Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
گەڕانەوە بۆ نیشتمان

گەڕانەوە بۆ نیشتمان

Closed
by March 28, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت پێناسێک بۆ نیشتیمان بکه‌م، ئه‌ویش به قووتکردنه‌وه‌ی پرسیارێک نیشتیمان چییه؟ وه‌ڵام: نیشتیمان بریتییه له چێوه‌یه‌ک، که تێیدا مرۆڤ په‌یوه‌ندیی نێوان خۆی و چێوه‌که‌ی تێدا بنیات ده‌نێت. ئه‌م په‌یوه‌ندییه بناغه‌ی خۆی به پله‌ی یه‌که‌م له‌سه‌ر زه‌ویی  په‌یڤ داده‌نێت، ئینجا کۆمه‌ڵ پاشان شوێن. په‌یڤ به هاوکاریی شوێن و کۆمه‌ڵ نیشتیمان دروستده‌کات، به‌ڵام په‌یڤ، شوێن و کۆمه‌ڵ هه‌مانکات هۆکار نین بۆ گه‌ڕانه‌وه. هه‌روه‌کوو چلۆن په‌یڤ، شوێن کۆمه‌ڵ هۆکاری ڕۆیشتن نین. ئێمه له‌پێش و له پاش ڕاپه‌ڕیینی به‌هاری ١٩٩١ نیشتیمانمان به‌جێهێشتووه، لێ په‌یڤ و شوێن و کۆمه‌ڵ هۆکاری به‌جێهێشتنه‌که‌مان نه‌بووه، به‌ڵکوو نادڵنیایی ژیان پاڵنه‌ری یه‌که‌م و سه‌ره‌کیی به‌جێهێشتنی نیشتیمانمان بووه. هه‌نووکه دوای چه‌ندیین ساڵ ژیان له دڵنیایی کۆمه‌ڵایه‌تییدا، تاکی کورد سه‌رله‌نوێ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نیشتیمان، پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه بۆچیی؟ وه‌ڵامی تاک به خۆشه‌ویستیی نیشتیمان ده‌ستپێده‌کات، به‌ڵام ئایا تاک نیشتیمانی خۆی خۆشده‌وێت؟ ئه‌گه‌ر به‌ڵێ: چلۆن توانی له‌پێش و له‌پاش ڕاپه‌ڕیین به‌جێیبهێڵێت؟ قووتکردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره بۆ بریندارکردنی هه‌ستی تاک نییه، به‌ڵکوو بۆ گه‌یشتنه به ڕاستیی ڕاسته‌قینه‌ی به‌جێهێشتنی نیشتیمان و گه‌ڕانه‌وه بۆ نیشتیمانه. گه‌یشتن به ڕاستیی ڕاسته‌قینه‌ی باسێکی ئاوها پێویستی به ئه‌نالیزه‌یه‌کی ده‌روونیی و فه‌لسه‌فیی هه‌یه. مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکه، که ته‌نها خۆی خۆشده‌وێت، کردنی هه‌رشتێک له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه ته‌نها و ته‌نها بۆ به‌خته‌وه‌رکردنی خۆیه‌تی و چیدی نا. مرۆڤ به مرۆڤێکی تر ده‌ڵێ: خۆشمده‌وێیت. لێره‌دا مرۆڤ درۆیه‌کی گه‌وره له‌گه‌ڵ خۆیدا و ئینجا له‌گه‌ڵ به‌رانبه‌ره‌که‌شیدا ده‌کات، به‌ڵام مرۆڤ به گشتیی فێربووه، که ئه‌م درۆیه به‌خته‌وه‌ری بکات، که‌واته پێتده‌ڵێم: خۆشمده‌وێیت، به‌خته‌وه‌ر و دڵنیام، که پێمده‌ڵێیت خۆشمده‌وێیت. مرۆڤ مرۆڤێکی تر به‌خته‌وه‌ر ده‌کات، که‌واته ده‌توانێت بڵێت: تۆ ئه‌و که‌سه‌ی، که به‌خته‌وه‌رمده‌که‌یت. کاتێک مرۆڤێک، مرۆڤێکی تر به‌خته‌وه‌رده‌کات، ئه‌وا مرۆڤی یه‌که‌م ئاماده‌یه هه‌موو شت له‌پێناویدا بکات، چونکه مرۆڤی دووهه‌م چاوگه‌ی به‌خته‌وه‌رکردنی ئه‌مه. به‌ڵام کاتێک مرۆڤی دووهه‌م، یه‌که‌م به‌خته‌وه‌رناکات، ئاماده‌ی ئه‌وه‌ نییه، هیچ شتێک له‌پێناویدا بکات. دوو ئاشقی گه‌وره دوای چه‌ند ساڵێک له‌یه‌کتریی جیاده‌بنه‌وه، چونکه یه‌کێکیان چیدی ئه‌وی تریان به‌خته‌وه‌ر ناکات، به‌بێگوێپێدانه ئه‌وه‌ی، که یه‌کێکیان ئه‌وی تریان هێشتا به چاوگه‌ی به‌خته‌وه‌ریی خۆی ده‌زانێت. برونۆ مارس له گۆرانیی “It Will Rain” ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر ویستت به‌جێمبهێڵیت ئه‌زیزم، ئه‌وا هه‌ندێک مۆرفین له‌به‌ر ده‌رگاکه‌مدا به‌جێبهێڵه، چونکه پێویستم به مێدیسینێکی زۆره، هه‌تا تێبگه‌م له‌وه‌ی، که چیمان هه‌بوو پێکه‌وه و ئێستاش چیدی نیمانه.

