Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
11- ئازادی گەندەل نا-ئازادی بەرهەمدێنێ:….ئازاد حەمە

11- ئازادی گەندەل نا-ئازادی بەرهەمدێنێ:….ئازاد حەمە

Closed
by March 2, 2008 گشتی

بەشتبوونی دیموکراسیەت….
  – بەشی یەکەم –
(لە زنجیرە باسی کۆمەلگەی کۆلاپس و گەندەل)
  تێکرای ئاماژەکان دەخوازن ئەو وێنە سیاسییە بەرجەستەکەن بەردەوامبوون و نەشونمای بێئەندازەی دیاردەی گەندەلی لە کۆمەلگەی کوردستانی ئەمرۆ خەریکە خۆی وەک بەختێ میتافیزیکی نیشاندەدا. جا ئایا وایە؟ ئایا راستە دیاردەی گەندەلی بەختی ئەم نەوەیەیە؟ئایا دەکرێ ئێمە بەم بەختە قایل بین؟ ئایا ئەم بەختە ئەو خەلاتەیە راپەرین بۆیهانین؟ ئایا دەشێ زۆرداری بەعسیزم بە گەندەلی کوردی بگۆردرێتەوە؟ بەواتاێتر، ئایا ماقوولە والە تاک و کۆمەلگەی کوردی کرێ لەنێوان زەبری بەعسیزم و زەبری گەندەلی یەکێکیان هەلبژێرێ؟ بەدلنیاییەوە و بێهیچ گومانێ ناشێ و نابێ بەوە قایلبین گەندەلی یەک ئینجی تر بۆیهەبێ بەردەوامبێ و گەشەشبکا. هەروەها بۆمان نیە و نا-لۆژیکیشە تەماشای گەندەلی وەک بەختێ بکەین و پێویستە دژی ئەوانەش بوەستینەوە پێیانوایە گەلێک راپەرینی لەپێناو هێنانەکایەی دەسەلاتێ سیاسی گەندەل دا کردووە. ئەمەو لەوە نا- رەوشتی و نا- مرۆی تر نیە تاک و کۆمەلگەی کوردی والێکرێ لەنێوان زەبری بەعسیزم و ئازادیێ گەندەل یەکێکیان هەلبژێرێ. هەروەها هیچ جیاوازیێکیش لەنێوان ئەو بەعسییە کوردکوژەی ئازادی کوژە و ئەو کوردە گەندەلەی ئازادی گەندەلکەرە نییە.
بەپێی ئەو چەند ووتنەی لایسەرەوە بێ لێرەوە ئێمە هێدی هێدی پیێدەنێینە ناو بەشێتری ئەو نووسینەی لەسەر کۆمەلگەی گەندەلی ئەمرۆی کوردستان دەستمانداوەتێ. بۆئەوەی ئەو پرسیارانەش کە لایسەرەوە رووخران لەتەک ئەم بەشەی نووسینەکەمان هاوناوەرۆککەین بەپێویستی دەزانین لەمیانەی گفتووگۆکردنی مەسەلەی ئازادیەوە بەرباسیانخەین و ئەو فۆرمی ئازادیەش ژێرگومان و ژێرپرسیارخەین ئەمرۆ لە کوردستاندا بالایە. ئێمە ناشکارین ئەمەبکەین گەر ئەو ئازادیە ناونەنێین ئازادیێ گەندەل. ئارگومێنتی سەرەکی ئێمەش بۆ پشتگیریکردن لەوی دەیلێین ئەو پانیکە (شلەژانە) رەووشتی و دارمانە دەروونیەیە تاک و کۆمەلگەی ئێستای کوردی لەئاکامی گەندەلبوونی کردەی سیاسی دەسەلاتی سیاسی کوردییەوە پیێوەیگلاوە. ئەو ئازادیە کە بەشێکە لەو بەدییە سیاسییەی ئەمرۆ لە کوردستان پیادەدەکرێ هەرەشاوی و نا-پێویستە. ""سیاسەت کە لەو شوێنەوە دەستپێدەکا بێ مافیێ گەورە بوونی هەبێ"" (ژاک رانسیێر : تێکست لەمەر سیاسەت و جوانکاری، لا 39 ) لە کۆمەلگەی هاوچەرخی کوردی سیاسەت بۆ هێشتنەوەی بێ مافی و نا-دادپەروەریەکانە. سیاسەتیش گەر ئەمەبێ بێکومان بەدی(شەر، خراپە) هێنەرە و گەندەلبوونی ئازادیش رووێکی ئەو بەدییەیە.
