Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
کاتێک کە کورسی دەسەڵات دەکەوێتە لەرزین!

کاتێک کە کورسی دەسەڵات دەکەوێتە لەرزین!

Closed
by February 22, 2011 گشتی

 
 

ئەمرۆ شەپۆلی ڕاپەڕینی جەماوەری سەرتاسەری ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بگرە دوورتریشی گرتۆتەوە، سەرۆکی هەردوو ووڵاتی میسرو تونس و ڕژێمەکەیان شکستیان هێنا لە بەرامبەر ڕق و توورەیی سووربوونی جەماوەری ڕاپەریو. ووڵاتانی وەک لیبیاو یەمەن و زۆریتر بەڕێوەن. ئەو وولاتانەی ترسیان لێنیشتووە تێکڕا دەڵێن ووڵاتەکەی ئێمە لە تونس و میسر ناچێ، حوسنی موبارەکیش وەهای دەگوت.

هۆی سەرەکی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەریانە، دەگەڕێتەوە بۆ کەڵەکەبوونی نادادپەروەریەکی بێئەندازەی کۆمەڵایەتی کە ئەم زوڵمە ساڵانێکی درێژە پەنگی خواردۆتەوە، چیدی دواخستنی بە بڕوو بیانووی جیاواز بەری پێناگیرێ. جیاوازی چینایەتی نێوان دەوڵەمەندیی دەسەڵاتداران لەلایەک و خەڵکی هەژار، وەک فەرمانبەرو و کاسبکاران لەلایەکی ترەوە، بەڕادەیەک گەورە بووە کە تەواو لێکدابراون و لەدوو دنیای جیاواز دەژین. بە ڕاستی ئەوەیە ڕاپەرینی هەژاران، کە خۆی ناوەرۆکەکەی ململانێیەکی چینایەتیەو بەدەیان ساڵە بە ڕێگای جۆراوجۆر خەفەیان پێکردوە.

لای خۆشمان دەسەڵاتداران هەمان قەوانی دەسەڵاتدارانی ووڵاتانی دیکە دووبارەدەکەنەوەو دەڵێن کوردستان لە تونس و میسر ناچێ، بۆیە لەلای ئێمە ڕاپەڕین نابێت. منیش دەڵێم ئەگەر هیچ شتێکیان لەیەک نەچێ، خۆ ناوەرۆکی داخوازیەکانی خەڵک لەیەک دەچن ئەویش هەبوونی نادادپەروەریەکی بێئەندازەیە. دەسەڵاتدارانی کوردستان بە بەشینەوەی بوودجەی هەرێم بەسەر بنەماڵەو بازنەی تایبەتی دەوری خۆیان وەها دەوڵەمەند و بێمنەتبوون لە رای خەڵک، وەک دەرکەوت بەگوللە وەڵامی داخوازی خەڵکیان دایەوە، بۆیە تەواو لە کۆمەڵانی خەڵک دابراون، خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ کۆمەڵانی خەڵکی هەژار بە هەموو چین و توێژەکانیەوە باش لەوە بە ئاگایە، لەدوای ڕاپەڕینەوە، دەسەڵاتداران بە پێڵاوی لاستیکەوە هاتنەوە کوردستان و لە پڕێکا دەوڵەمەند بوون، لە ناو نازو نیعمەتی دەسەڵات، تووشی نەخۆشی دائول عەزەمە ببوون، دەسەڵاتیان بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و زولم و زۆر لەدژی کۆمەڵانی خەڵک بەکارهێنا، لە کاتێکدا ئەو خەڵکە نان و چاشی بەزەحمەت دەست دەکەوت. هەتا کۆمەڵگایان تووشی شەڕێکی براکوژی کردو کردیانە دوولەتەوەو تا ئێستاش بەڕاستی یەکیان نەگرتۆتەوە.

من جیاوازیەکی تریش دەخەمە سەر ئەو جیاوازیەی کە دەسەڵاتداران باسی لێوە دەکەن، ئەویش ئەوەیە لە ووڵاتانی عەرەبی کێشەی نەتەواتی نەبووە کە  دەسەڵاتداران شکستیان هێنابێ، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێمە سەرباری نادادپەروەری بێئەندازە، شکستیان هێناوە لە چەسپاندنی مافە نەتەوایەتیەکانی گەلی کورد. لەبەرچاوانە لە بەشداریان لە حوکومەتی عیراق بە پۆستی سەرۆک کۆماریشەوە نەیانتوانیوە ماددەی ١٤٠ لە ئیفلیجی دەرباز بکەن، لەدوای هەشت ساڵی ڕوخانی ڕژێمی سەددامیشەوە تەنانەت یەک شارۆچکەشیان بۆ نەگەڕێندراوە سەر هەرێمی کوردستان و تەعریبیش لە جاران گەرمترە. بەکوردیەکەی دەسەڵاتی کوردی ئەم دەرفەت و ئەم ئەزموونەی کوردستانی کردە قوربانی پۆستە شیرینەکان و سامان کۆکردنەوە.
 
