Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
خوشەویستی لەزەمەنی كولێرا یا خۆشەویستی لەهەموو زەمەنێكدا!

خوشەویستی لەزەمەنی كولێرا یا خۆشەویستی لەهەموو زەمەنێكدا!

Closed
by May 16, 2008 گشتی

  هێمن مەحمود¬¬-دەربەندیخان……..
 
 ئەو كاتەی كە یەكەمجار رۆمانی (خوشەویستی لەزەمەنی كولێرا)م خوێندەوە بە عەرەبی ساڵی 2006 بوو، زۆرم لەسەر ئەو رۆمانە خوێندبویەوە، نوسەرەكەشی یەكێك بوو لەو نوسەرانە خوشم دەویست و بەدوای بەرهەمەكانیەوەبووم.
 عەرەبییەكەی عەرەبیەكەی سادە و ساكارنیە تا هەموو ئەو كەسانەی لەزمانی رۆژنامەی عەرەبی تێدەگەن بە ئاسانی لەم رۆمانە بگەن، راستیتان بوێ منیش ئەوكات لەو كەسانەبوم لە تێگەشتنی زمانی رۆژنامەی عەرەبیدا دەستێكی باڵام هەبوو هەربۆیە یەكەمجار نەمتوانی تەواویبكەم.
 چەند رۆژ دواتر جارێكی دیكە دەستم پێكردەوە و چەند قاموسێكیشم  لەتەنیشت خۆمدا دانا، هەموو ئەو وشانەشی كە تێنەدەگەشتم لەدەفتەرێكدا كە بەرگی پێوەنەبوو دەمنوسیەوە و دوای ئەوەی ماناكانیم دەدۆزییەوە لەبەریشم دەكردن.
 خوێندنەوەكەم 10رۆژی خایاند، ئەو عەرەبیە سادەیەم سودێكی زۆری پێدام، چونكە لەلایەك نەیدەهێشت هیچ دێڕێك بەسەرمدا تێپەڕبێت تاوەكو لەمانا و چێژی نەگەم، لەلایەكی دیكەشەوە یارمەتیەكی گەورەی دام بۆ فێربونی زیاتر و بەهەگبەیەكی عەرەبی پڕەوە هاتمە دەرەوە.
 خۆشەویستی سەردەمی كولێرا ئازارێكی زۆری داپێم، هێندەی ئەوەی چێژی پێبەخشیم لەناخیشەوە هەلا هەلای دەكردم.
 ئاخر من جیدیەت و دلًَپاكی و شانسی دكتۆر (خۆڤیناڵ ئۆربینۆ) و خۆشەویستی بێ كۆتا و موغامەرە و چاوەڕوانی (فلۆرینتیۆ ئەریزا) و جوانی و بێ باكی و قەلەقیەكانی (فێرمینا دازا) توشی حاڵەتێكی سەیریان كردبوم : ئەم كەسەی ئەم هەموو كەسایەتیانەی خوڵقاندوە و دەرخواردی زیهن و ختورە و خەیاڵی ئێمە دەدات چەندە لەكەسەكەی ناخمان دەچێت.
 شەوەهای شەو دوای ئەوەش لە فێنكی هاوینانی سەرباندا بیرم لەچارەنوسی فێرمینا و فلۆرینتیۆ و دكتۆر و ئەو یارییە شەترەنجە دەكردەوە تەواونەكرابوو و داشە سپیەكان بە چوار جوڵەی دیكە دەیانبردەوە.
 خودایە چەندە ماركیزم خوشدەویست، چەندە ماركیزم خوشدەوێت.
 رۆمانەكەم تەواوكرد كەسێكی دیكە و ناخێكی دیكەم هەبوو، ئیدی من كەسی دوای خۆشەویستی زەمەنی  كولێرابووم.
 ئەو ساتانە دەموت خۆزگە وەرگێڕێكی كوردی زان ئەو كارە بكات و ئەم رۆمانە نەمرە بكاتە كوردی.
 من نەموێرا جارێكی دیكە توخنی ئەو رۆمانە بكەمەوە چونكە دەبوو ئەمجارە عومری خۆمی بۆ دابنێم، بەڵام كە بەڕێز (محمد كەریم) رۆمانەكەی كردە كوردی و لە هۆڵەكەی كوردستانی نوێ بەرگەكەیم بینی، خۆشیەكی گەورە دایگرتم و هەرچەندیشە لە نزیكەوە دەیناسم بەڵام بۆ ئەوەی نەبێتە موجامەلە لەناخەوە سوپاسم كرد.
 كارەكانی ئەم  وەرگێڕەم لەدوای رۆمانی (ساڵی ئاشوب) ی عەباسی مەعروفیەوە خۆش دەوێت و هەستناكەم  كارێك دەخوێنمەوە وەرگێڕدرابێت، بەڵكو هەست بەوەدەكەم لەزمانی یەكەمەوە دەخوێنمەوە.
 ئەم وەرگێڕە كوردی زانە شایانی دەستخۆشیە، شایانی سوپاسكردنە بۆ ئەو كتێبەی خستویەتیەوە ناو كتێبخانەی كوردییەوە.
 ئەوەتا ئێستا جارێكی دیكە پەتای كولێرا و خۆشەویستی ماوەی 15 شەوە لەگەڵمدایە،هەموو شەوێك چەند كاتژمێرێك لێم دەدات و تەنها چارەسەرەكەشی لەلای ماركیزە.
 ئەم پەتایە وەك پەتاكانی دیكە نیە، جیاوازە لەهەموو پەتاكانی دونیا، پەتایەكە هەرچەندە وردە زیخیش لەسەر دڵ دروست دەكات، كەچی هەر حەز بەوە دەكەم هەرگیز چارەسەرم نەبێت.
 سوپاس بۆ ماركیز، سوپاسیش بۆ محمد كەریم كە ئیدی ناهێڵن من و هەزاران هەزارانی وەك من  لەژیانێكی تاریكی تەنهادا بەجێبهێڵن كە هیچ دەروازەیەكی لەو سەرەوە دیارنیە و هەمووی بە پەتا دەوری گیراوە…….
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.