کەواتە مەرام و ئامانجی بنچینەی ئەم بەشەی نووسینەکەمان ئەوەیە باس لە""مەترسی ئازادی گەندەل "" بکەین و بوخزی ئازادی راستەقینەش دژ بە ئازادی گەندەل نیشاندەین و، ئەوەش بە رەوشتی و مرۆی ببینین ئازادی گەندەل ، دیموکراسیەتی بەشتکراو، تاسەرئێسقان ببووخزێنرێ و بەوەش تاوانبارکرێ کە نا- ئازادی بەرهەمهێناوە و لەوەش خێو(دیمۆن)ی سیاسی پەروەردە کردووە. نا- ئازادی کە بەرهەمی راستەوخۆی ئازادی گەندەلە (یان بەشتکردنی دیموکراسیەتە) پاێکی لەناو بێدەنگیێکی رەوا و پایەکەیتری لەناو ئازادیێ نا-پێویست دایە. ئازادی گەندەل کە نا-پێویستە هۆیەکەی ئەوەیە ئەم جۆرە ئازادییە( واتە ئازادی نا- پێویست) ئازادیێ هیچ نەگۆر و وەستاوە. ئەم ئازادیە لەبەرئەوەی بەرژوەندی تاقمێێکی تیایە کە ئەوەش سیاسیەکانە ئازادیێ نامرۆی و نارەووشتیە. چونکە هەچ ئازادیێک کە نا-خولقێنەر و خۆتازەنەکەرەوە بێ روو لە گەنین (گەنیووی) دەکا و کارەکتەرە مرۆی و رەووشتیەکانیشی لەدەست دەدا.
ڕەنگە بەشێ لە خوێنەرانی ئەم نووسینە لەوەبەئاگابن سالانێ لە نێو روناکبیر و بیرمەندانی سیاسی رۆژئاوا باس لە مەرگی سیاسەت دەکرا بەلام بە فیعلی ئەوە سیاسەت نەبوو مرد چونکە پێویستی بۆ سیاسەت هێشتا و تائەو کاتەی مرۆڤ بەهۆی کردە سیاسیەکانیەوە خۆی لە ئاژەل جیادەکاتەوە کۆتای نەهاتووە بۆیە تێزی مەرگی سیاسەت تێزێکە پەلە لە دارشتن و تیۆریزەکردنیاکراوە یان هیچنەبێ لەتەک بار و هەلومەجی سیاسی تاک و کۆمەلگەی کوردی یەکناگرێتەوە چونکە بۆ کورد داکۆکیکردن لە تێزی مەرگی سیاسەت دەرگاخستنەسەرپشتە لە هیچگەرای و گەندەلی. بەواتاێتر بانگەشەکردن بۆ مەرگی سیاسەت و داکۆکیکردن لەم جۆرە تێگەیشتنانە بە بەرژەوەندی ئەو تاقمە سیاسیە کوردە دەگەڕێتەوە لەڕێگای سیاسەتێ چەوت و گەندەلاویەوە داهاتی نەتەوەیان لووشداوە. بۆئەوەی رێنوماێکیش لەمروەوە بەردەستخەین بۆئەوەدەچین بەهیچ جۆرێ پیێمانوانییە ئێمەی کورد لە ڕووی سیاسییەوە بە قۆناغی ""پاش سیاسی"" گەیشتووبێتین بۆیە والە ئازادی دەگەین. چونکە گەیشتن بەو قۆناغە واتە خولانەوە لەناو جیهانی نەمانی سیاسەت و ئەمەش وانییە و هەرگیز سیاسەت بۆ کەسی کورد لە شتە مردوو و فەوتاوەکان نییە. قۆناغی ""پاش سیاسی"" کە قۆناغێ سیاسی بالایە بەئێمە نامۆیە و پەروەردە و ئیدیای سیاسی تایبەتمان لێداوەدەکا کە لە ئێستادا خاوەنی نین.