Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
گوینتەر گراس بە شیعرێکی لاواز هەرایەکی بەهێز دەنێتەوە

گوینتەر گراس بە شیعرێکی لاواز هەرایەکی بەهێز دەنێتەوە

Closed

 

ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ، کە مێژووی ئەدەبی ئەڵمانی ، پڕیەتی لە شاعیری مەزن و ناودار ، لەوانە ” گۆتە ، شیلەر، برێخت ، هاینریش هاینە،،،” وە زۆری تر. شۆرەتی ئەم شاعیرە مەزنانەی ئەڵمانیاش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ، کە بنووسی شیعری مەزن و پڕ واتا و مەعریفەت بوون. ئەمرۆ لە تەواوی جیهاندا ” فاوستی” گۆتە ناسراوەو ، بۆ چەندین زمان وەرگێڕاوە. بوونی ئەم شاعیرە مەزنانە ، وایکردووە کە ئەدەبی ئەڵمانی ، هەنگاوی زیاتر لە چاو ئەدەبی گەلانی تری جیهان بهاوێت.
بەڵام ئەمە یەکەمینجارە لە مێژووی ئەدەبی ئەڵمانیدا ، شیعرێکی لاواز ، بتوانێت نیقاشێکی گەورە و هەرایەکی مەزن بنێتەوە.
گوینتەر گراس ، رۆماننووس و شاعیری ئەڵمانی و وەرگری خەڵاتی نۆبڵ، هەفتەی پێشوو شیعرێکی بەناوی ( چی دەبێت بگووترێت )نووسی. شیعرەکە شیعرێکی سیاسییە ، تێیدا رەخنەی توندی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. پاشان بە ناراستەوخۆش بەرگری لە رژێمی فاشیستی ئێران کردووە.
ئەم شیعرە لە رۆژنامەی ( زیود دۆیتچە تسایتوونگی ) ئەڵمانی بڵاوبوویەوە. لەپاش بڵاوبوونەوەی ئەم شیعرە، هەموو میدیای ئەڵمانی ، سەرقاڵی ئەم شیعرە بوون.  سەرەتا نووسەر و رۆژنامەنووسەکان ، رەخنە و قسەوباسی زۆریان لەم بارەیەوە کرد، تا مەسەلەکە گەورەبوو ، سیاسیی و پیاوانی دەوڵەتیش تەداخولی ئەم نیقاشە بوون.
گوینتەر ڤێستەڤێڵە ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ، زۆر بەتوندی رەخنەی لە گراس گرت و ، بەرگری لە ئیسرائیل کرد. ڤێتسەڤێلە گووتی: ( نابێت ئیسرائیل وەکو ئێران سەیربکرێت 1). 
نووسەر و رەخنەگری گەورەی ئەڵمانی مارسێل ڕایش رانسکی گووتی : ( ئەمە گەورەترین هیچ وپووچییە شتێکی ئاوا بڵاوبکەیەتەوە. پاشان ئەمە  هێرشێکە بۆ سەر هەموو جوولەکەکان. پاشان ئەمە گەورەترین شێتییە ، چونکە ئێران لە زاری سەرۆکەکەیەوە دەیەوێت ئیسرائیل لەناوبەرێت.2) .
هێلموت کراسێک کە ئەویش رەخنەگر و نووسەرێکی گەورەی ئەڵمانیاییە، لە رۆژنامەی ( دی ڤێڵت ) رەخنەی توندی لە گراس گرت و گووتی : ( ئەم شیعرە لە ڕووی میتۆد وناوەرۆک و شێوازەوە زۆر لاوازە ، تەنانەت لە ڕووی سیاسیشەوە زۆر لاوازە . ئەمە هیچ لەشیعری نووسەرێکی 85 ساڵە ، کە وەرگری خەڵاتی نۆبڵە ناچێت. بەڵام وادیارە  گوینتەر گراس دەیەوێت ، جارێکی ترپرووپاگەندەی هەڵبژاردن بۆ حیزبەکەی  بکات.3)
