Skip to Content

Friday, June 18th, 2021

8ی مارس پیرۆزبایی لەژنان ناكەم

Be First!

هەرگیز سیاسەتی قیرسچمەییم پێباش نەبووە، بەڵام هەندێك قسەو تێگەیشتنم پێقوت ناچێ‌‌وناتوانم لێی بێدەنگ بم، ئاخر كە دەڵێن پیرۆزبێت 8ی مارس جەژنی جیهانی ژنان ..!  رێك وەكو ئەو لافیتەیە دێتە پێشچاوم كە ساڵی 2006 بۆیادی ئەنفال نوسرابوو ( بەرزوپیرۆزبێت رۆژی جینۆسایدكردنی گەلی كورد !! ) .
ئەوكاتەی خوێندكاری پەیمانگا بووم، بیرمە جارێكیان لەگەڵ شیوعیەكی نەسەلمێن،مشتومرمان لەسەر (بژی چینی كریكارانی جیهان ) گەرم بوو، ئەو دەیگوت (بژی‌و من دەمگوت بمرىَ ) من وتم: بمرێ‌ چینی كرێكار، كابرا بۆ خۆی سوركەلەبوو، كەخۆی لێ سور كردمەوە، بەڕادەیەك ترسم لێنیشت ها ئێستا ها تاوێكی ترپڕمپێدا دەكات‌و دەردی كابرا ووتی (هەر لەسەر جادە حەسیرمەیدانم دەكات)، گرفتەكە لەوەدا بوو ئەو كرێكاری بیناسازی‌و باسك‌و مەچەكی ئەستورو بەهێز بوو، منیش خوێندكارێكی ڕوتەڵەی پەیمانگا، ئەگەر بقەومایە بێگومان دەمدۆڕاندو دور نەبوو نەشم بۆڕاندایەو بەسەری شكاو لەشی كوتراوەوە نەڕۆمەوە بۆماڵەوە. روی لێوەرگێرام بەدردۆنگیەكەوە وتی: ڕەحمەتت لێبێت (لینین)ی مەزن كەوتووتە وردە بورژوازی جێگەی بڕواو متمانەی كرێكاران نین‌و هەلپەرست‌و ئینتیهازین.
–     برا بورژوازی چی ؟ هەموو رۆژێ‌ لەكارێزە وشكەوە بەپێ دەیكوتم بۆ پەیمانگا، زۆرخۆم بگوشم دەتوانم سواری پاص بم، پاصیش چی یان پۆڵۆنیە یان هەژدە نەفەری..
–    مردوت مرێ‌ خۆت بەشی قۆزییەك گۆشت بەبەدەنتەوە نیە، ئیتر داكۆكی چی لەومل پانانە دەكەیت ..؟!
–    برام گفتوگۆ بەو گۆترە كاریەی تۆ ناكرێ‌ من داكۆكی چیم لەو زرتەبۆزو ملپانانە كردووە..؟
نەخێر ئەو زۆر نەبیست‌و نەسەلمێن بوو، پێمگوت برا سەلام‌و علیك
–     ووتی: سەرچاو
–     ئێستا چینی كرێكار  بژی باشە یان خراپ ؟
–      هەڵبەت بژی باشترە !
–     ئاخر باش نیە ..! ئەوە خەون‌و دوعای سەرمایەدارییە  كە دەیەوێت چینی كریكار بژی‌و یەك كرێكاریشنەخۆش نەكەوێ‌ ؟
–     چۆن ؟
–    چاك !
–    ئاخر چۆن ؟!
–     هەروا كەمێك بیری دەوێ‌ ئەگەر كەمێك سەبرت هەبێ‌، بۆت دەسەلمێنم.
–    ئاخر نایسەلمێنم.
–      بابە من دەیسەلمێنم.
–     جا بۆخۆت هەربڵێَََ ناتوانی بیسەلمێنی
