Skip to Content

Monday, October 26th, 2020

ئایدیۆلۆژیاکان و گێلکردنی مرۆڤ

Be First!

 


ئایدیۆلۆژیای پانئیسلامیزم
ئەم نووسینە بەراوردی سێ ئایدیۆلۆژیای جیاواز ( پانئیسلامیزم، کۆمۆنۆنیزم و ناسیۆنالیزم ) و کارتێكردنە نێگەتیڤەکانیان لەسەر بزوتنەوە ئازادییخوازە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکانی گەلی کورد لە پارچە جیاوازەکانی کوردستاندا بەگشتیی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتیی دەکات.  هاوکات داکۆکیی لە چەمکی هاوڵاتییبوون و نیشتمانییبوون دەکات.  گومانی تێدا نییە، لەیەکچوونێکی زۆر لەنێوان تۆتالیتاریانیزمی ئیسلامیی، کۆمۆنیزم، نازیزم، فاشیزم و ناسیۆنالیزمی فەناتیکدا هەیە. هەرچەندە کۆمۆنیزم لەناو کورددا ئەوەندە جێکەوت نەبووە تا کاریگەریی خراپی، بەئەندازەی ناسیۆنالیزم و ئیسلامی سیاسیی هەبێ، بەڵام لای کەم بۆ ماوەی ٣٠ تا ٤٠ ساڵ قورسایی بەسەر بزوتنەوە سیاسییەکانی کوردەوە هەبووە.
  ئایدیۆلۆژیا سیستمێکی فیکریی تۆتالیتارییە، مافی ئازادانەی تاک و دێمۆکراسیی و پارلەمانی راستەقینە بوونیان نییە. بەشێوەیەکی سەرەکیی پێشبینییەکی مرۆییانەو مۆدێرنانە بۆ  کارەسات و رووداوەکان ناکات و بڕوای بە مێژوویەک هەیە کە خۆی بینووسێتەوە یان خۆی دایهێنابێ. مەغزی مرۆڤ لەقاڵب دەدات و هانی دەدات بڕوا بە ریوایەت و ئەفسانەی فیکریی تیۆریستەکانی  بکات و دڵی بە کارەساتەکان و قەسابخانەکانی مرۆڤ خۆش بکات، چونکە ئایدیۆلۆژیاکەی ئەو راستترین و رەواترینە. بەکورتییەکەی  ئایدیۆلۆژیا مرۆڤ گەوج دەکات و عەقڵانییەتی لێ دەسێنێتەوە و لە تۆتالیتاریانیزمی Totalitarianism بێ مێشککردندا خەپەی دەکات.
ئەم سێ ئایدیۆلۆژیایە، لەناو سیاسەتی کوردییدا زۆر لەیەک دەخوێنن و بەلەنگازی یەکتر بوونەتەوەو رەخنە لەیەکتر دەگرن. ئیسلامییەکان، رەخنەی ئەخلاقیی و فیکریی لە تیۆری کۆمۆنیزم دەگرن و بە کوفرو ئیلحاد و فاشیل، بە دژایەتی بەرنامەی ئیسلام دەیچوێنن. کۆمۆنیستەکانیش لە دنیا بچووکە فانتەسییەکەی خۆیانەوە، ئیسلام بە کۆنەپەرستیی و ئافیونی گەلان و دژایەتیی پێشکەوتووخوازیی………..تاد دەچوێنن. لەهەمان کاتیشدا، ناسیۆنالیزم وەک دیاردەیەکی فیکریی مۆدێرنە و گەشەی سەرمایەداریی! دژی خواستی کرێکاران و چینە نەدارەکان دەچوێنن. هەرچیی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیی و ناسیۆنالیزمە، ناوبەناو بەپێی هەلومەرج و کاتە جیاوازەکان، رەخنە لەیەکتری دەگرن و زۆرجاریش بۆ یەکتر پێداویستیین. رەخنەی ئیسلامییەکان لە ناسیۆنالیزمی کوردیی ئەوەیە، کوردبوون دەخەنە پێش ئیسلامبوونە، پێیانوایە پێڕۆکردنی بەرنامەی ئیسلامیی لە ناسیۆنالیزم و فیکری  مۆدێرنەی رۆژئاوایی گونجاوترەو چارەسەری هەموو گرێ کوێرەکانە، بە مەسەلە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیشەوە. هەرچیی ناسیۆنالیزمە، بەتایبەت ئێسنۆناسیۆنالیستە راستڕەوە رادیکاڵ و باکگراوند چەپەکان، کولتووری عەرەب و ئیسلام وەک ئاوێتەیەک سەیر دەکەن و دژایەتیی خودی عەرەب( تورک و جارجارە فارسیش) و ئیسلام پێکەوە دەکەن.