بۆیە ئێمە لە خۆمان رادەبینین لێرەوە چەند لاپەرەێ تایبەت بە بایەتێ زێدە سیاسی بنووسین کە ئەوەش گەندەلبوونی ئازادیە و ڕۆلی ئەم ئازادییەش لە بەرهەمهێنانی دژەکەی واتە نا- ئازادی. کەواتە ئێمە لەمیانەی ئەم نووسینە چەند لاپەرەییە قسە لە واتای بەگەندەلبوونی ئازادی دەکەین و ئەوەش یەکلادەکەینەوە کە ڕووداوی بەگەندەلبونی ئازادی هۆکاری سیاسی هەیە و ستاتۆسی سیاسی هەنووکەی کوردیش لەم ڕووداوە هێجگار بەرپرسیارە. بۆئەومەبەستەش ئێمە سەرەتا لەوێوەدەستپێدەکەین کە گەندەلبوونی ئازادی پرسێ سیاسیە و پرسی سیاسیش پرسێ فەرمییە. بەلام گەندەلبوونی ئازادی دەشمانخاتە بەردەم پارادۆکسێکەوە رقمان لە ئازادی بێ. بۆیە بەلامانەوە ئاساییە لەم سەرەتایەوە خوێنەر لەسەر ئەم پرسیارە زێدە سیاسییە گرینگە لەسەر واتای ئازادی رابهێنین: شیاوە رق لە ئازادی؟ بەدلنیایەوە ئەم خوێنەرە گەر ژیربێ ، ژیرێ نا-گەندەل، باش لەوە حالییە کە رق لە ئازادی و ئازادیبوون شیاونییە. ئەی چارەسەر، خۆناشکرێ پشتگیری لەو ئازادیە بەشمەککراوبکرێ لەئێستادا لە کوردستان سەردەستە؟ چارەسەر ئەوەیە ئازادی دەبێ لە گەندەلی بخرێ و پاکسازیێ سیاسیش لە ژیانی سیاسیمانا بکرێ ئەمەش دەکرێ تا ئازادی لەرێگای ئەو پاکسازیەوە بکارێ ساتۆسی خۆی وەرگرێتەوە. ئەم پاکسازیەش ،گومانیناوێ، پێویستیێ زۆری بە پشتیوانی ئەو چاکسازییە رەووشتیەوە هەیە تاکەکانی ئەم کۆمەلگە گەندەلاویە دەشێ پێیهەلسن. بەلام ئەم چاکسازیە رەووشتییە کارێ ئاسان نییە و داوای گۆرانی سیاسی گەورەمان لێدەکا. گۆرانی سیاسی لەمشێوەیەش واتە گۆرانی هێزە سیاسیەکان و گۆرانی ئەو باوەر و پرنسیپەسیاسیانەی بەم چرکە سیاسیەی گەیاندوین.
پووختەی ئەوی لایسەرەوە ووترا دەکرێ بەوەش لێکدرێتەوە لەوە هەڕەشاویتر نیە ئازادی گەندەل بێ و دیوکراسیەتیش بە شت بێ.بەلام با بزانین چۆن ئازادی نا-ئازادی بەرهەمدێنێ؟هەروەها چۆن دیموکراسیەت بەشت دەبێ؟ ئازادی کە نا-ئازادی بەرهەمدێنێ ئەوە ماهیەتی گەندەلبوونی ئازادی دەگەێنێ و ئەم ماهیەتە ش لەئاکامی نا- دادپەروەری سیاسیەوە دێتەکایەوە و ئەم جۆرە نا-دادپەروەریەش رەووشتی سیاسی لە کۆمەلگە تێکدەدا. ئەلبەتە تێکچوونی رەووشتی سیاسیش سەرەتایە بۆ تێکچوونی پەروەردەی سیاسی و بێ مانابوونی واتای سیاسەتکردن و تەنانەت باوەری سیاسیش. هەرکە واتای سیاسەتکردن و باوەری سیاسی روو لە گەنیووی دەنێ تێکرای وتاری سیاسی دەردەداردەبێ و ئەو شتانەش پێوەندی نێوان سیاسی و یان سیاسەت و هاولاتی یەکدەخاتەوە لێکدی دەترازێن و سیاسەت وەک کردەی سیاسییەکان قێزەوەندەبێ و تێکدەری ئەو پردەش دەبێ هاولاتی بە سیاسیەوەگرێدەدا کە لێرە مەبەست ئازادیە. چونکە هەلە سیاسیەکانی سیاسی ئازادی دەخاتە بەرمەترسییەوە و ئازادی وەک واتا ناواخن پووچ و گەندەل دەبێ. ئێمە کومان لەوەش ناکەین بەهەلە بەکاربردنی ئازادی لەلایەن هاولاتیانەوە، لەلایەن تاک و توێژەکانی کۆمەلگەوە دەشێ ئازادی بخاتە بەر مەترسی گەندەلبوون و بەشتبوونەوە بەلام لەحالەتی ئەمرۆی کوردستان کردەی سیاسی سیاسییەکانە نەک هاولاتیان ئازادی بەو ئاستەگەیاندووە ناحەز و گەندەلاوی بێ. چۆن کردەی سیاسی سیاسییەکان ئازادی ناحەز و گەندەلاوی ناکا لەکاتێکا ئازادی تەنیا بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەسەلات بەکاردەبرێ؟ بۆ دەبێ ئازادی لە ئێستای کوردستان پووخت و خاوێن بێ لەکاتێکا ئازادی تابلێی هیچنەکەر و هیچنەگۆرە؟ ئەوە چ ئازادیێکە تێکرای هەلبژاردنەکان هەمیشە بە پەنجا بە پەنجا کۆتای بێ؟ چ مۆدێلێکی ئازادی ئەو شیاویەی تیایە بۆ 17 سال دەسەلاتی سیاسی لە دەست تاقم و یەک دوو خێزانا پەنکخواردووکا مۆدێلی ئازادی گەندەل نەبێ؟ ئەی ئەوە ئازادی گەندەل نییە کە ئازادی هەمیشە بە موبلیزەی (تەعبیئەی) سیاسی و ئیتنی گەندەلەوە سەرقالدەکا؟ ئایا هۆی سەرەکی ئەوەش ئەوەنییە کە ئازادی گەندەل ئەمەدەکا بۆئەوەی ئەم جۆرە ئازادیە ( واتە ئازادی گەندەل) هەمیشە دیدی (ئۆپنیونی) گەندەل بەخێوکا؟ دیارە و زێدە روونە ئۆپنیونی گەندەل ئەو جۆرە ئۆپنیونەیە بێ ئاکام و ناگاریگەرە هەربۆیشە لەتەک ئازادی گەندەلا یەکدەگرێتەوە. ئۆپنیونی گەندەل ئەو دەمە دروستدەبێ کە دەسەلاتی سیاسی خاوەنی بریاری سیاسی خۆی نیە و تەماشاکردنی بۆ ئێستا و ئایندە شپرزاوی و نەزۆکە. کەمترین نموونەش لەسەر ئۆپنیونی گەندەل ئەو ریفراندۆمە گەندەلانەیە تایبەت بە کەرکوک یان مانەوە لەناو عێراق و یان هاتنەدەرەوە لێی دەکرێ.