If you ever leave me baby, 

leave some morphine at my door, 

Cuz it would take a whole lot of medication, 

To realise what we used to have it 

but we don’t have it anymore. 

مرۆڤی دووهه‌م توانای به‌رگه‌گرتنی له‌وێنه‌بوونی مرۆڤی یه‌که‌می نییه، چونکه مرۆڤی یه‌که‌م چاوگه‌ی هێزه له‌بننه‌هاتووه‌کانی ئه‌وه‌. په‌سه‌ندنه‌کردنی جێهێشتن لێره‌دا پێ له‌سه‌ر هه‌بوونی تێکچوونی که‌سایه‌تیی داده‌گرێت. نووسیینیش له‌سه‌ر تێکچوونێکی پاتۆلۆگییانه‌ی که‌سایه‌تیی وه‌ک بۆرده‌رڵاین، نارسیست، لێره‌دا دوورمده‌خاته‌وه له باسه‌که، هه‌ربۆیه لێیده‌گه‌ڕێم.

کێشه‌ی مرۆڤ به گشتیی ئه‌وه‌یه، که پێناسێکی لۆگیکانه‌ی خۆی چ وه‌ک مرۆڤ و چ وه‌‌ک بوونه‌وه‌رێکی زیندوو پێنییه. مرۆڤ بریتییه له ڕۆحێک له ئه‌نه‌رگییه‌ک، که توانای چ پێدانی ئه‌نه‌رگیی و چ وه‌رگرتنیشی هه‌یه. به واتایه‌کی تر به وه‌رگرتنی ئه‌نه‌رگیی ده‌ژیی. ڕۆژانه شه‌ق له به‌ردهه‌ڵده‌ده‌ین و ته‌نها به بوونێکی بێ گیان و ڕه‌ق ته‌ماشای ده‌که‌ین، به‌ڵام به‌رد وه‌ک ئێمه‌ی مرۆڤ خاوه‌نی ڕۆحه. ڕۆژانه ئاو به‌کارده‌هێنین و به‌فیڕۆی ده‌ده‌ین و پێمانوایه ته‌نها بوونێکه وه‌ک پێویستیی ژیان پێویستمانه، به‌ڵام ئاو هه‌مانشێوه خاوه‌نی ڕۆحه.