 بێ قسەکردن لە تیۆرییەکانی هانا ئارێنت لەسەر چەمکی تۆتالیتاریانیزم، تێگەیشتنێکی ریشەییمان بۆ دڕندایەتیی ئایدیۆلۆژیا نابێ. تۆتالیتاریانیزم وەک کرۆکی ئایدیۆلۆژیاکان، هەمیشە رێگریی لە فیکری ئازاد و بیرکردنەوەی ئازاد دەکات. ئارێنت چ وەک کەسێک کە قوربانیی دەستی تۆتالیتاریانیزم بووە، لەهەمان کاتیشدا یەکێکە لەو سکۆلارە کەمانەی زۆر بەقووڵیی  مەودا سیاسیی و فیکرییەکانی تۆتالیتاریانیزمی  وەک دیاردە، بەر لێکۆڵینەوە داوە و باسەکانی ئەو راستەوخۆ پێوەندیی بەم سێ ئایدیۆلۆژیایەوە هەیە.
لە کتێبی ” بنەماکانی تۆتاتالیتاریانیزم-The Origins of Totalitarianism” دا زۆر بەوردیی شییکردنەوە لەسەر نازیزم و لێنینیزم و ستالینیزم دەکات. ئارێنت، پێیوایە کە نازیزم دوژمنایەتییەکی ئاشکرای بۆ خەڵکانی بێ دیفاع هەبووە، بەڵام دیکتاتۆریی بۆڵشەفیزم بەناوی داکۆکییکردن لە کرێکارو زەحمەتکێش و جووتیارەوە دەیان میلیۆن مرۆڤی بێ دیفاع و خەڵکی مەدەنیی کردە سووتەمەنی مەکینەی ئایدیۆلۆژیاکەی. بەم میتۆدە فیکرییانەی ئارێنتەوە، ئایدیۆلۆژیاکانی پانئیسلامیزم (مەبەست لە ئیسلامی سیاسییە لێرەدا) و کۆمۆنیزم و ناسیۆنالیزم راڤە دەکەین.
هەر جارەو  ئایدیۆلۆژیایەک باس دەکەم، ئەم وتارەش بۆ ئایدیۆلۆژیای فەندەمێنتالیزمی ئیسلامیی تەرخان دەکەم. بەبۆچوونی تۆفیق حامید، بیریاری ئیسلامیی و یەکێک لە سەرکردە دێرینەکانی جەماعەی ئیسلامیی  و دۆستی دێرینی ئەیمەن زەواهیریی، ئایین ئەو کاتە دەبێ بە ئایدیۆلۆژیا کە شوێنکەوتووانی ئایینەکە، دۆگمایی بیربکەنەوەو رای پێچەوانە نەپەژرێنن و هەموو ئایینەکانی تر بسڕنەوە و بەس خۆیان بەڕاست بزانن. ئێمەش قسە لەم جۆرە توندڕۆییەی ئایین بە ڤێرژنە کوردییەکەی دەکەین.  لێرەوە وەک ئایدیۆلۆژیا قسە لەسەر ئەمجۆرە ئیسلامییە  کوردییەو ئیسلامی سیاسیی دەکەین
ئایدیۆلۆژیای ئیسلام وەک تەوەرەی ئەم باسە، پێوەندیی بەڕەخنەگرتن یان هەڵسەنگاندنی ئیسلامەوە وەک ئایینێک نییە ، بەڵکو چەمکی ئایدیۆلۆژیا سیاسییەکەی پرسی ئەم باسەیە. بۆ نموونە بوداییزم و هیندۆییزم دوو بونیادی فەلسەفیی و فیکریین تا بە ئایین دەگات، بەڵام ئیسلام و هەندێ ئایینی تر بەلای بزوتنەوەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و  کولتوورییدا رۆیشتوونە و لە بۆتەی ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسییدا یەقیان کردووەتەوە. تۆتالیتاریانیزمی ئیسلامیی لەوێدا زۆر بەزەقیی دەردەکەوێ کە رادیکاڵیستە ئیسلامییەکان، هەموو گۆشەو کەلەبەرێکی ژیانی تاکەکان و کۆمەڵگە، بە ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیی دەئاخنن. سەحوەی ئیسلامییش رێک وەک قەیرانی ئابووریی سیستمی سەرمایەداریی، ناو بەناو بۆ نۆژەنکردنەوەی ئایدیۆلۆژیاکە، سەرهەڵدەداتەوە. لەهەموو سەرهەڵدانەوەیەکی رادیکاڵیزمی ئیسلامییدا، خەباتی ئازادییخوازانەی کورد پاشەکشێی کردووە و ئایدیۆلۆژیای ئیسلام وەک تەوقێک لە گەردنی کراوە.
