Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
گەندەڵنووسى!…….نورى بێخاڵى

گەندەڵنووسى!…….نورى بێخاڵى

Closed
by November 24, 2008 گشتی

 گەندەڵنووسى!
 نورى بێخاڵى
 زۆرجار دەگەمە ئەو بڕوایەى ئەگەر دەستبەردارى نووسین بم و واز لە كارى رۆژنامەنووسى بێنم و خۆم خەریكى كەسابەتێكى رۆژانە بكەم، زۆر باشتر و پڕ قازانج و بىَ سەر ئێشەترە، چونكە هەست دەكەم چیدى لەم وڵاتە نووسین فریاى چارەسەرى كێشەكان ناكەوىَ، بەو پێیەى كەس نییە گوىَ لە راز و گلەییەكانت بگرىَ و بۆ ساتێكیش بیر لە خەم و ژانى ئەو خەڵكە بكاتەوە، چ جاى زۆرێك لەوانەى بە نووسین بەرگرى لە مافەكانیان دەكەیت، كە گڵۆڵەت كەوتە لێژى، ئەوەى قسەى خێرە بۆت نابێژن. وەكو تریش بەعزىَ بۆرە سوار هەن وبە سەد دەست ماچ كردن كورسیەكى بەرپرسێتى چنگ كەوتووە، بابایەتى هەر زوو خودى خۆى و خزم و خوێش و خانەوادەكەى پڕ بكات و چش لە میللەت، گاڵتەجاڕیش ئەوەیە دواجار سكاڵاى من و تۆ و خەڵك و هەموومان دەچێتەوە سەر مێز و پێش دەستى ئەو زاتە، جا وەرە (رێوى سەرچۆپى قەل و مریشكى لە دەست بێت، دەبىَ گۆڤەندەكە بباتە كام كون؟!).
 بەلزاك دەڵىَ "یاساكان وەك تەونى جاڵجاڵۆكە وان، مێشى بچووك پێیانەوە دەبىَ و گەورەكانیش لێى دەرباز دەبن"، بۆیە ئەو قسەیەى (بەلزاك)م هێناوەتەوە، چونكە 1000% و زیاتریش لەو مەملەكەتەى ئێمە واقیعەكە وایە، سەیر كەن شوفێرێكى تەكسى لە لایەكى شەقام وەستاوە بۆ كرێیەك، هەر زوو وەسڵێك دەخەنە بەر فڵچە و راوى شوفێرەكەى دەنێن، لەولاش هەرچى وەنەوشە و هەمەر و شەبەح هەیە رستیان بەستووە و كەس ناتوانىَ نزیكیشیان كەوێت و بە فوو تۆزى سەریان بماڵىَ، چ جاى ئەوەى وەسڵى بۆ دابنێن..لەسەر شەڕە شەقى دوو مناڵ مەحزەر و مەحزەر كارى دەكرێتەوە و كابرا پێستى گیانى دەچىَ تا لە دادگا دەربازى دەبىَ، كەچى زەلام هەیە سوپەر پیاو و ژنكوژە و مێش میوانى نییە..لە سەر جنێوێك یان زللەیەك (كە شێوازێكى پەروەردەیى نییە) قوتابى و باوكى، مامۆستا دەدەنە دادگا و راگەیاندنیش دەیكاتە رۆژى حەشر، بەڵام زۆرجار مامۆستایەك لەلایەن قوتابى تێر جنێو و لەلایەن باوكى قوتابى تێر شەق كراوە كەسیش باسى نەكردووە و لەوە زیاتریش گوتویانە، ئاساییە زۆرجار برا و برا، باوك و كوڕیش بەشەڕ دێن، با براى گەورە و باوكەكە سنگ فراوان بن.. مێرمناڵێك لەسەر گرامێك حەشیشە دەگیرىَ زیندانى تا هەتایەى بۆ دەبڕدرێتەوە، بەڵام بابایەك بە كیلۆ تلیاكى لىَ دەگیرىَ پێنج و دوو رۆژێك لە ژوورێك دەمێنێتەوە و دواتر موعەززەز موكەڕەم ئازاد دەكرىَ..كەسێك هەر لە تەجاوز كردنە سەر موڵكى حكومەت تا دەگاتە كارى بەدڕەوشتى ئەنجام دەدات، تەنها لەبەر ئەوەى بە حیسابى عەشایەرى، ریش سپى و پێگەیەكى كۆمەڵایەتى هەیە خەڵك و خوا بۆى دەنوزێنەوە، بەڵام هەرزەكارێك بە رێكەوت تخونى ماكەرێك كەوتووە لێى دەكەنە هەڵڵا..