Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
گەندەڵى نیشتیمانى دیموكراتى كوردستان ,حیزبێكى نوێ!!…عومەر جەلال

گەندەڵى نیشتیمانى دیموكراتى كوردستان ,حیزبێكى نوێ!!…عومەر جەلال

Closed
by January 27, 2008 گشتی

 چەمكى گەندەڵى رۆچووەتە نێو هەموو دەزگا هەستیارو حیزبیەكانەوە ,گەندەڵى وەك بوونى حیزبێكى نوێ رۆچووەتە نێو پەرلەمانەوەو گەراى داناوە, ئیدى نازانین مووچەكەى چەندە.
 گەندەڵى لەسەرەوەڕا هاتووەتە نێو پەروەردەو زانكۆكانەوە,هەموو رۆژنامە سەربەخۆكان بە تایبەت (هاوڵاتى و ئاوێنە) كە دوو رۆژنامەى پڕ فرۆشترین و زۆرترین خوێنەرن هەمیشە قەرزدارى ئەم حیزبەن كە ئەگەر بوونى نەبایە هەرگیزاو هەرگیز بەو ئەندازە خوێنەرى نەدەبوو ,گەندەڵى بەدەیان ئەندامى پەرلەمانى كاراى هەیە چەندین وەزیرى هەیە كە بە نهێنى ئەندامى ئەم حیزبە نوێیەن چ جاى ئەوەى هەزاران ئەندامى حیزبەكانیان هەیە لە بەرێوەبەرى گشتیەوە تا دەگاتە فەرمانبەرێكى سادە كە ئەندامەو رۆژ لە پاش رۆژ لەوە نزیك دەبێتەوە كە ببێتە ئەندامى مەكتەب سیاسی,لەوەش بترازێت رۆژنامەنووس هەیە لەم حیزبە نوێیە كار دەكات مەبەست لە حیزبیى (گەندەڵى نیشتیمانى دیموكراتى كوردستان)ە هەزاران ئەندامى تێدا هەیە ئیش لەسەر تڕۆكردنى هەردوو پارتە سەرەكییەكەى كوردستان دەكەن (یەكێتى و پارتى) لە پشت ئارمى ئەو حیزبانەوە خۆیان ئاوێتەى ئەم حیزبە نهێنیە دەكەن كە ئەگەرى هەیە رۆژێك دابێت داواى ئەوە بكەن لە كۆمەڵانى خەڵك دەنگیان پێبدەن بۆ هەڵبژاردن,ئەوەتا حیزبى ( گەندەڵى نیشتیمانى دیموكراتی كوردستان) لە هەوڵى ئەوەدایە رۆژنامە و بارەگاى خۆى هەبێت لە كوردستاندا , هەرچەندە ماوەیەكە لە لایەن سەركردایەتى یەكێك لە حیزبەكانەوە هەڕەشەى ئەوە دەكرێت ئەندامانى ئەم حیزبە نوێیە (حیزبی گەندەلى نیشتیمانى دیموكراتی كوردستان) بدرێنە دادگا و لێپێچیەنەوەیان لەسەر بكرێت ,ئەم حیزبە لەسەرەتاى درووست بوونیەوە زیاتر بە نهێنى كارى كردووە وەك حیزبەكانى دیكەى كوردستان .
 ئەوەى ئەم حیزبە نوێیە جودا دەكاتەوە لەو حیزبانەى دى دروستكردنى ئەندامە لەناو حیزبەكانى دیكەدا بۆ وێنە زۆرى ئەوانەى كە ئیش لەسەر گەندەڵى دەكەن هەوڵى فراوان كردنى ئەم دیاردەیە دەدەن كاتێك كە ئاشكرا دەبن هەم لەناو حیزبەكانى دیكە گەورە دەبنەوەو پلەكانیان زیاد دەكرێت بەدەر لەوەى كە دەبوو سزا بدرێن بە پێچەوانەوە پۆستەكانیان قەشەنگتر دەكات ,خودى ئەم حیزبە زۆر جار دەیەوێت وەك حكومەتێكى نیمچە فیدراڵ خۆى بناسێنێت لە هەوڵى ئەودایە كابینەیەكى نوێ پێك بهێنێت و سەرۆكى تایبەتى خۆى هەبێت كە كێشە نەبێت لە نێوان باڵەكانى.
 هەرچەندە نابێت ئەوە لەیاد بكەین ئەم حیزبە(گەندەڵى نیشتیمانى دیموكراتى كوردستان )  ئاوێتەى هەردوو حیزبی (یەكێتى نیشتیمانى كوردستان و پارتى دیموكراتى كرودستان) ە هەرچەندە تیشكى چەندین حیزبی دیكەى بەركەوتووە بە تایبەت حیزبە ئیسلامیەكان بەڵام كەمتر ئەندامیان لەم حیزبە نوێیەدا هەبووە چونكە زۆرینەى ئەم ئیسلامیە سیاسیانە هێند غەمى ئاینەكەیانە بەو ئەندازەیە هزریان لاى گەندەڵى نەبووە یان بەمانایەكى دى كەمتر حیزبە سەرەكییەكان رێگایان داوە  لە داهات و سامانى حكومەت  نزیك ببنەوە, من دڵنیام ئەگەر ئەو داهاتەى ئەم دوو حیزبە سەرەكییە كە كەس نازانێت چەندە و چى لێ دێت ئەگەر لاى ئەو حیزبانەى دى بووایە هەنوكە بەسەدەها ئەندامیان دەبوو لە حیزبە نوێكەى كوردستان .
 نابێت ئەوە لە یاد بكەین ئەگەرى هەیە ئەم حیزبە نوێیە (گەندەڵى نیشتیمانى دیموكراتی كوردستان ) رۆژێك دابێت سەركەوێت بە سەر ئەم كابینە نوێیەى حكومەتدا ئەگەر چارەسەرێكى بەپەلە نەدۆزنەوە بۆ بنبڕكردن و دزەكردنى ئەندامەكانیان لە بەشداربوونیان لەم حیزبە نوێیەدا,دامەزراندنى حیزبێكى وەك حیزبی (گەندەڵى نیشتیمانى دیموكراتى كوردستان) زیانێكى زۆرى دەبێت لە كوردستان لەم ساتە هەستیار و ناسكەدا كە هەرێمى كوردستان گوزەر دەكات پێیدا هەرچەندە لەسەرەتاى دامەزراندنیەوە حیزبەكان ئاگادارى بوونە بەڵام خۆیان بێئاگا كردووە .
 
 
omerjelal@yahoo.com
 
 ————————-
 لە هەفتەنامەى هاوڵاتى ژمارە (391) ى رۆژى 27/1/2008 بڵاوبووەتەوە
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.