Skip to Content

Friday, December 4th, 2020

ئاشته‌وایی نیشتمانی بۆ چی و له‌گه‌ڵ کێ؟

Be First!
by May 18, 2009 گشتی

ئاشته‌وایی نیشتمانی
بۆ چی و له‌گه‌ڵ کێ؟*
ئیبراهیم مه‌لازاده‌

له‌ دوای ڕوخانی ڕژێمی عێراقی پێشووتره‌وه‌ له‌ساڵی 2003، بیرۆکه‌ی ئاشته‌وایی و لێخۆشبوون زۆر به‌ گه‌رم و گوڕی له‌ناوه‌نده‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی عێراق و هه‌رێمی کوردستاندا سه‌ری هه‌ڵداوه‌. تا ئێستا ده‌یان کۆنگره‌ی تایبه‌ت به‌و پرسه‌وه‌ ئه‌نجام دراون. له‌و ڕۆژانه‌شدا چه‌ند کۆنگره‌یه‌کی له‌و جۆره‌ کۆتاییان به‌کاره‌کانیان هێنا، هه‌ندێکیان له‌ هه‌رێم و عێراق و هه‌ندێکیشیان له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراق و له‌ژێر چاودێری تورکیا، ئێران و ئه‌رده‌ن . ئایا  ڕێکخه‌رانی ئه‌و کۆنگرانه‌ ده‌یانه‌وێ له‌کێ خۆشبن، چۆن و که‌ی و بۆ؟ ئایا به‌خشین هه‌موو جارێک کارێکی مۆڕاڵییه‌؟ ئایا جیاوازی نێوان به‌خشین  و دادوه‌ری چیه‌؟
ئه‌وه‌ی ئێمه‌ لێره‌دا ده‌مانه‌وێ به‌کورتی قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین، پێگه‌ی پرسی کورده‌ له‌ ئاڵۆزی ئه‌و ئاشته‌واییه‌دا. ئایا ئه‌و ئاشته‌واییه‌ی کورد ده‌یه‌وێت هه‌مان ئه‌و ئاشته‌واییه‌یه‌ که‌ عه‌ره‌به‌کان داوای ده‌که‌ن؟ کورد داوای ئاشته‌وایی له‌ کێ ده‌کات؟ له‌وانه‌ی که‌ له‌و کۆنگرانه‌دا ئاماده‌ ده‌بن، یا هه‌ر به‌عسیه‌کان؟ به‌عسیه‌کان و ئیسلامییه‌ عه‌ره‌به‌کانی سوننه‌ و عه‌ره‌به‌ شیعه‌کان بۆ کورد و پرسه‌کانی کورد جیاوازیان چییه‌؟ 
گه‌وره‌ترین پێناس بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر کورددا هاتووه‌، هه‌ڵمه‌تی به‌کۆمه‌ڵکوشتنی خه‌ڵکی کوردستان بوو له‌ لایه‌ن حکومه‌تی عێراقه‌وه‌. بۆیه‌ ده‌ڵیم حکومه‌تی عێراق، چونکه‌ ڕژێمی ئه‌وسای عێراق وه‌کو ده‌وڵه‌ت ئه‌و تاوانه‌ی ئه‌نجام داوه‌، نه‌ک وه‌کو حیزب یا خێڵ. تاوانه‌که‌ش شاڵاوه‌کانی ئه‌نفاله‌، ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌ سیاسه‌تی ته‌عریب و ته‌رحیله‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ وێرانکردنی لادێکانی کوردستان و کۆکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی ئه‌و لادێیانه‌ له‌ ئۆردوگای زۆره‌ملێ تا به‌ پاکتاوی ڕه‌گه‌زی فه‌یلیه‌کان و‌ کۆمه‌ڵکوژی بارزانیه‌کان و کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌شه‌وه‌ تێپه‌ڕ ده‌بێت. ئه‌مه‌ به‌ نیازێکی پێشوه‌خته‌ و پلان بۆدانراو بووه‌ و خوازیاری بڕینی هه‌موو هه‌ناسه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان بوون به‌ هه‌موو پێکهاته‌کانیه‌وه‌، وێڕای ئه‌وه‌ش ئه‌م تاوانانه‌ خۆیان له‌ هه‌تک کردن و بێ ئیراده‌کردن و به‌چۆکداهێنانی یه‌کجاره‌کی ئه‌و میلله‌ته‌ بووه‌.