جێگای ئاماژەیە ، شیعرەکە لە ڕووی زمان و شێواز و ناوەرۆکەوە ، هەر زۆر لاوازە . هەر دەڵێیت کابرایەکی جنێوفرۆشی هەرزەکاری عەرەب نووسیویەتی. بەڕاستی ئەمە لاوازترین شیعری ئەڵمانییە کەلە مێژوودا  نووسرابێت.  بەڵام گوینتەر گراس ، فێرە هەرجارەو هەرایەکی گەورە بە ناڕەوا  بنێتەوە.  جێگای گووتنە گراس لە زۆربەی نووسینەکانیدا ، زۆر دژی ئیسرائیل دەنووسێت ، پێش چەند ساڵێک لەمەوپێشیش  بەئاشکرا دانی پێدا نا ، کە ئەندامی سووپا دڕندەکەی ئێس ئێس نازی بووە.  ماوەیەک لەمەو پێشیش ، داوای ئەو زەوییانەی دەکرد ، کەلە پاش جەنگی دووەمی جیهانی دراون بە وڵاتی پۆلۆنیاو، بەمەش دەیوویست دووبەرەکی لەنێوان پۆلۆنیا و ئەڵمانیا بنێتەوە. هەروەها لە نووسینەکانیدا هیچ باسی ئەو چەتەگەرییەی نەدەکرد ، کەئەڵمانیا بەرامبەر بەگەلی قارەمانی  پۆلۆنی کردیان.
 گراس پیربووە و ماوەیەکی زۆرە هیچ بەرهەمێکی جددی نەماوە، بۆیە زوو زوو بەم هەرایانە دەیەوێت بەرگری لەناوی خۆی بکات و ، بەرامبەر نووسەرە گەنجەکان بوەستێتەوە.
بەداخەوە زۆرێک لەلای خۆمان دڵیان بەم نووسەرە خۆش بوو، وەکو دۆستێکی کورد دایان دەنا. بەڵام لەڕاستیدا وانییە. ڕاستە گراس کاتێک کە هیلمەت کۆڵ لەسەر کار بوو ، رەخنەی لە چەک فرۆشتن بە تورکیا دەکرد، بەڵام کاتێک حیزبەکەی هاتە سەر کار ، هەزاران تانک و زرێپۆش  و چەکی مۆدێرنی بە تورکیا فرۆشت ، گراس نوطقی نەکرد. وا بۆ ماوەی چەندین ساڵە ، بە شێوەیەکی دڕندانە حکومەتی تورکیای فاشیست کەوتۆتە گەلی کورد، بەڵام گراس نەک رەخنە ناگرێت ، بەڵکە بە شان وباڵی حکومەتی تورکیادا هەڵدەدات و بۆتە یەکەمین دۆستیان بۆ هاتنە ناو یەکێتی ئوروپا.
گراس دەڵێت ، ئێمە بەرامبەر بە گەلی جوولەکە هیچ تاوانبار نین و هەروەها هیچ بەرپرسیاریەتێکی مێژووییمان بەرامبەر بە ئیسرائیل نییە.
جێگای ئاماژەیە  ئەڵمانەکان  ملیۆنەها جوولەکەی ئوروپایان بە دڕندەترین شێوە لەناوبرد و، ئەوەشی کەمایەوە ، وەکو ئاژەڵ فڕێدرانە سەحرای عەرەبییەوەو لە ئوروپا دەریانکردن. 
ئەوەی ماوەتە بیڵێم ، گەر ئەم شیعرە هەر کەسێکی تر بینووسیایە ، ئەوا هیچ دەزگایەکی چاپ و رۆژنامەیەک بڵاوی نەدەکردەوە، چونکە لە ڕووی ناوەرۆک و شێوازەوە زۆر لاوازە، بەڵام لە ئەڵمانیاش وەکو ئێرە ناوی گەورە رۆڵی هەیە. کورد ووتەنی زۆرجاریش ناوی زل و دێی وێرانە.

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

سەرچاوە:

Debatte über umstrittenes Gedicht. www. Spiegel . de . 08.04.2012                                  -1
Marcel Reich-Ranicki attackiert Grass. www.faz.net. 07.04.2012                                                            -2
Hellmuth Karasek. Vielleicht will Grass ja wieder Wahlkampf führen. www. Welt.de.05.04.2012. -3

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.