Skip to Content

Tuesday, September 22nd, 2020

ئه‌میری حه‌سه‌نی پوور، به‌هرۆزی شوجاعی و ( کا له‌ پووش بژاردن )

Comments
by May 14, 2008 گشتی

 موحسین جوامێر…….
 
 له‌وه‌ڵامی ئه‌و په‌یامه‌ی کۆمه‌ڵێک نووسه‌ر و ئه‌کادیمستی کورد، سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانی فره‌زمانیی که‌ مه‌ترسیی بوونی کورد به‌ گه‌لانی جودای لێ ده‌که‌وێته‌وه، پێشکه‌ش به‌ سه‌رانی کورد کراوه، هێژا د. ئه‌میری حه‌سه‌نی پوور به‌ وتاری ( کوردی وه‌ک زمانێکی جووت ستاندارد )  وه‌ڵامی داونه‌ته‌وه‌ و تێیدا  به‌ کوردان ڕاده‌گه‌یه‌نێت که‌ شایه‌نی ئه‌وه‌ نین  تاکه‌ زمانێک کۆیان بکاته‌وه‌ و ده‌بێ گه‌لی زمانان بن. نێوبراو، هه‌ر له‌ خاڵی یه‌که‌مه‌وه‌ پێت ده‌ڵێت که‌ ( زمانی کوردی، وه‌ک زمانی هه‌رمه‌نی، نۆڕوێژی و ئه‌لبانی، زمانێکی جووت ستاندارده‌ ) و هێشتا باسی شێوه‌زاره‌کانی دیکه‌ی وه‌ک هه‌ورامی و زازاکی ناکات، چونکه به ‌قه‌وڵی ئه‌و، ئه‌وان‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌رهه‌میان نییه‌. پاشان باسی ئه‌و هۆکارانه‌ ده‌کا که‌ وایان کردووه‌ شێوه‌ی سۆرانی له‌و نێوه‌نده‌دا خۆی بهێنێته‌ پێشه‌وه‌ و به‌ده‌ر له‌ شێوه‌کانی دیکه‌ له‌ بواری نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌دا جێده‌ستی هه‌بێت. هه‌ڵبه‌ت دان به‌و واقیعه‌ دانانێت که‌ ئه‌م زمانه‌یه‌کگرتووه‌‌ هێناویه‌ته‌ کایه‌وه‌ و بوو به‌ هۆکاری مانه‌وه‌ی زمانی کورد تا ئێسته‌، واته‌ ناخوازێ کاری داهاتووی زمانه‌وانی له‌ کوردستاندا، درێژه‌پێده‌ری ئه‌و پرۆسه‌یه‌‌ بێ که‌ هه‌بووه‌، به‌ڵکوو ده‌یه‌وێ له‌هجه‌ی دووه‌م ـ وه‌ک ده‌ستپێک ـ  داچاندرێت، سه‌ر ده‌ربکا و وه‌ک زمانێکی سه‌ربه‌خۆ سنگ بهێنێته‌‌ پێشه‌وه‌، ئه‌وجا ئه‌م پرۆسه‌یه‌ چه‌ند ئه‌م کورده‌ وه‌ک یه‌کمیلله‌ت و چه‌ندیش کوردستان وه‌ک خاکێکی یه‌کگرتووی کورد له‌پاش خۆی جێ ده‌هێڵێت، ئه‌وه به‌لای ئه‌وه‌وه‌ گرنگ نییه‌، چونکه‌ ( جیاوازیی زمان و له‌هجه‌ وه‌ک نوقسان و دواکه‌وتوویی و لێقه‌ومان چاوی لێ کراوه‌، ده‌کرێ وه‌ک ده‌وڵه‌مه‌ندی و جوانی و هه‌ڵکه‌وتوویی دابندرێ. ئه‌و بۆچوونانه‌یش له‌ بواری دوو جیهانبینی و دوو ئیده‌لۆژی و دوو سیاسه‌تی لیکجیاواز سه‌ریان هه‌ڵێناوه‌، کیشه‌ی ماف و دێموکراسی له‌ ناخی ئه‌و ناکۆکییه‌دا ماڵی کردووه‌ ) هه‌روه‌ک له‌ دوا خاڵی وتاره‌که‌یدا هاتووه‌ و سه‌باره‌ت به‌ لاوازیی کوردییه‌که‌ی،‌ پیاو مه‌گه‌ر به‌عام شتێکی لێ هه‌ڵکڕێنێت.. ئه‌وه‌ی گۆرین، ده‌ق ئه‌و تێزه‌مان وه‌بیر ده‌هێنێته‌وه‌ که‌ پیش ماوه‌یه‌ک کۆمه‌ڵێک مامۆستای کوردی دانیشتووی سوێد خستبوویانه‌ته‌ دووتوێی بیرخه‌ره‌وه‌یه‌ک و بۆ حکوومه‌تی کوردستانیان هه‌ناردبوو، تێیدا ده‌ڵێن : " بلا زاراوه‌ی ( کرمانجیی ژووروو )، ( کرمانجیی ژێری )، ( زازاکی )، ( هه‌ورامی ) و ( ئه‌وانیدیکه‌ ) قسه‌یان پی بکرێ، پێیان بخوێنرێ و بنووسرێت. کوردانی به‌ زمانی ناوچه‌کان ده‌په‌یڤن، چاوله‌ڕێن له‌ زانکۆکانی کوردستاندا، به‌شگه‌لیان بۆ بکرێنه‌وه‌. زمانی زانکۆش به‌و زاراوایه‌ بێت که‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا سه‌رده‌سته‌.. ئێمه‌، ئه‌م مافه‌ به‌ مافێکی نه‌ته‌وه‌یی و دێموکراسیی ده‌زانین، نه‌ک وه‌ک خه‌ته‌رێک له‌سه‌ر کوردبوونی خۆمان و ئه‌وانی دیکه‌ی به‌ زاراوه‌ی دیکه‌ ده‌خوێنن ".
 