خانوویه‌ک ته‌نها دیوار و سه‌قف نییه، که له سه‌رما و گه‌رما و ته‌ڕبوون ده‌مانپارێزێت، به‌ڵکوو خانوویه‌ک خاوه‌نی به‌رده، خاوه‌نی زه‌وییه، که‌واته کۆیه‌ک ڕۆحه. ڕۆح هه‌میشه له به‌ستنی په‌یوه‌ندییدایه له‌گه‌ڵ ڕۆحی تردا، ئامانج  تێیدا به‌هێزکردنی خۆیه‌تی، پاراستنی خۆیه‌تی له به‌تاڵبوون. مرۆڤ به‌شێکه له زه‌ویی، کارکردنێکه “Funktion” له کارکردنێکی “Funktion” گه‌وره‌دا. زه‌ویی بیرده‌کاته‌وه و مرۆڤیش له‌گه‌ڵیدا. زه‌ویی کارکردنێکی‌ گه‌وره‌‌یه و مرۆڤیش وه‌ک هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌کانی تری سه‌ر زه‌ویی خاوه‌نی کارکردنه له‌ناو ئه‌م کارکردنه گه‌وره‌یه‌دا. 

چه‌ند ساڵێکه سه‌رنجی گه‌ڕانه‌وه‌ی تاکی کورد ده‌ده‌م، به‌شێکیان وه‌ک سه‌ره‌تای هاتنه‌ده‌ره‌وه‌یان خاوه‌نی هه‌مان فاکتۆرن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان ئه‌ویش دڵنیاییه. لێره له ئه‌وروپا، ئه‌مێریکا، ئاوستورالیا ..هتد. هیچ مه‌ترسییه‌کیان له‌سه‌ر نییه، به‌ڵام ئه‌و دڵنیاییه‌‌ی ژیان، که له کوردستان هه‌یانه، لێره له ده‌ره‌وه‌ی وڵات نیانه. بۆ نموونه، به‌شێکیان خاوه‌نی کچن و به‌پێی یاسا کۆمه‌ڵایه‌تییه کوردییه‌کان له هه‌نده‌ران ده‌ژین و خاوه‌نی ئه‌و دڵنیاییه کۆمه‌ڵایه‌تییه کوردییه‌ نین لێره، هه‌ربۆیه ده‌گه‌ڕێنه‌وه. هه‌ندێکیان له‌به‌ر قه‌رزاریی و بێکاریی ده‌گه‌ڕێنه‌وه، که هه‌موو ئه‌مانه پابه‌ندن به دڵنیاییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌‌کانه‌وه. هه‌ندێکیان وه‌ک نووسه‌ر ویستیانه بگه‌نه لوتکه، ناوبانگیان هه‌بێت، له هه‌نده‌راندا دڵنیانین له گه‌یشتن به ناوبانگ، هه‌ربۆیه ئه‌و دڵنیاییه له کوردستاندا ده‌دۆزنه‌وه.

ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه، کاتێک نووسه‌ران ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ کوردستان به خۆشه‌ویستیی نیشتیمان و کوردایه‌تیی چ ڕایده‌گه‌یه‌نن و چ میدیاکانیش بۆیان ده‌گوێزنه‌وه. بۆ نموونه نووسه‌رێک ده‌ڵێ: دوای چه‌ندیین ساڵ بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌کجاره‌کییمدا، گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و شوێنه‌ی، که لێی له‌دایکبووم. نووسه‌ر ده‌ڵێ: چه‌ندیین ساڵه شه‌به‌قێکی ڕۆحیی گه‌وره‌م تێدا دروستبووه، نامه‌وێت له تابووتدا بگه‌ڕێمه‌وه نیشتیمانه‌که‌م، به‌ڵکوو ده‌مه‌وێت زیندوو بێمه‌وه، ئه‌مه وڵاتی هه‌موانه، پێویسته هه‌موومان له دروستکردنه‌وه‌یدا به‌شداربین.

