Skip to Content

Saturday, September 19th, 2020

تا ماوین به‌ دز و گورگ ئه‌وه‌ڕین .. چما ئێمه‌ سه‌گ نین؟

Be First!
by May 20, 2008 گشتی

  د. سه‌ڵا‌‌حی گه‌رمیان…….
   
 له‌ کاتێکدا بێ سڵکرنه‌وه‌ و به‌ئاگاوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر به‌ دوژمنانی گه‌لی کورد و گه‌لانی دراوسێی کوردستان له‌ سه‌رانی رژێمه‌کانی ئێران، تورکیا، سوریا، لایه‌نه‌ سیاسێکانی عێراق و کۆنه‌ به‌‌عسی و ئه‌نفالچێکان، ئه‌و په‌ڕی لاوازی و خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دان و بێده‌نگی و ڕه‌زامه‌ندی نواندن به‌ پلانه‌کانیان دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان ‌پێشان ئه‌دات و، سیاسه‌تێکی میکاڤیللییانه‌ په‌یڕه‌و ئه‌کات بۆ به‌رده‌وامی له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی. جه‌نابی تاڵه‌بانی جارێکی تر بێڕێزی به‌رانبه‌ر خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی خۆی نواند و ڕه‌خنه‌گرانی به‌ سه‌گ ناساند. هه‌ر ئه‌و بوو خه‌ڵکه‌ هه‌ژاره‌که‌ی که‌رکوکی له‌وانه‌ی نه‌یانئه‌ویست له‌ناو ته‌نه‌که‌ و چڵپاودا ژیان به‌رنه‌سه‌ر و ببنه‌ یاری ده‌ستی سه‌رکرده‌کان، به‌ خاین ناوزه‌د کرد.
 ‌گه‌ر له‌ سونگی سایکۆلۆجیه‌وه‌ بڕوانینه‌ ئه‌و وتانه‌ی جه‌نابی سه‌رۆک، ته‌نیا خۆی له‌ چوارچێوه‌ی میکانیزمی به‌رگریکردن له‌ خۆ یان وه‌ک پێی ئه‌وترێت "فێڵی به‌رگریکردن" ئه‌گرێته‌وه‌ له‌ ڕوانگه‌ی‌ تێوری شیکاری ده‌روونی فرۆیده‌وه‌. ئه‌و جۆره‌ میکانیزمه‌، هه‌ڵسوکه‌وتێکه‌ مرۆڤ په‌نای بۆ ئه‌بات وه‌ک ئامرازێک زیاتر له‌ لایه‌ن که‌سایه‌تی شه‌ره‌نگێزه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێگایه‌وه‌ کۆنترۆڵی به‌رامبه‌ره‌کانی بکات و تا بتوانێت زاڵ بوونی به‌سه‌ر نه‌یارانی به‌رده‌وام بێت. له‌ بری ئه‌وه‌ی له‌ هه‌وڵی ئه‌ودا بێت ڕێ بگڕێت له‌ ڕو‌دانی ڕوداوێکی مه‌ترسیدار و ئازارده‌ر و دوور له‌ خواست و ئاره‌زووی. 
   سه‌گ لای ناپۆلیۆن پۆناپێرت به‌وه‌فاترین زینده‌وه‌ره‌ وه‌ک له‌ وته‌یه‌کدا ئه‌ڵێت: سه‌گ وانه‌ی مرۆڤایه‌تیمان فێرده‌کات. هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ه‌، وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕێزی زۆر ئه‌نوێنن بۆ سه‌گ و به‌ یه‌کێک له‌ ئه‌ندامی خێزانه‌کانیان دایئه‌نێن و ناسنامه‌ی تایبه‌تی هه‌یه‌ و به‌رده‌وام باری ته‌ندروستی ڕه‌چاو ئه‌کرێت و لایه‌ک له‌ سوپه‌رمارکێته‌کان ته‌رخانکراوه‌ بۆ خواردنی تایبه‌ت بۆ سه‌گه‌کان. به‌ڵام جه‌نابی تاڵه‌بانی له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ ناڕوانێته‌ سه‌گ، به‌ڵکو به‌ هه‌مان کولتوری ئایینی ئیسلام که‌ سه‌گ به‌ زینده‌وه‌رێکی گڵاو و بێ بایه‌خ سه‌یر ئه‌کات، کاتێک ڕۆژنامه‌نووسان و ڕه‌خنه‌گرانی به‌سه‌گ ئه‌شوبهێنێت.
 
  پێم وا نیه‌ سه‌رۆک کۆماری عێراقی دیموکرات بێ ئاگابێت له‌ دڵسۆزیی و وه‌فاداری سه‌گ بۆ خاوه‌نه‌که‌ی. گومانیش له‌وه‌دا نیه‌ که‌ ئه‌و له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات پیویستی به‌و جۆره‌که‌سانه‌یه‌‌ که‌ ملکه‌چی ئه‌نوێنن و ملی ئه‌و ڕێگایه‌ ئه‌گرن که‌ پێشوه‌خت بۆیان دیاری ئه‌کرێت. ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕێگایه‌ نه‌گرێت لای جه‌نابی سه‌رۆک ئه‌و سه‌گه‌ گڵاوه‌یه‌ که‌ به‌ ئه‌وی مانگه‌شه‌و ئه‌وه‌ڕێت. به‌ڵی جه‌نابی سه‌رۆک ئێمه‌ سه‌دجار سه‌گین و به‌ دز و گورگه‌کان ئه‌وه‌ڕین. ئێمه‌ ئه‌و‌ سه‌گانه‌‌ین که‌ دڵسۆز و وه‌فادارن بۆ خه‌ڵکی بێچاره‌ی ووڵاتێکی غه‌رق گه‌نده‌ڵی و لێواولێو له‌ دزی گه‌وره‌ و بچووک. تا ماوین هه‌ر ئه‌و سه‌گه‌ین و ته‌نیا بۆ رۆژێکیش نابین به‌ سه‌گی ده‌سه‌ڵات.
                                                            
germiyan@hotmail.com
 
 تێبینی: له‌ هه‌مان کاتدا بۆ ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی نێڕاوه‌.     
 

Previous
Next

Leave a Reply