 ئه‌گه‌ر مێژووی خه‌باتی هاوبه‌شی هه‌ر گه‌لێکی ڕاسته‌قینه‌ بخوێنیته‌وه‌، ده‌بینیت  ئاخره‌که‌ی ئه‌گه‌ر سه‌دان له‌هجه‌یش بووبن، ئه‌وه‌ یه‌ک له‌هجه‌ کراوه‌ته‌ دایه‌گه‌وره‌‌ و ڕه‌مزی هه‌مووان، به‌سوودوه‌رگرتن له‌ هه‌موو له‌هجه‌یه‌ک، وه‌ک ئه‌لبانییه‌کان، به‌پێچه‌وانه‌ی فه‌رمووده‌ی حه‌سه‌نی پوور که‌ ده‌ڵێ ئه‌لبانییه‌کان خودان زمانێکی جووت ستانداردن، وایش نییه‌. ئه‌لبانییه‌کان، له‌ سه‌ره‌تای حه‌فتاکاندا بووه‌ کێشه‌یان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئاخۆ شێوه‌زاری گێگی ( که‌ له‌هجه‌ی زۆربه‌یه‌ ) یان تۆسکی ( که‌ له‌هجه‌ی که‌مایه‌تییه‌ و هاوکات زمانی کتێب و بڵاوکراوان بوو ) ببێته‌ زمانی ستاندارد، وێڕای ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌میان کارتێکراوی زمانی رۆمانییه‌ و ئه‌ویان کارتێکراوی زمانی گرێکیی کۆنه‌؛ جیاوازییان له‌نێواندا زۆره‌.. بۆیه‌ ئه‌نوه‌ر خۆجه‌ی سه‌رۆککۆمار، بڕیاری دا تۆسکی ببێته‌ زمانی هاوبه‌ش، ئه‌وجا بووه‌ زمانی ڕه‌سمیی ( کۆسۆفۆ ) و ( مه‌قدۆنیا ) یش، له‌ حاڵێکدا هه‌مان دیارده‌ی که‌مینه‌ و زۆرینه له‌وێدا‌ هه‌بوو و له‌زگ بوو که‌س له‌گه‌ڵ که‌سدا بڕ نه‌کات. به‌ڵام ئاخره‌که‌ی، ئه‌وان نه‌هاتن وه‌ک کوردان زمانه‌که‌یان بڕه‌تێنن، به‌وه‌ی هه‌ر که‌سێ ده‌بێ به‌ زمانی دایکی بخوێنێت، به‌بیانووی مافی ئینسانی، یاخود به‌هه‌نجه‌تی ئه‌وه‌‌ی کوردان کێشه‌ی گه‌وره‌تر له‌ زمان له‌به‌رده‌میاندایه و پێویست ناکا پیاو جارێ ڕێگر بێت له‌ خویندن به‌له‌هجان، هه‌روه‌ک هێندێ نووسه‌ر ده‌بێژن، که‌ ئه‌مه‌یش یا کاڵفامییه‌، یا خۆخه‌ڵه‌تاندنه‌ ئانژی پیلانه‌.‌
 
