Skip to Content

Wednesday, September 23rd, 2020

جاسوسى…

Be First!
by August 11, 2008 گشتی

 جاسوسى
 سمكۆ عەبدولكەریم

 ئێستاش ئەو زانیارایانەى  لە كتێبى ( الاكراد من هم والى این )كە لە دواى گەڕانەوەى بارزانى لە یەكێتى سۆڤیەت لە بەیروت چاپكراوە بە مێشكمدا دێن و دەچەن نەك لەبەر ئەوەى كتێبێكى زۆر گرنگە ، بەڵكو لەبەر ئەوەى زۆربەى ئەو زانیاریانەى لەو كتێبەدا هاتوە دوورن لە راستییەوە ، وەك لەوێدا هاتوە ئەو دەمەى بارزانى لە یەكێتى سۆڤیەتى جاران گەڕاوەتەوە ، زۆربەى كەناڵەكانى راگەیاندن ئەوەیان بڵاوكردۆتەوە كە سەركردەیەكى شیوعى بە خۆى و (5) هەزار چەكدارى مەشقپێكراو گەڕایەوە عیراق ،( ئەمە سەردێرى رادیوى لەندەن بوو لەو رۆژەدا ).
 ئەو سەردەمەى شۆڕشى ئەیلول ئەو  رۆژنامەنووسە بیانیانەى دەهاتنە كوردستان لە لایەن وڵاتانى دەوروبەر زۆر بە هەستیارییەوە چاودێرى دەكران ، ئەمەشیان نەك لەبەر ئەوەى دوژمن بوون و هەولێیان داوە ئابلۆقەى راگەیاندنمان بخەنە سەر ، بەڵكو بەشێكى پەیوەندى بەوەوە هەبووە كە لە پشتەوەى ئەم كارەى راگەیاندنانەدا بەشێك لە رۆژنامەنووسانى بیانى لەپاڵ كارى رۆژنامەگەرییەكەیان ئامانجیان كارى سیخوڕى بووە ، ئەمەش بە ئاگاییەوە بووبىَ یان بە بىَ ئاگایى هەندىَ لە كارە رۆژنامەوانییەكان چونەتە ئەو چوارچێوەیە .
 دەریشكەوتوە زۆرجار رۆژنامەنووسە بیانییەكان وێنەو رووداوەكانى كوردستانیان بە شێوەیەك گواستۆتەوە كە بە شێكیان جێگاى گومانن ، دەكرىَ ئاماژەیەك بن بۆ ئەو راستییەى كە ئەو رۆژنامەنووسانە جگە لە ئەركە رۆژنامەوانییەكانیان ئەركێكى تریان هەبووبىَ كە بە شێوەیەك لە شێوەكان دەچنە خانەى سیخوڕییەوە .
 (سیگریدنویبەرى كاللە) كە لە سەردەمى عەبدولكەیم قاسمدا دیبلۆمات بووە لە بەغدا  لە نووسینێكیدا كە لە ژمارە 7 ى گۆڤارى هیوادا بلاوكراوەتە لە پڕەگرافێكیدا كاتىَ وەسفى بارەگاى بارزانى دەكات دەڵىَ : ( لە ژوورە درێژ و باریكەكەدا ئەم وێنانە هەڵواسرابوون: لە نێوەڕاستدا ژنێكى كورد كە بە پیر و لاوى كورد دەورەدرا بوو ، بۆمان دەركەوت كە ئەوانە شەهیدن و لە رێى خەباتدا دژ بە ئیمپریالیزم و بۆ مافى كورد شەهید بوون . وێنەكەى ئەو لاوە هى ماوتسى تۆنگ كە لەو سەردەمەدا وا نێو دەبرا و لینین بوو . ئێمە لە نێو بارەگاى پارتى دیموكراتى كوردى تازە سازكراوى مەلا مستەفاى بارزانیدا بووین).
 ئایا بەراست لەو سەردەمەدا دواى شۆڕشەكەى عەبدولكەریم قاسم  دەكرىَ لە بارەگایەكى پارتیدا وێنى (ماو و لینین) هەڵواسرابن ، لە هەردوو حالەتەكەدا ئەگەر وابىَ یان وانەبىَ پێم وایە گواستنەوەى ئەو زانیاریانە و وەسفكردنى یەكىَ لە بارەگاكانى بارزانى لە سەردەمى شۆڕشى ئەیلول و شەڕى ساردى نێوان یەكێتى سۆڤیەتى جاران و بەرەى رۆژئاو بە سەركردایەتى ئەمریكا  بەم شێوەیە چەندین گومان دروست دەكات كە دەكرىَ لە پشتەوەى ئەوەدا ئەو وشەیە هەبىَ كە پێدەگوترىَ جاسوسى.
 ئێستا بە هەمان شێوە هەست دەكرىَ لە پشتەوەى بە شێك لەو نووسینانەى بە ناوى ئازادى بیروڕاو كارى راگەیاندنەوە لە رۆژنامەو گۆڤارە بە قەولى خۆیان ئازاد و ئەهلیەكان بڵاودەكرێنەوە هەمان شت هەبىَ ، چونكە بەشێكى زۆرى ئەو راپۆرتانەى بڵاودەكرێنەوە زیاتر لە راپۆرتى حزبى و هەواڵگرى دەچن نەك راپۆرتى رۆژنامەوانى.
 

Previous
Next

Leave a Reply