Skip to Content

Tuesday, October 20th, 2020

تابلۆكانى خوێن وخودا….. هەردى شەفیق

Be First!
by January 6, 2009 ئەدەب

 تابلۆكانى خوێن وخودا….. هەردى شەفیق
 
 كەمن و مردن موشتەرى مەیخانەیەك بین
 بافریشتەى حەقیقەت بكوژین و ڕۆحى شاعیرەكان بكێشین
 باژەهرى ئومێد بنۆشین و نائومێدى بكوژین
 من دەچمەوە نێو كتێبى شاعیرەكان و لەوىَ كوخێك دروست ئەكەم
 ڕۆح ئەدەمەوە بەگوڵى باخە نایلۆنەكان
 بەوێنەكێشە كوێرەكان ئەڵێم شتێكى تربكێشن
 وێنەكانى حەقیقەت هەمووى كۆن بوون
 دەچمەوە نێو بەلەمى ئەوڕاوچیانەى وردە ماسى مردوو ئەژمێرن
 دەڕۆم بۆماڵى ئەو سۆزانیانەى عیشقى كوژراو ئەفرۆشن
 ماڵى ئەو نورانیانەى لەسەر ویژدانیان نوێژ ئەكەن
 بەباڵ خەڵوزى ئەم خۆكوشتن و سوتانە باوەشێن دەكەم
 وەك ئەو كۆترەى لەسەر گۆڕى پیاو چاكێك لانە ئەكات
 بەباڵى پەپولەیەكى سەر گەردانەوە دەچمەوە خرابخانەكان
 گۆڕستانێك ئاوەدان ئەكەمەوەو تیایدا ئەژیم
 لەكاتێكدا ئاوەىدانى دەبێتە خراپترین گۆڕستان
 *****
 بەم فریشتە كوژراوانەى خواوە سەیرى مەعبەدو مەیخانەكان دەكەم
 ئاسەوارى ئەم درۆ دووبارەو هەزار بارە بۆڕۆحى كوژراوەكان دەگەڕێم
 بۆدەستەكانى تۆ دەگەڕێم بەخوێنەوە
 بۆ ڕۆحى خۆم بەبرینەوە
 ئەشێت (بون)هەرئەو خوێنەبێت ئەسپەكان بەبىَ سوار دەیهێننەوە
 ئەو ئایەتەبێت كوشتنى من تەفسیر دەكات
 ئەو حیكایەتەبێت بەچكە پاساریەك سەر دەبڕێت و
 هێلكەى كوكوختیەك دەشكێنێت
 ژیان جەنگێكە تەنیا شاعیرەكانى تیا ئەكوژرێن
 لێگەڕىَ با ئاسمان ئەم باڵانەى من بشكێنىَ
 من كوڕى خوێنێكى ناقۆڵام
 لێگەڕىَ تاریكى ڕێگاكانم بباتەوە جەهەنەم
 تۆ كەلەو سەرى جەننەتەوە دێیت جەهەنەم بۆمن دروست مەكەو
 مەحشەر بۆمن بەرپا مەكە
 ڕۆحى خۆت لە گوناه خاڵى كەرەوە
 خودا لەڕۆحى خۆتدا جێكەرەوە
 من دەترسێم لەو هەموو تاریكیەى گەمارۆمان ئەدات
 ئاسمان بەم هەموو گوناهە وێران دەبێت
 گەردون بەو هەموو خوێنە جارێكى تر دەتەقێتەوە
 دەترسێم ئەو كچەى من خۆشم دەویست
 لەسێبەرى منارەو مینبەرەكانەوە
 بەمناڵێكى زۆڵەوە بێتەوە
 ***
 عیشق فێرى ئەم مەیخانەى كردین حەبیبم
 دەنا كەسمان پیرى موغان نەبووین
 هەمیشە بەو گۆزە كەرە سەرخۆشانە پێدەكەنین
 بەرسیلەكانیان دەكرد بەشەراب
 
 كىَ لەدەرگاى ئەم خۆكوشتنەوە دەچێتە ژور ؟
 كىَ دەست بۆ سێوە خوێناویەكانى خوادەبا؟
 خوێن لەقەڵەمەكەم دەسڕم و قەێیدەى مەرگێكى تردەنوسم
 دەزانم دەكوژرێین بەفیراقى ئەو قافڵانەى خوێن دەهێنن وجوانى دەبەن
