Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
یەكەمین تاوان لە ئەستۆی گەل خۆیدایە لەبەردەم سەرۆكێكی نەزاندا ملكەچ  و بێدەنگن

یەكەمین تاوان لە ئەستۆی گەل خۆیدایە لەبەردەم سەرۆكێكی نەزاندا ملكەچ و بێدەنگن

Closed
by March 6, 2011 گشتی

        
 
قەزافی سەرۆكی لیبیا لە لێدوانێكیدا دیموكراسیەتی بە ( زعیم والكراسی ) پێناسە كرد و ماناكەشی والێكدایەوە كە زەعیم ھەمیشە لەسەركورسیەكەیەتی .  
ئەڵبەت ترس و سڵەمینەوەی لیبیەكان لە كتێبە سەوزەكەی قەزافی ھەمان ترسی كتێبی قورئانە لای خەڵكی ئیسلام كە لە ناوەڕۆكیشدا كتێبە سەوزەكەی قەزافی خاڵیە لە مەعریفە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكان ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پیاوە چل ساڵێكە پێشەوای عەقڵێتی ئەو ووڵاتەیە و تا ئێستاش ھەر ماوە . 

 سەركردەكانی كوردیش لەسەر كورسیەكەی قەزافی قینج و قوت دانیشتون و كتێبی سەوز ئەنوسنەوە . كتێبە سەوزەكانی دەسەڵاتی كورد زۆرن لەوانە كتێبی سەوزی پەرلەمان و كتێبی سەوزی حوكومەت و كتێبی سەوزی نەمانی كورد كوژی نێوان دوو پارتەكەی تاڵەبانی و بارزانی و كتێبە ھەرە گەورەكەش كە تا ئێستا بۆیان تەواو نەبووە و ھەرگیز تەواو نابێت كتێبی سەوزی ژمارە سەدوچلە .
مادەی ژمارە سەدوچلی دەستوری عیراقی لای دەسەڵاتدارانی ھەرێم ھەمان ھاوشێوەی كتێبە سەوزەكەی قەزافیە ، جیاوزیەكەش ئەوەیە كە قەزافی كتێبەكەی ھێناوەتە بەرھەم و ترسی لەناو دڵی لیبیەكاندا چاندووە بەڵام مادەی سەدوچل ئەو تارماییە ترسناكەیە كە دەسەڵاتداران بە بیانوی ناسكی و نالەباری بارودۆخەكە و چاوەڕوانیەكی بێھودەیی و بێ كۆتایی بەو مادەیە سەركوتی دەنگی ناڕەزایی خەڵكی ناوچە دابڕاوەكانی كوردستان ئەكەن .
 
دانانی دەستور و چاكسازی لە یاساكانی دەستوری ووڵاتانی دنیادا ماوەكەی لە شەش مانگ تێپەڕ ناكات و لە دوای دانانی دەستوریش ئەركی جێبەجێكردنی یاساكان ڕاستە و خۆ دەستپێئەكات .  
 
لە عێراقیشدا دوای دانانی دەستور ھەموو مادەكان كەم و زۆر كاریان پێكراوە ، تەنھا مادەی سەدو چل نەبێت كە ئێستا پەرلەمانی عێراقی لە ھەوڵی ھەڵوەشانەوەیدایە لەبەر ئەوەی ئەو مادەیە لە قازانجی نەتەوەیەكە سەركردەكانیان خەریكی كارو كاسپی خۆیانن و ئەركە نەتەوەییەكانیان بیرچووەتەوە .    
لە كۆبونەوەیەكی ڕۆژنامەوانی شاری كەركوك پێش چەند ڕۆژێك نێچیرەڤان بارزانی بە ناوی خۆی و دەسەڵاتی كوردەوە خەڵكی شارەكەی دڵنیا كردەوە كە كەركوك موڵكی كورد و عەرەب و توركمانە و ھاتنی ھێزی پێشمەرگەش كە لەدەرەوەی شار بارگەیان خستووە تەنھا بۆ پاراستنی شارەكەیە لە بشێوی و ئاژاوەگێڕی . 

