Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

ئەنفال و بێحورمەتى

Be First!

  عەزیز ڕەئووف…..

 دواى بیست ساڵ تێپەڕین بەسەر پرۆسەى ئەنفالدا، تا دێت بێحورمەتیكردن چ بەسەر ئەم چەمكە و چ بەسەر قوربانیەكانى و تەنانەت پاشماوەكانشیاندا زێتر و زێتر دەبێت. ئەنفال وەك پرۆسەیەكى بەرنامەبۆداڕێژراوى بەعس تەواو ڕۆڵى هەبوو لە تێكشان و بەقوربانى تەماشاكردنى كۆمەڵگەیەك كە دواى بیست ساڵ تێپەڕین بەسەریدا تادێت برینەكانى قوڵتر دەبێت.
 بەبۆچوونى من برینى ئەنفال، تەنها پەیوەندى بە زۆرى ژمارەی قوربانیەكانیەوە نیە، بەڵكو زیاتر لەوە پەوەندی بە تێكشان و بەسوك تەماشاكردنى كەس و كارى قوربانیانى ئەنفالەوە هەیە. بیست ساڵە كەس و كارى ئەنفالەكان خەون بەوەوە دەبینن كە ڕوفاتى كەس و كاریان بگەڕێندرێتەوە، كەچى نە حكومەتى عیراقى و نە حكومەتى هەرێم كەم تا زۆر هەوڵى ئەوەیان نەدا كۆتایى بەم چاوەڕوانیە بێنن و پرسەیەكى سەرتاسەرى ڕابگەیەنن و ماڵئاوایى لە دۆخى دڵەڕاوكىَ بێنن كە تاكەكانى پاشماوەى ئەنفال لەگەڵیاندا تادێت گەورە تر دەبێت.
 پرۆسەى ئەنفال بەر لە هەر شت تێكشانى سروشت و هەڵكەندنى مرۆڤى كوردە لە گوندەكان، كەچى دواى حەڤدە ساڵ لە چاوەڕوانى، ئەو ئۆردوگایانەى كە بەعس بۆ كەس و كارى ئەنفالەكانى دروست كرد، دەسەڵاتى كوردى نەیتوانى ماڵئاوایى لێبكات و ژیان بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو گوندانەى كە سەردەمانێك لانەى كەس و كارى ئەنفالەكان بوون.  بۆیە دەسەڵاتى كوردى هەر لەسەرەتاوە زۆر فەقیرتر بوو لەوەى ماڵئاوایى لە بەهەمیشەبوونى ئەنفال  بكات و هیچ نەبێت ئەو ژانە گەورەیە لەبیر شایەدحاڵەكانى بباتەوە.
 ئەنفال بە تەنها پەیوەندى بە ڕێژەى قوربانیەكانیەوە نیە، بەڵكو پەیوەندى بەوەوە هەیە كە كەس و كارى ئەنفالەكان وەك كۆمەڵە كارەكتەرێكى هەژار و دەستكورت سەیر دەكرێن و چاوەڕێى ئەوەن حكومەت ئاوڕیان لێبداتەوە. دەبىَ چى لەوە بێحورمەتیتر بێت  دەسەڵاتێك بیەوێت لەسەر لاشەى ئەنفالەكان خۆى دەوڵەمەند بكات؟  بەرپرسانى ئەم دەڤەرە دەیانەوێت ئەوە لەبیر خۆیان ببەنەوە كە سەردەمانێك لەو گوندانەندا چاوەڕێى نانى كەس و كارى ئەنفالەكان بوون و ئیستاش تەنانەت وەكو ژیانیش نایانەوێت وەك كەس و كارى قوربانیانى ئەنفال بژێن، هەر وەك ڕێبوار سیوەیلى دەڵێت، ئەوان كە بەنانە ڕەق گەورە بوون، لە تەشریبدا غەرقیانكەیت تێر ناخۆن.
 دەبێت چى لەوە بێحورمەتیتر بێت لە سەروبەندێكدا كە كورد چ لە بەغدا و چ لە هەرێمى كوردستان پۆستى باڵاى هەبێت و كەچى ئەنجامدەرانى پرۆسەى ئەنفال لە عەلى حەسەن مەجیدەوە بۆ جاشەكانى لەمەڕ خۆمان تاكو ئیستا هەناسە بدەن، نەك هەر هەناسە، بەڵكو لە زۆرێك لە ئۆفیسەكانى حكومەت و بارەگاى حزبەكاندا داڵدە درابن و كەس و كارى ئەنفالەكانیش بەدەست نەخۆشى و بێكارى و نەبوونى خزمەتگوزاریەوە بناڵێنن.