بەلام تایبەت بەوەی چۆن دیموکراسیەت بەشتدەبێ بەکورتی ئەوەندە دەلێین بەشتبوونی دیموکراسیەت بەرهەمی تێکچوونی هزری یەکسانی و بلاوبوونەوەی نا-دادپەروەری سیاسیە. راستە دیموکراسیەت ئێستا لە جیهانا خۆی وەک کاتیگۆریێکی ئایدیۆلۆژی نیو لیبرال نیشان دەدا بەلام بائەوەمانبیرنەچێ کە"" باسی دیموکراسیەت باسی دەولەت(دەسەلاتی سیاسی) دێنێتەپێشەوە(ئالێن بادیو ، ئیتیک: لا 102) ئەو دەمەش تایبەت بەگفتووگۆی دیموکراسیەت دەسەلاتی سیاسی بابەتی ئاوردانەوە دەبێ زۆرترین سەرنج دەخرێتەسەرئەوەی چەند ئەو دەسەلاتە سیاسییە دادخواز و یەکسانی هێنەرە. واتە پرسیاری بناغەیی سیاسی لێرە ئەوەیە چۆن یەکسانی لە کۆمەلگە خۆی دەردەخا و چارەنووسی سیاسی یەکسانی چییە؟ لایسەرەوە ئەوەمان دەستنیشانکرد چۆن بۆ رانسیێر سیاسەت ئەو دەمە دەستبەکاردەبێ کە بێ مافی ئامادەیە. بەمجۆرە ماف لەژیانی سیاسی واتای دیموکراسیەتدا بابەتێ زێدە گرینگە. ماف، ئەو شتەی لە ئەدەبیانی سیاسی کوردی تایبەت بە ئازادی و دیموکراسی بایەخدارنییە، پێوەندیێ زۆری بە بوونی یەکسانی و دادپەروەریەوە هەیە. هەچ ئازادێکیش پشت لە واتای ماف بکا نەبوونی باشترە چونکە بێ مافی لە کۆمەلگە واتە ئاوابوونی یەکسانی و دادپەروەری. بێ مافی لەکۆمەلگە کە دۆزەخی سیاسی دروستدەکا یەکەم شت لەم دۆزەخە دەسووتێ ئازادییە. هەچ ئازادێکیش لە دۆزێکا ئامادەبێ کە بێ مافی و بێ دادی تیاسەروەرە ئەوە مانای ئەوەیە ئەو ئازادیەی هەیە ئازادیێ راستەقینە و خولێنەر نییە بەلکو ئازادیێ مشەخۆر و گەنیوە. چونکە بۆیە ئازادی هەیە تا سنووری ماف بپارێزێ و لەتەک ئەوەشا ئەرک دەستنیشانکا. ئازادیش کە نەیتوانی ئەوەبکا پێویستە بیر لە خودی ئامادەبوونی ئازادی لە کۆمەلگە بکرێتەوە. واتە بۆ ئازادی هەیە؟ بۆ ناتوانێ گۆران دروستکا؟ ئازادی و خودی دیموکراسیەتیش ئەو دەمە کارا و کاریگەرئامێز دەبێ کە توانای هەلوەشانەوەی سێستەمی سیاسی هەبێ، ئەم جۆرە دیموکراسیەتەش ئەو جۆرە دیموکراسیەتەیە رانسیێر داکۆکی لێدەکا (ژاک رانسیێر: رق لە دیموکراسیەت 2007).
ئێمە زێدە لەوە حالین کە تێکچوونی باری ئازادی و بەشتبوونی دیموکراسیەت لەئێستادا شتێکی جیهانییە و تەنیا بە کۆمەلگەی گەندەلەوە، بە کۆمەلگەی گەندەلی کوردیەوە، تایبەت نیە بەلام لەم بوارەدا کۆمەلگەی گەندەل تایبەتکاری و ڕًێسای خۆی هەیە. چونکە لەلاێ ئازادی کۆمەلگەی گەندەل شتێ سروشتی نییە و لەلاێتریش ئەم جۆرە ئازادیە لەبەرئەوەی هەمیشە وەک بەرهەمی بەرهەلستکاری خۆی نیشاندەدا بۆیە لە کەمترین گۆڕانی کۆمەلایەتی و سیاسی ڕوو لە نشێوی و ئاوابوون دەنێ. ئەوەتا ترس لە ئازادی ڕادەبرین وای لە بەناو ئەندازیارانی ئازادی کوردی کرد کاری ڕۆژنامەوانی بخەنە زیندانەوە. کەواتە لە کۆمەلگەی گەندەل بوونی ئازادی گەرەنتی تیا نیە و بەپێیئەوەی