Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

خیانەت و پاداشت…. تامان شاکر

Comment
by January 25, 2008 گشتی

هەموو گەلانی دونیا، بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی خەباتیانکردووە و قوربانی زۆریان داوە ، تا توانیوویانە دەوڵەتی نەتەوە دروست بکەن، بۆیە مێژووی جیهان پرە  لە رووداو کارەسات کە بەرامبەر ئەو گەلە بندەستانە کراوە بە کوردیشەوە. بەڵام دوای سەرکەوتنی هەر شۆرشێک، تاوانباران و خیانەتکاران  بە توندترین شێوە سزادراون و بۆیان نەبووە، جارێکی تر بەشداری لە پرۆسەی سیاسی ئەو وڵاتەدا بکەن ،،تەنانەت دکتاتۆرەکان  کە بوونە هۆکاری وێرانکردن و شەڕ لە وڵاتەکاندا ئەوانەش تووشی سزای خەڵک هاتن، ئیتالیەکان  مۆسۆلینی و ژنەکەیان بەبەرچاوی هەزاران کەسەوە هەڵواسی،هیتلەر کە ئەڵمانیای تووشی گەورەترین شەڕ کرد، دەترسا  بکەوێتە دەستی خەڵک و  وەک مۆسۆلینی لێبکەن بۆیە کۆتایی بە ژیانی خۆی و ئیڤا براونی خێزانی هێنا، میلۆسۆڤیچ درا بە داداگا نێو نەتەوەیی، سەدام حوسین لە سەر تاوانی دوجەیل لە سێدارەدرا،پینۆچیت لە تەمەنی هەفتا ساڵیدا خەڵک داوای حەقی خۆی لێدەکرد، بۆ ئەوەی خوێنی ئەو کەسانەی کە ئەو کوشتبوونی بە فیرۆ نەچێت. تاوانبارانی ئەنفالیش هەندێکیان چاوەرێی وەرگرتنی سزاکانیانن، هەندێکیشیان وا خەریکە دەکرێنە پیاو چاک و لە سزای مەرگ دەپارێزرین، هەندێکیشیان رایانکردە دەرەوەی وڵات بە یارمەتی دەسەڵاتدارانی کوردستان. کۆمەڵگە بە کلتوور دەگۆرێت نەک بە حیزبکردنی، کۆمەلگەی کوردی دوای رۆحانی رژیمی بەعس هەولی نەدا کلتووری سەردەمی بەعس بگۆرێت بۆ ئەوەی هەرکەسە و حەقی خۆی پێبدرێت، بۆیە نەمانتوانی، گۆرانکاری لە سیاسەت و لە سیستەمی ژیانماندا بکەین.خەڵکی کوردستان بە تایبەتی ئەوانەی کوڕی رۆژی تەنگانەو نەهامەتییەکان بوون شایانی ژیانێکی زۆر لەوە باشتربوون کە ئێستا هەیانە،             
دوای ئەم هەموو تاوانە گەورانەی  کە بەرامبەر بە کورد و خەڵکی کوردستان کرا، ئەو تاوانانەش بە تەنها بەعس نەیکرد، خەڵکی خۆفرۆشی کوردیش بەشداریان تیدا کرد،لە پێناو پاراستنی و بەرژەوەندییەکانی خۆیان، ئەوانە کەسانێکن  هەمیشە لە( تەڕی دەخۆن و و لە وشکی دەنوون لە هیچ کاتێکدا زەرەرمەند نەبوون، لەو کاتەی ئەوان هاوکاری بەعسیەکان بوون بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ئەنفال و کیمیابارانکردنی شارو دێهاتەکانی کوردستان و کوشتنی خەڵکی بێتاوان، پێشمەرگە روو بەرووی مەرگ دەبۆوەوە بە برسیەتی و بە جوتێ پێڵاوی دڕاو پارێزگاری لە خاکی کوردستان دەکرد، زۆریشیان شەهید بوون تا ئێستاش کەس نازانێ گۆڕەکانیان لە کوێن .