 دەبىَ چى لەوە بێحورمەتیتر بێت دەسەڵات لەم دەڤەرە هەر خەریكى شارى خەونەكان و گوندى ئەڵمانى و فەرەنسى بێت و دواى حەڤدە ساڵ تازە بیرى بكەوێتەوە دوو ژوور و هەیوانێك بۆ ژمارەیەكى زۆر كەمى پاشماوەى ئەنفالەكان دروست بكات، ئەمەش وەك منەتێك بەوەى كە بە تەنگ كەس و كارى ئەنفالەوە دێن و ئاوڕیان لێ دەدەنەوە. دروستكردنى خانوو بۆ ژمارەیەكى كەمى پاشماوەى ئەنفالەكان بەوان چى كە دەسەڵاتێك هەبێت كەم تا زۆر هەوڵى دڵدانەوەیان نەدات و ئاشتیان نەكاتەوە و فرمێسكەكانیان نەسڕێت.
 بەبۆچوونى من كێشەى پاشماوەى ئەنفالەكان بەر لە هەر شت ئەوەیە كە ئەوان دەزانن كە بەرپرسگەلێك هەن كە لە گوندەكانى ئەوانەوە دەستیان بە شۆڕش كردووە و ئیستاش پشتیان لە دروشمەكانى پێش ڕاپەڕین كردووە و ئەو نوخبەیە لە بەرپرسان زیاتر كارى سیاسى وەك بازرگانى تەماشا دەكەن، نەك وەك كایەیەكى ئینسانى لەپێناوى كاڵكردنەوەى ئەو نایەكسانیە گەورەیەى كە ئیستا لەنێوان پاشماوەى ئەنفالەكان و نوخبەى سیاسیدا دروست بووە.
 دواى بیست ساڵ تێپەڕین بەسەر پرۆسەى ئەنفالدا بەر لە هەر ئان و ساتێكى تر پێویستمان بە ماڵئاوایكردن هەیە  لەو جۆرە یادكردنەوەیەى كە ساڵانە لە چواردەى چواردا لە كەناڵەكانى ڕاگەیاندنى بە بینرا و بیستراوەوە پىَ پڕدەكرێتەوە، كە جوینەوەى كۆمەڵكە قسەیەكى كرچ و كاڵە و لە بچوكترینەوە تا گەورەترین بەرپرس ئامادە نین بۆ چركەیەكیش بێت جێبەجێى بكەن. دروشمگەلى لەمەڕ قەرەبووكردنەوەى پاشماوەى ئەنفال و بەجینۆسایدناساندنى و بە سزاگەیاندنى ئەنجامدەرانى و باشتركردنى گوزەرانى كەسوكارەكانیان، كە كۆمەڵە دروشمێكن هێندە وتراونەتەوە كە كەس نیە لەم وڵاتە نەزانێت كە جگە لە كۆمەڵە دروشمێكى بێ بنەما و بێ ئەسڵ و فەسڵ چی دى نیە.
 دەسەڵات پێش ئەوەى چوار دیوار و سەقفێك بۆ كەس و كارى ئەنفالەكان دروست بكات، با هەوڵى كاڵكردنەوەى ئەو جیاوازیە گەورەیە بدات كە لانى كەم لەنێوان پاشماوەى ئەنفالەكان و نوخبەى ساسیدا هەیە. دەسەڵات پێش ئەوەى لە چواردەى چواردا بە كۆمەڵێك دروشم و سیناریۆى فرمێسك ڕشتن یادى ئەو ڕۆژە بكاتەوە دەبێت هەوڵى ساڕێژبوونى ئەو برینە قوڵە بدات كە لە ڕۆحى هەریەك لە پاشماوەى ئەنفالەكاندا دروست بووە و لە ماوەى بیست ساڵدا نەك هەر ساڕێژ نەبووە، بەڵكو خراپى دۆخى هەرێمى كوردستان و جێبەجىَ نەبوونى دروشمەكانى شۆڕش و گەندەڵى و نایەكسانیەكان لە كۆمەڵگەی كوردیدا هێندەى تر نەوەكانى ئەنفالى نیگەران تر كردووە و بیرنەكانى قوڵتر كردۆتەوە.
 
azizrauf2003@yahoo.com
 

Previous
Next

Leave a Reply