ئازادیش ناوەڕۆکێ سیاسی هەیە کەمترین گۆڕانی سیاسی کاریتێدەکا و ئاقاری لەبنڕا دەگۆڕێ. لەوەش سەیرتر ئەوەیە دیموکراسیەت و ئازادی تاک لەمجۆرە کۆمەلگانە بەجۆرێ کاریخۆیدەکا نایەوێ خۆی لە قەرەی باسی هەلبژاردن (ئیختیار مەبەستە نەک ئینتیخابات)بدا و بەلاشیەوە ئەوە پرسیار نیە بۆ دادپەروەری لە کۆمەلگە روو لە دارمان و نشێوییە. ئەمەش رەنگە زۆرجارواکا خەلک ئوێدی بە دیموکراسیەت نەبێ و هیوای نەخاتەسەر. هەر تایبەت بەم لایەنە بێمانا نیە ئاماژەبەوەبکەین کە لەم دوادوایە رانسیێر لە کتێبی "" رق لە دیموکراسیەت""بەروونی پیێگیری لەوەکرد کە نەرێتی دیموکراسی بووەتەهۆی کۆلاپسی (دارمانی) کۆمەلایەتی و کولتووری. ڕانسیێر ئەم پیێداگیریە تەنیا لەسەر ئەو بناغە رەخنەییە ناکا کە سێستەمی بازاری سەرمایەداری گلوبال ئەم دارمانەی داهێناوە بەلکو ئاستی رەخنەگیریەکەی ڕوەو ئەوەدەروا گومان لە گرووندی دیموکراسی بکا. واتە دیموکراسیەت کە بریتیە لە دەسەلاتی خەلک بۆ رانسیێر بابەتی رەخنەکردنە و پێیوایە خەلک نەشیاوە لەبەکاربردنی ئەم دەسەلاتە. لێرە رانسیێرتەنیا ئەو شمەکگەریە(بەرخۆرییە) رەخنەناکا بازاری سەرمایەداری جیهانی بەردەستی خستووین بەلکو ئەوەش کە خەلک لێنەهاتووە لە بەکاربردنی دەسەلاتە دیموکراسیەکەی بۆیە رانسیێر داوای سنووردارکردنی دیموکراسیەت دەکا(ژاک رانسیێر: رق لە دیموکراسیەت 2007). ئەمەی ووترا نابێ وامانلێکا بەهەلە لە پرنسیپی تێگەیشتنی سیاسی رانسیێر بگەین  چونکە رانسیێر مەبەستی سەرەکی ئەوەیە ئەو دیموکراسیەتەی بەکاریدەبەین نا-دیموکراسی و هەلەئامێزە. ئەم دیموکراسیەتە هەلەئامێزەش بەباوەری رانسیێر خۆی لەسەر ئەوە بونیاددەنێ کە گشت کەسێ دەتوانێ بباتەرێوە و دەسەلاتیشی بەسەر بەکاربردنی سەرچاوەکانی ولاتەوە هەبێ ئەمە کە بەباوەری رانسیێر هەلەیە لەو بناغە سیاسیەش بەدوورە دیموکراسیەت خۆی لەسەر دامەزراندووە. ئەو ووتەنی ئەی دیموکراسیەت ئەوەنیە خەلک خۆی لە بردنە رێوە ئازاد بێ. جا گەر دیموکراسیەت ئەوەبێ ئەوە رانسیێر ئەوە نابینێ کە خەلک ئەم ئازادیەی بەدەستەوە بێ چونکە تاهەنووکەش تاقمێ زۆرینە دەباتە رێوە، کاتێ بردنەرێوەش بەدەست تاقمێکەوە بێ ئەم جۆرە بردنە رێوەیە بەرەو ژیانێ سیاسی نا-دیموکراسیمان دەبا.ئەم تێگەیشتنە هەلەیە بۆدیموکراسیەت کە لە رۆژئاوا پیادەدەکرێ شارستانی و کۆمەلگەکانی تریشی گرتۆتەوە. چونکە نەرێتی سیاسی دیموکراسی نەرێتێ ڕۆژئاوایە و ئەم نەرێتەش بۆنموونە لە شوێنێ وەک کوردستان لە کارکردندایە بەلام دیسانەوە بەشێوازێ خۆیانە و کوردانە.چونکە ئەو تاقمە سیاسیەی ئیدارەی سیاسی کورد دەکا و لەبەکاربردنی  سەرچاوە مادیەکانی ولات ئازادە بە ناشرینترین شێوە ئەم بردنە رێوەیە پیادەدەکا هەروەها بە نامرۆیترین جۆریش ئەم ئازادیەی دەستگیری بووە بەکاردەبا. گەندەلی کە بەشێکە لەو هەلەئامێزیەی فۆرمی بردنەرێوەی سیاسی ئەو تاقمە سیاسیە گەورەترین نەهامەتی کۆمەلایەتی و ئابووری بۆ کورد هێناوە.  