Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
کار  (خه‌بات)ی ڕاسته‌وخۆ …به‌شی شه‌شه‌م

کار (خه‌بات)ی ڕاسته‌وخۆ …به‌شی شه‌شه‌م

Closed
by April 26, 2009 گشتی

کار  (خه‌بات)ی ڕاسته‌وخۆ *(Direct Action)
نووسینی: Emile Pouget
و. له‌ فارسییه‌وه‌: هه‌ژێن
به‌شی شه‌شه‌م **

تاوسەندنی نەهامەتی هانده‌ری شۆڕش نییە

ئەنجامگیری سەیر و سەمەرە لە « یاسای ئاسنینی کرێکان» وەرگیراوە. زۆربەی ئەو ئەنجامگیرییانە سەریان لەوێوە دەردەچێ کە ڕوودانی شۆڕش، لە گرەوی ئاڵۆزتربوون و قەیرانیتربوونی ئاسایی بارودۆخەکەیە، کە پێویستی بە هیچ کۆمەكێك یا ئامادەکارییەك لە لایەن خودی کرێکارانیشەوە نییە و بێ گەڕانەوەیە. هاوتەریب بە باوەڕی پشستشکێن بە لەتوانادا نەبوونی تێکشکانی یاسای کرێکان، هەندێك لە خەڵكیش به‌پێی به‌رئەنجامەکانی ئه‌و یاسایه‌، بەوە گەیشتوون کە «زیادبوونی هەژاری»، پروکێنتربوونی ژیان، فشاری خاوەنکارەکان، سەرکوتگەری میری و شتگەلێکی لەم جۆرە، ڕودانی شۆڕش خێراتر دەکەن. کار گەیشتە ئەوەی کە ژمارەیەك تەنانەت بەناوی شۆڕشەوە لە ڕوودانی ئەم شتانە دڵخۆش دەبوون. گەر بمانەوێت بۆچوونی ئەم نالۆژیکیانە پەسەند بکەین، هێزی شۆڕش لە نەهامەتییەوە سەرچاوە وەردەگرێت! بەم پێیە، هەر زیادبوونێك لە هەژاری و بەدبەختی خەڵك و شتی تری لەم جۆرە دەبێت بە بەختیاری بزانین و چاوەڕێی ساتی بەڵێندراو بمێنینەوە.

هەڵەی گەمژانە! قسەی پوچ! تەنیا شتێك کە لە تاوسەندنی نەهامەتی بەدەست دێت (هەرجۆرە نەهامەتییەك بێت)، پڵیشانەوەی هەرچی زیاتری قوربانیانە. هەروەها کەسانێك هەن کە تەنانەت لەم ڕۆژەشدا باوەڕیان بەوەیە. لەبری وتنی قسەی پوچ ئەوەندە بەسە کورتە سەرنجێکی دەوروبەری خۆیان بدەن تاوەکو بابەتەکە بەتەواوی بخەنەلاوە.

چالاکی سەندیکایی کام بەش زیاترە؟ ئەوانەی کە کاتی کاری کەمتر، هاوکات پاش تەواوبوونی ڕۆژکارەکەیان دەتوانن لە ژیانی کۆمەڵایەتی بەهرەمەند بن، کۆبوونەوە بەرپابکەن و لە کاروباری گشتیدا بەشداری بکەن.  لەم بەشانەدا کرێکانیش ئەوەندەش هەن، کە کرێکاران پاش بژاردنی خەرجییەکانی ژیانی ڕۆژانە، هێشتاکە توانای دانی ئابونەی ئەندامەتی و کڕینی ڕۆژنامە و پەرتووکیان هەبێت.