نووسه‌ر ڕاستده‌کات، که کێشه‌یه‌کی ڕۆحیی هه‌یه، لێ نازانێت بۆچیی. نووسه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سلێمانیی چونکه له‌وێ ئاسووده‌یه، به‌ڵام نازانێت بۆچیی؟ نووسه‌ر ده‌ڵێ: له‌هه‌رکوێیه‌کی ئه‌م نیشتیمانه بژییم گرنگ نییه بۆ من، چونکه ماڵی هه‌موانه. لێره‌دا نووسه‌ر چ ڕاست ناکات و چ ناشزانێت بۆچیی؟! نووسه‌ر ده‌توانێت له زاخۆ بژیی، به‌ڵام هه‌ر هه‌ست به نامۆیی ده‌کات، نووسه‌ر ده‌توانێت له هه‌ولێر یان له خانه‌قین بژیی، به‌ڵام هه‌ر هه‌ست به نامۆیی ده‌کات. به ده‌ربڕیینێکی شاعیرانه: نووسه‌ر تینوێتیی له سلێمانیی ده‌شکێت. چونه نووسه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کی ڕۆحیی به ماڵی خۆیانه‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندییه‌کی ڕۆحیی به سلێمانییه‌وه هه‌یه. وزه‌ی ڕۆحیی نووسه‌ر خاکی سلێمانییه، ئاوی سلێمانییه. نووسه‌ر خزمایه‌تیی ڕۆحیی له‌گه‌ڵ زاخۆ و خانه‌قین و هه‌ولێردا نییه، به‌ڵکوو له‌گه‌ڵ سلێمانییدا هه‌یه‌تی، چونکه سلێمانیی به‌شێکه له سروشتی ئه‌و. نووسه‌ر کورده، که‌چیی به دیالێکتی خانه‌قینیی، بادینیی، هه‌ولێریی ناپه‌یڤێ، چونکه سروشتی ئه‌و نین. نووسه‌ر وه‌ک خانه‌قینییه‌ک، که‌رکووکییه‌ک، هه‌ولێرییه‌ک یاخوود بادینییه‌ک بیرناکاته‌وه و ناژیی چونکه ئه‌و جۆره بیرکردنه‌وانه سروشتی ئه‌و نین. نووسه‌ر ده‌شێت مامه‌ڵه‌یه‌‌ک، بیرکردنه‌وه‌یه‌ک، وشه‌یه‌ک بکات به ئۆبیه‌کتی بیرکردنه‌وه، نووسین یان ژیانی خۆی، به‌ڵام هه‌رگیز سروشتی ئه‌و نابن. هه‌رچییه‌ک ‌نووسه‌ر له هه‌نده‌رانه‌وه، ئه‌مێریکاوه، ئاوستورالیاوه له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناویه‌تییه‌وه بۆ سلێمانیی ئۆبیه‌کتی ژیانی ئه‌ون نه‌ک سروشتی ئه‌و. ده‌توانیت پشیله‌یه‌ک فێربکه‌یت، که مشک و باڵنده‌ نه‌خوات، به‌ڵام نه‌خواردنی ئه‌م بوونه‌وه‌رانه له‌لایه‌ن پشیله‌وه سروشتی پشیله‌ نین.

مرۆڤ په‌یوه‌ندییه‌‌کی به‌هێزی ڕۆحیی له‌نێوان خۆی و خاکدا دروستده‌کات، دوورکه‌وتنه‌وه لێی کارێکی سانا نابێت، هه‌روه‌کوو چلۆن لێکردنه‌وه‌ی پارچه‌یه‌کی جه‌سته کارێکی سانا نییه و تووشی ئازارێکی زۆرمان ده‌کات ئاوهاش دوورکه‌وتنه‌وه له خاک کارێکی سانا نییه و تووشی ئازارێکی زۆرمان ده‌کات. ئه‌وه به‌ته‌نها بیرکردنی خێزان و هاوڕێکانمان نییه، که غه‌مبار و بێهێزمان ده‌که‌ن، به‌ڵکوو بچڕانی په‌یوه‌ندیی نێوان مرڤ و ڕۆحه‌کانی تره وه‌ک خاک و ئاو. سه‌مه‌ره نییه ئه‌گه‌ر بێتوو گوێمان له که‌سێک بێت، بڵێت: ده‌مه‌وێت له‌م خانووه‌دا بمرم، ئه‌م خانووه چه‌ند ناخۆشیش بێت بۆ من به‌هه‌شته و ناتوانم لێی جیاببمه‌وه. ده‌مه‌وێت له‌م شاره‌دا بمرم …هتد. ئه‌م مرۆڤه ڕاستده‌کات، چونکه په‌یوه‌ندییه‌کی به‌هێزی له‌گه‌ڵ ڕۆحی خانووه‌که‌دا هه‌یه. به‌رد بوونه‌وه‌رێکه، خاک بوونه‌وه‌رێکه توانای هه‌ڵگرتنی ژیانمانی له خۆیدا هه‌یه وه‌ک “ڕووداوه‌کانی ژیانی ڕۆژانه، قسه‌کردن …هتد.”. هه‌ر ئێمه به ته‌نها نا، به‌ڵکوو ته‌واوی ئه‌و بوونه‌وه‌رانه‌ی له‌و خانووه‌وه نزیکن، به باڵنده و ئاژه‌ڵ و هه‌موو بوونه‌وه‌رێکی بینراو و نه‌بینراوه‌وه.