  به‌خۆی‌ ئه‌گه‌ر یه‌ک زمان به‌ یه‌کمانه‌وه‌ گرێ نه‌دا، ئه‌وسا دووریی سۆرانییه‌ک له‌ بادینییه‌ک ـ بۆ نموونه‌ ـ  وه‌ک دووریی ئه‌میانه‌ یان ئه‌ویانه‌ له‌ عه‌ره‌بێک یان تورکێک، به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه‌، چونکه‌ به‌هێزترین هۆکاری له‌یه‌کبه‌ستن که‌ زمانی هاوبه‌شه‌، له‌ ئارادا نامێنێت. هیچ به‌دووریش نازانرێ هه‌مان ململانێی نه‌ته‌وایه‌تی و شارستانیی له‌نێوان کورد و غه‌یره‌کوردا هه‌بوو، ئه‌مجاره‌یان له‌نێوان سۆرانی و بادینی وئه‌وانیدیکه‌یشدا دووپات ببێته‌وه‌، زوو یان دره‌نگ، بگره‌ مسۆگه‌ره‌. بۆیه‌ ده‌بێ بانگه‌وازی ئاوه‌ها، به‌ مه‌ترسییه‌کی زۆر مه‌زن له‌قه‌ڵه‌م بدرێ، به‌ڵکوو له‌قاو بدرێت، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی پاشخانی فکریی کاک حه‌سه‌نی پوور بخوێنێته‌وه‌، ده‌زانێ ئاخر شت که‌ نێوبراو بیری لێ بکاته‌وه‌، یه‌کێتیی کورد و کوردایه‌تییه‌. ئه‌وه‌ به‌ختی کورده‌، ته‌نانه‌ت خێر له‌ زانستی ڕۆڵه‌کانیشی نابینێت، ده‌نا بابایه‌کی تۆزێک مێژووخوێن و زمانناس ده‌زانێ که‌ ڕێکلام بۆ ( جووت ستاندارد ) واته‌ی ( جووت نه‌ته‌وه‌ ) ده‌گه‌یه‌نێت‌، که‌ ئه‌نجامه‌که‌ی لێکهه‌ڵوه‌شانێکی حه‌تمییه‌. وێڕای ئه‌وه‌ی‌ له‌ دنیادا زمانێک نییه‌ بێی ده‌یان له‌هجه‌، وه‌لێ هیچ میلله‌تێکی ئاقڵ و هۆشیار نادۆزیته‌وه، بێت‌ زمانان له‌ له‌هجه‌کانی دابتاشێت، ماده‌م یه‌کێکیان له‌و نێوه‌دا هه‌راش و ته‌مام بووبێت، مه‌گه‌ر کورد. شایه‌نی باسه‌، ئه‌م بیری له‌هجه‌خوازییه‌، ماوه‌یه‌که‌ له‌نێو کوردی ڕۆژهه‌ڵاتدا، سه‌ری هه‌ڵداوه و پیویستی به‌ لیکۆڵینه‌وه‌ و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ هه‌یه‌.‌
 
