Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
کۆبونەوەکەی نێوان گۆڕان و یەکێتی

کۆبونەوەکەی نێوان گۆڕان و یەکێتی

Closed
by May 25, 2012 گشتی

 
هەر جارێک گۆڕان و یەکیتی کوبوبێتنەوە، یەکێتی مەرامێکی بەو کۆبونەوانە هەبووە، مەرامێک نەک بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخەکەیان لەگەڵ گۆڕان وەک دوو هێزی سیاسی جیاواز، بەڵکو مەرام بەو مانایەی یەکێتی ویستویەتی گۆڕان بەکاربهێنێت بۆ دەستکەوتێکی سیاسی چوارچێوەدار یان کورسییەکی دەسەڵات، بۆ ئەمەش دوو نمونەی بەرجەستەبومان لەبەردەستدایە، یەکێکیان کۆبونەوەکی یەکێتی بوو لەگەڵ گۆڕان لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق( بۆ بەدەستهێنانی چەند وەزارەتێک)، دووەم، دانیشتن لەسەروەختی ١٧ ی شوباتدا بوو، ئەو کاتەی یەکێتی دەیویست بەهەر نرخێک بێت بارودۆخەکە هێمن ببێتەوە.

لە ئێستاشدا جموجۆڵێک کەوتۆتە نێوان یەکێتی و گۆڕان، کە سەرەتاکەی بە کۆبونەوەیەکی نێوانیان دەستی پێکرد و ( وەک هەردوولا جەختی لەسەردەکەنەوە) پێدەچێت کۆبونەوەی تری بەدوادابێت و لیژنە بۆ ئاساییکردنەوەی نێوانیان دروستدەکەن.
ئەوەی کە دەشێت وەک گریمانە وەربگیرێت، ئەوەیە، کە ئەم کۆبونەوەیە و کۆبونەوەکانی بە دواداچونی تریش هەر لەسەر خواستی یەکیتی بێت، بەڵام ئایا گۆڕان دەتوانێت تا چەند وریایانە کۆبونەوە لەگەڵ یەکێتی بەکاربهێنێت بۆ قازانجی سیاسی خۆی و چۆن دەتوانێت سوودمەدن بێت؟ وە ئایا مەرامی ئەمجارەی یەکیتی بۆ کۆبونەوە لەگەڵ گۆڕان چییە؟ ئەمە دووسەرکیترین پرسیارە کە دەشێت گریمانە سیاسییەکان وەڵامی بدەنەوە، بە تایبەتی تر پرسیاری دووەم.
ئەوەی بە ئاشکرا بە یەکێتییەوە دیارە، شپرزەییەکی سیاسییە، لەلایەکەوە تا دێت تەمەنی مام جەلال بەرەو هەڵکشان دەڕوات، بە نەمانی مام جەلالیش هەموو ئەگەرەکان کراوەن لە پەیوەند بە یەکیتییەوە، هەر لە پەرتەوازەبوون و بەش بەش بوون تا دەگات بە چونە ناو گۆڕان یان یەکگرتنەوەیان. بۆیە پێدەچێت سەرکردایەتی یەکێتی بیەوێت لە ئیستاوە ئامادەکاری بکەن بۆ قۆناغی دوای مام جەلال، بۆ ئەم ئەگەرەش، تەنها کەس کە کلیلی گرێکانی ئەو هاوکێشەیە، خودی نەوشیروان مستەفا و سەرکردە کۆنەکانی یەکێتین، ئەمە دەشێت یەکێک بێت لە ئەگەرەکان کە پەیوەندە بە خودی ناوخۆی یەکێتییەوە.
ئەگەری دووەم پەیوەندی بە یەکێتیەوە هەیە لەسەر ناوچەی سەوز، لەمەشدا یەکیتی هەست بەوە دەکات کە خەریکە بچوکبونەوەی دەبێتە ئەمری واقیع، لە ماوەی ڕابردوودا کەوتۆتە ناو کۆمەڵێک کێشەوە ( لێدانی ئاسۆس هەردی، خنکاندنی قایمقام) کە وادەکات یەکێتی دەیەوێت بەرهەرنرخێک بێت لەگەڵ گۆران ئاشتەوایی بکات، چونکە کارتە سیاسییەکانی گۆڕان گەلێکن، کە بیەوێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دژ بەیەکیتی بەکاریان بهێنێت، بۆیە پێدەچێت یەکیتی لە ئێستاوە هەوڵ بدات تا دەتوانێت بارگرژییەکانی لەگەڵ گۆراندا کەمبکاتەوە، هەڵبەت ئەمە لە کاتی لاوازی یەکیتییدا، بەڵام هەر کات و ساتێک یەکیتی هیزو توانایی هەبێت، ئامادەیە دەست بخاتە ناو دەستی شەیتان بۆ تۆڵەکردنەوە لەو گورزەی کە گۆران لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٠ دا لە یەکیتیدا و یەکیتی پەرت پەرتکرد.
هەر لەسەر ئاستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، هیچ کاتێک بە ئەندازەی ئیستا هەست بە جیاوازییەکانی یەکیتی و پارتی ناکرێت، دووری بۆچون و جیاوازی هێڵی ئەم دوو هێزە تا بێت بەرفراوانتر دەبێت و لە ئیستاشدا بەئاشکرا پێیانەوە دیارە، بۆیە یەکیتی دەیەوێت پارتی بە نزیکبوونەوە لە گۆران بترسێنێت و بیەوێت پارتی ملکەچ بکات بۆ داواکارییەکانی.
 
