Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
گوندی ئەڵمانی و شاری مۆزەمبیقی

گوندی ئەڵمانی و شاری مۆزەمبیقی

Closed
by July 24, 2008 گشتی

   نازانم بۆ وا زوو "شاری خەونەكان" كەوتە خەو و نەیتوانی خەونەكان بە تەواوی ببینێ، هەرچۆنێ بێ من دڵم بەو شوێنە خۆش نییە كە لە نزیك ئەو شارەیە و لەسەر تابلۆیەكی گەورەی بەردەمی نووسراوە "خۆشترین كیلۆمەتری چوار گۆشە لە عێراق"، تكایە پەلەم لێ مەكەن، مەڵێن كەسێكە حەزی لە پێشكەوتن و خۆشی ولاتەكەی نییە، كێ بێ حەزی لەوە نەبێ شارەكەی، وڵاتەكەی جوان بێ و پێشكەوێ، من لەبەر پێشكەوتن و ئەو جۆرە شتانەم نییە، بەڵكو لەبەر ئەوەمە كە دەزانم ئەم شوێنە تەنها بۆ پیاوە گەورە پارەدارەكان دروست كراوە و ئێمە نایبینین، ئەوەی ئێمە دەیبینین كرێچییەكان و ئەو كەسانەن كە ناتوانن بە داهاتەكانیان كرێی خانووەكانیان بدەن، بۆیە دەبێ هەریەكە و دوو ئیش یان زیاتر بكات، ئیشێكیان بۆ كرێی خانوو، ئەوانی دیكەش بۆ هەموو پێداویستییەكانی دیكەی ژیان، كەوابێ شاری خەون و ئەڤرۆستی و نازستی و نازانم كێندەرستی بە من چی؟
 نازانم گوندەكانی ئەڵمانیا و كەنەدا و ئیتاڵیا كەوتوونەتە كوێوەی ئەم دونیایە، بەڵام دەزانم خۆشن و گرنگیان زۆر پێ دەدرێت. شارەكانی "مۆزەمبیق"یشم نەبینیوە، بەڵام دەزانم ناخۆشن و خەڵكی ئەوێ بێكارن و زۆربەی گەنجەكانیان دەچنە "زیمبابۆی" و وڵاتانی دیكەی ئەم دەوروبەرە بۆ كاركردن، جگە لەمەش لە شارەكانی "مۆزەمبیق" هەژاری زۆرە و نەخۆشی زۆر بڵاو دەبێتەوە.
 ئەم قسانەم بۆ ئەوەیە كە بڵێم لە كوردستان گوندی ئەڵمانی و ئیتاڵی و كەنەدی و… دروست دەكرێن، بەڵام بەشێكی شارەكانی لە شارەكانی "مۆزەمبیق" دەچێت. بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و ئاوی پیس و 15 هەزار منداڵی ئیشكەر و (وەكو لە ئامارەكەی رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان هاتبوو) راكردنی گەنجان بۆ دەرەوە و… ئەدی مۆزەمبیقیش هەر ئەوها نییە برالە؟!
 دڵنیام ئەم گوندە ئەڵمانی و ئیتاڵی و كەنەدی و مەنەدییانە چارەسەری كەمی نیشتەجێبوون و كرێچیاتی ناكەن. لەوەش دڵنیام كە شوێنێك لەم گوندانە دروست نەكراوە بۆ فڕێدانی پاشماوە و زبڵ و پیسی، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ كە ئەگەر پاشماوە و زبڵەكانیان زیادی كرد لای خۆیان چارەسەری ناكەن و دەینێرنە شارەكانی ئێمە، دەشزانم ئەو گوندانە بۆ ئەوە دروست نەكراون تا كشتوكاڵیان تێدا بكرێت، بۆ ئەوەی چیتر خەیار و تەماتە و كەرەوز و تەڕەتوولە لە دەرەوە نەهێنین. كەواتە تەنها بۆ خۆشی هەندێ كەس دروستكراوە و تەنها زبڵەكەی بۆ ئێمەیە، لەگەڵ ئەوەش پێم ناخۆش نییە ئەم گوندانە هەبێ. با هەبێ بەڵام بەو مەرجەی چارەیەكیش لەم خەڵكە داماوەی تر بكەن، هەر هیچ نەبێ با گەڕەكە هەژارەكانیش دەستێكیان تێوەر بدرێ و ئەوەندەش خواردنی ئێكسپایەرمان بۆ نەیەت. تۆزێكیش چاو لەسەر ئەو گوندە ئیستیرادنە هەڵگرن، تەماشای گوندە داماواكانی خۆمان بكەن كە خەریكە چۆل دەبن..

 sangarzrary@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.