Skip to Content

Friday, January 15th, 2021

ئه‌و ڕۆژه‌ی مانمان گرت….ئه‌حمه‌د ئازاد

Be First!

ئه‌و ڕۆژه‌ی مانمان گرت
به‌یادی فازڵ عوسمانه‌وه‌

ئه‌حمه‌د ئازاد – مانچسته‌ر

شوێن: كه‌ركوك. ئاماده‌یی شۆریجه‌ی كوڕان.
كات: سه‌ره‌تای ساڵی 1974

تازه‌ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تاییم ته‌واو كردبوو چووبوومه‌ پۆلی یه‌كی ناوه‌ندی له‌ ئاماده‌یی شۆریجه‌ی كوڕان. ئه‌و قوناخه‌ بۆ من دنیایه‌كی تازه‌ بوو: قوتابییه‌كان گه‌وره‌ترو به‌ ته‌مه‌نتر بوون، زۆریشیان سمێڵ و ڕیشیان هه‌بوو، هه‌روه‌ها بینای قوتابخانه‌كه‌ش گه‌وره‌تر بوو. له‌ سه‌روو ئه‌وانه‌شه‌وه‌ دیارده‌یه‌كی نوێ‌ هه‌بوو كه‌ له‌ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تاییدا بوونی نه‌بوو: ئه‌ویش یه‌كێتیی  قوتابییانی كوردستان بوو، كه‌ سه‌ر به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، فازڵ عوسمان سه‌رۆكی بوو. له‌ ئه‌ندامه‌ به‌رزه‌كانیشیان: جه‌میل ئه‌مین و ئیحسان غه‌فوور و نووره‌دین  چاوشین بوون. هه‌روه‌ها یه‌كێتیی گشتیی لاوان و قوتابییانی عیراقیش هه‌بوو، كه‌ سه‌ر به‌ حیزبی شیوعیی عیراقی بوو، نه‌جیب خودابه‌خش سه‌رۆكی بوو، له‌ ئه‌ندامه‌ دیاره‌كانیشیان: كه‌ریم په‌ره‌نگ و حه‌مه‌ غه‌فوور بوون.

به‌یانییه‌ك بارودۆخ شڵه‌ژا: له‌سه‌ر داوای یه‌كێتیی قوتابییانی كوردستان هه‌موومانیان له‌ پۆل هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌كه‌دا كۆیان كردینه‌وه‌. وتیان مان ئه‌گرین. من نه‌مئه‌مزانی له‌سه‌ر چی مان ئه‌گرن، نه‌ئه‌شمزانی مان گرتن مانای چییه‌، یه‌كه‌م جارم بوو ئه‌و وشه‌یه‌ ببیستم. له‌و رۆژانه‌دا دیارده‌ی لێدانی قوتابی له‌لایه‌ن مامۆستاوه‌ بوبووه‌  گیروگرفتێكی كه‌وره‌. به‌تایبه‌تی كه‌ قوتابی له‌و قۆناغه‌دا هه‌راشه‌ و له‌ ته‌مه‌نێكدا نییه‌ كه‌ لێدان له‌ مامۆستا قه‌بوول بكات. ئیتر ئه‌و رۆژه‌ یه‌كێك له‌ قوتابییه‌كانمان له‌لایه‌ن جه‌نابی به‌ڕێوه‌به‌ره‌وه‌  لێدرابوو، كه‌ ناوی محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د ڕه‌حمان بوو، ناسراو به‌ حه‌مه‌ كه‌لاره‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ 31ی ئابی 1996دا گیانی له‌ده‌ست دا. ئێمه‌ش مانمان گرت بۆ ئه‌وه‌ی دوایی به‌ زه‌بروزه‌نگ بهێنرێ‌ به‌رامبه‌ر به‌ قوتابی. گرچی له‌و ڕوژانه‌دا ناكۆكیی نێوان پارتی و شیوعی گه‌یشتبووه‌ ناو قوتابییانیش، به‌ڵام له‌ بۆنه‌ی وادا كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی قوتابییاندا بوو، به‌تایبه‌تیش له‌و رۆژه‌دا، هه‌موو هه‌ڵوێستیان كردبوو به‌ یه‌ك. هه‌موو قوتابییان له‌لایه‌ك، له‌ناو گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌كه‌دا ڕاوه‌ستابووین، به‌ڕێوه‌به‌ر و قوتابییانیش له‌لایه‌ك، له‌سه‌ر سه‌كۆ چیمه‌نتۆكه‌دا وه‌ستابوون. فازڵ عوسمان به‌ ده‌نكی به‌رز و ده‌ست ڕاوه‌شاندن و به‌ كوردییه‌كی په‌تی و ره‌وان كه‌ بۆ مێردمناڵێكی وه‌كو من هه‌رس كردنی قورس بوو، كه‌وته‌ قسه‌كردن. گوتارێكی حه‌ماسی و ئیرتیجالییانه‌ی وه‌های دا هه‌موو قوتابییانی هێنایه‌ جۆش و خرۆش. ئه‌وه‌نده‌م زانی به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌مان، مامۆستا یوسف سه‌عید، كه‌وته‌ لێدانی جه‌میل ئه‌مین كه‌ لێیه‌وه‌ نزیك بوو. قوتابییان هه‌موو پێكه‌وه‌ هێرشیان برده‌ سه‌ر جه‌نابی به‌ڕێوه‌به‌رو جه‌میلیان له‌به‌ر ده‌ستی ڕزگار كرد. من له‌ ترسا هه‌موو گیانم كه‌وته‌ له‌رزین. وامئه‌زانی ئێستا پیاوانی رژێم دێن و ده‌سڕێژ له هه‌موومان ئه‌كه‌ن. ئیتر دۆخه‌كه‌ به‌وه‌ نه‌ئه‌چوو به‌ره‌و هێوری بڕوات. ناچار به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، مامۆستا فاتیح محه‌مه‌د ئه‌مین كه‌ ئه‌ویش پارتی بوو، ڕاهیشت كرا. ئیتر له‌و رۆژه‌دا بڕیار درا چیتر لێدان به‌رامبه‌ر قوتابی به‌كار نه‌هێنرێ‌. به‌ڕاستی رۆژیكی مێژوویی بوو. رۆژێك بوو سیاسه‌تی داركاری و لێدانی نه‌هێشت له‌ قوتابخانه‌دا. قوتابییانی شۆریجه‌ هه‌رگیز ئه‌و رۆژه‌ له‌یاد ناكه‌ن. هه‌رگیز ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ جوامێرانه‌ی فازڵ عوسمان و هه‌ڤاڵانی له‌یاد ناكه‌ن.

