26 ساڵه …
برێڤ
رۆژانه‌ی ( شێرزاد هه‌ینی)یه.
26 ساڵه …
سه‌رمای نه‌ده‌بوو بۆ جگه‌ره‌کێشان هاتبووه ده‌ره‌وه، له‌گه‌ڵ ژنه سهررهشهکه به‌یه‌که‌وه وه‌ستابوون، (ئێڤا) رووخوش بوو، له‌گه‌ڵ زۆربه‌یان نوکته‌و به‌زمی خۆشی هه‌بوو، بۆ کار‌و داواکانیان ئاماده‌و ئاسانکاربوو. ئیڤا به‌پێکه‌نینه‌وه، له‌گه‌ڵ یه‌کێکیان هاواری ده‌کرد، 26 ساڵ له‌گه‌ڵ یه‌ک پیاو، چۆن له‌یه‌کتری بێزار نه‌بوون، چۆن له‌یه‌ک تێرنه‌بوون، ناگۆرن، به‌سه! زۆر به سه‌رسامییه‌وه، ده‌یووت، به‌راستی سه‌یره ئه‌و ته‌مه‌نه درێژ ته‌نها له‌گه‌ڵ پیاو ..
هه‌ر بۆ خۆشی، له یادی 25 ساڵه‌ی به‌یه‌که‌وه ژیانمان، منیش ئه‌و چه‌ند دێره‌م بۆی نووسی، دێره‌کان واقیعی ناخی ژن و مێردی راسته‌قینه‌ی خۆمانه… به‌ڵێ ئێمه‌ش 25 ساڵه به‌یه‌که‌وه‌ن، که ڕاوه جیش شعبیمان له‌سه‌ربوو، که له‌ناو ئاگرو ترسا کارمان کردووه، که شه‌وان دڵمان له‌ناو ده‌ستمان بوو تا ده‌گه‌یشتینه‌وه ماڵه‌وه، هه‌ر به‌یه‌که‌وه‌بووین. له ره‌نگرێژکردنی ئه‌رزه‌که بۆ بنیاتنانی خانووه‌که، یه‌ک ساڵ به‌رد به‌ردمان له‌سه‌ر یه‌ک دانا، تا ئه‌و رۆژه‌ی کاره‌بامان بۆ خانووه‌که راکێشاو دایک و باوکمان به خه‌مه‌وه که‌لوپه‌له‌که‌یان له‌گه‌ڵ بارکردین، به‌یه‌که‌وه بووین.
که له پاش راپه‌رین که ئاردو شه‌کر کرینمان بووه یه‌ک کیلۆیی، که نه‌وتمان بووه ده‌به‌و جلیکان به‌یه‌که‌وه بووین. که قاچاخچیه‌که هات و پاساپۆرتهکهی هێنابۆوهو وێنه‌ی منی له‌سه‌ر ناوه‌که عه‌ره‌بیه‌که دانابوو، ئێمه هه‌ر به‌یه‌که‌وه‌بووین. تا ئه‌و کاته‌ی ته‌له‌فۆنم بۆ کردن، وه‌رنه دهۆک و له‌وێش بۆ فیشخابور، من پاره‌م داوه‌و ناوه‌کانتان له‌سه‌ر ئاوهکهیهو گه‌راوه‌ته‌وه، ده‌توانن بچنه سه‌فاره‌ت له دیمشق، هه‌ر به‌یه‌که‌وه بووین.
که محافیزه به‌ناو کورده‌که‌ی هه‌ولێر به زمانی عه‌ره‌بی پێی‌ووتم:
ئه‌گه‌ر بۆ نه‌خشه‌سازی مجمعهکانی بهنسڵاوهو داره‌توو نه‌چیت، یه‌که‌م شت ئه‌و سمێله گه‌وره‌یه‌ت بۆ ده‌تاشین. ئێمه له‌یه‌ک دانهدهبراین. که شه‌وانی چوارشه‌مموان له یانه‌ی مامۆستایان ده‌چووینه ئاهه‌نگه خێزانیه‌کان، له‌گه‌ل به‌زمی خێزانه براده‌ره‌کان ئه‌وه‌نده ساڵه به‌یه‌که‌وه‌ین. بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رمان له چه‌ند ده‌رمانخانه‌یه ده‌ست به راچێته ده‌سووراینه‌وه، که رۆژانه بۆ دزینی ئوتومبێل دکتۆریان ده‌کوشت، که شه‌وێکیان چه‌ند ده‌رمانخانه‌یه‌کیان تاڵانکرد، که شه‌ڕی براکوژی گه‌رم بوو، به‌یه‌که‌وه‌بووین.
که له مساکن برزهی شام چوومه‌وه لایان و یه‌ک مانگ له بازاره‌کان حمیدیهو ێالحیه ده‌ست له‌ناو ده‌ست سووراینهوه، چاومان له زۆر شت بوو که‌ممان پێ ده‌کڕا، به‌خۆشییه‌وه به‌یه‌که‌وه‌بووین.
ئێڤا زۆرت لا سه‌یر نه‌بێت، ئێمه‌ش بیست و پێنج ساڵه به‌یه‌که‌وه‌ین.
چه‌ندجار زێرمان فرۆشت و کڕیوومانهتهوه.
خانوومان گۆڕی و گواستوومانه‌ته‌وه.
توورهبوین و زووش ئاشتبووینهتهوه.
پاره که‌م بووه‌و دوایی بووژاینهتهوه.
ئاو‌و کاره‌با نه‌بووه‌و نووزاینهتهوه.
به‌ڵام ئیمرۆش ئێڤاخان به‌یه‌که‌وه‌ین و جیانه‌بووینه‌ته‌وه!
ئه‌گه‌ر مردن و پرخه‌پرخی نووستن له‌یه‌کترمان جیابکاته‌وه…؟!
Sherzad.heini@gmail.com