 لاشەى مرۆڤ دێنن و ڕۆحى پەپولە دەبەن
 من و سێبەرى ئەم تاریكیە لەشەڕێكى پوچداین
 من و سەماى سێبەرەكان
 من و پێكەنینى ئیمبراتۆرەكان
 من و خوێنى ئەمارەتەكان
 من و ئەم جەللادە ڕیش سپیانە یەكترى دەكوژین
 من دەبم بەبرینپێچى كوكوختیەكان و
 ئەوان دەبن بەتاجى ئیمبراتۆرەكان
 من بەباڵى پەپولە ئەوان دەكوژم
 وبەبۆنى خوێن دەمكوژن
 من بەهەناسەى گوڵەكان ئەوان دەكوژم و
 بەخوێنى باڵندەكان دەمكوژن
 ****
 ئازارى ئەم پیریە نەیدە كوشتین
 ئەگەر عیشق درۆیەكى ڕوت نەبوایە
 من ئاوێنەیەكى خوێناوى بووم
 پیاوێك نەیویست سیماى ببینىَ وردو خاشى كردم
 ژنێك نەیویست مردنەكانى بژمێرىَ لەت لەتى كردم
 بابچین جێیەكى تر ئاوەدان كەینەوە
 تازە ئەم باغە خوێناویە كەڵكى ژیانى پێوەنەما
 بالە ماڵەساردەكان بێینە دەرىَ دیوارەكان خوێناوین
 بالەو شەقامانە یاخى بین شۆێتەكانى كۆنكرێتن، درەخت نین
 پاكیزەیمان لەمابەینى كتێبخانەو گۆڕخانەكان
 مەیخانەو خەڵوەتگاكان
 تابوتخانەو سۆزانیخانەكاندا جىَ ى نیە
 ئێمە هەرزو كەوتینە هەڵەى زەمان و شوێنەوە
 بۆ ئەم فەزاى عەترو ڕۆحە هاتین و
 كەوتینە ناو ئەم بۆسەى خوێنەوە
 ****
 شیعارەكان داگرن و لافیتەى مردنى ئێمە هەڵبواسن
 ئاخیرەت ئەم بێزمانانەش دەبن بەتوتى نوس
 ئێمە دەبوو مناڵێك بێنینە دونیا
 وەك دوپشكە ڕەشە لەسەر برینەكانى باوانى دەژى
 وەك موسافیر بەناو خەونەكانى دایكیاندا دەڕۆن
 ئێمە دەبَى وەك قوربانى دەستى خێڵێكى مرۆڤكوژ
 دڵەكانمان لەبەرقاپى مەیخانەیەكدا دانێن بۆ فرۆشتن
 بۆیە وەك ئەو دێوانەى هەزاران ساڵە مەعشوقەكەى نەدیوە
 بەگوڵێكى سورەوە بەرەو لات دێم ئەى جەنگ
 وەك ئەو كچەى دوگمەى سینەى بۆ دەمى دەمانچەیەك ئەكاتەوە
 بەرەو پیریت دێم ئەى مەرگ
 ****
 ئێرە گۆڕو ماڵى هەموو پەپولەكانە
 توتیەكان و هەڵۆكان و شەمشەمە كوێرەكان بۆ ئێرە دێن
 بۆیە دەبوو دەستەكانمان بەسێوەكانەوە ببڕێن،بۆیە بڕیمانن
 لەناو تابووتەكاندا لەگەڵ كچەكان و
  لەناو خوێنەكاندا جوتبین،بۆیە جوتبوین
 ئێمە كەوتینە جەنگێكەوە ئەگەر دەزگیرانەكانمان نەكوشتایە ئەیكوشتین،بۆیە كوشتمانن
 لێوەكان لەكاتى یارى كردن بەمەمكەكاندا ببڕین،بۆیە بڕیمانن
 ئەگەر ڕۆحى خۆمان نەناشتایە ئەیناشتین ،بۆیە ناشتمانن
 دەبوو مارەكان لەكاتى لێك ئاڵاندا بكوژین بۆئەوەى نەمانكوژن
 بەلەمەكان لەكاتى ڕۆشتن بەژێر مانگە شەودا بشكێنین ،بۆیە شكاندمانن
 شاعیرەكان لەكاتى ئیلهام وخەیاڵدا هەڵبواسین،بۆیە هەڵمان واسین