خێزانە هەژارێك، دایكە شەهیدێك، بێوەژنێكى ئەنفالى مناڵ بێسەرپەرشت بە خێر و سەدەقە كۆڵیتێك بە ناشارەزایى لە زەویێك قیت دەكاتەوە هەرچى شۆفڵ و حەففارە و مەفرەزە خاسەى بیكەیسى بە سەر پشتى پیكابى (لیژنەى نەهێشتنى تەجاووووز!)ـە دەچن بەسەریدا دەڕوخێنن، بانێكە و دوو هەوا وەك ئەوەى خانوو و كۆشك و باڵاخانەى بەعزىَ مەسول و گەندەڵى پێداو، ماڵى خوا و وەقف بن، باباكانى (لیژنەى تەجاوووس!) نایانبینن و بە قودرەتى قادر هەر لەوێ شۆفڵ و حەففارەكانیان پەنجەر دەبن، لەوەش وێرانتر بەعزىَ تەیرى نامەعقولى ناو راگەیاندن ئەو هەڵمەتە وەك دەسكەوت و سەروەرى یاسا دەكەنە مانشێت..كەسێك بۆ خۆى و بىَ ئەوەى زیانى بۆ كەس هەبێت لە دوورى ئاوەدانى پێكێك عەرەق نۆش دەكات، با ئەو كەسە پیاوى باش و خێرخوازیش بێت، هەرچى عەبدى خوایە لام و لۆمەى دەكەن،  بەڵام كەسێك گوایە ئیماندارە و بیست و چوار سەعاتى خوا بەرماڵى لەسەر شانە و هەر دەمى بە ئایەت و حەدیس دەكاتەوە، كەچى لەسەر گەندەڵى پف بووە، هێشتاش لەو وڵاتە هەر ئەو كەسە نەجیبزادەیە، رەنگە خەڵك و هەندىَ گەندە مەنسولیش هەبن، پاكانە بۆ رەفتار و هەڵسوكەوتەكانى بكەن و بەرگرى لىَ بكەن، كوڕ هەیە دەیناسم بە هەژارى و نەدارى تا خۆى پێگەیاند و خوێندى تفڵى گیانى خۆى و خێزانەكەى چوو، بەڵام بۆ دوو نمرە لە كۆى گشتى نمرەكانى فرێدرایە شوێنێكى نا بەدڵى خۆى، هەشیانە رەنگە بڕوانامەى ناوەندى نەبووبىَ و بە ساختە بەخشراوى ئامادەیى بووبىَ و بە نەخوێندەوارى خۆی و و بە قبول خاس و شتى لەو بابەتە بۆتە مافپەروەر یان یاساناس!!
 لەناو هەموو ئەو گەرەلاوژىَ و سەرلێشێوان و تێكەڵ و پێكەڵیەدا، كە جیاكردنەوەى باش لە خراپ و دڵسۆز لە ناپاك زۆر ئەستەم بووە، كۆمەڵىَ ئینشانووس و فەریكە بەناو رۆژنامەنووس دێن و نموونەكانى یەكەم زەق دەكەنەوە و ئەوانەى دووەمیش نابینن و زاتى ناوبردنیان ناكەن، ئیتر گەندەڵى لەوە زیاتر چى، ئاخر گەندەڵى دواجار بەكارهێنانى تواناى ماددى و دەسەڵاتە بۆ بەرژەوەندى تایبەتى و لە سەر حیسابى بەرژەوەندى گشتى، ئەوەتا خەریكە راگەیاندنیش بە جۆرێك لە جۆرەكان تواناى رەمزى و دەسەڵاتى وشە بەكار دەبات و دۆ و دۆشاو بۆ مەراییكردن تێكەڵ دەكات، ئیتر خۆشبەختى بە حاڵى ئەو پەندەى دەڵىَ "خەڵك ئەگەر شێت بوو دەچنە سەر ئۆمەرمەندان، ئەى ئەگەر ئەو شێت بوو روو بكاتە كوىَ؟"، بێگومان ئەمێستاش لەهەر كات زیاتر، كە خەڵك پێویستى بەوەیە راگەیاندن و كاراكتەرەكانى پەردە لەسەر ناعەدالەتى و نایەكسانى و گەندەڵى هەڵبدەنەوە، كەچى خەریكە نێوەندەكە بە شێوەیەك لە شێوەكان تا گوێچكە دەكەوێتە نیفاق و ریا و گەندەڵى!!
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.