ئه‌وه ترسی مرۆڤێک نییه له مردن له ترافیه‌دا، به‌ڵکوو ترسی به‌رگه‌نه‌گرتنی ئه‌و ئازاره ڕۆحییه‌یه له ترافیه‌وه ده‌یهێنێته‌وه بۆ سلێمانیی، هه‌ولێر، که‌رکووک …هتد. نووسه‌رێکی خانه‌قینیی له خانه‌قیین ده‌ژیی، که‌رکووکیی له که‌رکووک، سلێمانیی له سلێمانیی و …هتد. تاکی کوردی ته‌ندروست ئه‌و تاکه‌یه، که پێناسێکی ناسیۆنالیستانه‌ی نیشتیمان ناکات، چونکه نیشتیمان جواگرافیایه‌کی ناسیۆناڵیستییانه نییه، به‌ڵکوو چێوه‌یه‌که، که په‌یوه‌ندیی نێوان خۆی و ئه‌وی تێدا دروستکردووه. مرۆڤی ته‌ندروست به‌ته‌نها ماڵئاوایی له هاوڕێکان و خزمه‌کانی ناکات، به‌ڵکوو له‌و سروشته‌شی ده‌کات، که تێیدا ژیاوه، چونکه ته‌نها به‌وشێوه‌یه ده‌توانێت چ په‌یوه‌ندییه‌کی ڕۆحیی به سروشته‌که‌یه‌وه هه‌بێت و چ تووشی ئازاری ڕۆحییش نه‌بێت.

هێزی ڕاکێشانی ڕۆحیی به‌هێزتریین هێزی ژیانه، که توانای ڕاکێشانمانی له دووریی هه‌زاران کیلۆمه‌تره‌وه هه‌یه. مرۆڤ خاک و ئاو و نیشتیمانی خۆی خۆشناوێت، به‌ڵکوو خودی خۆی خۆشده‌وێت و ئاماده نییه له ئازاردا بژیی، هه‌ربۆیه هه‌وڵی به‌خته‌وه‌رکردنی خۆی ده‌دات. مرۆڤ دوای چه‌ند ساڵێک له نیشتیمانی دایکدا ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌وروپا، هه‌مانشێوه له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌موو ئه‌و فاکتۆرانه‌ی، که پێشتر قسه‌م له‌سه‌ر‌کرد. مرۆڤ له  ترافیه‌‌شدا په‌یوه‌ندیی ڕۆحیی دروستده‌کات، که هه‌رئاوها ئاسان ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری بێت. باڵنده ناگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و شوێنه‌ی لێی له‌دایکبووه، به‌ڵکوو هێزی ڕاکێشان ده‌یهێنێته‌وه. وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌‌ندێک باڵنده هاوینه‌ن و به‌رگه‌ی سه‌رما ناگرن، به‌ڵام ده‌شێت باڵنده‌یه‌ک له ئه‌ڵمانیادا له‌دایکبووبێت و خۆیشی باڵنده‌ی گه‌رما بێت. به‌ڵام سه‌رمای زستان فاکتۆرێکی گه‌وره‌یه بۆ ڕه‌وپێکردنی بۆ شوێنێکی گه‌رم، که ئه‌و پێشتر هه‌رگیز نه‌یدیوه. ده‌شێت نه‌وه‌کانی ئه‌و له گه‌رمای ئاوستورالیادا له‌دایکببن و هه‌مانشێوه له سه‌رمای زستاندا بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌ڵمانیا یان بچنه وڵاتێکی گه‌رمی تر.