دیاره‌ حکومه‌تی عێراق ئه‌و تاوانه‌ی به‌ هاوکاری ژماره‌یه‌کی زۆری جاشی ئه‌و کاته‌ ئه‌نجام دا، ژماره‌یه‌کی زۆر له‌و جاشانه‌ ده‌ستیان سووربوو‌ به‌ خوێنی خه‌ڵکی سڤیل و بێگوناهی کوردستان. به‌ڵام دوای ڕاپه‌ڕین و دوای هاتنه‌وه‌ی به‌ره‌ی کوردستانی بۆ ناو شاره‌کان، به‌ هه‌ر نرخێک بێت به‌ره‌ی ئه‌و کاته‌ قسه‌ی خۆی کرد سه‌باره‌ت به‌وانه‌ی هاوکاری حکومه‌تی عێراق بوون له‌ تاوانه‌کاندا و لێبووردنی گشتی ڕاگه‌یاند. بۆیه‌ له‌و قۆناغه‌دا پرسی ئاشته‌وایی ناوخۆیی فۆرمی تری هه‌ن و لێره‌ کاتی باسلێکردنیان نیه‌. که‌واته‌ ئه‌وه‌ی کورد له‌و کۆنگرانه‌دا مه‌به‌ستیه‌تی، ئاشته‌وایی ناوخۆیی نیه‌، به‌ڵکو ده‌ره‌کییه‌ و لایه‌نی سه‌ره‌کیش حکومه‌تی عێراق و عه‌ره‌به‌کانی عێراقن، به‌هه‌ردوو باڵی سوننه‌ و شیعه‌ن.
که‌واته‌ کێ ئاشته‌وایی ده‌وێت و کێ ده‌بێ داواکاری ئاشته‌وایی بێت؟ کورد یان لایه‌نی تر. هه‌موو داتایه‌کان ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نن که‌ حکومه‌تی عێراق و عه‌ره‌بی عێراق ده‌بوایه‌ ده‌ستپێشخه‌ر بن له‌ ئاست خه‌ڵکی کوردستان بۆ پرسی ئاشته‌وایی. چونکه‌ ئه‌وان تا ئێستا هیچ که‌یسێکی دادگایان نیه‌ له‌دژی کورد. هه‌موو که‌یسه‌کان له‌دژی سه‌رانی حکومه‌تی پێشووتری عێراقن. به‌ فه‌رمانبه‌رانی حکومه‌ته‌وه‌ تا ده‌گاته‌ سه‌رانی حیزبی ده‌سته‌ڵاتدار. ڕاسته‌ بارودۆخی ناوخۆی عێراق و په‌یوه‌ندی پێکهاته‌کان ئاڵۆزه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ڕاسته‌ که‌ هه‌ندێک لایه‌نی ده‌ستڕۆیشتوو هه‌ن له‌ناو حکومه‌تی عێراقی ئێستا و پێکهاته‌ عه‌شایه‌ری و عه‌ره‌بیه‌کانه‌وه‌ که‌ ئاگری ئه‌و گرژبوونه‌ خۆش ده‌که‌ن و ئامانجیش مافه‌کانی کورده‌ له‌ شوێنه‌ دابڕاوه‌کانی و بارودۆخی کورد له‌و شوێنانه‌وه‌.
پرسیارێکی گرنگ لێره‌دا که‌ خۆی ده‌سه‌پێنێت ئه‌وه‌یه‌ چۆن ئاشته‌وایی ده‌بێت ئه‌گه‌ر مافه‌کان بۆ خاوه‌ن ماف نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌؟ ئایا لێخۆشبوون به‌خۆڕایی و بێ به‌رامبه‌ر بووه‌ و ده‌بێت؟ له‌ باشووری ئه‌فریقا دوای ئه‌وه‌ی لیژنه‌یه‌کی ئاشته‌وایی نیشتمانی به‌ سه‌رۆکایه‌تی مه‌تران ئه‌بره‌شی جوهانسبۆرگ و به‌ئه‌ندامه‌تی قه‌شه‌ی به‌ناوبانگ دیزمۆند توو توو پێکهات، له‌سه‌ر بنه‌مای یاسایی زۆر دیار و ئاشکرا، یه‌کێک له‌و بنه‌مایانه‌ ئه‌وه‌بوو که‌ هه‌ر تاوانبارێک داوای لێبووردنی نه‌کردبایه‌ ده‌رفه‌تی بینینی لیژنه‌که‌ی پێ نه‌ده‌درا، لێبووردنه‌که‌ش ئه‌نجام نه‌ده‌درا تا تاوانباره‌که‌، دانی به‌ هه‌موو تاوانه‌کانیدا نه‌نابایه‌ و هیچی نه‌شاردبایه‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌بوایه‌ ئه‌و فه‌رمانانه‌ هی سه‌ره‌وه‌ی خۆی بووان و به‌ئامانجی ئه‌وه‌ی که‌ پێی وابووه‌ سپی پێسته‌کان به‌رزتر و پاکترن. ئه‌وکاته‌ش مه‌رج نه‌بوو لیژنه‌که‌ له‌و تاوانباره‌ خۆش ببن، بۆیه‌ له‌کۆی 7116 داواکاری لێخۆشبوون ته‌نها 1312 داواکری مافی لێخۆشبوونیان پێ بڕا، واته‌ 80% داواکاریه‌کان ڕه‌د کرانه‌وه‌. 