لەو پیشانه‌ (صنف)ی کە کاری دژوارتر و ماوەی کار درێژتر بێ، بارودۆخەکە پێچەوانەیە. کرێکاری ئەم بەشانە کاتێك کە لە بێگاری تواناپروکێنی شوێنیکار ڕزگار ده‌بن، لە ڕووی هۆش و جەستەوە ده‌پروکێن و تەنیا ویستی چوونەوە ماڵ و خواردن و خواردنەوەی چەند قومە ئەلکولێك و خەوتنیان هه‌یه‌، تاوەکو گیان و جەستەی خۆیان لە بیری کاری تواناپروکێن ئازاد بکه‌ن و هەناسەیەك وەبەر بێننەوە. وەها کرێکارێك هیچ کات بیر لە پێکهێنانی سەندیکا، بەشداری لە کۆبوونەوە و شتی تری لەم جۆرە ناکاتەوە. فشارێکی ئاوا بەسەر جەستەی ویدا سەپێنراوە، که‌ مێشکی ماندووی زۆر بە سەختی دەتوانێت کاربکات.

بەمجۆرە دەتوانین چ چاوەڕوانییەکمان لە بەدبەختێك هەبێت کە ڕووبەڕووی سەخترین باری هەژاری و نەداری بوو بێت؟ لەوانەیە ساتێك کە ڕك و توڕەیی لە ڕادەبەدەری بەسەریدا زاڵ بوو بێت، بوێری شۆڕشگێڕانە لە خۆی نیشان بدات … بەڵام ئەو ده‌ستبه‌کاربوونه‌ تەنانەت دووبارە نابێتەوە! هەژاری گشت توانا و گیانی ئازادیخوازانەی وی هەڵڵوشیوە.

ئەم دیمەنانە ( کە هەموو کەسێك دەتوانێت بیانبینێتەوە، یا نموونەی تر لە چوارلای خۆی بدۆزێتەوە) ئەو بۆچوونە گاڵتەجاڕییەی سەرهەڵدانی شۆڕش لە کەڵەکەبوونی نەهامەتی لەسەر نەهامەتی و ستەم لەسەر ستەم، سەراپا ڕەتدەکاتەوە. پێجەوانەکەی دروستە! کەسی لاواز، خۆی داوەته‌ دەست چارەنووسەوە و بە ژیانی بەرتەسكی، کۆیلەتی خۆی دادەڕێژێت. وەها کەسێك بوێری وەستانەوەی لەبەرامبەر ستەمدا نابێت. وی لە خراپتر بوونی بارودۆخەکە دەترسێت، ئەگەر شتێك ڕوو بدات، لە سوچی مالەوە خۆی دەشارێتەوە، بۆ هەر بزووتنەوە و تێکۆشانێك سەر بادەدا؛ دواجار، بەوجۆرەی کە هەیە، لە نەهامەتی خۆیدا دەتلێتەوە. بەڵام کاری کەسێك، کە ژیانێکی بەرفراوانتر و مێشکێکی کراوەتری هەبێت، تەواو پێچەوانەیە. وی چاو دەبڕێتە چاوی بەهرەکێشەکەی و دەزانێت کە ئەویش وەك وی مرۆڤێکی ئاساییە، لەبەر لە هیچ هۆیه‌ك بۆ هێنانەخوارەوەی تەختی ساختەی خاوەنکارەکەی ناپرینگێتەوە.

لەبەر ئەوەیە کە بەرەوپێشچوونی لاوەکی، تەنیا کارایی هێمنکردنەوەیان لەسەر کرێکاران نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، سەرلەنوێ دڵنیابوونەوە و باوەڕبەخۆبوونی زیاتریان پێ دەبەخشێت تاوەکو داخوازی فرەتر بخەنەڕوو و خەباتی خۆیان بەرنە پێشەوە. کەمترین سەرەنجامی ئەم جۆرە بەرەوپێشەوە چوونانە، دروست بەکاربردنی توانای کرێکارییە. گرنگ نییە پارتە ڕامیارییه‌کان بە چ جۆرێك بیانەوێت خەباتەکە دەستەمۆ بکەن، یا بۆرژواکان چ جۆرە ڕامیاریبازییەك بۆ لە نێوەند دەرپەراندنی ڕووبەڕووبوونەوەکان دەست پێ بکەن؛ دەستبەکاربوون و خەبات هەردەم کرێکاران پتەو رادەگرێ و ئەندێشەیان لە لادان دوور ڕادەگرێت. کرێکاران بە کەمکردنەوەی هەژاری ماددی و هزری خۆیان، پێگەیین و هوشیاری چینایەتی بەدەست دێنن. لە جاران هەستیارتر دەبن، بزێوتر و هەڵسوڕاوتر لە بەرامبەر بەهرەکێشدا دەوەستنەوە. بۆ لەنێوبردنی لێبڕاوتر دەبن. بەم جۆرە بە زیادبوونی هوشیاری و دیتنی ئەزموونی زۆری بەکردەوە، تێگەیشتنێکی ڕوونتریان لە ناکۆکی سازش وەرنەگری نێوان بەرژەوەندی خۆیان و چینی سەرمایەدار بەدەست دێنن.