وێڕای ژیانی ده‌یان ساڵه له هه‌نده‌ران، به‌شێکی زۆری کورد له سلێمانییدا ڕوو ده‌که‌نه ئه‌زمه‌ڕ و به‌خته‌وه‌ر ده‌بن، ده‌چنه ده‌نگه ده‌نگی چایخانه‌ی شه‌عبه‌وه و به‌خته‌وه‌ر ده‌بن. ئاسکیمۆییه‌کان، که دێنه ئه‌وروپا به‌شێکی زۆریان تووشی هۆسپیتاڵیسمووس ده‌بن و ده‌مرن یان به په‌له ده‌گه‌ڕێنه‌وه ئاسکیمۆ. به‌فر هه‌مانشێوه ڕۆحه، ئێکسیستێنسی ئه‌و ئێکسیستێنسی مرۆڤه‌کانی ئاسکیمۆیه. به‌بێ به‌فر ورچی به‌فر به‌خته‌وه‌ر ناژیی.

تاکه شتێک له ژیانی مرۆڤدا، که ئه‌رک بێت له‌سه‌ری ئه‌وه‌یه، که به‌خته‌وه‌ربێت. که‌واته له ئاوستورالیاوه یان له ئه‌وروپاوه هاتنه‌وه بۆ کوردستان له‌پێناوی به‌خته‌وه‌رییدا شیاوی هه‌موو پاڵپشتییه‌که، لێ هه‌رگیز پاڵپشتی ئه‌وه ناکه‌م، که هاتنه‌وه بۆ کوردستان به نیشتیمانپه‌روه‌ریی و خۆشویستنی نیشتیمان پێناسبکرێت. هه‌روه‌کوو چلۆن پشتگیریی ئه‌و خوێندکاره کوردانه‌ی ئه‌وروپا ناکه‌م، که کاری کۆتایی خوێندنیان له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال ده‌نووسن و به نیشتیمانپه‌روه‌ریی و کوردایه‌تیی پێناسیده‌که‌ن.

نیشتیمانی من زه‌وییه، من به‌شێکم له زه‌ویی له هه‌رکوێیه‌ک بژییم له‌ناو دڵی نیشتیمانی خۆمدام، چونکه ته‌نها به‌وشێوه‌یه ده‌توانم چ ته‌ندروست بژییم و چ تووشی کێشه‌ی ناسیۆناڵیستانه و ڕاسیستانه نه‌بم.

پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێریین، مرۆڤێکی ساده و ساکار، خوێندکارێک …هتد. هه‌موو ئه‌مانه نیشتیمانی خۆیان خۆشده‌وێت، ئینجا له هه‌نده‌ران بژیین یان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ کوردستان. له ئه‌مێریکا و ئاوستورالیا و که‌نه‌دا بژیین یان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ کوردستان. به‌جێهێشتن و گه‌ڕانه‌وه بۆ کوردستان ڕووداوێکی تایبه‌ت و ئیندیڤیدوێله. ئازادییه‌کی ئیندیڤیدوێله. نه به‌جێهێشتنی کوردستان ترسنۆکییه نه گه‌ڕانه‌وه بۆی نیشتیمانپه‌روه‌رانه‌یه. نووسه‌ری کورد، ده‌بێت شه‌رم له خۆی بکات، که گه‌ڕانه‌وه‌ی به نیشتیمانپه‌روه‌ریی پێناسبکات. مرۆڤ ئازاده بمێنێته‌وه یان بڕوات، مرۆڤ ئازاده نه‌خۆش بێت یان نه‌خۆش نه‌بێت. ده‌شێت ئازادیی نه‌خۆشیی هێشتا له‌ناو ئێمه‌دا تێڕوانینێکی نامۆ بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مرۆڤێک لویه‌کی گه‌وره له‌نێوچه‌وانی هاتبێت، به هه‌بوونی ئازار و نه‌بوونیه‌وه، ئازاده ئه‌و لووه به نێوچه‌وانیه‌وه بهێڵێته‌وه یان لێیبکاته‌وه. ئه‌و کێشه‌ی له‌گه‌ڵ لووه‌که‌ی‌ نێوچه‌وانی خۆیدا نییه، به‌ڵکوو به‌رانبه‌ره‌که‌یه‌تی، که کێشه‌ی هه‌یه، بۆ نموونه بێزی لێده‌کاته‌وه یان به ناشیریینی ده‌زانێت. مرۆڤێکی تر له له‌دایکبوونیه‌وه شیزۆفرێنییه‌تی و نایه‌وێت نه خۆی تێڕاپیی بکات و نه مێدیسینیش به‌رانبه‌ری به‌کاربهێنێت، له‌وانه‌شه جۆری نه‌خۆشییه‌که‌ی توانای ئه‌وه‌شی پێنه‌دابێت، که درک به‌م شتانه بکات. ئه‌م مرۆڤه ئازادیی نه‌خۆشیی هه‌یه، هیچ که‌س بۆی نییه زۆری لێبکات جیهان به‌وشێوه‌یه ببینێت، که ڕیالیتێت قووتی ده‌کاته‌وه، یان مێدیسین وه‌ربگرێت و خۆی تێراپیی بکات. وێڕای ئه‌وه‌ی، خه‌ڵکانی شیزۆفرێن له نیشتیمانی ئێمه‌دا زیاتر ده‌بنه گاڵته‌جاڕی ته‌ندروسته‌کان و له‌بری یارمه‌تیی ده‌ستدرێژییشیان ده‌کرێته‌سه‌ر.

