنی خۆیەتی لە نێو ژیانێکی ئازادانە و دیموکراسیانەدا، بەڵکو، دەرئەنجامی ئەم بە سیمبول کردنە، کۆمەڵگا هەردەم، وەک مێگەل حیسابی بۆ کراوە و بە پێی خواست و ئارەزوەکانی سەرۆک، سەرو خواری پێکراوە.

 لەم بابەتە کورتەدا ناتوانم کۆی ئەو مێژوانە بخەمە نێو ئەم بابەتەوە، بەڵام بۆ کەسانێک بیانەوێت لە ماهیەتی بە سیمبول بون تێ بگەن، ئەوکات دەتوانن زۆر نموونە لە مێژوی کۆن و نوێدا ببیننەوە، بە تایبەتیش لەنێو کەسایەتیە سیاسیەکاندا کە گەشتونەتە نێو پلەی سەرۆک بونەوە.

خودی ئەم بە سیمبول بونە هێشتا لەنێو زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا بونیان ماوە، بەتایبەتیش لەنێو ئەو وڵاتانەی کە لە ڕووی پێشەسازیوە نەیان توانیوە پێش کەوتنی بەرچاو بە خۆوە ببینن، چونکە لە وڵاتە خاوەن پێشە سازیەکاندا، ئیتر سەرۆک ئەو هێماو سیمبولە یەک دەستە نیە خۆی بە تەنیا بتوانێت بڕیارە ستراتیژیەکان بدات، کە ئایندەی کۆمەڵگا دیاری دەکەن، بەڵکو لەو نێوەدا، دەیان دام و دەزگای تایبەت بەو کارانە بونیان هەیە، بە پێچەوانەوە لە وڵاتە دواکەوتوەکاندا، کە هێشتا ئاستی چونە پێشی داهێنان و پیشەسازی لە خاڵێکی لاوازدایە، ئیتر لەوێدا، ئەوەی قارەمانی نێو مەیدانە، بڕیارەکانی سەرۆکە، جا بەخێر  بگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگا یان بە شەڕ، ئەوە کۆمەڵگا نیە لەو نێوەدا بتوانێت هیچ کاریگەریەکی هەبێت، بەڵکو ئەوەی لەسەر کۆمەڵگایە تەسلیم کردنی ئیرادەیەتی بە خودی سەرۆک و پارتەکەی. گەر سەیرێکی مێژوی ڕابردوی پارتە کوردیەکانی لای خۆمان بکەین، هەر لە سەردەمی شێخ مەحمودەوە تا دەگات بە م ساتەی ئێستا، کە دوو کەسایەتی دیار ئایندەی کۆمەڵگایان گرتۆتە دەست، کە ئەوانیش سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی عێراق (مام جەلال)ە، دەکرێت بپرسین ئاخۆ لەم بە سیمبول کردنانەدا کە دیارە سەرەتا لە نێو خودی حیزبەکانیانەوە دەگوازرێنەوە بۆ نێو کۆمەڵگا، خودی ئەو سەرۆکانە توانیان چی ئاڵوگۆڕێک بکەن کە لە بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگادا بێت؟ ئاخۆ کاتێک شێخ مەحمود سەرکردایەتی شۆڕشی کوردایەتی کردوە، توانیویەتی چ پەروەردەیەکی وا بخوڵقێنێت لە نێو کۆمەڵگادا، کە داد پەروەرانە بێت و وای کردبێت لە تاکی ئەو سەردەمە کە هەرکەسێک بۆخۆی بتوانێت شێخ مەحمودێک بێت لە توانای ئیرادە و بڕوا بە خۆبوندا؟ ئاخۆ لە سەردەمی مەلا موستەفادا، گەر ئەو شۆڕشە لە پێناو بەرژەوەندی خود پەرستی سەرۆکێکدا لەبار نەبرایە، نە دەتوانرا وا گەشە بکات کە هیچ یەک لە وڵاتانی چواردەور نەتوانن زەفەری پێ ببەن؟ ڕەنگە دەیان و سەدان پرسیاری بەهێز تر هەبن لەم نێوەدا، کە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە بە سیمبول کردنی سەرۆکێک دەتوانێت چ کارەسات و نەهامەوتیکیەش بەدوای خۆیدا بهێنێت، چونکە کاتێک سەرۆک دەکرێتە ئەو کەسایەتیەیەی بەدەرە لە هەر هەڵە و ڕەخنە کردنێک، ئیتر ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە نە خودی ئەو حیزبە خاوەن ئیرادەی خۆیەتی وە نە خودی کۆمەڵگاش خاوەن ئەو ئیرادەیە کە خۆی بتوانێت بڕیا بدات لەسەر چارەنوسی خۆی.

 بە سیمبول کردنی سەرۆک تەنها بەرهەمهێنراوی نێو دەستی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانە، چونکە لەنێو دەسەڵاتێکدا کە خەم و ئاواتەکانی پەروەردە کردنی کۆمەڵگا بێت تا بتوانێت لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت و ئیرادە سیاسیەکەی خۆی هەست پێبکات، ئەو کات سەرۆکێکی وا دروست نابێت کە خۆی لەسەرو هەموو کۆمەڵگاوە ببینێت.