بەڵام ئەم بەرەوپێشەوە چوونە لاوەکیانە، هەرچەندە لامان گرنگ بن، هێشتاکەش ناتوانن شوێنی شۆڕش بگرنەوە، بۆ لە توانادابوونی بەدەستهێنانی ئامانجی ئازادی، هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی پێویستە و هەمیشەش هەر ئەوە پێویستە.

لە ڕاستیدا، تەنانەت بە گریمانی ئەوەی کە بڕی سودی سەرمایە تا ڕادەیەکی زۆر کەم بێتەوە و بەشێك لە کارکردە زیانبەخشەکانی دەوڵەتیش وەلابنرێن، هێشتاکە دوورە کە لێسەندنەوەی ئەم بەرتەرییانە (امتیازات) بتوانن سەرمایەداری و میری بەتەواوی وەلابنرێن. هیچکام لەوانە پەیوەندییە بنەڕەتییەکان ناگۆڕن: هێشتاکەش لەلایەکەوە کرێگرتان- موچەخۆران-ی ژێردەست لە ئارادا دەبن و لەلایەکی ترەوە سەروەران و فەرمانڕەوایان مشه‌ ده‌خۆن.

ئاشکرایە کە دەستکەوتە لاوەکییەکان ( گرنگ نییە چەندە گەورەیان بزانین، تەنانەت ئەگەر توانیبێتیان تا ڕادەیەکی زۆر بەرتەری چینی باڵا کەم بکه‌نەوە) ناتوانن کاراییەکی ڕوخێنەریان لەسەر پەیوەندییە ئابووری و ڕامیارییەکان ( پەیوەندی نێوان سەرمایه‌دار و کرێکار، ڕابەر و رابەرێکراو، فه‌رمانده‌ر و فه‌رمانبه‌ر) هەبێت. بەم پێیە فەرمانبەری کرێکار بۆ سەرمایە و دەوڵەت لە جێی خۆیاندا دەمێننەوە. بەم پێیە، گرفتی کۆمەڵایەتی، وەك هەر سەردەمێکی تر، خۆی دەردەخاتەوە و «سەنگەربەندی» جیاکەرەوەی بەرهەمهێنەران لە مشەخۆرانێك کە خۆێنیان دەمژن، کەمترین شوێنگۆرگێ بە خۆوە نابینێت.

گرنگ نییە ماوەی کار چەندە کەم بێتەوە، گرنگ نییە بڕی کرێی کار چەندە زیاد بکات، گرنگ نییە کارخانە لە ڕووی تەندروستی و شتگەلی لەو جۆرەوە چەندە لەبار بێت… تا کاتێك کە پەیوەندەی خاوەنکار- کرێکرتە و فەرمانڕەوا- فەرمانبەر بمێنێت، کۆمەڵگە بەسەر دوو چینی دژ بە یەكدا دابەش دەبێت. هەروەها بە چوونەسەرەوەی هوشیاری و هێزی چینی بەهرەکێشکراو و ستەمدیدە و دەرکی ڕۆشنیان لە گرنگی ڕێوشوێنیان لە کۆمەڵدا، خەباتیش قوڵتر و بەرفراوانتر دەبێت. بەم پێیە، چینی کرێکار، چەندی بەرەوپێشەوە بچێت و چەندە فێربێت، بەهێزتر لە جاران دەست بۆ وەلانانی بەرتەرییە مشەخۆرییەکانی بەرامبەرەکەی، دەبات.