ئەگەر لەسەر ئاستی دەرەوەشدا سەیربکەین و بەتایبەتی بمانەوێت لە نەخشەی سیاسی عیراق تێبگەین، ئەوا لە ئێستادا عێراق ئاسۆیەکی نادیار چاوەڕێیەتی، هەرچەندە ئێران ئامادەگییەکی تەواوی هەیە لە عێراقدا و نزیکە لە مالکی و  هەردوو یەکیتی و گۆرانەوە، بەڵام خەتی تورکیا، عەلاوی و پارتی بە هیزترن و بەرەو ئەوە دەچێت ئەمان براوەی گەمەکە بن لە عێراقدا، ئەگەر ئەم خەتەش بردیەوە، ئەوا مالکی دەبێتە مێژوو، ئەو کاتە پارتیش بەو شێوەیەی ئیستا پشتگیری یەکیتی ناکات لە بەغداد و تۆڵەی ئەم کێبڕکێیەی ئیستای لێدەکاتەوە، بۆیە یەکتیی لە ئێستاوە دەیەوێت گۆڕان بکاتە پشتوپەنای خۆی بۆ ئەگەرێکی لەو جۆرە.
ئەگەر ئەمانە بە شیوەیەکی کاتی مەرامی یەکیتی بن بۆ نزیکبونەوە لە گۆڕان، بەڵام گۆران چیدەکات و چۆن سود لەمە دەبێنێت؟
بە هەموو دیوەکاندا پێناچیت گۆران سوودمەند بیت لەو پەیوەندییەی لەگەڵ یەکیتی، وە ئەمە خۆکوشتنێکی سیاسییە گۆڕان دەیکات، چونکە لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم، یەکیتی خۆی ناخوازێت پاکسازی بکات و هەر ڕۆژەی دەلاقەیەکی تێدەبێت ( بەشیک لە ڕێشەی ئەو کێشانەبوو وایکرد کە سەرکردایەتی ئیستای گۆڕان لە یەکێتی بێنە دەرەوە)، وە بەشێکی زۆری دەنگدەرانی گۆڕان لەبەر ئەوەی ئەنتی یەکێتی بوون بۆیە دەنگیان داوە بە گۆڕان، بۆیە هەر نزیکبونەوەیەکی یەکیتی و گۆڕان، واتا لە دەستدانی ئەو دەنگە ناڕازییانە، ئەمەش گۆڕان بەرەو هەلوەراندن دەبات.
ئەگەر قسە لەسەر کێشەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان بێت، ئەوا خودی خیتابی گۆڕان لە ڕابردوودا ئەوەی پێوتوین، کە بەشێکی زۆری کێشەکان بەهۆی کەمتەرخەمی سیاسەتی یەکێتی و پارتییەوە بووە، پارە و دەسەڵات و نەوت بونەتە هۆی بە ئاڕاستەبردنی کێشەکان و گەیاندنی بەم ئاستەی ئیستا، کەواتە لەمەشدا تاکە زەرەرمەند گۆڕان دەبێت و وەک گیسکەکەی لیدیت، تەنها بۆ ترساندنی لایەنەکانی تری عێراق بەکاردەهینرێت، هەر کە تەپوتۆزی کێشەکانیش نیشتنەوە، ئیتر دژایەتی گۆڕان دەست پیدەکاتەوە.


ئاری ئەبوبەکر

Arei1976@hotmail.com
لە ژمارە ٣٢٦ ی ڕۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوکراوەتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.