Skip to Content

Monday, September 21st, 2020

ئاڵای ده‌ستکاریکراوی ئێراق هه‌ر ئاڵای سه‌ددام‌وبه‌عس‌و ئه‌نفالکردن‌و قڕکردنی کورده‌!

Be First!

 

 

رۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، له‌ژماره‌(2729)ی یه‌کشه‌ممه‌(13.1.2008)، له‌هه‌واڵێکی وه‌رگیراودا له‌ماڵپه‌ڕی (ئه‌سوات ئه‌لئێراق)دا، له‌ژێرناوی (له‌سه‌ر داوای کورد مانای سێ ئه‌ستێره‌که‌ی ئاڵای ئێراق ده‌گۆڕێت)، که‌له‌‌لاپه‌ڕه‌(1)دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، نووسیوێتی: (دوێنێ په‌رله‌مانی ئێراق یه‌که‌م خوێندنه‌وه‌ی بۆ پێشنیاری گۆڕینی ئاڵای ئێراق کردو، له‌سه‌ره‌تای دانیشتنه‌که‌ی په‌رله‌ماندا (موفید جه‌زائیری)، سه‌رۆکی لیژنه‌ی رۆشنبیری، پێشنیاری تایبه‌ت به‌گۆڕینی ئاڵای ئێراقی خوێنده‌وه‌و گوتی: بڕگه‌ی دووی یاسای ئاڵا به‌مشێوه‌یه‌هه‌موار ده‌کرێت: ره‌نگه‌کانی ئاڵای ئێستای ئێراق ره‌نگدانه‌وه‌ی شارستانییه‌تی ئیسلامییه‌و (3) ئه‌ستێره‌که‌ش هێمای بنه‌ماکانی (ئاشتی‌و لێبوورده‌یی‌و دادپه‌روه‌ریین). گوتیشی: هاوکات بڕگه‌ی به‌ڕێنووسی (سه‌رۆکی فه‌رمانده‌سه‌ددام حوسێن)(1) که‌له‌مادده‌ی یه‌کی یاسای (6)ی ساڵی (1991)دا هاتووه‌ده‌گۆڕێت بۆ به‌ڕێنووسی کوفی‌و به‌ڕه‌نگی زه‌رد).