خەبات تا لەنێوبردنی پەرژینەکانی دۆزەخ بەردەوام دەبێت! ئەو ڕۆژە دێتە پێشەوە کە چینی کرێکار، ئامادە و جۆشخواردوو بۆ دوا جەنگ، پتەو لە ڕوووبەڕووبوونەوە بەردەوام و ڕۆتینەکاندا لە دژی دوژمنی چینایەتی، ئەوەندە بەهێز بووبێت، هێرشی یەکجارەکی ڕێکبخات و ئەمە شێوازی لووتکەیی کاری  ڕاستەوخۆ دەبێت.

کەواتە با کورتی بکەینەوە، لێکۆڵینەوەی وردی دیاردە کۆمەلایەتییەکان بوار دەدات، کە ڕووی خۆمان لەو تێڕوانینە زۆرگه‌را(جبرگرایی)یانه‌ کە تێکۆشان بێسوود نیشان دەدەن، وەرگێڕین و ئەم پەندەی، کە بەختەوەری بێچەندوچوون و بێتێکۆشانی مە به‌رهه‌می  ڕۆژه‌ دژوار و بەرگە نەگرەکانه‌، بخەینەلاوە. بەپێچەوانەوە، تێگەیشتنی ڕۆشنبینانەی ئەم دیاردەیە، سەرەنجامێکی تەواو جیاواز دەخاتەروو: فێر دەبین کە پێشکەتنە سەپێنراوەکان بەسەر بۆرژوازی و باشتربوونی بەرەبەرەی بارودۆخی کرێکاران، کە بەسەر خاوەنکارەکاندا دەسەپێنرێت، مەشخەڵەکانی شۆڕش بڵندتر دەکه‌نەوە. بەم جۆرە فێر دەبین بەو جۆرەی کە ژیانبخشە، بەهەمان شێوه‌ خه‌بات سروشبەخش دەبێت.

دەسەلات و توندوتیژی

کاری  ڕاسته‌خۆ، کە دەرکەوتنی هێز و توانای کرێکارە، بەپێی هەلومەرج و بارودۆخ، لە شێوەی جۆراوجۆردا خۆی نیشان دەدات، کە بۆی هەیە زۆر لەسەرخۆ یا توندوتیژ بێت. ئەم بابەتە بەتەواوی پەیوەندی بە پێداویستی ئەو ساتەوە هەیە، که‌ ئه‌و خه‌باته‌ تێیدا سه‌ر هه‌ڵده‌دات.

بەم پێیە، کاری  ڕاسته‌خۆ شێوەیەکی تایبەتی نییە. هەندێك کەس، کە تێگەیشتنێکی زۆر ڕواڵەتییان لە پرسەکە هەیە، وەك کاری بەکۆمەڵی کەسانێکی سەرخۆش باسی لێوە دەکەن. وەها تێڕوانینێك نیشانەی کورتبینی ئەو کەسانەیە بەرامبەر کردەییبوونی توانایی پرۆلیتێری. ئەم تێڕوانینە، کاری  ڕاسته‌خۆ کەم تا زۆر بە کاردانەوەیەکی بێ بەرنامە نیشان دەدات؛ چاوپۆشی لە کرۆکەکەی کە بەنرخترین شتگەلێك دەگرێتەوە، دەکات؛ لەبیر دەکات کە ئەم دروشمە، سیمبولی شۆڕشی کرێکارییە.

کاری  ڕاستەوخۆ، کەوتنەگەری هێزی کرێکارانە بۆ ئامانجی سوودبەخش: هێزێکە کە مامانی بۆ لەدایکبوونی یاسایەکی نوێ دەکات؛ پاگه‌نده‌ی په‌یڕه‌وی مافی کۆمه‌ڵ ده‌کات.

لە پشت هەر بزووتنەوە و کارێك، هێز و دەسەڵاتێك هەیە و بە پێی پێداویستی خاڵی لوتکەیی ئەویشە. ژیان بەرهەمی کارکردی هێزەکانە و بێجگە لە هێز تەنیا لەبیرکراوی بوونی هەیە. لە نەبوونی هێزدا، هیچ شتێك دەرناکەوێت، هیچ شتێك نابێتە کەتوار.