 وه‌ختێ گوێ ده‌ده‌مه‌ موعه‌ممه‌ر قه‌زافی که‌ قسه‌که‌ر و ره‌خنه‌گرێکی خۆشه‌، به‌حاڵ له‌ له‌هجه‌که‌ی ده‌گه‌م. ناوناوه‌ سه‌یری که‌ناڵی ئاسمانیی ( ئه‌لمه‌غریبییه‌ ) ده‌که‌م، له‌ به‌شی ده‌نگوباس گه‌ڕێ که‌ به‌ زمانی په‌تییه‌، وه‌لێ هه‌ر که‌ ده‌بێته‌ به‌رنامه‌ی ڕۆشنبیری،  یان کۆمه‌ڵایه‌تی  یاخود هونه‌ری، مه‌گه‌ر به‌حاڵ پیاو له‌ هێندێ مادده‌کان بگات،به‌ڵام که‌س ناڵێ پێویسته‌ زمانی مه‌غریبی ببێته‌ هه‌وێی ستاندارد.. ئه‌گه‌ر ئه‌و ته‌رحه‌ی کاک پوور له‌بار بایه‌ و پێڕه‌وکردنی ڕه‌وا و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لان بایه‌، ئه‌وا له‌هجه‌ی میسری هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی زمانی ستانداردی تێدایه‌، به‌ڵکوو له‌ واقیعدا گره‌وی له‌ زمانی په‌تیی عه‌ره‌بیش بردووه‌ته‌وه‌، بگره‌ وڵاتانی عه‌ره‌ب به‌ئه‌ندازه‌ی ژماره‌یان بۆیان هه‌بوو ببن به‌ زمانگه‌ل، ته‌نانه‌ت ده‌لوا ئێراقی عه‌ربی بکرایه‌ته‌  چه‌ندین زمانی ستاندارد. به‌ڵام چ شتێک ڕێگه‌ی له‌م حاڵه‌ته‌ گرتووه‌ و نایه‌ڵێت نه‌ک ده‌یان زمان، بگره‌ جووت ستانداردیش، وه‌ک پوور بۆ گه‌لی خۆی داوای ده‌کات، په‌یدا ببێت.؟ به‌رژه‌وه‌ندیی به‌رزی میللی و هۆشیارییه‌ که‌ ـ به‌داخه‌وه‌ ـ  ئاغای حه‌سه‌نی پوور و چه‌ند که‌سێک خستوویانه‌ته‌ ژێر پێیان و بۆیه‌ی عیلمیشیان لێ داوه‌. ئه‌وه‌ی موتابه‌عه‌ی ئه‌و نووسین و توێژینه‌وانه‌ی به‌ زمانانی دنیا له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌کانی زمانی عامی و ڕه‌مه‌کی ده‌نووسرێن و ده‌کرێن، بکات، ئه‌وسا ده‌زانێ که‌ میلله‌تان چه‌نده په‌رۆشی ئه‌وه‌ن ئه‌و  زمانی  له‌ ماڵه‌وه‌ قسه‌ی پێ ده‌کرێ، ئه‌سه‌رێکی نه‌رێنی و سه‌لبی له‌سه‌ر ‌زمانی یه‌کگرتوویان که‌ ( زمانی دایه‌گه‌وره‌ ) ی هه‌مووانه، جێ نه‌هێڵێت. باشترین نموونه‌ زمانه‌ ئه‌سکه‌نده‌ناوییه‌کانه‌ که‌ خودان سه‌دان له‌هجه‌ن و هه‌موو جار بۆ یه‌کدی ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نین، هاوکات زۆر به‌جیددییه‌وه‌ کار له‌گه‌ڵ زمانی په‌تی و دایه‌گه‌وره‌دا‌ ده‌کرێت، به‌تایبه‌تی له‌ نووسین و ڕه‌سمییاتدا، بۆ پاراستنی له‌ هێرش و شاڵاوی له‌هجه‌ و بنله‌هجه‌کان، نایه‌ن وه‌ک ئێمه‌ بیکه‌ن به‌ چایخانه‌ی له‌هجان و به‌نێوی زمانی دایک، که‌ زۆرن، هه‌ست و نیستیان نه‌هێڵن. به‌نده‌، جاری وا هه‌بووه‌ له‌ سوێد له‌ نووسیندا وشه‌یه‌کی عامیم به‌کار بردووه‌، وه‌لێ مامۆستا خه‌تێکی به‌سه‌ردا هێناوه‌ و وشه‌ی په‌تیی له‌شوێندا نووسیوه‌، نه‌شوێراوم بڵێم ئاخر ئه‌مه‌یان وشه‌ی ئه‌و شاره‌یه‌ که‌ تێیدا ده‌ژیم و دیاره‌ تۆ ژینۆسایدی ئه‌م له‌هجه‌یه‌ ده‌که‌یت.!
 