ئیمانۆئێل کانت و جوولەکە سێکیولارەکان، لەو بڕوایەدان کە جوداییزم(ئایینی جوولەکە)، کارێکتەرەکانی ئایینیی تێدا نییە، ئەوەندەی هەڵبژاردەیەک لە یاساکانە. بەهەمان میتۆدیش عەلی سینای ئیسلامناسی ئێرانییش پێیوایە ئایدیۆلۆژیای ئیسلام بەتەنیا ئایین نییە، بەڵکو سیستمێکی سیاسیی تەواوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئیرادەی تاک و کۆمەڵ پەیدا بووە و لە سیستمێکی تۆتالیتارییەوە زۆر نزیکترە وەک لەوەی سیستمێکی ئایینیی بێت.  هەروەها سامی زوبەیدە ، ئایین وەک کاری تایبەت  و ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیی وەک کاری بە کۆمەڵ سەیر دەکات.
لەگەڵ داگیرکردنی میزۆپۆتامیا لەلایەن لەشکری ئیسلامی-عەرەبییەوە تا بە دروستبوون و تیۆرایزبوونی چەمکی ناسیۆنالیزم دەگات، کورد خاوەن ئایدێنتیتیی ( پێناس یان شوناس) نەبووە. لەنێوان ئایدێنتیتیی ئیسلامیی و کوردییدا هەمیشە ئەمبەر و ئەوبەری کردووە و زۆربەی کاتەکانیش چەمکە ئیسلامییەکەی بەسەر ئایدێنتیتییە نەتەوەییەکەیدا داوە. سەڵاحەدینی ئەییوبیی باشترین نموونەی ئەم بێدەربەستییەیە. هەرچەندە سەردەمی ئەییوبیی، چەمکی نەتەوەو ناسیۆنالیزم بوونی نەبووە، بەڵام لای کەم چەمکی نیشتمان، هاوخوێنیی، هاوڕەگەزیی و بەرپرسیاریی مێژوویی بوونی هەبووە. لەم دیدەوەیە ئەییوبیی، بەهاکانی ” ئوممە- الأمة الإسلامية ” ی بەسەر هەموو بەهاکانی تردا داوە.
بەم پێودانگەوە، دەوڵەتی ئەییوبیی دەوڵەتێکی ئیسلامیی-عەرەبیی بوو، هیچ بەرنامەو ئەجێندایەکی نەک بۆ گەلێکی  پەراوێزخراو، بەڵکو بۆ هیچ تاکێکی  کوردیش نەبووە،  چونکە ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیی هەموو رەنگوڕوویەکی کاڵ کردبووەوە. ئەمە رێک لەکاتێکدایە، قەڵەمڕەوییەکانی ئیسلام لەو سەردەمەدا گاڤی گەورەی دەهاویشت و بەکردەوەش لە هەوڵی بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی Nation- State  ئیسلامییدا بوو بە ناوەڕۆکێکی  قەومیی عەرەبییەوە. دەکرێ  بگوترێ پاش نەتەوەی عەرەب، کە ئیسلام بۆیان خێری دایەوە، نەتەوەی تورک و هاوڕەگەزەکانیان لەگەڵ نەتەوەی فارس و ئەفغانییەکان………تاد پاش تێکشکاندنەکانیان لەسەردەستی لەشکر و ئایدۆلۆژیای ئیسلامیی، خێریان لە ئیسلام دیت و لە مێژەوە لەهەوڵی بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیاندا بوون.
