Skip to Content

Tuesday, September 29th, 2020

بەغدا پێی خۆشەو شەرمیش دەكات….. جەوهەر نامق

Be First!
by February 29, 2008 گشتی

   لەپاییزی ساڵی پارەوە، حكومەتی توركیا لەحاڵەتی هەڕەشەو فشارو لەشكریشدایە بۆ سەر هەرێمی كوردستان. بەرواڵەت لێدانی بنكەكانی PKKو، لەواقیعدا تەسریفكردنی قەیرانو ململانێكانی دەسەڵاتی ناوخۆیەتی بۆ دەرەوەو، فشارە بۆ تێكدانی باری ئارامی هەرێمی كوردستانو پرۆسەی سیاسی عێراقو رێگرتنە لە گەڕانەوەی ناوچە تەعریبكراوەكانو چەسپاندنی مافی رەوای خەڵكی باشووری كوردستانە.

 لە 16/10/2007 حكومەتی ئوردۆگان پرۆژەیەكی دا بە پەرلەمانی توركیا سەبارەت بە رێگادان بە سوپای تورك بۆ ئەوەی هەر كات ویستی داخیلی هەرێمی كوردستان بێتو سەروەریو پیرۆزیی خاكی (العراق) ببەزێنێت. لە 17/10/2007 ئوردۆگان رایگەیاند كە پەرلەمانی توركیا موڵەتی بە سوپا داوە سنووری هەرێمی كوردستان ببەزێنێتو، موڵەتەكەش بۆ یەك ساڵەو، ئامانجەكەشی نەك تەنیا بنكەكانی PKKیە، بەڵكو هەر ئامانجێك كە خودی سوپا بە دوژمنی بزانێت كێ بێتو لەكوێش بێت..!
 لە 24/10/2007 ئەنجوومەنی ئاسایشى نەتەوایەتی توركیا بە سەرۆكایەتی سەرۆك كۆمار عەبدوڵڵا گول كۆبووەوەو چەندین بڕیاری دژ بە كوردو هەرێمی كوردستان دا، لەوانە ئەگەری سەپاندنی ئابڵوقەی ئابووری، بڕینی كارەبا، كشاندنەوەی كۆمپانیاو بەڵێندەركانیان. دیراسەتكردنی نەخشە سەربازییەكان سەبارەت بەهێرشێكی چاوەڕانكراو بۆ سەر "باكووری عێراق" دژ بەئەندامانی PKKو ئەوانەی هاوكارو پشتیوانی هەمەجۆریان دەكەن لە ناوچەكەدا… تاد.

 بۆ ئەم مەبەستە حكومەتی توركیا بەهەوڵێكی هەمەلایانە لەئاستی ناوخۆو ئیقلیمیو نێودەوڵەتیو لەڕێگای بەرزە لێپرسراوەكانی (سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران، وەزیری دەرەوە). لەحاڵەتی زەمینەخۆشكردنو ئامادەكاری بوون بۆ پیادەكردنی نەخشەكەیان دژ بە باشووری كوردستان لەوانە:

 1- لە 3/11/2007 كۆنگرەی وڵاتانی دراوسێی عیرَاق، لە ئیستەنبوول كە 25 دەوڵەتو رێكخراوی نێودەوڵەتیو ئیقلیمی لەئاستی وەزیرانی دەرەوە تێیدا بەشدار بوون. ئەگەرچی كۆنگرەكە بۆ چارەسەری گرفتەكانی عێراق بوو، وەلێ حكومەتی توركیا توانی بیكاتە سەكۆیەك بۆ هاندانی رای گشتی ناوخۆ دژ بە PKKو باشووری كوردستانو كورد.
 2- 5/11/2007 سەرۆك وەزیرانی توركیا سەردانی كۆشكی سپی كردو ئیدارەی بوشی راكێشا بۆ نێو گەمەكەو هەڵدانەوەی لاپەڕەی PKKو تاوانباركردنی وەكو رێكخراوێكی تیرۆریستیو، مسۆگەركردنی تەنسیقو هاوكاری دەزگای سەربازیو سیخوڕی ئەمریكا دژ بە PKKو، وەرگرتنی چرای سەوز لە بوش بۆ ئوپەراسیۆنێكی سەربازی فراوانو بەزاندنی سنووری هەرێمی كوردستان.

 3- كۆبوونەوەى لوتكەیی سوریاو توركیاو، توركیاو ئیسرائیل.