نێچیرەڤان لە دامەزراندنی دەسەڵاتی ھەرێمی كوردستانەوە یەكێك بووە لە سەركردە دەركەوتووەكانی ناو دەسەڵات و بە ناوی ڕێككەوتنە ستراتیژیەكەی نێوان ھەردوو پارتی سەرەكیەوە دووجار بووەتەوە بە سەرۆكی حوكومەتی ھەرێم ، ئەو ڕۆژە ڕووگەشی و دڵخۆشی بە نێچیر بارزانیەوە لە لێدوانەكانیدا نیشانەی ئەوە بوو كە تازە زانیبێتی كەركوك شارێكی تری كوردە و تەنانەت لە ھەردوو جارەكەی كابینەی حوكومەتەكەیدا كەركەك لە ھەموو ڕویەكەوە پشتگوێخرا بوو لەگەڵ گوێنەدانە مادەی سەدوچل و ھەموو پرەنسیبە نەتەوەییەكانی تری خەڵكی بێچارە و مافخوراوی كورد ، دوا بە دوای  بیست ساڵ حوكمی دەسەڵاتی كورد و ھەشت ساڵ ڕزگار بونی شاری كەركوك تازە نێچیر خیتابی ئەوە ئەدات با ئیتر ھەموو پارتەكانی كورد لە كەركوك پێكەوە دانیشتنی ھەمیشەییان ھەبێت و یەگرتوو و یەك دەنگ بن .    
ھەر یەك لە تاڵەبانی و بارزانیش لە چاوپێكەوتن و لێدوانەكانی ئێستا و پێش ئێستاشیان بۆ دۆسیەی كەركوك لە میدیا جیھانی و ناوچییەكانەوە كەمتریان لە بانگەوازەكەی نێچیرەڤان نەكردووە و ئەوەندەش لە پێناو كەمكردنەوەی دەسەڵاتی یەكتر كاریان كردووە بۆ خزمەتگوزاری كەمایەتیەكانی عەرەب و توركمان لە شارەكەدا ئەوەندە كاریان بۆ خەڵكە دەربەدەر و سەرلێشێواوەكەی كورد لە كەركوكدا نەكردووە ، ئەوەش بوویە ھۆی سەركەوتنی لیستی ئەلعێراقیە لە ھەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی كەركوكدا .  

وەزیری پێشمەرگەی دەسەڵاتی كورد لە قوڵایی ھێزەكەیەوە دانی بەوەدا نا كە ئەو شارە جێنشینی كورد و عەرەب و توركمانە و ھاتنی پێشمەرگە وەك پەرژینێكی قایم و ئەستور ئەو شارە لە گێرەشێوان ئەپارێزن . دڵنیاشی كردەوە كە بە خۆی و ھێزەكەیەوە ئامادەن لە ژێر چاودێری ھێزی عێراقی و فەرمانی دەوڵەتی عێراقیدا بن تا ئەو كاتەی شڵەژانی شار لە بشێوی ئارام ئەبێتەوە .

دەنگی سوپاكەی كورد ئەیسەلمێنێت كە مافی دەسەڵاتی كورد لە كەركوكدا تەنھا پاسەوانێتیە و ھەرچی لە بڕیاری سیاسی و  جوگرافی و ستراتیجێتی نەتەوەیی ھەیە كاری بەغداد و پەرلەمان و دەسەڵاتی عێراقیە .   

خاكی جوولەكەكان لە مێژوودا كە بە ناوی ئەرزی كەنعانەوە بوو لە ئیسرائیلی ئێستا زۆر گەورەترە و بەشێك لە خاكی لوبنان و سوریا و ئەردەنیشی لەسەرە كەچی فەلەستینیەكان لە دوای وەرگرتنی مافی چارەنوس داوای دەوڵەتی سەربەخۆ ئەكەن و پێیان لەسەر قودسیش داگرتوە و بە پایتەختی خۆیانی ئەزانن ، بە مەرجێك مانای فەلەستین خۆی لە خۆیدا واتە جوولەكەستان .      

مێژووش كڵێشەی خاكی كوردی سەلماندووە و ئێستاش بە پێی مادەی سەد و چلی دەستوری عێراقی وەك جوگرافیا و نفوس كەركوك و ھەموو ناوچە دابڕاوەكانی تر ئەگەڕێنەوە ژێر باڵ و دەستی ھەرێم و كەركوكیش ئەبێتە پارێزگای چوارەمی كوردستا .  كەچی لە ھەڵوێست و لێدوانەكانی نێچیر بارزانی و وەزیری پێشمەرگە و ھەردوو سەرۆكە كوردیەكەش كە تاڵەبانی و بارزانین دەرئەكەوێت كە بە تەنگ كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانی ترەوە نین و پاڵپشتی بڕیاری پەرلەمان و دەسەڵاتی عێراقین .     