بۆیە هەلەناکەین بلێین ئازادی گەندەل ژیانی ماتریالی کۆمەلگە دەخاتە مەترسیەوە و ئەوەش وادەکا ئەو ئازادییە فۆرمالەی(شکلیەی) ئامادەیە نا-پێویست بێ و شایانی گشت رەتکردنەوەێکیش بێ. بەواتاێ روونتر، گەندەلی سیاسی کوردی کە ئازادی گەندەلکردوە ئابووری کوردستانی تەپاندووە و داهاتی کوردستانیش شاراوە و بێسەروشوێن کردووە ، ئەگەرچی سەرچاوەکانی ئەم داهاتە کەم و بێهێزن بەلام تابلێی بە هەلەبەکاردەبرێن و تێچوونی شەخسی سیاسیەکان ئەم داهاتەی دارماندووە و ئەمەشوایکردوە ئابووری کوردستان شوێنی لەناو ئابووری گلوبالا وون بێ. هەچ ولات و کۆمەلگەێکیش ئابووری وون و داهات دارماو بێ ئازادی و دیموکراسیەکەی گەندەل و بێ ئایندەش دەبێ.بەلام مەبەستی بنەرەتی ئێمە لە هۆی گەندەلبوونی ئازادی و هۆیئەوەش ئازادی گەندەل نا- ئازادی بەرهەمدێنێ،کە تێزی سەرەکیشمانە لەم نووسینە چەند لاپەرەییە، ئەوەیە سیاسەت لەناو ئێمەی کورد ڕووی لە گەندەلیناوە و هەروەها بەهەلە بەکاربردنی سیاسەت و مشخۆربوونی سیاسی لەسەر داهاتی نەتەوەی کورد (ئەگەرچی سەرچاوەکانی ئەم داهاتە ڕوون نییە چیە) عیلەتی سەرەکی ئەم بەگەندەلبوونەی ئازادیە. بەدلنیایشەوە یەک لە روخسارە هەرە کوشندەکانی ئازادی گەندەل ئەوەیە سیاسەت لەناو ئێمەی کورد ئەو شیاوییەی تیانییە کارلەسەر بەمانادارکردنی هەلبژاردن(ئیختیار) بکا واتە تاکی کورد توانای هەلبژاردنی نیە و ئەوی سیاسی دەیکا و دەیلێ هەر ئەوەیە و ئەم رەفتارەش کە هەلومەرجی توتالیتاری دێنێتە پێشێ ڕاپەرینێ تری بەدەمەوەیە. گەر ڕاپەرینی یەکەم دەسەلاتی بەعسی بە دەسەلاتێ کوردی گۆری و ئەم دەسەلاتە کوردیەش لەگەل کات گەندەلی بەرهەمهێنا ئەوا ڕاپەرینی دووەم بریتیە لە گۆڕینی دەسەلاتی گەندەل بە دەسەلاتێ نا-گەندەل.
بەلام بۆ ئێمە جەغت لە ترس لە ئازادی گەندەل دەکەین؟ هۆی روون و ئاشکرای ئەوە ئەوەیە کە کاتێ ئازادی ناکاریگەر دەبێ، کاتێ ئازادی هیچ نەگۆڕ دەبێ،کاتێ ئازادی بۆ مەبەستی مشەخۆری بەکاردەبرێ و گەندەلی باشترین بەرهەمی ئەو ئازادیە دەبێ ئازادی پێچەوانەکەی خۆی بەرهەمدێنێ(واتە نا-ئازادی). لەهەمووی ترسناکتریش ئەوەیە ئەو دەمە ئازادی بێ مانا و بێ هەیبەت دەبێ کە ئازادی بەئاشکرا بێدەنگی دروستکا. ئەمە پاڕادۆکسێ هێجگار گەورەیە کە ئازادی بەخۆی دوژمنی هەرە گەورەی بێدەنگییە بێدەنگی بەرهەمبهێنێ. ئەی ئەوە ترسناک نییە ئازادی تووخمی نا-ئازادی تیابێ؟ ئەی بێدەنگی یەکێ نیە لە تووحمەکانی نا-ئازادی؟ بەبێگومان ئازادی راستەقینە کە دوژمنی هەرە گەورەی گەندەلیە ناشێ بە بێدەنگی قایل بێ و لەئاست نا-دادپەروەری و دزی و چەوسانەوەکان نەووتن هەلبژێرێ.