پێم وایه‌چیڕۆکی گۆڕینی ئاڵای سه‌ددام زۆر نزیکه‌له‌چیڕۆکی ناو گۆڕین‌و ئایین گۆڕینی محه‌مه‌د، بۆیه‌لێره‌دا به‌پێویستی ده‌زانم که‌چیڕۆکی (محه‌مه‌د)تان بۆ بگێڕمه‌وه‌که‌وه‌کو ده‌ڵێن: (گه‌نجێکی کورد به‌ناوی محه‌مه‌د دوای ئه‌وه‌ی کوردستان جێده‌هێڵێت‌و رووده‌کاته‌هه‌نده‌ران، له‌وڵاتێکی ئه‌وڕوپی ده‌گیرسێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و گه‌نجه‌دوای تێپه‌ڕبوونی شه‌ش حه‌وت ساڵ به‌سه‌ر داواکردنی مافی په‌ناهه‌نده‌یی‌و نیشته‌جێبوون، کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و وڵاته‌هیچ وه‌ڵامێکی پۆزه‌تیوانه‌ی ناده‌نه‌وه‌. محه‌مه‌د له‌گیانی خۆی بێزار ده‌بێت‌و ده‌یه‌وێت رێگا چاره‌یه‌ک بدۆزێته‌وه‌له‌پێناوی کۆتایی پێهێنانی ئه‌و ژیانه‌سه‌خته‌ی که‌مپ‌و دڵه‌ڕاوکێی چاوه‌ڕوانی. هه‌ندێک له‌کوردانی نیشته‌جێی ئه‌و وڵاته‌‌که‌ رێنمایی ئه‌وه‌ی ده‌که‌ن‌که‌کچێکی وڵاته‌‌که‌ ماره‌بکات بۆئه‌وه‌ی مافی نیشته‌جێبوونی مسۆگه‌ربێت(2). بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌چه‌ند کوردێک هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن‌و کچێکی بۆ ده‌دۆزنه‌وه‌، دوای یه‌کتربینین‌و گفتوگۆکردن‌تاکه‌مه‌رجی کچه‌‌که‌ ئه‌وه‌ده‌بێت که‌کوڕه‌واته‌(محه‌مه‌د) ئایینی خۆی له‌موسڵمانه‌وه‌بۆ کریستان‌و به‌هه‌مان شێوه‌ش ناوه‌که‌ی بگۆڕێت. محه‌مه‌دیش له‌خۆشی مافی نیشته‌جێبوون‌و جوانی کچه‌دا به‌مه‌رجه‌که‌قایل ده‌بێت!
دوای ماوه‌یه‌ک رۆژێک دیاری ده‌کرێت له‌دێرێک (که‌نیسه‌) بۆ ماره‌بڕینی کچه‌له‌محه‌مه‌د. رۆژی دیاریکراو محه‌مه‌دو چه‌ند براده‌رێکی کوردی له‌گه‌ڵ کچه‌و چه‌ند خزم‌و ده‌سته‌خوشکێکی ده‌چنه‌دێری دیاریکراو، سه‌ره‌تا که‌شیش (قه‌شه‌)یه‌ک هه‌ڵده‌ستێ به‌باسکردنی یاساو رێساکانی ئایینی کریستانی، دواتریش راستاندن(3) واته‌(التعمید)ی محه‌مه‌د ده‌کات‌و، سه‌ری ده‌خاته‌سه‌ر ئه‌و عه‌مباره‌بچووکه‌ی ئاوو، سێ شڵپ ئاو ده‌دات به‌ته‌پڵی سه‌ری کاکه‌حه‌مه‌و له‌گه‌ڵ هه‌ر شڵپێکیشدا ده‌ڵێت: (تۆ محه‌مه‌د نیت‌و جۆرجیت‌و ئێستا کریستانی).
ماوه‌یه‌ک به‌سه‌ر کریستان بوونی محه‌مه‌د (جۆرج)دا تێده‌په‌ڕێت‌و، رۆژووگرتن (ره‌مه‌زان)ی کریستانه‌کان دێت، له‌کاتی رۆژووگرتندا کریستانه‌کان به‌گوێره‌ی ئایینی خۆیان نابێت گۆشت بخۆن. رۆژێک له‌ڕۆژان دوای ئه‌وه‌ی ژنه‌که‌ی جۆرج نیوه‌ڕۆیه‌ک ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ماڵ، ده‌بینێت جۆرجی مێردی مریشکێکی سووره‌وه‌کراوی له‌پێشه‌و زۆر به‌تامه‌وه‌ده‌یخوات! ژنه‌زۆر به‌تووڕه‌ییه‌وه‌هاوار ده‌کاته‌سه‌ر مێرده‌که‌ی‌و پێیده‌ڵێت: ( جۆرج، ئه‌وه‌خه‌ریکی چیت؟ باشه‌نازانیت ئێمه‌بۆمان نییه‌له‌کاتی به‌ڕۆژووبوونماندا گۆشت بخۆین؟ جۆرج، له‌وه‌ڵامدا بێئه‌وه‌ی خۆی تێکبدات یان بشله‌ژێنێ گوتی: (ده‌زانم بۆ نازانم، به‌ڵام خۆ ئه‌وه‌گۆشت نییه‌، چونکه‌پێش ئه‌وه‌ی سووری که‌مه‌وه‌، سێ شڵپ ئاوم کرد به‌سه‌ریداو، له‌گه‌ڵ هه‌ر شڵپێکیشا گوتم تۆ مریشک نیت‌و په‌تاته‌یت).       

ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئێراق له‌دانیشتنی ژماره‌(43)ی خۆیدا له‌ڕۆژی سێشه‌ممه‌(22.1.2008)دا به‌لابردنی هه‌رسێ ئه‌ستێره‌که‌و مانه‌وه‌ی ره‌نگه‌کانی سوور، سپی‌و ره‌ش وه‌کو خۆی‌، به‌ڵام بڕگه‌ی به‌ڕێنووسی دکتاتۆری له‌سێداره‌ دراوی ئێراق، گۆڕدرا بۆ به‌ڕێنووسی کوفی (هه‌رچه‌نده‌ئه‌و نووسینه‌هه‌ر له‌دوای روخانی سه‌ددام، شیعه‌کان به‌بێ هیچ بڕیارێک گۆڕیبوویان بۆ رێنووسی کوفی)، قسه‌هه‌بوو که‌نووسینه‌که‌به‌ڕه‌نگی زه‌رد بکرێت وه‌کو هێمایه‌ک بۆ کورد، که‌چی ئه‌وه‌شیان نه‌کردو هه‌روه‌کو خۆی به‌ڕه‌نگی سه‌وز مایه‌وه‌. که‌واته‌ئاڵای ده‌ستکاریکراو نه‌هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌کورده‌وه‌هه‌یه‌و، نه‌له‌به‌ر خاتری کورد بووه‌و، نه‌هیچ گوزارشتێکیش له‌خواست‌و هه‌ستی کورد ده‌کات، به‌ڵکو ته‌نیا له‌پێناو دڵڕاگرتنی (کۆنگره‌ی په‌رله‌مانتارانی عاره‌ب)ه‌که‌نیازوایه‌له‌م مانگه‌دا له‌هه‌ولێری پایته‌ختی باشووری کوردستاندا ببه‌سترێت. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌ئه‌وه‌یه‌که‌نموونه‌ی ئه‌و ئاڵایه‌ی ئێستا، له‌لایه‌ن عارف ته‌یفوری سه‌ر به‌لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان‌و جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئێراقه‌وه‌پێشنیازکرابوو. هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری ئێراق، له‌ڕۆژی سێشه‌ممه‌(29.1.2008)دا یاسای هه‌موارکردنی یاسای ئاڵای ئێراقی په‌سندکرد. هه‌رچه‌نده‌له‌ڕاگه‌یاندنێکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئێراقی، که‌له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌که‌یاندا بڵاویان کردۆته‌وه‌و تیایدا هاتووه‌که‌: (له‌دوای په‌سندکردنی ئاڵای نوێی ئێراق له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆکایه‌تی کۆماره‌وه‌، ده‌بێت گشت داموده‌زگاو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه فه‌رمییه‌‌کانی میری کار به‌و ئاڵایه‌بکه‌ن‌‌و به‌رزی بکه‌نه‌وه‌هه‌روه‌کو له‌ده‌ستووری ئێراقیدا هاتووه‌). له‌هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆکه‌ش نه‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئێراق، نه‌ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆکایه‌تی کۆمارو نه‌وه‌زاره‌ته‌ئێراقییه‌کانیش ئاڵا کۆنه‌که‌یان له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌کانی خۆیاندا لانه‌بردووه‌!

ئه‌ڵبه‌ته‌په‌سه‌ندکردنی پێشنیاری گۆڕینی ئاڵای ئێراق له‌لایه‌ن سه‌رکردایه‌تی رامیاری کورد، به‌و شێوه‌یه‌ی که‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئێراق بڕیاری له‌سه‌رداوه‌وه‌کو چیڕۆکی ناو گۆڕین‌و ئایین گۆڕینه‌که‌ی محه‌مه‌دم دێته‌پێش چاو، که‌هیوادارم سه‌رکردایه‌تی کورد به‌و گۆڕانکارییانه‌قایل نه‌بێت، چونکه‌هه‌روه‌کو ئه‌و په‌نده‌کوردییه‌که‌ده‌ڵێت: (شه‌ل نییه‌و پای شکاوه‌) که‌هه‌ردووکیشیان هه‌ریه‌کن‌. به‌ڕاستی په‌سندکردنی ئاڵای نوێی ئێراق به‌مشێوه‌یه‌ی که‌پێشنیارکراوه‌، وه‌کو ئه‌وه‌یه‌که‌لایه‌نی کوردی سێ شڵپه‌ئاو بکات به‌سه‌ر ئاڵای ئه‌نفال‌و قڕکردنی کوردو ئاڵاکه‌ی سه‌ددام‌و به‌عس‌و بڵێت تۆ ئێستاکه‌ئاڵای ئه‌نفالکردن‌و قڕکردنی کوردو ئاڵای سه‌ددام‌و به‌عس نیت، به‌ڵکو ئاڵای هه‌موو ئێراقیت به‌کوردیشه‌وه‌(که‌وانییه‌و نابێت)!!!
 
ئاخر مرۆڤ له‌وه‌ش ده‌ترسێت عاره‌ب داوای ئه‌وه‌ش له‌سه‌رکردایه‌تی کورد بکه‌ن که بۆ هه‌ریه‌ک له‌کوردستان‌و که‌رکوک‌سێ شڵپه‌ئاو بکه‌ن به‌سه‌ر ته‌پڵی سه‌ری هه‌ر یه‌کێکیان‌و، بڵێن: (تۆ کوردستان نیت‌و باکووری ئێراقیت، تۆ که‌رکوک نیت‌و –التأمیم-یت)،‌ئه‌گه‌ر تائێستا سه‌رکردایه‌تی کورد، ئه‌و سێ شڵپه‌ئاوه‌ی به‌سه‌ر که‌رکوکدا نه‌کردبێت!.