 سۆفیەكان لەكاتى خەڵوەت و دوعادا بخنكێنین ،بۆیە خنكاندمانن
 خەیاڵ شەڵاڵى خوێن كەین و بیبەین بۆ جەهەننەم ،بۆیە بردمان
 دڵ و ڕۆحمان بخەینەتابووتى سینەمانەوە ،بۆیە لەوىَ دامان نان
 ئەستێرەدابگرین و لەسەردابا قایمى بكەین ،بۆیە قایم مانكرد
 خۆمان لەخوێنى خەیاڵ و عیشقى خودا هەڵ بكێشین ،بۆیە هەڵمان كێشا
 دەبوو مەرگ لەپێكەنینى دوو پەپولەدا سەوز بكەین بۆیە سەوزمانكرد
 دەبوو كۆترەكان لەكاتى جوتبووندا سەربڕین ،
 زەڕنەقوتەكانیان بكەینە قەفەز
 لەو هێلانانەدا داوبنێنەوە بۆ زەرنەقوتە برسیەكان
 چاوەڕىَ ى دایكەو باوكەكانن
 
 ئیتر بەربەریەكان بۆنەیەنەوە
 بابێینەوە لێیانەوە فێرى ژیان بین
 بەدواى ئەو دڵانەماندا بگەڕێین لەنێو خوێندا بزرمانكرد
 بابچینەوە دارستان و كوخێك ئاوەدان كەینەوە
 سەرەتایەكى تر لەمرۆڤایەتى دەست پێبكەینەوە
 *****
 تۆ شمشێرێك خوێنى منت پیا دێتە خوارو
 من ڕۆحێك وێران تۆ دروست ئەكەمەوە
 تۆ چەقۆ لەسەر دڵى من ڕۆ ئەكەیت و
 لۆكە لەسەربرینەكانى تۆ دائەنێم
 من لەبازگەى بەر وڵاتى خوێن ئەچم و
 لەدەرگاوانى جەهەننەم ئەچى
 من لەعیشقى نێو ڕۆحى دەروێشەكان ئەچم و
 لەستیانى سورى سەماكاران ئەچى
 تۆ لەشمشێرى حازر كراوى شەڕ ئەچى و
 لەگەڵاى وەریوى درەختەكان ئەچم
 لەكوكوختى گوێسەبانەى ڕۆح ئەچم
 لەبەرسیلەى حازر كراوى شەراب ئەچم
 لەگوللەى نەتەقێنراوى تفەنگ ئەچم
 لەمەكى تورتى كچۆڵەى عەیار
 لەگوڵى سورى عاشقان
 تۆش لەقامچى دەستى جەللاد و پیاو كوژان
 تۆ پۆلیسى هەزار چاوى منى و من پەپولەى ڕۆحى تۆم
 تۆ جەللادى گیانى منى ومن گوڵى سورى دەستى تۆم
 *******
 ئەوەى عیشق ئەباتەوە جەنگ ئەدۆڕێنىَ
 ئەوەى جەنگ ئەباتەوە عیشق ئەدۆڕێنىَ
                        دڵڕفێنە
 كاتێك حەوشەكانمان گوڵى سوردەگرن و ڕۆح ناگرن
 مەرگ دەگرن و ژیان ناگرن
 نائومێدى و ژاكان دەگرن و گوڵى سور ناگرن
 ئیتر بۆچ فریشتەكانى خەیاڵ ئاسكەكانى حەقیقەت ئاو نەدەن و
 كۆترى سەر مەعبەدەكان بەخێو نەكەن
 شارێك كەفریشتەكانى لەنێو بۆنى تاعوندا دەكوژرێن
 بایادەوەرى عیشقەكان مۆمیا بكەین و جەنگیش بدەینە دەست تاعونەكان
 باخوێنى من بڕژىَ و كوكوختى و پەپولە زیندو بن
 بامەرگى دڵى من بىَ و مەرگى ڕۆحى ئەوان نەیەت
 ئەشبێت لەناو ئەم خوێن و زەغرەفەدا ڕێیەك هەبێت
 لەناو خورافەى ئەم فاڵچیانەدا ئومێد هەبیت
 ئەى ئەو حەكیمەى پێت وایە
 گۆرانى ئەم مەستانە خاڵى نیە لەسەماى حەقیقەت