دوژمنە چینایەتییەکانی ئێمە، بۆ ئەوەی چاومان ببەستن، بەردەوام دەڵێنەوە کە دادپەروەری دروست و پایەدار پێویستی بە پەنابردن بۆ هێز نییە. درۆودەلەسەکانی بەهرەکێشان بۆ خەڵك! لە نەبوونی هێزدا، دادپەروەری لە درۆ و گاڵتەجاری بەولاوەتر نییە. دیتنی پەژاراوییانەی خەڵك بە درێژایی سەدەکانی ڕابوردوو، گەواهی ئەم ئەندێشەیە ده‌ده‌ن: تەنیا بەڵگەی مردنی ئەوان، خزمەتکردنی دەسەلات بوو بە پلەوپایەی ڕێڕەوی یا ڕابەرانی سکیولار، کە خەڵكیان لەژێر پێیاندا دەپڵیشاندەوە. بەلام لە هەموو شوێنێك گشت ئەم توندوتیژییانە بەنێوی گریمانەی دادپەروەرییەوە ڕوویان دەدا. ئەو دادپەروەرییەی کە ئەوان دەیڵێن، بێجگە لە نادادوەری بێبەزەییانە، شتێکی تر نییە و ئەم ڕەوتە هێشتاکەش بەردەوامە!

بۆ خوێندنه‌وه‌ی به‌شه‌کانی تر، کلیکی ئه‌م به‌سته‌رانه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌ن:
به‌شی یه‌که‌م

به‌شی دووه‌م

به‌شی سێیه‌م

به‌شی چواره‌م

به‌شی پێنجه‌م

*****************************************************************************************
*  (Direct Action)  كه‌ به‌ واتای كاری ڕاسته‌وخۆ دێت و له‌ فارسی و عه‌ره‌بیشدا هه‌ر وا نووسراوه‌، به‌ڵام له‌ كوردییه‌كه‌دا كه‌متر ئه‌و واتایه‌ ده‌به‌خشێت،  هه‌ڵسورانی ڕاسته‌وخۆ، چالاكی ڕاسته‌خۆ و خه‌باتی ڕاسته‌وخۆ واتابه‌خشتر دێنه‌ به‌گوێ.

ساڵی 1994 له‌لایه‌ن گروپی (Fresnes-Antony) (گروپی فیدراسیۆنی ئه‌ناركیستانی فه‌ره‌نسه)ه‌وه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌. http://cgecaf.com/mot515.html و ساڵی 1999 له‌ لایه‌ن «Kate Sharpley Library» وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر ئینگلیزی و دواتر له‌ سایتی ئه‌نارکۆ- سه‌ندیکالیزم 101، بڵاوکراوه‌ته‌وه‌
سه‌رچاوه‌ی بڵاوکراوه‌ی ئینگلیزییه‌که‌ی
http://www.anarchosyndicalism.net/newswire/display_any/200
ژیاننامه‌ و نووسینه‌كانی نووسه‌ر:   
http://www.anarchosyndicalism.net/protagonists/pouget.htm

سه‌رچاوه‌ی وه‌رگێڕانه‌ فارسییه‌كه‌ی :                   http://cnt-ait.info/rubrique.php3?id_rubrique=114

** خوێنه‌رانی هێژا، پاش به‌راوردکردنی وه‌رگێرانه‌ فارسییه‌که‌ له‌ته‌ك سه‌رچاوه‌ فه‌ره‌نسییه‌که‌ی و وه‌رگێرانه‌ ئینگلیزییه‌که‌ی بۆم ده‌رکه‌وت، که‌ سێ بابه‌تی کۆتایی (Minority versus majority، Ineluctable violence، Illusory palliatives ) وه‌ر نه‌گێڕدراوته‌ سه‌ر فارسی، به‌پێی توانا  هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌ داهاتوودا به‌ وه‌رگیرانی ئه‌و سێ بابه‌ته‌ی کۆتایی هه‌ستم.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.