ئایدیۆلۆژیای ئیسلام لەو شوێنەوە بڕستی لە کورد و هەر نەتەوەیەکی غەیرە عەرەب بڕیوە، کە ئەجێندا سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەکانی خۆی بەشێوەیەک ساغ کردووەتەوە، نەتەوەو گرووپە جیاوازەکانی تر لەعەرەب، لەباری ئێسنیک و زمان و نیشتمان و قەوارەوە، لە ئوممەی ئیسلامییدا بتوێنەوە. ئایدیۆلۆژیای ئیسلام چوارچێوەیەکە کە موسڵمانانی نەتەوەو ئێسنیکە جیاوازەکان لە دەوڵەتی ئوممەی ئیسلامییدا لەخۆ دەگرێ، بێئەوەی ئازادییەکانی خۆیان بەدەست بهێنن، جگە لەو نەتەوانەی توانیتیان هەژموونی سیاسیی و قەومیی عەرەبیی کاڵ بکەنەوە.
قسە لەسەر کوردستانێکە کە بۆ یەکەمینجار لەسەردەمی سەلجوقییەکانەوە بەکار هێنراوە و دواتریش لەشەڕی چاڵدێراندا تورکە عوسمانییەکان بەسەر سەفەوییە ئێرانییەکاندا زاڵبوون، دابەشکرا. پێش شەڕەکە و دواتریش بۆ ماوەیەکی زۆر، میر و دەرەبەگە دەستڕۆیشتووەکانی ناوچەکە هەمیشە بە فەتوای دینیی و مۆتیڤی مەزهەبییەوە پێش لەشکریی و خۆدانە پاڵیان بۆ هەردوولای عوسمانیی و سەفەوییەکان کردووە. ئەوەندە ئەمبەروئەوبەریان کردووە دەیانجار راوڕاوێنی یەکتریان بۆ هێزەکەی تر کردووە. چەندینجار ناوچەکانی ئیمارەتی بابان و ئەردەڵان لەلایەن میرە قۆنتەراتچییە کوردەکانەوە بۆ سەفەویی و عوسمانییەکان داگیرکراوە. هەموو ئەمانە لە ئەنجامی شۆردنەوەی مەغزی کورد بە ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیی سوونیی مەزهەب و شیعیی مەزهەبەوە بووە. ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیی،  تاکی کورد و سیاسییەکانی کوردی لە ئینسانبوون خستووەو کردوویانی بە رۆبۆتی عوسمانییەکان و سەفەوییەکان و داشی دامەی گەمە سیاسییەکانییان. ئەم دەردە تا هەنووکەش گیرۆدەی هەندێ مەلای فەندەمێنتالیستی سونیی کورد بووە.
ئەگەر هەموو کورد بەزۆرینەی رەها، ئیسلامی سەلەفیی ، ئیخوانیی یان جیهادیی بن، چوار کەس لەدنیای عەرەبیی و ئیسلامییدا پەیدا نابێ مەزڵومیەتی ئەم گەلە بورووژێنێ، چونکە لە ئایدیۆلۆژیای ئیسلامییدا، مافی نەتەوەو باکگراوندی جیاواز بەستراوەتەوە بە تەقواو عیبادەت و خوداناسییەوە. لەسەر ئەرزی واقیعیش بە درێژایی هەزارەو نیوێک پێچەوانەکەی جێکەوت بووە. هۆکاری سەرەکییش ئەوەیە تا هەنووکەش شەپۆلی فەندەمێنتالیزم و رادیکاڵیزمی ئیسلامیی، بە رەوتە کوردییەکانییشەوە، لە ئایدیۆلۆژیای شۆڤینیزمی عەرەبییدا مەلەوانیی دەکەن. یەک فەندەمێنتالیستی ئیسلامیی لەناو کورددا پەیدا نابێ کە شۆڤینیزمی عەرەبیی مەغزی نە سمیبێ.  کورد چەند موسڵمان و دڵسۆز بووبێ بۆ ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیی، ئەوەندەش خاکەسارو ماڵوێران بووەو بەچاوی سووکەوە لەلایەن سیاسیی و دەستڕۆیشتوانی نەتەوە موسڵمانەکانی ترەوە بەگشتیی و عەرەب بەتایبەتیی سەیر کراوە و بۆ ئەجێندای خۆیان بەکاریان هێناوە. هەڵوێستەکانی باشترین منەورەی ئیسلامییش، قەرەزاوییە، لەسەر کێشەی سیاسیی کورد.