 سەماى ئەم سۆزانیانە خاڵى نیە لەسەماى مەرگ
 كەژیان خاڵ بێت لەعیشق و تەلیسمى جوانى
 عیشق خاڵى بێت لەژیان و سیحرى موحیبەت
 ئەشبێت حەقیەت لەسێبەرى خوێنێكدا خەوتبێت
 *****
 مناڵیم لە قومار خانەیەكدا لێ بەجێما
 مرۆڤ تیایدا لەدراوێك زیاتر نەبوو
 ئەم شیعرەى منى لەسەر دەكوژن لەسەر كێلى گۆڕەكەم بینوسن
 لەسەر ئینجانەیەكى خاڵى بینوسن
 جوانى ئێمە هەمیش بەشەمیراتى جەنگەكان بوو نەك عیشقەكان
 بۆیە سەماى مەمكەكان ئەم خەنەوە بیرى سرودى جەنگەكان
 دەمبەنەوە ناو تەپڵى شەڕەكان
 ئێمە كەنەمان توانى وەكو دوومۆم بەسەر یەكتریدا بتوێینەوە
 لەجەنگەكاندا تواینەوە
 ئەسەف ئەو ئێوارەى كەمن لێرەم، عیشق لێرە نیە
 ئەو ئێوارەى كەمن لێرەنیم عیشق لێرەیە
 ئێسقانى مردووەكان بێنە كوخێك بۆ عیشق دروست كەین
 ڕازانەوەى گۆڕەكان لەمردو پەرستى زیاتر نیە
 ********
 لەسەر خوێنەكان دەخلیسكێین و سەرمان ئەدات لەئەرز
 لەكوژراوەكان هەڵدەكەوین و ڕۆحمان ئەدات لەزەوى
 بەشمشێرەكانمان دەفڕین و ڕۆحمان دەگاتە خوا
 وەك چۆن سەربازە زۆڵەكان لەپێشى جەنگە كانەوە دەڕۆن
 لەپێشى ئەسپ و جەنگاوەرە خوێناویەكانەوە دەڕۆم
 وەك چۆن سوپاسالارەكان لەدواى خوێن و شمشێرەكانەوە
 لەدواى ئەسپ وجەنگاوەرەكانەوە دەڕۆن
 لەدواى تاڵانى جەنگەكانەوە دەڕۆم
 لەپێش نیعمەت و كەنیزەكەكانەوە دەكەومە ڕىَ
 شوێن پێى مانگ هەڵدەگرم و بەرەو تریفە دەچم
 تاریكى جێدێڵم و بەرو خۆرەتاو دەچم
 بەدواى گومان و مەرگى ئەسپەكاندا دەچم
 ئەى حەقیقەت
 ئەى ئەوەى هەمیشە كاتژمێرەكەت لەسەرچاوەڕوانى جەنگەكان میقات ئەكەیت 
 ڕۆحى من بەسەر شڕە خۆرو تاڵانچیەكاندا دابەش ئەكەیت
 ئەشێت ملى من لەپەتى سێدارەكانت بەهێز تر بێت
 دەنا بۆچى لەدواى ئەو هەموو هەڵواسینەت نەمردوم؟
 ئەشێت ڕۆحى من لە كوشتنەكانت سەختتر بێت
 دەنا بۆچى مەرگى ئەو هەموو فریشتەت نەیان كوشتوم؟
 *********
 نائومێدى و مردنم لێ ئەڕژىَ
  لەدواى مردنەوە دێمەوەو لەسەر گۆڕەكەى خۆم دەنوسم
 خودایە ئەم مەیخانە پڕكەرەوە لەخەیاڵ و خوێنى حەقیقەت
 ئەم مەیتخانە پڕكەرەوە لە بۆنى موحیبەت خودایە
 باخچەیەك هەیە هەمیشە ئاگر باڵەكان دەسوتێنێت
 شوێنێك هەیە خۆكوشتن بەر لەئیزرائیل دەتكوژىَ ناوى ژیانە
 بۆیە لەسەر مەرگى ڕۆحى یەكترى دەژین و دەڕۆین
 لەناو خوێنى یەكتریدا دەخلیسكێین و دەمرین
 *****
 دەكەومە پێشى پێشەوەى مردوەكانى گۆڕستان و
 دێمەوە سەر شەقامەكانى شار بۆ خۆنیشاندان
 لەسەر لافیتەكان دەنوسم