سەربازە ئەمەریكیەكان لە ناوچەكانی كەنداوی عەرەبی و عێراقدا بە ھۆی گەرمی ناوچەكەوە كە پێی ڕانەھاتون چاویلكەی ڕەش بەكاردێنن و لە كاتی فێنكی و سەرماشدا چاوەكنیان بەرەڵای ناو ڕووناكی ڕۆژ ئەكەنەوە .
لە چەند ڕۆژێكی پێشودا مەحمود سەنگاوی كە سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە بە چاویلكەیەكی ڕەشەوە لەبەردەم سوپاكەیدا بە لێداونێكی سەربازی ھەڕەشە ئامێزەوە لە كەناڵی تەلەفزیۆنی پارتەكەیەوە دەستوری عێراقی ھەڵتەكاند و لای خۆیەوە ئاڵای كوردستانێكی سەربەخۆی ھەڵكرد ، خیتابەكەی سەنگاوی دڵی خەڵك و خاكی كوردستانی ڕاچڵەكاند ، ئەوەی ئەو ووتی دەسەڵاتی ھەرێمی شەرمەزار كرد . خیتابەكەی مەحمود لای سەرۆكی یەكەمی كە تاڵەبانیە خەونێكی شاعیرانەیە و لای بارزانی سەرۆكی دووەمی گفتێكە لە كورەزا پێنج ساڵیەكەی وەرگرتووە و ھەر بە ئەویشی ڕاسپاردووە . دەنگۆی ئەوەش ھەیە مەحمود سەنگاوی لە لایەن پارتیەوە سزای ئەو لێدوانەی وەرگرتبێت . 
كاتێك دەسەڵاتدارانی ھەرێم توشی ئیفلاس بوونی سیاسی ئەبن  لەبەردەم سكاڵا و خۆپیشاندانەكانی خەڵكی كوردستان عەقڵێتی حیزبیان بۆ بەدیھێنانی دەسكەوتەكان ئیفلیج ئەبێت و خێرا ھەرێم و پەرلەمان و حوكومەت و كەركوك و مادەی سەد و چل بە بیانو دێننەوە و ئەچن بە گژی تووڕە بونی خەڵكی كوردستاندا ، ئەوەش لە بیری خۆیان ئەبەنەوە ئەو ھەموو ساڵە دەسەڵاتی ھەرێم خۆی دەسبەرداری كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانی تر بوون و لە شۆڤێنەكانی ناو دەسەڵاتی عێراقی زیاتر بانگەشەی عێراقیەتی كەركوك و ھەموو بەشە دابڕاوەكانی تری كوردستانیان كردووە .

لە تەقینەوەی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی خەڵكی ووڵاتانی عەرەب لە بەردەم دیوارە ئاسنینەكەی دیكتاتۆرێتدا كە ئێستا كوردستانیشی گرتۆتەوە دەسەڵاتی كورد عەقڵ و تاكتیكی سیاسی لەدەست داوە و پلانێكی واش لە ئارادا نیە كە شپرزییەكانیان كۆبكەنەوە واتە عەقڵێتێكی سیاسی یەگرتوو نیە لە نێوان ھەردوو پارتی دەسەڵاتداری كورد لەبەردەم ئەو ئاستەنگیانەی دێتە كایەوە لە پێشەلكاریەكانی مافی ئینسانی كورد و بەدینەھێنانی پەیمانەكانیان بۆ خەڵك و گەناندنی لەشی كوردستان بە گەندەڵیەكانیان چیتر توانایان نەماوە خۆیان و دەسەڵاتەكەیان ڕزگار بكەن ، ھەموو سەركردەكان لای خۆیانەوە دان بە گەندەڵیەكاندا ئەنێن و بە بێ تاوان خۆیان پیشان ئەدەن ئاخر ئەوە لە بێدەنگی و ملكەچی خەڵكەوەیە پەتای گەندەڵی پێی ناوەتە ناو ھەموو ماڵێكەوە تەنانەت لە خیتابی دەسەڵاتەوە دەرئەكەوێت خەڵك خۆی بەرپرسیارە لە بڵاوبونەوەی پەتای گەندەڵی .  

یان وەك قەزافی سەرۆكی لیبیا سەركردەكانی دەسەڵاتی كوردیش بە زمانی فیشەك دیموكراسیەت بە ( زعیم وآلكراسی ) ئەخەنە مێشكی خەڵكەوە .   
 

Simkan97@hotmail.de

 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.