 4- سەردانی سەرۆك كۆماری توركیا بۆ كۆشكی سپیو نەتەوە یەكگرتووەكانو ئەوروپا. گول، هەمان بەرنامەی پێشووی ئوردوگانی پیادەكردو باسی سەردانەكانی زیاتر تەرخانبوون بۆ كێشەی كەركوكو PKK، هەروەهاش گەشتەكانی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ وڵاتانی ئیقلیمی.

 لەگەلأ ئەم كۆمەڵە جموجۆڵو دیدارە دووقوڵیو چەند قوڵیانەی سەرانی توركیاو ئەمریكاو ئیسرائیل، هێرشە ئاسمانییەكانی سوپای تورك بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەستیان پێكرد، بە تەنسیقو هاوكاری سوپای ئەمریكاو تەكنەلۆجیای ئیسرائیلو دەزگا هەواڵگریو سیخوڕیەكانیانو بۆمبابارانی ناوچەكانی سەر سنووری پاشووری كوردستانیان لەپارێزگای دهۆكو هەولێرو سلێمانی، تاكو دەهات فراوانو خەستتر دەبوو، جاری واهەبووە بەجارێك 50 فڕۆكەی ئێف 16 سەرتاسەری ئەو ناوچانەیانە تۆپباران دەكرد، دەیان گوندو رێگاوبانو پردی ناوچەكانی زاخۆو ئامێدیو نێروەو رێكانو مێرگەسۆرو چۆمانیان تێكوپێكداو بەدەیان هاووڵاتی ئەو گوندانە گیانیان لەدەستداو هەزارانی دیكەش بەم سەرماو سۆڵە ماڵوێرانوسەرگەردانو دەربەدەر بوون، هەزاران ئاژەڵو مەڕو ماڵاتیان لەدەستداو باخو رەزو كێڵگەو چەنگەڵی ئەو دەڤەرانە سوتانو تووشی زەرەرو زیان بوون.
 حكومەتی ئیرهابی ئۆردوگان لەتەك ئەم دەستدرێژیو سنووربەزاندنو تاوانەكانی، سەرقاڵی ئامادەكاری هێرشێكی زەمینی بەرفراوان بوو. ئەم ئامادەباشیو خۆسازكردنە شاراوە نەبوو، رۆژانە كاربەدەستانی سیاسیو ئیداریو سەربازی تورك دووبارەو چەند بارەیان دەكردەوەو دواكەسیشیان، عەلی بابەجانی وەزیری دەرەوەیان بوو، كە لە 19/2/2008 بە دیقەت باسی ئەوەی كرد كە بیرۆكەی هێرشی زەمینی تاوتوێ دەكرێتو دەستپێكردنی ئەو هێرشە پەیوەندی بە باری كەشوهەواوە هەیە.
 شەوی 21 لەسەر 22/2/2008 سوپای توركیا هێرشێكی بەربڵاوی كردە سەر هەرێمی كوردستانو لەژێر كۆدناوی (گیونەش= خۆر)*. ئاژانسە هەواڵدەرییەكانی ناوەوەو دەرەوە ئاماژە بەوە دەكەن كە لەم هێرشەدا زیاتر لە 10 هەزار سەربازی پیادە بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانیو تۆپخانەی قورسو هەماهەنگی مەیدانیو سیخوڕی ئەمریكاو ئیسرائیل، لەچەند قۆلێكەوە سنووری هەرێمی كوردستانیان بەزاندووە بەتایبەتی لەقوڵی (شەرانش، كانیماسی، باسیاو مێرگەسۆر). شەڕی دژوار لەنێوان گەریلاكانی PKKو هێزەكانی توركیا دەستی پێكردووەو تاكو نووسینی ئەم بابەتە بەردەوامەو لەشكركێشیش بەرەو سنووری هەرێمی كوردستان لەزیاد بووندایە.
 ئەم هێرشە بە ئاگاداری ئەمریكا وەكو هێزی داگیركەری عێراقو بەرپرسیاری پاراستنی سنووری زەمینیو ئاسمانی ئەم وڵاتە بووە، هەروەك چۆن حكومەتی عێراق لەسەر ئاستی سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران ئاگادار كراونەتەوە. چەند وڵاتو ناوەندی نیودەوڵەتی داوایان لە توركیا كردووە رێز لەسەروەری عێراق بگرێتو هەندێكیان داوای كشانەوەشیان كردووە، وەلێ هیچ لایەك توركیای تاوانبار نەكردووە. حكومەتی ناوەندی بەغدا (تیغی دوو دەمی لە گەروودایەو پێی خۆشەو شەرمدەكات)و ئەمریكای هاوپەیمانو دۆستی كورد (دەڵالو هاوكارو پشتیوان)، هەندێ لەدەسەڵاتی فەرمی كوردیش لەسەرەتای ئەم شەڕە بێ ئاگایانە پرخەی دەهاتو، تاكو پاش نیوەڕۆی 22/2/2008 هەموو هێرشێكی زەمینی توركی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان رەتدەكردەوە، دواتر كردیان بە چەند سەربازێكی تورك كە بەدوای چەكدارانی PKK كەوتوونو تاكو ناچار دانیان بە هێرشەكە نا.
 دەسەڵاتی فەرمی كوردستان رۆژی 23/2/2008 بەفەرمی لێدانی سیڤیلو ناوچە ئاوەدانكراوەكانی هەرێمی كردە خەتی سوورو ئەم هێرشەیان مەحكومكردو زیاتر بە دژی هەرێمی كوردستانو ئەمنو ئارامیو ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان لەقەڵەمیاندا نەك دژی PKKو، پاراستنی سنوورو ئاسمانی هەرێمیان وەك خاكی كۆماری عێراق خستە ئەستۆی دەسەڵاتی ئەمریكا. داواشیكرد ئەم هێرشە رابگیرێتو لەشكری توركیا لەباشووری كوردستان بكشێتەوەو، بەرامبەر بەمە حكومەتی ئیرهابی توركیا پانتاییو قوڵاییو ئاستی تاوانەكانی دژ بە چیاو داروبەردو رێگاوبانو پردو ناوچە سنوورییەكانو ناوچە ئاوەدانكراوەكانی سنووری دهۆكو هەولێر لە پەرەسەندندایەو فڕۆكە جەنگییەكانی بەسەر زاخۆو چیای مەتینو بەری گارەو مێرگەسۆر رانیەو لای چۆمان.. تاد، بەنزمی دەفڕنو خەڵكە سڤیلەكەی ناڕەحەتو نیگەران دەكەنو سەرو ماڵیان لەمەترسیدایە.
 توركیا كیانێكی پاشماوەی دەوڵەتی هەڵوەشاوەی عوسمانییو لەشەڕ دۆڕاوە، دەوڵەتێكی لاوازو فسەیفیسایی  بە زۆر پێكەوە گرێدراو ناتەباو فرە گرفتەو، هەڵقوڵاوی بیرو هزرێكی رەگەزپەرستیو رەوشت فاشی (تۆرانیزم)و، سیستمێكی عەسكەرتاری فراوانخوازو فرسەت تەڵەبو رووتێنەرەوەیە.

 لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تاكو ئەمڕۆ، توركیا تاكە دەوڵەتی سەر گۆی زەویە، كە سەرانو دەسەڵاتدارانی بە راستو چەپو عەلمانیو ئیسلامیەوە، بەعەسكەرو سڤیلیانەوە، سوورن لەسەر ئەوەی گشت نەتەوەو گەلانی ئەو دەوڵەتەیان توركنو خاكی كۆمارەكەیان خاكی توركەو سەروەت سامانی سەر خاكو ژێرخاكی هی توركەو هەتاكو ئەو هەوایەش كە نەفەسی پێدەكێشن هی توركە. لەكاتێكدا لەكۆی گشت پانتایی خاكی ئەم دەوڵەتە 27%ی خاكی باكووری كوردستانە كە بە زۆرداگیری كردووەو زیاتر لە 27%ی كۆی گشتی دانیشتووانی كۆماری توركیا كوردن، كە دان بە مافو بوونیان نانرێ، جگە لە عەرەبو چەركەسو لازو ئەرمەنی.

 لەبەر بنەماو هۆكارو هەلی هاتنە مەیدانی تورك لەكێشەو گرفتەكانی  رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو خۆ شاردنەوە لەژێر چەتری پیرۆزی ئیسلام لەسەدەكانی پێش سەدەی بیست، دەسەڵاتدارانی تورك ئەو دەمو، كەمالیستەكانی سەرەتاو ئێستا بەسەرانی پارتی دادو گەشەپێدانو جەنراڵەكانیشیانەوە، لەحاڵەتی شیزۆفرینیادا دەژین. ئەوان سوڵتانەكانی بابولعالینو، رەگەزە ناتوركەكان كۆیلەو سوارە حەمیدییەكانیانن..!