بەپوختییەکەی ئوممەی ئیسلامیی بەس کۆمیونیتییەکی ئایدیۆلۆژیی نییە، بەڵکو کاراکتەرە سەرەکیی و هاوبەشەکانیان لە ئایدیۆلۆژیایەکی بەرینتردا بەیەک دەگەن، کە دەبێ هەموو رایەڵە فەردیی و نەتەوەیی و زمانیی وهەرێمییەکان بخرێنە لاوە و لە ژێر ساباتی شۆڤینیزمی عەرەبییدا ئۆقرە بگرێ. لەم نێوەندەدا کورد نەک هەر بەژێر پێوە بووە، بەڵکو  ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیی بەمەغز قەومیی-عەرەبیی نووزەی خۆڕاگریی و بەرپەرچدانەوەی لەزۆر سەردەمدا بەتەواویی لێ بڕیوە.
لیبەرتاریانیزمLibertarianism  وەک فەلسەفەیەکی سیاسیی کە لووتکەی ئیرادەی ئازاد و مافی تاک و بەشداریی ئارەزوومەندانەی مرۆڤەکانە بۆ هەڵبژاردنی شێوازی ژیان و بیروباوەڕەکانیان، لەگەڵ تۆتالیتاریانیزمی ئایینییدا بەیەکدا هەڵدەشاخێن و پێکەوە هەڵناکەن. هەمیشە پانئیسلامیزم بە میتۆدە جیاوازەکانی سەردەمە جیاوازەکانەوە لەگەڵ ئیرادەی ئینسانی کورددا دەستەویەخە بووە.  ئێمەی کورد تا کاتێک ئایدیۆلۆژیای ئایین لە هەژموونە سیاسییی ئایدیۆلۆژییەکەی دوورنەخەینەوە، تا کاتێ ئایین و خوداناسیی و موسڵمانبوون نەکەینەوە بە ئیرادەی ئازادی ئینسانەکان و ژیانی تایبەتی مرۆڤەکان، ناتوانین وەک گەلێک کە ئازادیی و سەربەخۆیی و سەروەرییەکی نەتەوەیی و نیشتمانییمان نییە، بەهیچ کەنارێکی دڵنیایی بگەین. بەتایبەت تا ئەو کاتەی ئەژدیهای فەندەمێنتالیزم و رادیکاڵیزمی دینیی و ئایدیۆلۆژیای ئیسلام، سەربەخۆیی کوردستان و ئازادیی کورد و ئیرادەی سیاسیی گەلی کوردستانی بەلاوە گرینگ نەبێ.
سەرەنجام وەک تاقیکردنەوەو دەست بەزاخداکردندا، کورد لە مێژووی نوێدا باشترین دەستوپەنجە نەرمکردنی لەگەڵ رژێمە ئیسلامییەکان بەهەردوو ڤێرژنی سوننیی و شیعییەوە هەیە. ئێرانی ئیسلامیی و دەوڵەتی ئاکەپەی ڤێرژن ئیخوانیی و حیزبە سیاسییە ئیسلامییەکانی عێراق و سووریا باشترین بەڵگەن کە ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیی جگە لە کوشتارو وێرانکردنی کوردستان هیچ پەیامێکی تریان پێ نییە. مرۆڤ خەجاڵەت دەکێشێ باسی ئیسلامبوونی مۆدێرنانەی دەوڵەتی تورکیە بکات و ئەو سیاسەتە شۆڤییستییە رەگەزپەرستە ناسیۆنالیستییەی حکومەتی ئیسلامیی- کەمالیستیی ئاکەپەش ببینێ لەئاست داواکارییە سیاسیی و کولتوورییەکانی کوردانی کوردستانی باکووردا. ئایدیۆلۆژیای ئیسلام بە کورتیی و پوختیی بە بەڵگە و فاکتی مێژووییەوە شکستی خوارد لە چارەسەرکردنی کەمترین کێشە سیاسیی و کولتوورییەکانی کورددا. دوورکەوتنەوە لە ئایدیۆژیای ئیسلامیی لەناو کوردەکاندا، کورتکردنەوەی رێگەی ئازادیی و دێمۆکراسییە بۆ داهاتووی کوردستان و ناوچەکە.


کامیار سابیر

ئەم وتارە، لە ئاوێنەی ژمارە ٣٢١ی رۆژی ١٠ی نیسانی ٢٠١٢ دا بڵاوبووەتەوە.

Previous
Next

Leave a Reply