دیاره‌نه‌رمی‌و سازشی سه‌رکردایه‌تی کوردو په‌رله‌مانتارانی کورد له‌به‌غدا، له‌سه‌ره‌تاوه‌به‌رامبه‌ر که‌رکوک‌و نووسینی کوردی، یان ئاماژه‌کردن به‌نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌سه‌ر پاسه‌پۆرت‌و دراوی ئێراقی به‌رامبه‌ر ده‌ستکه‌وتی مادی کاتی‌و ده‌سه‌ڵات هانده‌ری لایه‌نه‌ئێراقی‌و عاره‌بییه‌کانه‌له‌وه‌ی له‌کێشه‌ی ئاڵاشدا ته‌نانه‌ت هیچ رێزێک بۆ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی کورد ره‌چاو نه‌کراوه‌، ئه‌گینا سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، سه‌رۆک کۆمارو په‌رله‌مانتارانی لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان نه‌یانده‌توانی بڵێن: (ئێمه‌وه‌کو کورد ده‌مانه‌وێت له‌کاتی گۆڕانی ئاڵادا پشت ببه‌سترێت به‌ماده‌ی (12)ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی ئێراق که‌له‌خاڵی یه‌که‌میدا هاتووه‌: ئاڵای ئێراق‌و دروشم‌و سروودی نیشتمانی به‌یاسا رێکده‌خرێت، به‌مه‌رجێک ئاماژه‌به‌پێکهاته‌کانی گه‌لی ئێراق بکه‌ن).

له‌کۆتاییشدا پرسیارێک له‌سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، سه‌رۆک کۆمارو په‌رله‌مانتارانی لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان ده‌که‌م‌و ده‌ڵێم: (کوا چ ئاماژه‌یه‌ک به‌کورد یان پێکهاته‌کانی تری ئێراق کراوه‌، وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌له‌خاڵی یه‌کی ماده‌ی (12)ی ده‌ستووردا هاتووه‌؟). هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌ش، پێم وایه‌گه‌ر که‌سایه‌تی کورد ئه‌و ئاڵایه‌په‌سند بکات، دووباره‌ئه‌نفال، کیمیاباران، قڕکردنی کورد، کاولکردنی کوردستان‌و حوکمی سه‌دام‌و عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیدو نزار خه‌زره‌جی‌و سوڵتان هاشم په‌سند ده‌کات.  

روونکردنه‌وه‌کان:
 
1- ده‌سته‌واژه‌ی (سه‌رۆکی فه‌رمانده‌سه‌ددام حوسێن)، نازانم هی وه‌زیری رۆشنبیری (موفید جه‌زائیری)یه‌، یان هی (ئه‌سوات ئه‌لعراقیة)یه‌یان هی رۆژنامه‌وانه‌که‌ی رۆژنامه‌ی خه‌باته‌ که‌ئه‌و هه‌واڵه‌ی وه‌رگێڕاوه‌؟ هی هه‌رکه‌سێک بێت دڵی بۆژوانی یه‌که‌م لێیداوه‌.

2- مافی نیشته‌جێبوون پێشتر، ئه‌گه‌ر که‌سێک هاوسه‌رێکی له‌وڵاتانی ئه‌وڕوپادا بۆخۆی بدۆزیبایه‌وه‌و ماره‌ی بکردایه‌، ئه‌وه‌که‌سه‌که‌مافی مانه‌وه‌و نیشته‌جێبوونی پێده‌درا، به‌ڵام به‌ر له‌چه‌ند ساڵێک ئه‌وه‌ش له‌دانمارک نه‌ما.

3- راستاندن یان (التعمید)، بریتییه‌له‌ڕێوڕه‌سمێکی ئایینی بۆ ئه‌و کریستانانه‌ی که‌له‌خوێندندا ده‌گه‌نه‌پۆلی حه‌وته‌م، یاخود ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ئایینه‌کانی خۆیان ده‌گۆڕن‌و باوه‌ڕ به‌ئایینی کریستان دێنن.   

 

 ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی….
‌2.2.2008 شه‌ممه‌
Darsim2006@hotmail.com

Previous
Next

Leave a Reply