پێویستە لەم سەرەتایەوە ئەوەش دەستنیشانکەین گەندەلبوونی ئازادی،کە بەشتبوونی دیموکراسیەتیش لەخۆدا بەرجەستەدەکا، گفتووگۆکردنی کردەی سیاسی دێنێتە پێشەوە. چونکە ئەوەی والە ئازادی دەکا گەندەل بێ و خۆی نەبێ ،هەروەها ئەوەی والە ئازادی دەکا دژەکەی بەرهەمبهێنێ و بێسوود و نا-پێویست بێ ئەوەیە کە کردەی سیاسی گەندەل و هیچئاسا دەبێ. لەوەش بەلاترنیە ئازادی وەک شتێ نا- پێویست تەماشاکرێ. خۆی ئەم جۆرە تەماشاکردنە بۆئازادی بەری ئەو رقەشە کە هەندێ لە ئازادی دەیبێ، بەلام ئەو رقە لە ئازادی رقە لە ئازادی گەندەل نەک لە ئازادی راستەقینە. چونکە شیاو نیە رق لە ئازادی. واتە لە ئازادیێ بەرهەمهێنەر و خولقێنەر.بەلام کاتێ ئازادی لە کۆمەلگە بێدەنگی دروستدەکا و لەتەک خۆشیا زەبری کۆمەلایەتی و نا-یەکسانی ئابووری دێنێ ئەو ئازادیە نا-پێویست و هیچگەرایە.
کەواتە باسی گەندەلبوونی ئازادی باسی گفتووگۆی کردەی سیاسی دێنێتەپێشەوە و ئەمەش پرسیار لەسەر ئایندەی سیاسەتکردن دێنێتەپێشەوە. چونکە گفتووگۆکردنی سیاسیانەی واتای ئازادی و ئایندەی ئەم واتایە لە کۆمەلگە  ""ئەوی سیاسیە"" لەوە جیادەکاتەوە ""سیاسی نییە"". بۆیە خراپ نییە بپرسین ئەوە چییە کە سیاسی یە و ئەوەش کە سیاسی نییە؟ بۆنموونە ئازادی وەک واتا و ئایندەی ئەم واتایەش کە گشت ئایندەی تاکەکانی کۆمەلگەی لەسەر وەستاوە شتێ سیاسیە یان نەخێر؟ بەبێ ئەملاوئەولا خولقان و بەردەوامبوون و پەرەسەندنی واتای ئازادی کارکردەێ سیاسییە. ئەم واتایەش بۆئەوەی بژی و تەشەنەش بسێنێ پێویستی بە ژینگەێ سازکار و پاقژی سیاسییە.لەم ژینگەیەش پرسیاری سەرەکی ئەوەیە پەروەردەی سیاسی چۆن خۆی فۆرمولێرە دەکا. چونکە پەروەردەی سیاسی باش دالدەێ مەزنە بۆ نەشونماکردنی ئازادیێ بێ غەش و خولقێنەر. ئازادی گەندەل کە لە ئاکامی بێسەروبەری ژیانی سیاسیەوە دێتەکایەوە کارکردەی ئەو پەروەردە سیاسی چەوتەیە لە کۆمەلگە و لە دامەزراوەکانیا پێشهەمووشتێکیش لە هزری سیاسیەکانیا بنجبەستە. ئەم ژیانە سیاسیە بێسەروبەرەش بەرهەمهێنەری ڕاستەوخۆی ئەو گەندەلییە ئابووری و ئیداری و یاساییەیە سەرتاپای دەزگاکانی کۆمەلگە دەگرێتەوە و زۆرترین زیانیش لە بیر و تێگەیشتن و ڕای ئازاد دەدا.بەلام سەرەتا بابپرسین بۆ ئازادی گەندەل دەبێ؟ ماهیەتی ئازادی گەندەل چییە؟.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.