 دەسەڵاتدارانی توركیا دوژمنی سەرسەختی كوردن، بۆ سەركوتكردنو رێگرتن لەبوونو مافی كورد، لە هەركوێ هەبێت، هەموو شێوەو شێوازێك دەگرنەبەر. ئەم تاقمە جگە لەزمانی زەبرو زۆر هیچ شێویەكی دیكە نە دەزاننو نە دەسەلمێننو نە تێدەگەن. ئەمەش یەك لە خەسڵەتەكانی دەسەڵاتی رەگەزپەرستو فاشیستییە. كە دەستیان رۆیشتو بۆیان لوا لەهیچ سڵ ناكەنەوەو كە بەرەنگاری بوویتو لە لووتت دا هیچ سەرشۆڕیەكیان لا شەرم نییە..!

 لەوێ كێشەی كورد هەیەو تورك دەسەڵاتی هەبووە، پێشەنگو هاندەرو بەشدار بووە، لەنەخشەو پلان بۆ تێكدانو لەناوبردنی هەر جۆرە مافو دەستكەوتێكی ئەم نەتەوەیە. بێ گەڕانەوە بۆ قۆناخی دەوڵەتی عوسمانی (1326-1924)و تاوانەكانی دژ بە كوردو نەتەوەكانی دیكەی ژێر دەستیان، لەوەتەی كۆماری توركیا دەوڵەتە بۆ یەك چركەش دەستی لەپیلانو دوژمنایەتی خەڵكی كوردستان هەڵنەگرتووە. لەسەرەتای سەدەی بیستەوە تاكو ئەمڕۆ، دەسەڵاتدارانی كۆماری توركیا دژ بە بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان لەسەنگەرو هێرشدایە.
 لەوەتەی باشووری كوردستان بووەتە مەڵبەندی سەرهەڵدانو راپەڕینو شۆڕشو نزیكبوونەوە لە مافەكانی، دەسەڵاتدارانی تورك، هاندەرو پاڵپشتی نەیارانی بوونە بۆ لەباربردنی.
 قۆناخی (1992-2008) یەك لەو قۆناخانەیە كە گەواهی لە رۆڵی حكومەتی ئیرهابی توركیا دەدەن لەبەرامبەر ئەزموونی باشووری كوردستان، كە تاكو چ ئەندازیەك ئەم كیانە ئیرهابییە مەترسییە لەسەر بوونو مافی كوردو ئەمنو ئاسایشی نەتەوەییمان، كەچی لەمیانەی ئەم 16 ساڵەدا سەركردایەتی فەرمی باشووری كوردستان هیچ نەماوە بۆ توركیای نەكات.
 لایەنی كوردستانی بەتایبەتی (پارتیو یەكێتی)، شان بەشانی جەندرمەو سوپای تورك شەڕی گەریلاكانی PKKیان كرد لەسەر سنووری هەرێمی كوردستانو توركیا. PKKیان لاواز كرد، وەلێ نەتوانرا هەرەسیان پێ بێنن. سەرەتای ساڵی 1997 رازیبوون بەدانانی چەندین بنكەی سەربازیو سیخووری توركیا لەهەرێمی كوردستان، لەوانە بنكە سەربازییەكانی ناوچەكانی (بامەڕنێ، باتوفا، كانیماسی، بێگۆڤا.. تاد) لەگەڵ هەندێ بنكەی لۆجیستی لە چەند ناوچەیەكی دیكە، جگە لەبنكە سیخوڕیەكانی میتو تیمە تایبەتیەكانی توركیا لەرانیە، سلێمانی، هەولێر، دهۆكو زاخۆ. زیاتر لەوەش هەموو دەروازەی ئیراهیم خەلیلو بازاڕی هەرێمی كوردستان كرایەوە بۆ كۆمپانیاو كاڵای توركیو، ژووری بازرگانی كوردستان بزاڤی بازرگانی لەگەڵ توركیا بۆ پار ساڵ بە زیاتر لە 5 ملیار دۆلار مەزەندە دەكاتو، گشت پرۆژە گەورەكانی حكومەتی هەرێم دراونەتە كۆمپانیاكانی توركیاو لەنێوان ئەوانەشدا چەند گرێبەستێك لەبواری گەڕانو دەرهێنانی نەوت.

