Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

توركیا شین بۆ هەریسەكە دەكات نەك حسێن… عەدنان سەید حسێن

Be First!
by March 2, 2008 گشتی

 دەستدرێژى و سنووربەزاندنەكەى ئەمجارەى توركیا هیچ مەودایەكى نەهێشتەوە و بە ئەزعەفولئیمانیش پاساوى هاتنە ژوورەوەیمان بۆ ناكرێت و چیتر ئەو قسەیەى توركیا "ڕاوەدوونانى چەكدارەكانى پارتى كرێكاران" درۆیەكى شاخدارە و ئەوە ناهێنێت بەرپرسانى كورد ئەو ئیدعایەى توركیامان بۆ بگێڕنەوە و ئێمەى هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەى بندەستی خۆیانی پێوە مەشغوڵ بكەن، كاتى هەستكردنە بە بەرپرسیارێتى مێژوویى، چون لەشكركێشى و سنوور بەزاندنەكەى توركیا بۆ كەركوك و تەگەرە خستنە بەردەم جێبەجێكردنى هەر هەوڵێكە بۆ گەڕاندنەوەى ئەو شارە بۆ سەر هەرێمى كوردستان، تەنانەت ڕێگرییە لە گەڕانەوەى ئارامى و پێكەوە ژیان بۆ دانیشتوانى شارەكە.
 پاش سەردانەكەى سەرۆك كۆمار و گەڕانەوەى لیستى كۆمارى و زیادبوونى ئەگەرەكانى گەڕانەوەى لیستى توركمانى بۆ نێو ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوك، كەمبوونەوەى كردەوەى توندوتیژى لە شارەكە، دروستبوونى جۆرێك لە بڕوا و گەڕاندنەوەى هەندێك هیوا بۆ كەركوكییەكان، توركە كەمالیستەكان سنوور دەبەزێنن و لەم سنووربەزاندنەشیاندا جگە لە بەدەستهێنانی ڕەزامەندی پێشتری ئەمریكا، پشت ئەستوورن بە چەندین ڕێكەوتننامەى سنووری لەگەڵ ڕژێمی بەعس و لەدواى پرۆسەى ئازادیشەوە لەگەڵ دەسەڵاتە نوێیەكەى عیراقدا كە هیچ كەس لەو ڕێكەوتننانە ئاگادار نییە تەنانەت پەرلەمانیش كە ئەمەش دوورە لەهەموو عورفێكى دەوڵەتى پەرلەمانى و دیموكراتی، هەر لەم  كاتی سنووربەزاندنەی توركیاشدا بەرزترین دەسەڵاتى جێبەجێكردن لە وڵاتدا كە نورى مالیكیى سەرۆك وەزیرانى عیراقە بە سەفەرێكى لەناكاو بە بیانووى نەخۆشییەوە وڵات بەجێدەهێڵێت بۆ ئەوەى خۆى لەهەر وەڵامدانەوەیەكى وڵاتى توركیا یان نیشاندانى هەر هەڵوێستێك بدزێتەوە، ئەم بآ هەڵوێستییەى حكومەتی ناوەندی لە بەرامبەر لەشكركێشییەكانى توركیادا و بەدەنگەوە نەهاتن و هەست نەكردنی هاوڵاتیانی باشوور و ناوەڕاست بە ترسناكی مەسەلەكە و تەنانەت نیشاننەدانی بچووكترین ناڕەزاییش بەرامبەر بەو كردەوەیە، حەقیقەتی تەنهابوونمان لە هاوكێشەكەدا بۆ دەردەخات، ئەمریكای هاوپەیمانمان داوای ئەوە لە توركیا دەكات ئۆپەراسیۆنەكەى زوو تەواو بكات نەك دەستی لێهەڵگرێت، چونكە پێشتر خۆی ڕێگەى پێداوە، عیراقیش بە حكومەت و گەلەوە بێدەنگە، بەدڵنیاییشەوە زۆرێك لە برا عەرەبەكانمان بە لەشكركێشییەكە دڵخۆش، ئەوە باسی برا توركمانەكان ناكەین كە وادەزانن توركیا بۆ ڕزگاركردنی ئەوان هاتووە لەدەست ئەو كوردانەی كەركوكیان لێ داگیركردوون. دەرئەنجامەكانی ئۆپەراسیۆنەكە نەبوونی عیراقی یەكگرتوومان نیشان دەدات لەسەر ئەرزی واقیع و ئەوەمان بەبیر دێنێتەوە كە ئێمە بە تەنها و هەر بۆخۆمان گۆرانی بۆ عیراقیبوونمان دەڵێین، بۆیە ئەوەى دەبێت هەڵوێست نیشان بدات و هەوڵی چارەسەركردنی قەیرانەكە بدات تەنها دەسەڵات و تاكی كوردییە.
 ئەوەى كە دەكرێت ئێستا سەركردایەتى سیاسیى كورد چ لێرە چ لە بەغدا پێی هەستن هەنگاوى جددییە و نیشاندانى كارتەكانە ئەگەر هیچ نەبێت گەیاندنى ئەو پێشێلكارییە بە نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتى ئەوروپا و گوشار خستنەسەر بەغدایە بۆ هەڵوەشاندنەوەى هەموو ڕێكەوتنەكانی نێوان توركیا و ڕژێمی پێشوو و ڕاگەیاندنی سەرجەم ڕێكەوتنە نوێیەكان و هەڵوێستی ڕوون و یەكلاكەرەوەى بەغدا، جگە لەوەش شەڕی ئابوورییە لەگەڵ توركیادا بە هەڵوەشاندنەوەی یان هیچ نەبێت ڕاگرتنی گرێبەستى كۆمپانیا توركییەكان  لە هەرێم و بایكۆتكردنی كاڵا توركییەكان و داخستنی مەرزی ئیبراهیم خەلیلە كە ئەمەش بەهێزترین كارتی فشارە بۆسەر توركیا كە ئابوورییەكی لاواز و داتەپیوی هەیە و دانانی سنوورێكە بۆ شین و فیغانەكەى. چون لەخۆدانی توركیا بۆ هەریسەكەی كەركوكە نەك حسێن.
 

Previous
Next

Leave a Reply