
چی لە سالە و ئەوانی دی بكەین ؟
بەر لەوەی هیچ لە بارەی ئەوهەمووسوكایەتی كردنە بە میمكە ئەنفالكراوەكانو داواكارییە رەواكانیانومەینەتیەكانیان بلێم پێویستە ئەو پرسیارە لە یەكێتی هونەرمەندانی كوردستان بكەم داخۆ ڕاستە كەسێكی وەها لە رێكخراوەكەیاندا ئەندامی كارایە ؟ بە هیوام وانەبێو ئەگەرنا شەرەفی ئەندامەتی لێوەربگیرێتەوە. دوایی دەمەوێ پرسیار لە وەزارەتی پێشمەرگە بكەم داخۆ قایلن بەوەی ئەفسەرێك لە ڕیزەكانی پێشمەرگەدابێ كە سوكایەتی بەهاونیشتمانیان بكات ؟ لەوەش واوەتر هاونیشتمانیانی سوكایەتی پێكراوكەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوانبن .!
من ئەوكوڕە لە نزیكەوە ناناسم و نایشارمەوە لەبەرنامەیەكی كەناڵی نالیادا بینیم زۆرم خۆشویست چونكە هەستم كرد توانایەكی زۆری هەیە لە هونەری لاسایی كردنەوەدا و دەكرێ باش پەروەردە بكرێو خێر بۆ هونەری كوردی بداتەوە خۆشم ویست چونكە لە گێرانەوەی هەژاریو مەینەتیەكانی خۆی وخانەوادەكەی و میللەتەكەیدا بەسەركەوتوویی بینیم و بوێریم تێدا خوێندەوە، بۆیە چاوەڕوان بووم، ئەویش ببێتـە خاوەنی رێچكەی تایبەتی خۆی و لە ناو قوڵپی گریاندا قاقای پێكەنینمان بۆ بەرهەمبهێنێ .
وەلی ئەفسوس بە بینینی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە زۆر نابەرپرسیارانە سوكایەتیەكی بێ ئەندازە بە كەسوكاری ئەنفالكراوان دەكاتو بە بێباكیو خوێنساردییەكی زۆرەوە مەینەتیوتراژیادیای نەتەوەیەك دەكاتە گاڵتەجاڕو بابەتی زۆر هەرزانی دانیشتنێكی شەوانەو لەرێگەی مۆبایلو پێگەی فەیسبوكەوە بڵاودەكرێتەوە.
تاوانێك كە لەسەدەی رابوردوودا نەك بەعس و دنیای عەرەبی بەڵكو ئابڕووی مرۆڤایەتی هێناوەتە ژێرپرسیارەوە، برینێك كە لە دوای تێپەرینی چارەكە سەدەیەك هێشتا بەجەستەو رۆحی كوردەوە ئازار بەخشەو ئاسەوارە خراپەكانی بەردەوامە. كەچی گەرمیانیەك رونتر بڵێین سەنگاوییەك كە لە دەڤەرەكەی خۆیدا زۆرترین خەڵك ئەنفالكراون، زۆرترین چیرۆكی ئازاربەخشو مرۆڤ تەزێنی تێدایە بێنو بیكەنە بابەتی كات بەسەربردن ! دڵنیام زۆربەی ئەنفالكراوانی ناوچەی سەنگاو ئەگەر كەسی زۆر نزیكی ئەوكەسە نەبن كەلاساییان دەكاتەوەو ئەوانەشی لەو دانیشتنەدا حیلكەحیلك پێدەكەنن ئەوا خزمو كەسی دوریانن . كەچی لە بری ئەوەی قۆڵی بنیاتنانەوەی لێهەڵبماڵنو لە هەموو رەفتارێكی دزێو دوربكەونەوە لەبری ئەوەی بەسوك تەماشاكردنی مرۆڤ بە تایبەتیش قوربانیانی ئەنفال بكەنە هێڵی سور، كەچی خۆیان ببن بەكارەكتەری سەرەكی ئەو سوكایەتی پێكردنە !! بەراستی ئازاربەخشە ئەوە تراژیدیای جەهلی میللەتێكە نەك بێباكیو خوێنساردی تاكە كەسێك .
من لەگەڵ لێپرسینەوەیدام بەڵام هەرگیز ئازاردانی ئەوكەسەی كەوا سوكایەتی بە كەسوكاری ئەنفالكراوانكردووە، ئاسودەم ناكات، بەهیوام ئەو كەسانە چ ئەوەی گاڵتەجارییەكەی كردووەو چ ئەوانەی بڵاویانكردووەتەوە بێن و لەسەر شاشەی تەلەفزیونەكانو لە میدیاكانەوە داوای لێبوردن لەو مرۆڤانە بكەن كە ئەنفال لەناخەوە سوتاندونی پەشیمانی لەو بەدرەفتارییەی خۆیان دەربڕن .
بەهیوام كەسوكاری ئەنفالكراوانیش وەكوكێشەی شەخصی خۆیان سەیری نەكەن، چونكە سوكایەتیەكی گشتیەو پێش هەموو كەس گاڵتەكردنە بەكورد بوونی خۆیان. بەهیوام هەموو خۆیان لە جنێوو قسەی برینداركەر بە ئەنجامدەرانی بەدوربگرن چونكە جنێوو زمانی زبر رەفتاری ئەنجامدەرانی تاوانی ئەنفال بوو، باهەرگیز داوا نەكەین زیندانی كرێن بۆئەوەی لێپرسینەوەوسزای قوربانیش بە هەمان لۆژیكی جەلاد نەبێ، چونكە ئەنفالكراوان زۆرترین جنێو وتۆمەتیان پێگوتراوەو زۆریان بەدەست زیندانەوە چەشتووە .
هەرچەندە من لە ژمارە (8) گۆڤاری ئەنفالستاندا بڵاوم كردووەتەوەو لەوساوە بە دوای ئەو كەسەدا دەگەرێم بۆئەوەی بیدەینە دادگابەڵام هەرگیز مەبەستم شكاندنو ئازاردانی نەبووە، هێندەی مەبەستم بووە تاوانكار بە ئاگابێتەوە چ هێلێكی سوری بەزاندووە، چونكە سوكایەتی كردن بە قوربانیانی جینۆساید سوكایەتیە بە هەموو پیرۆزیەكانی مرۆڤ . چونكە مافی قوربانیانی تاوانی جینۆساید لەسەر تەنها حكومەتێك نیە بەڵكو لەسەر كۆی مرۆڤایەتیە .
رەنگە باشترین سزای ئەو كورە لێبوردنی بێت هەلبەت لێبوردن، بەو واتایەی لە زیندانی كردنو ئازاردانی دەبورین بێئەوەی ئەوەمان لەبیربچێتەوە كە كەسانێك لەسەر مەینەتیەكانی ئێمە چێژ دەبینن، چاویان هەڵوەرینی دەستو پەنجەو مشتەچاوی هەلرژاوی گەنجو پیروژنومنداڵانی كورد لە بیابان نابینێ كەچی چاوتیژن لە دۆزینەوەی دەرفەتدا بۆ گاڵتەكردن بەهەستو بەهای مرۆڤە ستەملێكراوەكان .. نەخێر هەرگیز ئەوەمان لەبیر ناچێتەوە .