 له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌ڕێز به‌هرۆزی شوجاعی له‌ ڕۆژنامه‌ی ئاسۆدا ده‌یڵێ و هاوکات له‌گه‌ڵ نووسینه‌که‌ی ئاغای پوور که‌وته‌ به‌ر دیدان، تێیدا هه‌مان نێوه‌ڕۆک و گوێنه‌دان به‌ داهاتووی کورد له‌م جیهانه‌‌ جه‌نجاڵه‌دا، به‌دی ده‌کرێن، له‌کاتێکدا زمانه‌ فیله‌ته‌نه‌کان له‌ده‌ست گوڕانکارییه‌ به‌رچاوه‌کانی جیهان، پردی قیامه‌تیان لێ پساوه‌، ناڵه‌یان لێوه‌ دێت و خه‌ڵکانی زمانناس هه‌ستاونه‌ته‌ سه‌رپێ، له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌کا ئه‌و کۆشکه‌ زمانه‌وانییه‌ی سه‌دان ساڵه‌ پێکه‌وه‌یان ناوه‌، بکه‌وێته‌ به‌ر شاڵاوی له‌هجه یان زمانگه‌لی بێگانه‌ و په‌ره‌سه‌ندنی ته‌کنیکی.. بۆیه‌ به‌نده‌ هه‌میشه‌ وتوومه‌، ئه‌م کێشه‌یه‌ که‌  به‌ده‌ستی خۆمان دروستمان کردووه‌، ته‌نیا به‌ بڕیاری سیاسی حه‌ل ده‌بێت، نه‌ک به‌ مێزگرد و دیالۆگ. هه‌ر یه‌کێکی که‌مێک زمانناس بێ و ئاگای له‌ ڕه‌وتی زمان و مان و نه‌مانی هه‌بێت، ده‌زانێ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی گوتار، خه‌یاڵ و ناواقیعییه‌ت، تێپه‌ر ناکات، به‌ده‌ر له‌و زیانه‌ میللییه‌ مه‌زنه‌ی به‌کورد ده‌که‌وێت، به‌وه‌ی ده‌یانکات به‌ خێڵ، عه‌شره‌ت و قه‌بائیل و ته‌نانه‌ت له‌ پارچه‌یه‌کی بچووکدا ده‌یانکات به‌ چه‌ندین گڕووپ.. ئه‌وه‌ی ده‌شیه‌وێت چێتر مه‌هزه‌له‌ی ئه‌و تێزانه‌ بزانێت، بلا چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی ژماره‌ 702 ی ڕۆژنامه‌ی ئاسۆ له‌گه‌ڵ ئاغای به‌هرۆزی شوجاعیدا بخوێنێته‌وه‌ که‌ به‌ڕاستی شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ به‌ ( جه‌هلی موڕه‌که‌ب )، چڵه‌پۆپه‌ی هه‌لپه‌رستی  له‌قه‌ڵه‌م بدرێ و قوڕ بۆ نه‌مانی سه‌ره‌تاییترین بنه‌مای زمانناسی له‌لای ئه‌و بابایه‌، بپێورێت.. که‌ره‌م که‌ سه‌یری فه‌رمووده‌کانی به‌هرۆز بکه‌ : ( ئه‌گه‌ر یه‌ک له‌هجه‌ بکه‌ینه‌ بنه‌مای زمانی یه‌کگرتوو، ئه‌وه‌ به‌ده‌ستی خۆمان جینۆسایدی زمانی کوردیمان کرد )، ( ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وایه‌تی وکوردایه‌تی له‌گه‌ڵ دێموکراسی و مافی مرۆڤ یه‌کیان گرت، ئێدی بیر له‌وه‌ ناکه‌ینه‌وه‌ شیوه‌زارێک ئه‌وانیتر پشتگوێ بخات )، ( ئێمه‌ ده‌توانین له‌ کۆمه‌ڵی کورده‌واریدا تاکه‌که‌سی فره‌زمان دروست بکه‌ین، واته‌ تاکی کورد جگه‌ له‌ شێوه‌زاری خۆی؛ شاره‌زای زمانه‌کانی تریش بێت ).. خۆشی له‌وه‌ دایه‌، پاش ئه‌وه‌ی مام به‌هرۆز ئاتاری کورد له‌سه‌ر پاتاری ناهێڵێت و کوردستانت بۆ ده‌کاته‌ سینه‌مای له‌هجه‌ و شێوه‌زاران، ئه‌وسا بڕیار ده‌دات که‌ ئێمه‌ ( وه‌ک نه‌ته‌وه‌ یه‌کین، نه‌ک وه‌ک ده‌وڵه‌ت ! ) که‌ به‌خۆی پێچه‌وانه‌که‌ی ڕاسته‌، ئه‌ویش سه‌باره‌ت به‌و ده‌وڵه‌تۆکه‌ی هه‌مانه‌ و به‌ته‌ماین وه‌ک ئێراق بیکه‌ین به‌ خاکی چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی ڕۆژێک له‌ڕۆژان کورد بوون . هه‌ڵبه‌ت ئه‌م نووسینه‌ی دوایی، پاش هه‌ڤپه‌یڤینه‌که‌ی حه‌سه‌ن پوور به‌رچاوم که‌وت، بۆیه‌ ئه‌م ئاماژه‌یه‌ و ناوهێنانی خاوه‌نه‌که‌ی له‌ سه‌ردێڕی ئه‌م وتاره‌مدا به‌ به‌س زانی. ‌‌‌‌
 
