Skip to Content

Friday, June 18th, 2021

NRT یاری بەئاگر دەکات

Be First!
by April 13, 2012 گشتی

دوای تپێپه‌ڕبوونی پتر له‌ مانگێك به‌سه‌ر كوشتنی مامۆستای ئه‌مه‌ریكی جێره‌مایا سمۆڵ له‌ خوێندنگه‌ی میدیای نموونه‌یی له‌ سلێمانی له‌سه‌ر ده‌ستی خوێندكار به‌یار سه‌روار كه‌ خزمێكی نزیكی به‌ڕێزجه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراق وسكرتێری گشتی یه‌كێتیه‌. كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی NRT چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ دایك وباوكی به‌یار كرد .
له‌و چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا دایك وباوكی به‌یار هه‌تا بۆیان كرا سووكایه‌تی وبێڕێزیان به‌ مه‌سیحییه‌كان و ئایینی مه‌سیحی كرد ومامۆستا ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌یان به‌ دوژمنی ئیسلام  تاوانبار كرد و، هه‌رچی تاوان وكاری دزێوه‌ خستیان پاڵی و، كوڕی خۆشیان كرده‌ فریشته‌یه‌كی میهره‌بانی پاك وبێگه‌رد.
بێگومان مرۆڤ له‌وه‌ تێده‌گات كه‌ ئه‌و دایك وباوكه‌ له‌ پێناو پاساوهێنانه‌وه‌ بۆ تاوانی كوڕه‌كه‌یان سڵ له‌ هیچ ناكه‌نه‌وه‌و، په‌نا بۆ دنه‌دان و هاندانی رق و قینه‌ له‌ دژی مه‌سیحیی ومه‌سیحییه‌كان ده‌به‌ن و ده‌یانه‌وێ كوڕه‌كه‌یان له‌ كه‌سێكی تاوانبارو بكوژه‌وه‌ بكه‌نه‌ كه‌سێكی قوربانی كه‌ گوایا له‌ پێناو رزگاركردنی قوتابییه‌ هاوڕێیه‌كانی، مامۆستاكه‌ی كوشتوه‌ !، ئه‌و دایك وباوكه‌ ئه‌گه‌رچی به‌ رووكه‌ش خوێنده‌واریش بن و ماوه‌یه‌كیش له‌ ئوسترالیا ژیاون ، كه‌چی دایكه‌كه‌ی ته‌نانه‌ت نه‌یده‌زانی به‌ ئینگلیزی به‌ عیسا ده‌ڵێن ” جیسس” ، وه‌ك دایكی به‌یار گوتی ” جێرمایا كه‌باسی عیساشی ده‌كرد ئه‌و نه‌یده‌گوت عیسا به‌ڵكو ده‌یگوت جیسس”!!
پاشان چۆن قسه‌ی ئه‌و دایك وباوكه‌ به‌ڕاست بزانین ، له‌ كاتێكدا باوكی به‌یار له‌ كاتی ناشتنه‌كه‌ی به‌ ئاشكرا گوتی” ئه‌و رووداوه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ ناكۆكی ئایینی نه‌بووه‌ ” .
قسه‌ی ئه‌و دایك وباوكه‌ وبوختانه‌كانیان هیچ جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نییه‌، چونكه‌ ده‌یانه‌وێ به‌و قسانه‌ ئابڕووی خۆیان بكڕنه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه‌ ئه‌وه‌یه‌ ته‌له‌ڤزیۆنێك بانگه‌شه‌ی بێلایه‌نی وپرۆفیشناڵبوون بكات و به‌و شێوه‌یه‌ په‌یامێكی پڕ له‌ رق وقینه‌ بڵاوبكاته‌وه‌ كه‌ باش ده‌زانێت له‌ بارودۆخی ئێستای كوردستان كه‌ تاسه‌رئێسقان بارگاوییه‌ به‌ دین وكۆنه‌په‌رستی ، چاوپێكه‌وتنێكی ئاوا یاریكردنه‌ به‌ ئاگر ودنه‌دانی ئاشووبه‌و هیچی له‌ بانگشه‌كردن بۆ كارێكی تیرۆریستی كه‌متر نییه‌.
لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم چه‌ند تێبینییه‌ك له‌سه‌ر كاره‌كانی ئه‌و ته‌له‌ڤزیۆنه‌ به‌ناو سه‌ربه‌خۆیه‌ بخه‌مه‌ روو:

* به‌ چ هه‌قێك رێگه‌تان به‌ دایك وباوكی به‌یاردا باس له‌ كه‌سێكی مردوو بكه‌ن و قسه‌ی وای بۆهه‌ڵبه‌ستن كه‌ له‌ كوردستان و وڵاتانی ئیسلامی رووبارێك خوێنی له‌سه‌ر ده‌ڕژێ وه‌ك ئه‌وه‌ی دایكی به‌یار گوتی  مامۆستا جێرمایا جوێن وقسه‌ی ناشرینی به‌ پێغه‌مبه‌ری ئیسلام گوتووه‌و پێیگوتوو ” چه‌ته‌و جه‌رده‌و پیاوكوژ” . ئایا په‌یامنێری ته‌له‌ڤزیۆنه‌كه‌ نه‌ده‌بوو بپرسێت كوا به‌ڵگه‌كانت ؟ له‌كاتیًَكدا تۆمه‌تباره‌كه‌ نه‌ك هه‌ر له‌وێ نییه‌ به‌رگری له‌ خۆی بكات به‌ڵكو مردووشه‌، ئایا ئه‌مه‌یه‌ پرۆفیشناڵبوون وبێلایه‌نی ؟
گریان وخه‌مباربوونی زۆری قوتابیانی قوتابخانه‌ی میدیا بۆ كوژرانی مامۆستاكه‌یان كه‌ له‌كاتی رووداوه‌كه‌ وێنه‌كانیان له‌زۆربه‌ی سایته‌كان بڵاوبوونه‌وه‌، باشترین وه‌ڵام وبه‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئه‌و درۆیانه‌ی دایك وباوكی به‌یار كردیان. 
دایكی به‌یار ده‌ڵێ حه‌وتسه‌د قوتابی بوونه‌ته‌ مه‌سیحی و “باری ده‌روونیان تێكچووه‌” یانی به‌ كوردیه‌كه‌ی شێتبوون ! ئایا ئه‌مه‌ سووكایه‌تی نییه‌ به‌خه‌ڵك؟ یان NRT  ته‌نها ئه‌وه‌ی به‌لاوه‌ گرنگه‌ پاساو بۆتاوانی كوڕی كه‌سێكی نزیكی ده‌سه‌ڵات بێنێته‌وه‌ ؟
بۆچی NRT رای ئه‌و قوتابی ومامۆستاو خه‌ڵكانه‌شی  بڵاونه‌كرده‌وه‌ كه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی دایك وباوكی به‌یار ، جێره‌مایا به‌كه‌سێكی خۆشه‌ویست وبه‌ڕێزو بێ زیان  ده‌زانن ؟
  – به‌رپرسانی ته‌له‌ ڤزیۆنی NRTئه‌گه‌رچی به‌رووكه‌ش  كه‌سانێكن پابه‌ندبوونێكی ئه‌وتۆیان به‌ ئایینه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام كاروبه‌رنامه‌كانیان له‌ خزمه‌ت بیری دواكه‌وتوو وتوندڕه‌وی ئایینیه‌ له‌ كوردستان ، به‌تایبه‌تیش به‌رنامه‌ی “به‌ بوێری” كه‌ ماوه‌یه‌ك بوو بڵاوده‌كرایه‌وه‌، كه‌ هیچ بوێرییه‌كی تێدا نه‌بوو چونكه‌ ته‌نها خه‌ڵكی زۆر دواكه‌وتووی بانگهێشت ده‌كرد و وه‌كو زانا به‌ ته‌ماشاوانانی ده‌ناساند وه‌ك به‌ناو د.عه‌بدولواحید وبه‌ناو د.عه‌بدولله‌تیف سه‌له‌فی ، ئه‌مه‌ جیا له‌ چاوپێكه‌وتنه‌ زۆروزه‌به‌نده‌كانی ته‌له‌ڤزیۆنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ مه‌لا كرێكار ومه‌لاعه‌لی باپیر ومه‌لاو ئیسلامییه‌كانی دیكه‌.
‫-‬ ئه‌رێ خێره‌ NRT و میدیا هاوشێوه‌كانی یه‌خه‌ی خوێندنگه‌ی میدیای نموونه‌ییان گرتووه‌ گوایا خه‌ڵك ده‌كه‌نه‌ مه‌سیحی به‌ڵام چاوی خۆیان له‌ ئاست ئه‌و خوێندنگانه‌ داخستووه‌ كه‌ منداڵانی كوردستان به‌ په‌روه‌رده‌ی توركی وئیخوان موسلیمین په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ن ، وه‌ك قوتابخانه‌كانی ئیشق-ی سه‌ر به‌ فه‌تحوللا گوله‌نی سه‌ركرده‌ی ئیسلامیستی شۆڤێنیستی تورك و زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی  له‌ قه‌ره‌داخ  كه‌ مه‌لا عه‌لی قه‌ره‌داخی یه‌كگرتوو به‌ پاره‌ی قه‌ته‌ری ووڵاتانی كه‌نداو ده‌یه‌وێ منداڵانی كوردستان بكاته‌ به‌چكه‌ ئیخوان . ئه‌و عه‌لی قه‌ره‌داخییه‌ی كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان له‌ فرۆكه‌خانه‌ جلوبه‌رگی كوردی له‌به‌رده‌كات وكه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ قه‌ته‌رو وڵاتانی كه‌نداویش دشداشه‌كه‌ی له‌به‌ر ده‌كاته‌وه‌و خۆی ده‌كاته‌وه‌ به‌ عه‌ره‌ب.!
منداڵانی كوردستان پێویستیان به‌ بیروباوه‌ڕی پووچی ئایینی نییه‌ مێشكیان تێك بدرێ وبخرێنه‌ خزمه‌تی ئه‌جێندای خه‌ڵكی بێگانه‌.
به‌داخیشه‌وه‌ له‌ كوردستان یاسا ته‌نها له‌ قازانجی به‌رپرساندایه‌ ده‌نا  له‌دوای ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ی دایك وباوكی به‌یار ، ده‌بوایه‌ ته‌له‌ڤزیۆنی NRT به‌ تۆمه‌تی هاندانی رق وقینی ئایینی ونانه‌وه‌ی ئاشووب ودووبه‌ره‌كی بدرێته‌ دادگه‌ ولێكۆڵینه‌وه‌ش بكرێ له‌وه‌ی چۆن خاوه‌ن وبه‌رپرسانی ئه‌و ته‌له‌ڤزیۆنه‌ بوونه‌ خاوه‌نی  ملیۆنان دۆلارو له‌ پڕێك  بوونه‌ كوڕێك ؟؟

Twitter:@Waisy1 

بۆ دیتنی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ :
http://www.youtube.com/watch?v=QOKQ5zuE3bs&feature=share


نووره‌دین وه‌یسی

Previous
Next

Leave a Reply