 خودایە بەتیرى ئەو هەموو بێڕەحمیە بۆچ ئێمەت كوشت؟
 بەسزاى ئەو هەموو مەحرومیە ئێمەت سوتاند
 بەڕوخانى ئەو هەموو عیشقە ئێمەت ڕوخاند
 من هەرزو ئیمانم هێنا
 ئەو دەستانەى بەرەو لاى تۆ بەرزدەكرێنەوە ،دەناڵێنن هیچى تر ناڵێن
 هەرزوو ئیمانم هێنا ژەهرى ئەو مارانەش كوشندە نیە
 تەنها وەكو لاولاو بەیەكتریدا دەئاڵێن
 ******
 دڵێك مەگرە تەڵا كەئەو خوێنى مردنى تێدا دێت و دەچىَ
 خۆڵەمێشى لاشەیەكى سوتاو مەكەرە ئینجانەیەكى زێڕەوە
 ڕۆژگارێك كچەكان كچێنى خۆیان دەخستە شوشەى مۆمیاوە
 سەربازەكان دەبوونە پاسەوانى مۆزەخانەكان
 نورانى و سۆزانیەكان دەبوونە برین فرۆش
 پەپولەكان لەخوێنى دڵەكاندا دەخنكان
 كچێك كچێنى خۆى بە گوڵێكى سور دەگۆڕیەوە
 كوڕێك بیرى لەوە دەكردەوە ببێتە برین فرۆش
 ********
 پڕم لەو فیشەكانەى مەرگێكى دەستكرد دروست ئەكەن
 لەبرى خوا ڕۆحى ڕۆح لەبەرێك ئەكێشن
 باكەرامەت بدەینەوە بەجوتكردنى گوڵەكان و حورمەتى ئەم تەنهاییە بشكێنین
 با ویقار لەو پۆلیسە هەزار چاوانە وەرگرینەوە و حەیاى خۆكوشتن بەرین
 بائەم دوكەڵە ڕاونێین هاوارى نێو ئەم بێدەنگیە دائەپۆشىَ
 ئەم عیشقە ئەفلاتونیە داوەتكەینە سەر سفرەكانى نائومێدى
 ئەم جەلادە كوێرانە لەبەر خۆرەتاوا ڕاگرین
 با ئەم گوڵانە ببینەوە بۆ ئینجانەى بەهار
 بائەم سۆزانیانە بخەینە بەرباران
 ئێمە بەرەو ئاوەدانیەك ئەچوین زیندوەكانى دەبوونە گۆڕهەڵكەنى خۆیان
 بەرەو گۆڕستانێك دەچوین مردوەكانى گوڵیان دەڕوان
 بەرەو شارێك دەچوین زیندوەكانى وەكو سێبەر خوێنیان جێدەهێڵا
 پیاوەكانى ئەنگوستیلەكانیان دەخستە بەر تریفەى مانگ
 تابزان لەئاسان دروستكراوە یاتەڵا!
 **********
 دێمەوە ناو ئەو یاریانەى هەربە خوێن دەست پێئەكەن و
 هەربەخوێنیش تەواودەبن
 ئەى موسافیرەشێواوەكەى بەر بارانى خوێن
 من دەبم بەخۆڵەمێشى شارێكى خاپور كراو
 تۆدەبیتە ئیمبراتۆرى ماڵێك پلیكانەكانى خوێنەو
 تاجەكەى ئەڵماسە
 وەك عاشقێكى لەبیركراو بمكوژە
 كەحەقیقەت عیشقى تیانەما بابچین بۆ مەیخانەكان
 كەحەقیقەت جوانى تیانەما بابچین بۆ جەنگەكان
 *بەعەزاب مەمكوژە
 من بە م هەناس خۆڵمێشیانەى خۆم  گیانم دەرئەچێت 
 من دەزانم
 ئەم خوَڵبارانە هەمووشتێك ئەشێوێنىَ
 ئەم خوێن بارانە هەمووشتێك ڕەنگ ئەكات
 من و تۆ دووسۆزانى خەڵوەتێكین لەدڵى عیشقێكى ڕەدوو كەوتوودا
 من وتۆ كەدوولەتى هەنارێكین لەباغێكى تەنیاو كۆسكەوتودا
 دەستى نزاكانت هەڵبڕەو بڵىَ:
 من وئەم شەرابە سورە خوێنى حەقیقەتین ئەى خودا
 من وئەم خوێنە هەنارێكى دوولەتین ئەى خودا
 ******
 دەنگى دڵى موسافیرێك بەرلەوەى بڕوات گۆرانیەكى دەوت:
 گەر ئەم نائومێدیە نەمكوژىَ
 باخێك لەموحیبەت دروست ئەكەم ئەو سەرى دیار نەبێت
 تۆش ئەى ئەو كچەى هەمووشەوىَ كتێبێكى ترى مردنم پێ ئەخوێنیتەوە
 بۆئەوەى لەمردنەوە بێمەوە
 كتێبەكەم لەمەیخانەیەكدا بخوێنەوە
 ئەى بێباكترین كچى دونیا لەمردن
 لەنێو ئەم شارى تابووت و وەهمەدا
 لێگەڕىَ یاریەكانى مناڵى بمان كوژىَ نەك ئەم گەمەى خوێنە
 باخوێنى دڵى من مەیخانەكان ئاوبدات نەك خوێنى ترىَ
 باخوێنى دڵى من كوكوختیەكان ئاوبدات نەك بارانى خودا
 ********
 وەك شەراب بەدەمى بادەدا دەڕژىَ
 بەسەر ئەم مەیخانە وێرانەیەدا دەڕژێم
 دەڕژێم لەنێو بۆنى ئەم خوێنە شێدارەدا
 برینەكان م وەكو ئاوێنەكان پڕن لەفریشتە كوژراوەكان
 ئیلاهى,من دەمزانى ئەم كۆترى حەقیقەتە بەتۆش بەخێو ناكرىَ
 وەكو گۆشت لەتێزابدا،لەخوێنى ئێمەدا دەتوێتەوە
 دەتوێتەوە لەنێو قیامەتى ئەم تابوتسازو مردوشۆرانەدا
 وەكو ئاو لەنێو ئاگردا،لەپێكى ئێمەدا دەبێت بەهەڵم
 وەك تۆزى بیابان لەمەیخانەكانى ئێمەدا دەبێت بە غوبار
 ئەوەتا لەم بوتخانەدا ئێمە مەعشوقەكانى خۆمان دەپەرستین
 ئەمە چ زوڵمێكە لەتۆ دەكرێت ئەى خودا؟
 ********
 بەكۆچى قوڵنگە بریندارەكاندا زانیم ئەم باخەش خوێن دەگرىَ نەوەك گوڵ
 وەك ئەو ئەسپانەى بەڕمەكانى دڵیانەوە جەنگاوەرەكان هەڵدەگرن،
 تاڵانى و گوناهى عیشقەكانم هەڵدەگرت
 وەك ئەو قەڵایانەى بێ ئاوى داگیریان ئەكات، عیشق داگیرى ئەكردم
 وەك ئەوشارانەى تاعون چۆڵیان دەكات،
 عیشق دەیكردم بەوێرانە
 وەك ئەو قافڵانەى تینوێتى ئەیانكوژىَ
 بێئاوى دەیكوشتم
 من چى لەسێبەرى ئەو شمشێرانەبكەم خوێن دروستى كردوە؟
 ئەمە چ گەمەیەكى گەمژانیەیە لەناو ئەم سەماى مەرگەدا
 گەمەیەك پڕەلەگریان بۆ شكاندنى بتەكان
 ئەو بتانەى مەرگى كۆترەكان كردونى بەخودا
 ********
 چى مەهزەلەیە سەفەر بەناو سەرابدا
 بوون لەناو خوێندا
 چى تڕۆهاتێكە ژیان
 ئاگر ژنێكى كرد بەقەرەبروت و كۆڵى نەدا
 شێتێك لەناو دوكەڵدا شەقى ئەوەشان!
 بۆیە بۆشوێن پىَ ى مردو شۆرێك ئەگەڕێین بمانباتەوە ناو باغەكانى ژیان
 لەم گۆڕخانەدا بۆ تابوتسازێك دەگەڕێین حیكمەتى جوانیمان نیشان بدا
 بۆ قافڵەیەكى خوێن خۆر دەگەڕێین بمانباتەوە مەغریبى حەقیقەت
 ئەمە چ شەڕ فرۆشتنێكە بەمردن ئەى خودا
 
 11/7/2008
 

Previous
Next

Leave a Reply