Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
گەڕانەوەى من لە جەنگێكى بێهودە…..عومەر جەلال

گەڕانەوەى من لە جەنگێكى بێهودە…..عومەر جەلال

Closed
by December 8, 2008 ئەدەب

 گەڕانەوەى من لە جەنگێكى بێهودە
   عومەر جەلال

 
 
 دەگەڕێمەوە لە گۆنسێرتى گۆرانییەكى وەڕس
 لە ئاهەنگى لەدایك بوونى مردن
 لە پرسەى سێوێكى بێكەس
 لەخەندەى بەجێماوى ژووانێك
 دەگەڕێمەوە
 بۆنى نەمرى باخچەكە جێدەهێڵم
 لە ژماردنى شوێن پێكانت دەبمەوە
 لە رامانى سرووشت دادەبڕێم
 بە پریاسكەیەك برینى (با) ەوە
 بە پەیكەرى تۆپەڵە بەفرێكى تۆوە
 بە كتێبێك پر لە سێبەر
 بە كۆڵەپشتێك لە تریفەى مانگ
 دەگەرێمەوە نێو ژیانێكى سانا
 تۆزى كتێبەكان لە خۆم دەتەكێنم
 خوێنى جەنگەڵەكان لە خۆم دەكەمەوە
 بە رەنگێكى خاكى
 ئاوێنە شكاوەكەى یادەوەریم دەسڕمەوە
 تەماشاى ئەو وێنە ترسناكانە دەكەم لەتەك پوچێتى گرتم
 بەشەرمەوە لەو وێنانە رادەمێنم بۆنى دۆزەخییان لێدێت
 دەچمەوە پۆلى خاك
 سەرلەنوێ دەبمەوە قوتابییەكى شەرمن
 دەگەڕێمەوە ماڵ
 دایكم چۆن  جیًهێشت لە ساتى نوێژكردندا
 بەهەمان ئەندازە دەیبینمەوە
 لەسەر بەرماڵەكە لە خوا دەپارێتەوە من بپارێزێت
 منێك پارچەبوو بە تامى ژیان
 رەشبینتر لە رۆژێكى تیشك گیراو
 غەمگینتر لە ئێوارەیەكى تاریك
 دەگەڕێمەوە پاش ئەو هەموو جەنگە
 جەنگى من لە تەك هەموو شتەكان
 چەندین جار مردم و زیندوبوومەوە
 بە بێ دڵ دەگەڕێمەوە
 دەستێك دەبەخشم بە سواڵكەرێك
 دەستێكى دى بە ئیماندارێك بۆ پاڕانەوە
 چاوێكم بۆ نابینایەك
 چاوێكى دى بە خوێنەرى عاشقێكى تەنیا دەبەخشم
 پێیەكم بە دیارى دەنێرم  بۆ مانگ
 هیچ نەبێت سەردانى زەوى بكات
 پێكەى دی بۆ ئەو شەهیدەى
 لە جەنگێكدا بە بێ پێ گەڕایەوە
 دەگەرێمەوە لەتەك ئەو بەفرەى
 بەشەرمەوە دڵى سپى خۆى دەكاتەوە
 هێدى هێدى دەستى باران دەگرم و
 بەرگم لەگەڵا درووست دەكەم
  ساتێك دەگەرێمەوە
 تەنیا گوڵ بەدەرەوە بێت
 كۆڵان چۆڵ وەك ئاوێنەیەكى نوێ و
 دەرگا ئاوى بێت وەك خۆم
 دەگەرێمەوە
 كەس نەمبینێت جگە لە (با)
 كەس بەخێرهاتنەوەم نەكات جگە لە خۆم
 دەگەرێمەوە لە سەركەوتنى شكستى جەنگێكى بێهودە
 تارمایى ئایندەیەك رۆ دەكەمە زەوى
 پشت لە مردن دەكەم و
 پەپولەیەكى پایزە دەكەمە هاوڕێم
 ژیانى لە پێناسەى گوڵێكدا بۆ دەخوێنمەوە
 دەگەڕێمەوە بە بەرگێكى نامۆ
 بە جلێكى دڕاو وەك رۆحم
 بە كۆلارەیەكى منداڵانەوە دەگەڕێمەوە
 رابردووى خۆم دەكەمە دەریاوە
 تەنیا بۆ ماسییە ناسكەكان هەیە بیخوێننەوە
 دەگەرێمەوە
 ساتێك دەگەرێمەوە
 نەكەس  دەناسم و كەسیش نامناسێتەوە
 دەگەرێمەوە
 ساتێك دەگەرێمەوە
 شار چۆڵ و شەقام بێكەس و
 گەڕەكەكەیشمان خنكاو لە خوێنى یادەوەرى
 دەگەرێمەوە
 لە جەنگێك بێهودە تر لە ژیان 
 
 omerjelal@yahoo.com
 
 
 
  
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.