 

بگه‌ڕێینه‌وه بۆسه‌ر به‌جێهێشتنی کوردستان. ئازادیی چه‌مێکه، که چه‌ند هه‌ڵیبکه‌نیت هێنده‌ی تر ده‌گه‌یت به ڕاستیی تر، که پێشتر درکت پێنه‌کردووه. به‌پێچه‌وانه‌ی ئێمانوێل کانته‌وه، که ئازادیی بێ مه‌رجه بۆی، هه‌رئه‌مه‌ش بووه هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی، که چه‌نده‌ها ئیدیۆلۆگیی و ڕه‌وتی سیاسیی تر بۆ خۆیانی بقۆزنه‌وه و هاواری ئازادیی بێ قه‌ید و شه‌رت بکه‌ن. ئازادیی مه‌رجداره، بێ مه‌رج نییه، مه‌رجه‌که‌شی ئازادیی ویسته. کوردستان داگیرکراوه، تاک ئازاده ڕزگاری بکات یان نا، هیچ که‌س بۆی نییه تاکێکی تر ناچاربکات به هه‌ڵگرتنی چه‌ک، به‌ڵکوو تاک ده‌بێت بییه‌وێت، که چه‌کهه‌ڵبگرێت، ئه‌ویش له ئازادییدا نه‌ک به‌وه‌ی که‌سێکی تر کاریگه‌رێتیی له‌سه‌ردابنێت. چونکه تاکی چه‌کهه‌ڵگرتوو خاوه‌نی مامه‌ڵه‌یه‌کی ئازاد نییه، ئه‌گه‌ر له‌ژێر کاریگه‌رێتیی ڕێتۆریکانه‌ی تۆدا چه‌کی بۆ ئازادیی کوردستان هه‌ڵگرتبێت.

کوردستان ئه‌نفال ده‌کرێت، کیمیاباران ده‌کرێت، پێشمه‌رگه ئازاده به‌رگریی لێده‌کات یان نایکات. ئه‌و هه‌موو پێشمه‌رگانه‌ی، که له هه‌‌لومه‌رجێکی سه‌ختدا چ خۆیان بوونه خاوه‌نی هه‌ستی شه‌رم، ترسنۆکیی یان له‌لایه‌ن گووندنشینه‌کانه‌وه پێیاندرا، هه‌مانشێوه خاوه‌نی ئازادیی ویستن، مامه‌ڵه‌کانیان یارمه‌تییمان ده‌ده‌ن ئه‌نالیزه‌ی ئازادیی ویستیان بکه‌ین. چه‌ند کۆپته‌رێک خه‌ریکی ته‌قاندنی بۆمبی کیمیایین، پێشمه‌رگه‌یه‌ک ده‌ست به لووتیه‌وه ده‌گرێت و ڕاده‌کات، له شوێنێکی تردا چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌کی تر ده‌بینێت که به‌ره‌و له‌شکری به‌عس ته‌قه‌ده‌که‌ن و شه‌ڕده‌که‌ن. پێشمه‌رگه‌که شه‌رم ده‌کات و ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌ویش شه‌ڕبکات، له‌پڕ بۆمبێک له پێشیدا ده‌ته‌قێته‌وه و چه‌ندین ده‌بابه و سه‌رباز له نزیکیه‌وه ده‌رده‌که‌ون، پێشمه‌رگه‌که چه‌ند ته‌قه‌یه‌ک ده‌کات و هه‌ڵدێت. کاتێک ده‌گاته شوێنێ، که ژیانی تێیدا دڵنیایه هه‌ناسه‌یه‌کی قوڵ هه‌ڵده‌مژێت و به‌خته‌وه‌ره به‌وه‌ی، که هه‌ڵهاتووه. هه‌ڵهاتن لێره‌دا مامه‌ڵه‌یه‌که، که پێشمه‌رگه‌که به ویستێکی ئازاد‌ه‌وه پراکتیزه‌ی کردووه. به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ژێر کاریگه‌رێتیی بینینی پێشمه‌رگه‌کانی تردا بووه، به‌هۆی شه‌رمه‌وه بووه نه‌ک ئازاد بووبێت. پێشمه‌رگه‌کانی تر ده‌شێت به ئازا ناویان به‌رین، به‌ڵام ده‌شێت دیلی بیرکردنه‌وه‌ی ئازایه‌تیی و شه‌رم بووبێتن، که‌واته مامه‌ڵه‌کانیان ناتوانرێت به ئازاد پێناسبکرێت.