 توركیا هەرێمی كوردستانی كردووەتە وێستگەیەك بۆ ناردنی كاڵای ئیكسپایەرو كاری ساختەكاریو ناوچەیەكی تەسریفكردنی ململانێیەكانیان بەتایبەتی لەقۆناخی حوكمڕانی پارتی دادو گەشەپێدان، وا ئێستا سوپاكەی لەسەر خاكی هەرێمی كوردستانەو ناوچە سنوورییەكانمان كاوڵدەكاو خەڵكی بێ تاوانی كوردستانیان تووشی مەترسیو دەربەدەربوون كردووە. سوپای تورك چووبێتە هەر شوێنێك یان بەزەبر یان لەترسان دەرچووەو دەركراوە، ئەگینا هەر ماوەتەوە. ئەوە بنكە سەربازیو سیخوریەكانی كە لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ كردنو، ئەزموونی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ (قەبڵان)ی توركو هێزی PMF كە لەساڵی 1998 تاكو 2003 بەپێچەوانەی ویستو خواستى دەسەڵاتی فەرمی، هەولێرو كۆیەو رانیەو ناوچەكانی دیكەیان بەجێنەدەهێشتن. ئەگەر ئەمریكییەكان نەبووان دوور نەبوو ئەوانیش وەكو بنكەكانی بامەڕنێو بێگوڤا.. تاد تاكو ئێستاش لەسەر دڵو دەروونی خەڵكی كوردستان بووان.
 دەكرێت مروڤ لەنێوان دوو كەواندا بڵێت (توركیا بەفیعلی هەرێمی كوردستانی) داگیر كردووە، بەتایبەتی لەڕووی ئابووریو كلتوریو هەڕەشەی سەربازیو دەستێوەردان.
 سوپای تورك بەفەرمی یەك ساڵ مۆڵەتی وەرگرتووە لە پەرلەمانەكەی كە دەستی كراوەبێت لەباشووری كوردستان. ئەم ساڵە بۆ باشووری كوردستان چارەنووسسازەو مانەوەیان لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان خەتەرناكە بۆیە لەسەر لایەنی كوردستانییە:

 1- فشار بخاتە سەر حكومەتی ناوەندیی بەغدا كە دەبێت بەجیدیو هەستكردن بەگیانی بەرپرسیارێتی رووبەڕووی ئەم تاوانە ببێتەوە، ئەمە بەزاندنی سنووری عێراقەو شكاندنی سەروەریەتی. هەڵوێستی ناوەند تاكو ئێستا سستەو بۆنی لێدێت. دەبێت لایەنی كوردستانی لەناوەندی بەغدا ئەم كێشەیە زیاتر بە هەند وەرگرێتو داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقو كۆمكاری عەرەبو كۆنگرەی ئیسلامیو ئەنجوومەنی ئاسایشى نێودەوڵەتی بكرێ كە بەپەلە كۆببێتەوەو ئەم تاوانە مەحكوم بكەنو لەشكری توركیاش خاكی عیرَاق بەجێ بێڵێتو زیانەكانی خەڵكی ناوچەكانمان قەرەبوو بكاتەوە.

 2- فشار بخاتە سەر ئیدارەی بوش بۆ كشانەوەی سوپای توركو راگرتنی ئەم شەڕە. هاوكاریو رێگەدانی ئیدارەی بوش بەدەسەڵاتی ئیرهابی توركیا ئا بەم شێوەیە، توركیا كۆمەراو پشت گەرمتر دەكات لە هەڵوێستی توندی دژی كورد، هەڵوێستی خەڵكی كوردستان لە هەر كوێ بێت، بەرامبەر بە ئەمریكا دەگۆڕێت. دەبێت ئیدارەی بوش ئەو راستییە بزانێت كە ئەوەی دەیكات، دژی نەتەوەیەكی 40 ملیۆنییەو ئەم كردەوەیە پاڵدانیەتی بەرەو دوژمنایەتی ئەمریكاو، ئامادەنین كارەساتی ساڵی 1975و ئەنفالو جێنوسایدی 1988و كۆڕەوێكی دیكەی ملیۆنیمان بەسەربێنیت. ئەمریكا دەتوانێت سنوور بۆ حكومەتی ئۆردوگانو جەنراڵەكانی دابنێتو بەرپرسیارێتی ئەمریكا كەمتر نییە لەدەسەڵاتدارانی توركیا ئەگەر زیاتر نەبێت.!
 3- سەرۆك كۆماری عێراق دەعوەتی گوڵ رەتبكاتەوە. بەش بە حاڵی خۆم شێوەو كاتی ئەم دەعوەتە بەدوور لە هەموو دابونەریتو پرۆتۆكۆڵە دیبلۆماسییەكان لەقەڵەم دەدەم، چونكە جگە لە لووت بەرزیو بەكەم زانینی كورد، چیتری لێ بەدیناكرێ.