که‌چی له‌ عێراقی نوێدا، له‌ عێراقێکدا که‌ کورد خۆی ده‌سته‌ڵاتێکی به‌هێزی هه‌بوو و هه‌یه‌ له‌ ناوه‌نده‌ سیاسیه‌کاندا، نه‌یتوانی له‌ نزیک ڕووداوه‌کاندا، به‌دواداچوون بۆ پرسه‌ زیندووه‌کانی خۆی بکات. ئه‌وه‌ شیعه‌بوون توانیان هه‌رزوو تۆڵه‌ی ڕیبه‌ره‌کانیان بکه‌نه‌وه‌ و سه‌ددام حوسێن به‌ ئیهانه‌کردنه‌وه‌ له‌دار بده‌ن. ئه‌وه‌ عه‌ره‌بی سوننه‌شن که‌ نه‌ک هه‌ر ئاماده‌نین داوای پۆزش هێناه‌وه‌ بکه‌ن، به‌ڵکو ڕاسته‌ له‌ ده‌رگاوه‌ وه‌ده‌رنران، به‌ڵام په‌یتا په‌یتا وا له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ دێنه‌وه‌ ژوور و ده‌سته‌ڵاتیش وه‌رده‌گرنه‌وه‌، لیستی حه‌دباش باشترین به‌ڵگه‌ی واقیعی دوای ڕوخانیانه‌. به‌ڵکو ساڵح موتله‌گ که‌ چۆن ئێستا به‌شێکه‌ له‌ سیستمی په‌رله‌مانی عێراق و ڕێپێدراوه‌، به‌شێکیش بوو له‌ داروده‌سته‌ی حکومه‌تی پێشووتر، به‌ڵام له‌ دوا کۆنگره‌ی ئاشته‌وایی هه‌ولێریشدا ئه‌و داوای له‌ کورد کرد له‌ مافه‌کانیان خۆش بن و شێوازی سیاسه‌تی خۆیان بگۆڕن. ئه‌و موتله‌گه‌ی که‌ ده‌یان جار هێرشی کردۆته‌ سه‌ر سه‌رانی کورد و به‌ خائین و زماندرێژ و فیتنه‌گێر ناوزه‌دی کردوون.
عه‌ره‌به‌کان زۆر زیره‌کانه‌ توانیان هه‌موو تاوانه‌کانی ده‌رهه‌ق کورد کراون بۆ دواجار بیانخه‌نه‌وه‌ چوارچێوه‌ی چه‌ند دادگاییکردنێکی دیزه‌به‌ده‌رخونه‌ کراو و له‌ حکومه‌تێکی خاوه‌ن ده‌زگا و زیاتر له‌ ملیۆنێک سه‌رباز و هه‌زاره‌ها ژه‌نه‌رال و به‌رپرسی باڵا، تا دوایی ده‌سته‌ڵاتداره‌کانی، تاوانباره‌کان له‌ 6 که‌س کورت بکاته‌وه‌ و داگیرکاری و به‌تاڵکردنه‌وه‌ی به‌شێکی زۆری کوردستان له‌ کێشه‌یه‌کی مه‌ده‌نی موڵکداریدا چڕ بکه‌نه‌وه‌. له‌کاتێکدا ده‌بوایه‌ حکومه‌تی هه‌رێم لیژنه‌یه‌کی له‌ گه‌وره‌ترین دادوه‌رانی کوردستان پێک هێنابا بۆ به‌دواداچوونی دادگاییکردنه‌کان و لێکۆڵینه‌وه‌ و به‌رگریکردن له‌ مافی قوربانیان و که‌س وکاره‌کانیان. هه‌قی خۆمانه‌ بپرسین داخۆ لیژنه‌ی لێپرسینه‌وه‌ و دادوه‌ری چه‌ندی به‌شی کوردی تێدا بووه‌؟ هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر پێمان وابێت ده‌ستخستنه‌ ناو ده‌ستی جه‌للاد کارێکی مرۆییانه‌یه‌. هه‌روه‌کو هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ش ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر پێمان وابێت تاوانباران له‌ 6 که‌س تێپه‌ڕ ناکه‌ن و فیکری شۆڤینیزمی عه‌ره‌بی له‌ عێراقی نوێدا کۆتایی پێهاتووه‌.
• ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ 4872 ی کوردستانی نوێ بڵاو بۆته‌وه‌.

Previous
Next

Leave a Reply