لێکچوونێک هەیە لە نێوان کوردستان و ئەو ووڵاتانەدا ئەویش بەکارهێنانی توندوتیژی بێڕەحمانەیە کاتێ مەترسی دەکەوێتە سەر کورسی دەسەڵاتەوە. لای دەسەڵاتدارانی خۆمان کورسی دەسەڵات و پۆستەکان ئەوەندە شیرینن، چونکە سەرچاوەی کۆکردنەوەو پاراستنی مولک و سامانن لە هەمانکاتدا، تەواو لەگەڵ یەکتر ئاوێتەبوون. بۆیە هەرکاتێ کورسی دەسەڵات دەکەوێتە مەترسیەوە، چاوەڕوان دەکرێ هەروەک خۆێشیان نایشارنەوە، ئەو دەستانە دەبڕن، بەمانای دەستناپارێزن لە کوشتن و بڕین.

ئینجا لەبەرئەوەی ئێمە لە کوردستان لەشکری ووڵاتمان نیە و تەنیا کەلتوری لەشکری پارێزەری حیزبیمان هەیە کە خاوەنی چەند تەجرەبەیەکی خوێناوی براکوژیە بۆ پاراستنی حیزبەکانیان، بۆیە لە ڕادەی بەکارهێنانی توندوتیژیدا خۆ بەخۆ، شارەزا و کاران، بەتایبەتی خەڵکێک هەیە زۆر سوودمەند بوون، هی وەهایان تیایە تام وچێژ لە کوشتنی خەڵکی دژی حیزب دەبینێ. هەر بۆیە پێشبینی دەکرێ دەسەڵاتی کوردی لە ژمارەی کوشتارو برینداردا بەرامبەر خەڵکی ڕاپەڕیو، بە تایبەتی ئەگەر مەترسی لەرزینی کورسی زیادبکا، ووڵاتانی دەروبەر تێپەڕێنێ چونکە دیارە ناسڵەمنەوە لە کوشتاری بە کۆمەڵیش.

ئەوا شەپۆڵەکان کوردستانیشی گرتەوە، لاوانی سلێمانی خۆپیشاندانێکی جەماوەریان لە ڕۆژی ١٧ ی شوبات سازکرد، هاواریان دەکرد نا بۆ  ناعەدالەتی ناو کۆمەڵگە، بۆ بێکاری، بۆ زوڵم و ستەم، بۆ قۆرخکردنی دەسەڵات. هەر کە جەماوەر لقی چواریان بەردباران کرد، زۆر بەداخەوە بە گوللەی بیکەیسی، نامرۆڤانە، وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە، کە بەردەم لقیان خەڵتانی خوێن کردو بووە هۆی شەهیدو بریندارکردنی دەیان هاووڵاتی. بە هەق ئەم ڕووداوە دەم و چاوی ناشرینی دەسەڵاتی روونتر دەرخست.

هەر بۆیە دەڵێم ئەگەر دەسەڵات ئاوەها لە جەماوەر بێمنەت بێ، گوێ بۆ داواکاریەکانیان شل نەکا، بەجددی دایەلۆگ نەکا، ئەوە بێگومان کۆمەڵانی خەڵک سوورتر دەبن لەسەر داوا ڕەواکانیان، راپەرینی خەڵک فراوانتر دەبێ، ئەوکاتە دوورنیە کوردستان خەڵتانی خوێن بێ و هەموو لایەک زەرەرمەند دەبن بە جەماوەرو دەسەڵاتدارانەوە، بەڵام بەڕاددەی یەکەم  هەروەک خۆشیان دەڵێن، لێمان تێکدەچێ، واتە لە دەسەڵاتداران تێکدەچێ، پڕۆژەکانیان دەوەستێ، مولک و ماڵی دزراویان لەدەست دەچێ، درۆیەکانیان ئاشکرادەبێ، ڕەنگە ڕۆژێک دابێ دەسەڵاتە شیرینەکەشیان لەدەست بچێ.

Hoshmend-salih@hotmail.com
20-02-2011

سەدیق رەنجبەر

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.