Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

تەڕبە باران… حەسەن مستەفا

Be First!
by February 22, 2008 ئەدەب

 رۆحمان چۆڕاوگەى ئاوى هەڵنەبەست
 بەو بارانەى..
 كازیوەیەك دایكرد، كە هەموومان
 لەو دیو دەرگا كڵۆمدراوەكانو
 پەنجەرە ئاخنراوەكان بە نایلۆن
 زرینگەى دەنگى یەكمان نەئەبیست
 نەبادا درزێك لە هەوا ببىَو
 تیغێك لە ملى كۆرپەلە نادیارەكەى هیوا بسوىَ،
 گوێمان لە سۆناتاى رۆحى ئەو مۆسیقا پاكە
 نەدەبوو، كە كزكزو بەكۆمە كۆم
 بوخچەیەكى تژى لە نۆتەى
 بەشانى دادابوو و دەڕۆیشت بەرەو كۆختەى هەتاو.
 چاومان حوكمى بینینى شتە بەرجەستەكانى لەدەست دابوو
 تەنها رۆحى شتەكانى دەدى،
 – رۆحى بارانى دەدى، كە دەمى كردبۆوە بۆ گوژمەیەك تەڕایى
 – رۆحى پاسارییەكى دەدى،كە لەناو تەنیایى دەستى پان دەكردەوەو
 ترس فەروێكى گەورەتر لەخۆى بوو
 سەراپاى داپۆشیبوو.
 شمشێرمان دەدى،
 ئارەقەى شەرمەزارى بە تەوێلیا دەهاتە خوار،
 خەنجەر قلیچكەى تەڕتەڕى دەدا،
 پێڵاوەكان بەبىَ خاوەنەكانیان
 سنووراو سنووریان دەكرد.
 بە چاوى رۆح ئەو غوبارەمان دەبینى، كە بۆنى قژو ئێسكى ئێمەى لىَ هەڵدەستا
 دەزوو دەزوو بە دەمارەكانیا شۆڕدەبووینەوە
 تا بریسكەیەك لەو بریسكانەمان دەدۆزییەوە
 كە بۆنى ئاگرى لىَ بىَ
 كە بۆنى نەورۆزێكى لێوەبىَ..
 نەورۆزمان بینى جیاواز لەجاران
 هاتبووە سەر پاشووەكانىو
 بە قوڕگێكى تازە شۆراو بە قەرسیلە، دەیحیلاند.
 حیلاندنێك خەریك بوو وردە وردە گوێچكەمانى دەكردەوە،
 – ئاى ئەوە منم،
 لەبەردەم ئاوێنە خۆم دەبینم؟
 – ئاى ئەوە منم، بۆ یەكەمجار دەستى بەزەیى باوكانە بەسەر كۆتەڵاكم دادىَ؟
 باوەڕناكەم!
 نانا هەرگیز ئەوە وێنەى خۆم نیە دەیبینم
 – ئەى من هەمیشە تەنها نەبووم،
 ئەى تەنهایى نەبوو پڕۆتۆكۆلى تاهەتایى لەگەڵ من واژۆكرد؟
 ئەى تەنهایى نیە لە پێنجەم وەرزى تەمەنم دێتە سەر وادەو  
 رۆحم دەكێڵىَ؟
 ئەى ئەگەر ئەوە منبم
 كوا قاتە بوزووەكەى بەرم؟
 كوا فەقیانەكانى سەر دەستم؟
 كوا كڵاشە پەڕۆینییەكەم؟
 كوان تاڵە نێرگزەكانى قژم؟
 كوا رەنگى سارایى چاوم، كە رەنگى چاوەڕووانییان گرتبوو؟
 خۆ پێم وتن چاوەكانمان حوكمى بینینى شتە بەرجەستەكانى لەدەست دابوو
 بۆیىَ پێم وانیە من بم.
 ئەوە من نیم
 بەدەستێك شانەى پرچى نیشتیمان دەكاو
 بەدەستەكەى تریشى
 بەدیار هەشت پیت خەو دەیبا*
 ئەوە من نیم قاچەكانم لەنێو هەرێز رۆژە سپییەكانم یاداشت دەكاو
 چاقەكەى تریشم خەتخەتانە بە ئاگر دەكا.
 ئەوە من نیم ئەوە رۆحێكى زەلیلە
 بەدەستێكى، بەزەیى رۆحى گەورەتر دەبىَو
 هەردەم خۆى لە بەردەم ئاوێنە دەشواو
 پەراسووەكانى ئەژمێرىَ
 گومان ئەكا ئەوە خۆى بىَ.
 ئەوە نیاندرتالە و لە شانەدەر رێى كردووەو
 بەو درەنگە بە مەنزڵگەى ئاوێنە گەیشتووە.
 + خۆ ئەوە باپیرە بوو بۆ وا درەنگ گەیشت؟
 تازە مەلا رۆیشت فریاى مارەكردنى نیشتیمان نەكەوتین.
 فریاى بارانێكى تەڕ نەكەوتین،
 تەڕبە باران ئەوە منم ( بە تەنیا جێم مەهێڵە)**
 ئەوە رۆحى وشكى منە
 تەنها جارێك بە ماركەیەك بەسەریكەوە، تا چیتر ژەنگ لێى نەدا.
 ژەنگى ئەو بارانە گەرمەى، شۆڕش شۆڕش لە گەڵیا بوو
 ژەنگى ئەو هەوا داخدارەى هێدى هێدى دایدەكرماند.
 – ئەو تینووى گەردێكە پەلكە زێڕینەى سمیبىَ
 ئاخر ئەو چى داوە لە تەرازوو
 ئەو لەسەریێتى شەڕى مۆرانە بكات،
 ئەو مۆرانەیەى لە نیشتیمانە لوولدراوەكەى داوە
 لەسەریێتى قافیە بۆ شیعرێكى تازە زا دابنىَ
 لە سەریێتى قژى سەرچاوى هەڵداوەتەوە.
 لەسەریێتى… لەسەریێتى
 بەڵام ئەو چاوەڕێى تۆیە
 دەتۆش تەڕبە
 ت
  ە
   ڕ
    ب
      ە
       ب
         ا
          ر
           ا
           ن
                                                                    29-30/2007
                                                              شارى سۆران-گوندى كانیە رووت
 *هەشت پیت/هەشت پیتەكانى نیشتیمان
 **بە تەنیا جێم مەهێڵن/رستەیەكى هاوشێوەى ئەمە لەلایەن شاعیر ( رەفیق سابیر ) بەكارهاتووە و من لێرە بۆى نەگەڕاومەتەوە، بەڵام لەبەر نزیكى ئەو روونكردنەوەیە دەڵێم.
 تێبینى /
 بۆ مۆسیقاى ئەم شیعرە سودم لە كتێبى شیعرى ( ماڵێك لە ناو زەریاو ماڵێك لە تەنیشت بیابان)ى شاعیر دلاوەر قەرەداغى وەرگرتووە.
 
 

Previous
Next

Leave a Reply