 پیاوێکی ئاقڵ و ئه‌زمووندار ده‌ڵێ کورد له‌ هونه‌ری ( کڕووزانه‌وه ) دا زۆر بێوێنه‌ و عه‌گیده‌، جا ئه‌گه‌ر ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ له‌نێو ده‌روونی کوردا ڕه‌گاژۆ بووبێت، به‌نده‌ وا بزانم سیفه‌تی  کرده‌ی ( یخربون بیوتهم بأیدیهم ـ ماڵی خۆیان به‌ده‌ستی خۆیان کاوڵ ده‌که‌ن ) یش له‌مێژه‌ له‌ ده‌روونیدا گه‌رای داناوه‌.. ئه‌گه‌رنا، ده‌با ئه‌م زمانه‌ یه‌کگرتووه‌ی تا ئێسته‌ ناسنامه‌ی کوردی پاراستووه، هه‌ر ده‌ڵێی قه‌ده‌ر بۆی هه‌ڵبژاردووه‌، بکرێته‌ تاجی سه‌ری هه‌موو کوردێک، هه‌ر له‌ قه‌سری شیرینه‌وه‌ بگره‌ هه‌تاکوو دوورترین دێی باکوور و له‌وێشه‌وه‌ تا قامشلوو؛ به‌تایبه‌تی چونکه‌ زمانی پایته‌ختێکه،‌ بڕوا ناکرێ تا سه‌دان ساڵی دیکه‌ هاوشانی هه‌بێ و یانه‌سیبێکی ئاوه‌ها بۆ پارچه‌یه‌کی دیکه‌ی کوردستان ده‌ربچێت، نه‌ک نموونه‌ی ئاوه‌ها بهێنرێته‌وه‌ که‌ یان ئه‌سڵی نییه‌ یاخود شایه‌نی چاولێکردن نییه‌، هه‌روه‌ک  به‌ڕێز ئه‌میری حه‌سه‌نی پوور و هاوڕاکه‌ی  ده‌یڵێن،  که‌ له‌ ئه‌نجامدا له‌بری ئه‌وه‌ی کوردان لێک کۆ وه‌که‌ن؛ لێک به‌له‌سه‌ ده‌که‌ن و خڕان لێک ده‌ڕه‌وێننه‌وه‌، که‌ ئاکامه‌که‌ی وه‌ک ڕه‌نجی ئه‌و که‌سه‌ی لێ دێ که‌ ( کا له‌ پووش ده‌بژێرێت ) و هیچی لێ ناچنێت، له‌کاتێکدا مه‌حاڵه‌ گێره‌ و کێشه‌ی زمانی یه‌کگرتووی کوردی، به‌ ( بێچاره‌ ) و ده‌رمان شه‌قڵ بکرێت، یان زه‌وینه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئاریشه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌یار بێ که‌س باشاری ئه‌وه‌ نه‌کا، بیکێڵێ و ئه‌شتێکی لێ بڕوێنێت، به‌تایبه‌تی چونکه‌ ئێمه‌مانان بنه‌مایه‌کی پته‌وی زمانه‌وانیمان هه‌یه‌ که‌ ته‌مه‌نی به‌ڕه‌سمیبوونی، خۆی له‌ سه‌د ساڵ نزیک ده‌کاته‌وه‌ و ململانێ له‌گه‌ڵیدا مانای هه‌ڕه‌شه‌ له‌بوونی کورد و کوردستان ده‌گه‌یه‌نێت .
 
 
 2008/05/05
 
mohsinjwamir@hotmail.com 
 
 
 
  ‌‌‌‌
 

Previous
Next

Leave a Reply