له‌و قوتابییه‌ هه‌رزه‌كارو مێردمناڵانه‌ی له‌و رۆژه‌دا ئاماده‌بوون و پاشان بوون به‌‌كه‌‌سایه‌تی ناسراو له‌ بواری ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا، یاخود قوتابی بوون له‌ ‌ئاماده‌‌یی شۆریجه‌ و ئاگه‌داری ئه‌و ڕووداوه‌ بوون: كه‌ریم په‌ره‌نگ و عه‌بدوڵا قادر دانساز، هه‌ردوو ئه‌كته‌ری برا جاسم و قاسم محه‌مه‌د غه‌فوور كه‌ له‌ هه‌ردوو زنجیره‌ درامای (به‌هاری دزراو) و (مه‌ره‌زه‌‌) دا رۆڵیان بینی، نه‌‌وزاد ئه‌‌حمه‌‌د ئه‌سوه‌‌د و وشیاری برامان، هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ نه‌وزاد ئه‌حمه‌د داوده‌، هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار ئیبراهیم عه‌لی ئه‌حمه‌د (بڵند)، ئیحسان غه‌فوور فه‌تاح (باوكی هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ چۆپی فه‌تاح)، د. ئازاد عه‌بدولواحید كه‌ریم، فایق سه‌عید كه‌ ئێستا پسپۆڕه‌ له‌ بواری په‌روه‌رده‌دا، هه‌روه‌ها مامۆستای زمان و ئه‌ده‌بی كوردیی ئه‌وسامان مسته‌فا زه‌نگه‌نه‌، خاوه‌نی شیعری (بێئومێدی) كه‌ هونه‌رمه‌ندی مه‌زنی كه‌ركوك قادر مه‌ردان كردی به‌ گۆرانی و به‌سه‌ر زاری هه‌موو كه‌ركوكییه‌كه‌وه‌ بوو.
 له‌گه‌ڵماندا هه‌ندێ قوتابیی عه‌ره‌ب هه‌بوون، كاتێ پاش 11ی ئازاری 1970 خوێندن بوو به‌‌كوردی، ئه‌‌وان هه‌‌ر له‌‌ئاماده‌‌یی شۆریجه‌داا مانه‌‌وه‌‌و نه‌قڵ نه‌‌بوون بۆ قوتابخانه‌‌ی عه‌‌ره‌بی، یه‌كێك له‌‌وان ئه‌حمه‌د ئه‌بو زێد بوو. كاتێ شۆڕش هه‌ڵگیرسا له‌ ئازاری 1974دا، ئه‌‌حمه‌د ئه‌‌بو زێدیش په‌یوه‌ندیی به‌شۆڕشه‌وه‌ كرد، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك باوكی چوو به‌‌شوێنیا و هێنایه‌وه‌ و له‌ ئاماده‌یی شۆریجه‌دا ده‌وامی خۆی كرده‌وه‌.
به‌داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه‌ رۆژی 3/5/2009 پێنج رۆژ به‌ر له‌ كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی كه‌ركووك سه‌ڵاح داوده‌، دڵه‌ ئازاكه‌ی فازڵ عوسمان له‌ شۆریجه‌ی كه‌ركووكدا له‌ لێدان كه‌وت.
ماڵئاوا حه‌یاتم. كه‌ركوكت له‌پشت بێ‌. هه‌رگیز له‌یادت ناكه‌ین.
سوپاسی هاوڕێی ئازیزم جه‌میل ئه‌مین ده‌كه‌م كه‌ هه‌ندێك هه‌ڵه‌ی له‌ زانیارییه‌كانم بۆ ڕاست كردمه‌وه‌.
Azadaswad@yahoo.co.uk 
.
  

Previous
Next

Leave a Reply