لەسەرو بەندی ئەم هەڵبژاردنە پەرلەمانیەی ئەم جارەدا، خودی مام جەلال لەنێو ڕیزی حیزبەکەی و لایەنگرانیدا نەبوو،ئەو لە مانگی ١٢ ی ساڵی ڕابردوەوە لە نەخۆشخانەدایە و تا ئێستاش هیچ چارەنوسێکی دیار نیە، کە ئاخۆ ئەو زیندوە یان کۆچی دوای کردوە. ئەو تەنها وەک ریکلامێک بەکار دەهێنرا لەلایەن حیزبەکەیەوە، کە دواجار بڕوام وایە ئەو بەکارهێنانە ش بەشێک بوو لە کەم کردنەوەی دەنگەکانی ئەو حیزبە. ئاخر سەختە بۆ حیزبێک کە خۆی بە سۆسیال دیموکرات و باشترین ببینێت، هێشتا نەیتوانیبێت، پەروەەردەیەکی وا لەنێو خودی حیزبەکە و کۆمەڵگاشدا بڕوێنێت کە مام جەلال وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی، دەبێت ڕۆژێک کۆتایی بەژیانی بێت و دوای ئەویش ژیان کردن هەر بەردەوام دەبێت. ئاخۆ گەر یەکێتی نیشیتمانی کوردستان، خاوەن پرەنسیپە دیموکراسیەکان بوایە، پێویستی بەوە دەکرد بڵێت مام جەلال دوو خولەک بۆ هەوادارانی قسەدەکات لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا! کوا بۆ ئەو دوو خولەکە پێشان نەدرا؟ ئاخۆ گەر مام جەلال نەش مردبێت، تازە کوا ئەو دەتوانێت جارێکی کە بێتەوە نێو مەیدانی سیاسەت کردنەوە؟ ئاخۆ ئەو بەشی خۆی نەکردوە لە نێو دنیای سیاسەت کردنی چەواشەدا؟ گەر مام جەلال ئەو مرۆڤە ئاشتی پارێز و خاوەن کەسایەتیە سیمبول بونیە بوبێت، بۆ ئێوەی نێو دەسەڵاتی حیزبەکەی ناتوانن ئەو جێگرەوەیەی بن؟ ئاخۆ کاتێک ئاپۆ لەنێو پلانێکی نێونەتەوەی سیستەمی سەرمایەداری بەدڕەوشتدا گیراو ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا کرایەوە، چەند دەوڵەت و حیزب، لە چاوەڕوانی ئەو ساتەدا بوون کە ئەمیش وەک حیزبە کوردیەکانی پێشوو شکست بخۆن و ئاش بەتاڵ ڕابگەیەنن، بەڵام پێچەوانەکەی دەرچوو؟ ئاخۆ هۆکار چیە لەم نێوەدا؟ ئایا تەنها خودی ئەو پەروەردە سیاسیە مەزنە نیە، کە وا لە هەر تاکێک دەکات بۆخۆی ئەو کەسایەتیە بە توانایە بێت کە لە خودی ئاپۆدا بونی هەیە؟ ئەوە پەروەردەی مەزنی گەڕاندنەوەی ئیرادەی سیاسیە بۆ کۆمەڵگا، کە توانیویەتی پارتی کرێکارانی کوردستان ئاوا بەو زیندویەتی بهێڵێتەوە، نەک پەروەردەی شەخس پەرستن و چۆک دادان لەبەردەم سەرۆکدا!!!

 ئێستا لە کوردستاندا بزوتنەوەیەک هەیە بەناوی بزوتنەوەی گۆڕان، خودی  سەرۆکی ئەم بزوتنەوەیەش هەر لەنێو هەناوی یەکیەتیەکەی مام جەلالەوە پەیدا بوە، بەڵام ئەوەی بۆمن جێگای گومانە، خودی ئەو دوو بارە کردنەوەیەی بە سیمبول کردنیەوتی کە ئێستا لەنێو پارتی دیموکرات و یەکێتیدا بونی هەیە. گەر خودی نەوشیروان موستەفاش هەڵگری هەمان ڕێچکە بێت، دەبێت کۆمەڵگا هەر ئەو کۆمەڵگایە بێت کە تەنها ملکەچ بوون لەبەردەم سەرۆکدا جێبەجێ بکات، نەک خۆی ببێت بە نەوشیروان. ئەم پەروەردەیە تەنها دەتوانێت کارەساتی شکست هێنەر بۆ کۆمەڵگا بەرهەم بهێنێت، نەک وا لە کۆمەڵگا بکات کە بتوانێت هەنگاوێک بۆ پێشەوە هەڵنێت، چونکە کاتێک ئەم کەسایەتیانە دەچنە سەرو ڕەخنەوە لەلایەن خودی شوێن کەوتوانیەوە، ئیتر تەنها دووبارە بونەوەی مەرگەساتەکە دەبینرێتەوە. بۆیە دەڵێم، نابێت هیچ کەسێک بکرێت بە سیمبول لەنێو کۆمەڵگادا، بەڵکو دەبێت کۆمەڵگا خۆی ئەو سیمبولە بێت، کە کۆ تێیدا سەرفراز بێت،  ئاخر بۆ دەبێت کەسێک هەبێت و لە هەمومان پایە بەرزتر و مەزنتر بێت، لە کاتێکدا ئەویش هەر تەنها مرۆڤێکە وەک ئێمە. ئەم کەس پەرستیە تەنها لەنێو کۆمەڵگا دواخراوەکان و دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکاندا بونی هەیە، بۆیە جێگای شانازی نیە گەر کۆمەڵگا کەسێک بکات بە سیمبولی خۆی و هێشتا خۆیشی لە ژێر چەپۆکی چەوساندنەوەدا بێت.

 

تاهیر حاجی حەسەن

٧/١٠/٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.