–     (ئەو ڕاستی كرد نەهێشتی من بۆی بسەلمێنم، نەخۆشی سەلماندی).
پاش تێپەرینی هەفتەیەك، جارێكی تر بینیمەوە‌و گفتۆگۆكەمان دامەزراندەوە، تكام لێكرد گوێم بۆ بگرێ‌  ووتی: بەسەرچاو .
–    برا مەرحەبا
–     سەرچاو .
–    باگریمانەی ئەوە بكەین لافاوێك دێت، بومەلەرزەیەك، تاعونێك دێت هەرچی كرێكارە دەمرێ‌ .
–    خوانەكات ؟
–    سەبرت هەبێ‌ برا
–      ئێ‌..
–     ئەوكاتە كێ‌ بەرهەمدەهێنێ‌ ؟ ئایا سەرمایەداران ئەوەندە زۆرن خۆیان قۆڵی لێهەلماڵن..؟
–     نەخێر.
–    باشە ئەگەر كرێكار نەمێنێ‌، سەرمایەداران كێ‌ دەخەنە سەركار ؟ كێ‌َ كاریان بۆ بكات ؟
–     ئاخر..
–    ئاخرو ماخری ناوێ‌، كێ‌ كاردەكات ؟
–     ئەگەر كەس كەس نەمێنێ‌ ؟
–    بەڵێ‌
–     جا چۆن شتی وا ڕودەدا ؟
–    ئەوە گریمانەیە وادامانا ڕویدا ؟
–     ووتی كەس.
–    ئۆخەی تێگەیشتی . ” ئینجا پرسیم ” باشە سەرمایەدارەكان چییان بەسەردێت ؟
–    دەمرن لەبرسان
–     ئەگەر نەشمرن، ناچارن خۆیان كار بكەن بەڵام ئەمجارە وەك سەرمایەدار نا ! بەڵكو وەكو ڕەنجدەر.
–      وایە .
–    دەی مادام وایە تۆش لەگەڵ من بڵێ‌ بروخێ‌ چینی كرێكار، نەمێنێ‌ چینی كریكار، بۆ ئەوەی سیستمی بێچین بێتە بێشەوە چونكە سەرمایەداری بێ كرێكار نابێت، كرێكاریش بەبێ‌ سەرمایەدار نیە. تەنانەت ئەگەر هەموو ئامێرەكان ببنە كارەبایی‌و ئەلكترۆنی سەرمایەدار پێویستی بە كرێكارێك هەردەبێ‌ ..كابرا لەمەبەستەكەم تێگەیشت‌و پاشئەوەی نەرمە كۆكەیەكی بۆكرد، شانی بۆ لاركردەوەو ووتی بەڵام ئەوە مەحاڵە.
بەئومیدم ئەو مانشێتەی سەرەوە توشی هەمان بەزمم نەكات چونكە ڕۆژی هەشتی مارس جەژنی ژنان نیە، بۆ خۆڕازاندنەوەو ئاهەنگ گێڕان، بەڵكو ڕۆژی خەباتی ناڕەزایەتی‌و بەرەنگار بوونەوەی ژنانە بەدژی ناعەدالەتی‌و نایەكسانی دنیای سەرمایەداریدا.. تەنانەت ڕۆژی ماتەمینی مرۆڤایەتیشە، چونكە لەو ڕۆژەدا ژنان كوژران‌و گیانیان لێسەندرایەوە. كەواتە بۆچی ڕۆژی سوكایەتی پێكردن‌و بەكۆمەڵكوشتنی مرۆڤ‌و ژنانی شیكاگۆ بە پیرۆز بزانین؟! لای خۆمەوە خۆشەویستی‌و پشتیوانی‌و ڕێز بۆخەباتیان دەنێرم، نەك پیرۆزبایی. چونكە ژن بێجگە لە مرۆڤ هیچ پێناسەیەكی تری نیە.

عومەر محەمەد

Previous
Next

Leave a Reply