 4- ئەم هێرشە دژی خەڵكی كوردستانو ئامانجە رەواكانیەتیو مەبەست واقعی ئەمڕۆو دواڕۆژی ئەم هەرێمەیە، بۆیە یەك هەڵویستیو یەكڕێزیو یەك خیتابی نیشتمانیو نەتەوایەتی تۆكمەو روونو شەفافی گشت لایەنەكانی سەر گۆرەپانی كوردستانی گەرەكە.

 5- جوڵانەوەی هێزی جەماوەری كوردستان بە كۆڕو كۆبوونەوەو خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانەو سەرتاسەری یەك لە هەنگاوە دروستو پێویستەكانە. هەر هەمان شت سەبارەت بەجالیەی كوردستانی لەدەرەوەی وڵات. دەبێت ئەمریكاو خەڵكی دیكەیش بزانن كە خەڵكی كوردستان توڕەو نیگەرانەو ئەوەی توركیا بەپاڵپشتی ئەمریكا دەیكات قابیلی قبوول نییەو، دەبێ سنوورێك بۆ دەستێوەردانەكانی توركیا لەكاروباری عێراقو بەتایبەتی هەرێمی كوردستان دابندرێت.

 6- راكێشانی سەرنجی دەسەڵاتدارانی توركیا سەبارەت بە بەرژەوەندییە ئابورییەكانی لەكوردستانو بەكارهێنانی گرانی رۆڵی كورد لە دەسەڵاتی ناوەند بۆ هەمان مەبەست. دوور نییە باری ئابووریمان هەندێ ئاڵوز بكەن، بەڵام ئیبراهیم خەلیل تاكە دەروازەی ژیان نییە بۆ خەڵكی كوردستان. بێ توركیایش كورد دەتوانێت بژیتو دەرئەنجام توركیا زیاتر لە كورد زیانی پێدەكەوێت.

 7- ئامادە باشی سەربازیی لەسەر ئاستی عێراقو هەرێمی كوردستان. دەبێت سەركردایەتی فەرمی كوردستان لەكاتی پێویستو زیادەڕەوی سوپای تورك، بەڵێنەكانی خویان بەجێ بێنن، بەتایبەتی كە قەناعەتیان وایە مەبەست لەم هێرشە زیاتر هەرێمی كوردستانە، نەك PKK. بەدەر لەوە دەسەڵاتی توركیا زیاتر مەغروور چاوسوور دەبێت.
 بەم هێرشە دەسەڵاتدارانی پارتی دادو گەشەپێدانی توركیا (جێ نبچ)ی ئەمریكاو وڵاتانی ئیقلیمیو یەكێتی ئەوروپا دەكەن، سەبارەت بەدەست بەسەرداگرتنی ناوچەكانی سەر سنووری هەرێمی كوردستانو مانەوەی هێزەكانیان وەكو گورزێكی ئامادەكراو دژی چارەنووسی ناوچە تەعریبكراوەكانمانو چەسپاندنی مافەكانی خەڵكی كوردستانو باری ئەمنو ئاسایشی دەڤەركە، لەكاتێكدا بەرەو هێوركردنەوە دەڕوات. هەروەها تاقیكرنەوەیەكی دەسەڵاتی فەرمی كوردستانە، سەبارەت بە ردفیعلیان لەمەڕ نەخشەیەو بەڵێنەكانیان.
 مافی خەڵكی كوردستانە هەڵوێستەیەك لەمەڕ هێرشی گەورەترین سوپای (ناتۆ) بكات كە بە تەنسیقو هاوكاری تەكنەلۆجی سوپای ئیسرائیلی گوایە بەتواناترین سوپای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو بەهەماهەنگیو پشتیوانی مەیدانیو ئیستخباراتی ئەمریكا كە تاكە زلهێزی ئەم جیهانەیە، دەرحەق بە چەند سەت كچو لاوێكی گەریلای PKK، كە بۆ ماوەی 3 مانگە رووبەڕوویان بوونەتەوەو، وا رۆژانە تەرمی سەربازە كوژراوەكانی توركیا رەوانەی شارەكانی توركیا دەكرێن، لەكاتێكدا تەنیا ئیرادەو هەستی كوردایەتیانو چیاكانی كوردستان هێزو پشتو پەنایانە، ئەمەش دیاردەیەكی بێ وێنەی سەرەتای ئەم سەدەیەیە..!