 

مرۆڤ بۆچیی سه‌رفه‌ر ده‌کات؟ هه‌تاوه‌کوو  بگات به ڕاستیی ئه‌وه‌ی، که بزانێت چی لێدێت یان لێده‌هات، ئه‌گه‌ر بێت و بهاتبا له خاکێکی تردا، له کلیمایه‌کی تر، له کوولتوور  له په‌یڤێکی تردا بژیی و بژیابایه. له‌دوای ڕاپه‌ڕیین به لێشاو به‌وپه‌ڕی شانازیی و شکۆوه کوردستانمان به‌جێهێشت، هه‌ندێکمان له‌سه‌ر سنوور حه‌وت به‌ردمان له‌دوای خۆمان گرته خاکی کوردستان. نووسه‌ربین، بازرگان، پێشمه‌رگه بین یان هه‌ر شتێکی تر هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای تێڕامانه که‌یسه‌کانمانه، که جێگای ئه‌نالیزه‌کردنه. ئێمه چیمان وتووه کاتێک داوای په‌ناهه‌نده‌ییمان کردووه؟ به‌ئاگا یان بێئاگا دیسانه‌وه هیچ له‌ باسه‌که ناگۆڕێت. به ئه‌نالیزه‌کردنێکی پسیشۆپاتۆلۆگییانه‌ی ژیانی ڕۆژانه‌مان تێده‌گه‌ین له‌وه‌ی، که ئه‌وه‌ی ده‌یڵێین و به هه‌ڵه ده‌یڵێین بۆچیی ده‌یڵێین و چ نهێنییه‌ک له ڕاستیی ئه‌م به هه‌ڵه گووتنه‌دا هه‌یه؟!

له‌دوای ڕاپه‌ڕیینیش کوردستان موڵکی هه‌‌موومان بوو، پێویستی به یارمه‌تیی هه‌موومان بوو، به‌ڵام هه‌مووشمان به‌جێمان هێشت. ئالێره‌دا نامه‌وێت که‌س تاوانباربکه‌م، به‌پێچه‌وانه‌وه، ئێمه هه‌موومان ئازادین له به‌جێهێشتن یان به‌جێنه‌هێشتنی کوردستاندا. لێره‌دا که‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه نیشتیمانپه‌روه‌رییمان پێبفرۆشێته‌وه، هه‌روه‌کوو چلۆن له گه‌ڕانه‌وه‌شماندا مافی ئه‌وه‌مان نییه نیشتیمانپه‌روه‌ریی به که‌س بفرۆشینه‌وه. دیسانه‌وه ئازادین له مامه‌ڵه‌کانماندا، چونکه خاوه‌نی ئازادیی ویستین. ئازادیی مه‌رجداره، ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی ئازادبین، پێویسته خاوه‌نی ئازادیی ویست بین.

 

27.03.2013

Danmark

پۆڵا سەعید

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.