بەڵام بەداخەوە لە کوردستان تاوانباران بە سزای خۆیان نەگەیشتن و ئەمرۆ لە جاران باشتر دەژین، دوای ئەم هەموو تاوانەی کە کردیان بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان کەچی کەس لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکردن و بەڵکو حیزبەکان لەسەرەتای راپەرینەوە هەوڵیاندەدا زۆرترین تاوانبارەکان بۆلای خۆیان کێش بکەن، بێئەوەی هیچ حسابێک بۆ پێشمەرگە دێرینەکان و خانەوادەی شەهیدان بکەن، هۆکارەکەشی زاڵبوونی سیستەمی عەشایری و نەبوونی کلتوورێکی مۆدێرن  بوو لە کوردستان، تا ئەمرۆ خەڵکی ماندوو پێشمەرگە کۆنەکان گلەیی لەم دیاردەیە دەکەن و کەس گوێی بۆ نەگرتن.. هەر بۆیەش رەوشی کوردستان بەم شێوەیەی لێهاتووە، کە ئێستا هەیە.   ئەوەی تا پێیکراوە خیانەتی کردووە ئەمرۆ هەمیشە لە رێزی پێشەوەیە بۆ هەموو شتێک  
کابرای بەعسی بە ئاسانی هەموو  داواکاریەکانی جێبەجێ دەکرێت و کێی بوێ دەتوانی بیبینی، پلەو پاییەی بە ئاسانی دەست دەکەوێ، چونکە کوڕی فلان بنەماڵە  و عەشیرەتە بەڵام  پێشمەرگەیەکی بەدبەخت،کە تا دوێنی کوڕی شاخ بوو، ئەمرۆ کەس باوکایەتی بۆ ناکات. کەس نایناسێ و  دەنگی بەکەس راناگات، دەبێت  کاری حەماڵی بکات  بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی، دڵنیام ئەگەر بیانزانیایە شۆرش و راپەرین دەبێتە هۆی دارمانی کەسایەتی شۆرشگێرانەی،یەک رۆژ پێشمەرگایەتی نەدەکرد، دایک و باوکی شەهیدان ئەمرۆ لە جاران خەمبارترن بە مەرگی رۆڵەکانیان، لە کاتی شۆرش کە کورەکانیان شەهید دەبوون ، دەبووە ماییەی شانازییان چونکە لە پێناوی کوردستاندا شەهید دەبوون،  ئەمڕۆ دەڵێن لە پێناوی چیدا منداڵەکانمان شەهید بوون، ئەوانەی رۆژگارێک خیانەتیان کردووە بەزیادەوە هەموو شتێکیان بۆ دەکرێت،و بەرێزەوە وەردەگیرێن، کەس و کاری پێشمەرگەش لە سەردەمی بەعس بە هەژاری و دەردەسەری و  دەژیان، و ئێستاش هەروا، دایکی شەهیدێک دەیوت ئەگەر دەمزانێ ژیانم هەر خراپ و خراپتر دەبێت چۆن دەمهێشت کورەکەم ببێتە پێشمەرگە و شەهید بێت ،تاوان نییە کوری من شەهید بێت خائینەکانیش  سزا نەدرێن و، لە هەموو تاوانەکانیان خۆش بین، با بۆ جارێکیش بێت گوێ لە دایکی شەهید و ئەنفالکراوەکان بگرین.داواکانیان بهێنینە دی نائومێدیان نەکەین. 
هۆکار زۆرن بۆ نەمانی متمانە لە نێوان حکومەت و خەڵکدا،دەکرێ بڵێن ئەوەش یەکێکە لە هۆکارە هەرە سەرەکیەکان، کە رەوشی باشوری کوردستانی بەم شێوەیە بردووەو کۆمەڵگە چەند لەت بووە. سەرۆکی هەرێم دەڵێت دەبێت ئەو کۆمپانییانە بدرێن داداگا کە چەکیان بە عێراق فرۆشتووە،منیش دەڵێم جەنابی سەرۆک با لە تاوانبارەکانی نزیک خۆمانەوە دەست پێبکەین،دوایی هەنگاو بۆ دورتر باوێن چونکە ئەوانەی خۆشمان بەشدابوون لەو تاوانانە، بایاسا رێگەی خۆی بگرێتە بەر و هەرکەسە حەقی خۆی وەربگرێت دڵنیام هەموومان ئاسوودە دەبین و زیاتر دڵمان بەو حکومەت و پەرلەمانە خۆش دەبێت و بە هی خۆمانی دەزانین.           
 

Previous
Next

Leave a Reply