 ئەگەر ئێمە وەك كورد سۆزو عاتیفەشمان نەجوڵێ، ئەوا ئەركی مرۆڤایەتیمان وامان لێدەخوازێت كە بەچاوی رێزو بەرزییەوە ئەو بەرخودانە بێ وێنەی بنرخێنین، بەتایبەتی ئەوە بۆ 7 ساڵ دەچێت ئەم هێزە شەڕی راگرتبوو و ئامادەبوون لەگەڵ حكومەتی توركیا دانیشنو كێشەی كورد لەباكوور بەئاشتیو لەڕێگای دانوستاندن چارەسەر بكەنو، ئەودەم چەكیش دادەنێنو دەبنە لایەنێكی بەشداری پرۆسەی سیاسی ئەو وڵاتە. كەچی حكومەتی دادو گەشەپێدانی توركیا بە تانكو تۆپو ئاگرو ئاسن وەڵامیان دەداتەوە.
 هەر لەسەر ئاستی نێوخۆش، باشتر وایە بۆ رێزگرتنی هەستی شەقامى كوردى كە بەگشتى دژى هێرشى توركیایەو سۆزى لەگەڵ گیانى بەرخۆدانى ئەوانەیە كە لەحاڵەتى رووبەڕووبوونەدان لە بەرامبەر ئالەتى جەنگى توركیادا، دەزگا راگەیاندنەكانمان، بەتایبەتى سەتەلایتەكان بۆ ئەو رێز گرتنە، كەمتر شایلۆغانو بەرنامەى بێ نێوەرۆك بڵاوبكەنەوەو زیاتر بەدواى گواستنەوەى هەواڵەكانو ئاكامەكانى ئەم هێرشەو ناڕەزایى خەڵكى دەربەدەربووى ناوچە سنوورییەكانەوە بن.

 زەبرو زۆرو شەڕو پێكدادانو نكۆڵیكردن لە بوونی كوردو كوردستان ئەنجامەكانی زیانبەخشە بۆ حكومەتی توركیاو وارۆژی ئەو وڵاتە، ئەمریكاش بەچاوپۆشیو هاوكاریكردنی توركیا میسداقیەتی خۆی لەدەستدەدات بەرامبەر بە كوردو گەلانی ناوچەكەو، بەم هێرشەش نە PKK لەناودەچێتو نە قەیرانی توركیا چارەسەر دەبێت، نە تەنگەژەی ئیدارەی بوش لەعێراق سوك دەكاتو نە رەوتی ئاشتیو ئازادیو رزگاریو خەڵكی كوردستان رادەوەستێنێت!

 24/2/2008
 * ناوى ئۆپەراسیۆنى ئەمجارەى سوپاى تورك (گیونەش)ە كە بەكوردی ماناى (خۆر)دەگەیێنێ و، ناوی كچى سەربازێكى سوپاى توركە بەناوى قاسم ئاكسۆی، كە لەكۆتایى ساڵى رابردوو لەهێرشێكی توركیادا بۆ سەر گەریلاكانى PKK كوژرا. كاتى خۆى وێنەى ئەم كچە (گیونەش) بەگۆرەوییەكى دڕاوەوە لەزۆربەی رۆژنامەو گۆڤارەكانى توركیا بڵاوكرایەوە،بەمەبەستی راكێشانى سۆزى شەقامى توركی و ئامادەكرنی لەرووی دەروونییەوە دژى PKKو كوردو هەرێمى كوردستان. توركیا بەناونانى ئەم ئۆپەراسیۆنە بەم كۆدناوە دەیەوێت تۆڵەى ئەو كچە لە كورد بكاتەوە.


 

Previous
Next

Leave a Reply