Skip to Content

Saturday, January 23rd, 2021

دكتاتۆره‌كان له‌به‌رده‌م ڕه‌شه‌بای مه‌رگ دان

Be First!
by October 23, 2011 گشتی

 

لۆژیك پێمان ده‌ڵێ گه‌ر شوانێك نه‌یتوانی مێگه‌له‌كه‌ی باش به‌خێو بكات ده‌بێ بڕوات , ئه‌مه‌ یاسای ژیانه‌و هه‌ر له‌سه‌رده‌می حوكمڕانی پێغه‌مبه‌ره‌كانه‌وه‌ تاسه‌رده‌می ئه‌مبراتۆره‌كان له‌وێشه‌وه‌ تا سه‌رده‌می ئێستامان په‌یڕه‌وی لێكراوه‌ , بۆنمونه‌ كاتێ حه‌زره‌تی یونس له‌خزمه‌تكردنی گه‌له‌كه‌ی خۆیدا كه‌مته‌رخه‌می كردو نه‌یتوانی وه‌كو پێویست ڕێنمایی خه‌ڵك بكات و ویست و داخوازییه‌كانیان جێبه‌جێ بكات , خوای گه‌وره‌ سزایه‌كی قورسی داو خستییه‌ ناو ده‌روونی نه‌هه‌نگه‌وه‌ , ماوه‌یه‌ك له‌نێو ئه‌و ژووره‌ ته‌نگ و تاریكه‌دا له‌نێو ئه‌و شه‌وه‌زه‌نگه‌دا به‌ندی كرد تا سزای خۆی وه‌رگرت , كاتێ له‌و به‌ندیخانه‌ تاریك و سامناكه‌ رزگاری بوو , زانی هه‌ڵه‌ی كردووه‌ بۆیه‌ داوای لێخۆشبوونی له‌ خوا كردو داوای لێبوردنیشی له‌ گه‌له‌كه‌ی كردو , به‌ڵێنیشی پێدان كه‌ كاربۆ ویست و داخوازییه‌كانیان بكات و درێغی نه‌كات له‌خزمه‌تكردنیاندا ,  هه‌روه‌ها له‌سه‌رده‌می رۆمانه‌كاندا چه‌ندین جه‌لادو دكتاتۆر كه‌وتنه‌ به‌ر نه‌فره‌ت و شه‌پۆڵی توڕه‌ی خه‌ڵكه‌وه‌و له‌ناو چوون , ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له‌ڕابردوو بده‌ینه‌وه‌و ته‌ماشای قۆناغه‌ جیاجیاكانی مێژوو بكه‌ین , بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ له‌هه‌موو سه‌رده‌مێكدا جه‌لادو دكتاتۆر هه‌بوونه‌ كه‌ به‌ ئاگرو ئاسن و قامچی حوكمی گه‌له‌كه‌یان كردووه‌ , به‌ڵام له‌كۆتاییدا هه‌ر به‌ده‌ستی گه‌له‌كانیانه‌وه‌ له‌ناوچوون و ته‌خت و تاراجیان خاپوركراوه‌و خه‌ڵكێكی تر جێگایان گرتوونه‌ته‌وه‌ ,
ئێستاش كه‌ سه‌رده‌می عه‌وله‌مه‌و مافی مرۆڤ و دیموكراسی و لیبرالییه‌و جیهان له‌دوا قۆناغی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردندایه‌ , كه‌چی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست بۆته‌ سه‌رزه‌مینی جه‌لادو دكتاتۆره‌كان , وڵات نیه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌یان دكتاتۆری تیا نه‌بێت و سه‌دان جه‌لادو خوێنمژی تیا نه‌بێت , بۆیه‌ كه‌ ته‌ماشا ده‌كه‌ی وڵاتانی خۆرئاواو ئه‌وروپا به‌رده‌وام خه‌ریكی گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنن , به‌ڵام وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنیان تیادا وه‌ستاوه‌ , هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حاكمه‌كانیان به‌ زه‌بروزه‌نگ و قامچی خۆیان به‌سه‌ر گه‌له‌كانیاندا سه‌پاندووه‌ , بۆیه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ خاس و عامه‌وه‌ له‌ به‌هره‌و داهێنان و به‌رهه‌مهێنان و گه‌شه‌كردندا ساردوسڕی و هیلاكییان پێوه‌ دیاره‌ , به‌مانایه‌كی ترئه‌و خه‌ڵكه‌ ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ریكی ململانێی سیاسی و خۆرێكخستن و نه‌خشه‌دانانن بۆ له‌ناوبردنی سه‌رۆكه‌ جه‌لادو دكتاتۆره‌كان , نیو ئه‌وه‌نده‌ خه‌ریكی داهێنان و به‌رهه‌مهێنان و گه‌شه‌ پێكردنی وڵاته‌كانیان نین , به‌روبوم و ئابوری وڵاته‌كانیشیان هه‌مووی له‌و ڕێگایه‌دا به‌فیڕۆ ده‌ده‌ن , یان سه‌روه‌ت و سامانی وڵاته‌كه‌یان ده‌به‌خشنه‌ ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كان تا له‌به‌رانبه‌ردا له‌ده‌ستی جه‌لادو دكتاتۆره‌كه‌یان رزگاریان بكه‌ن , ئه‌گه‌ر سه‌یری عێراق بكه‌ین ده‌بینین سه‌دام حسێن هه‌موو ئابوری وڵاتی كرده‌ قوربانی كورسی ده‌سه‌ڵاتی خۆی , ژێرخانی ئابوری ئه‌م وڵاته‌ی وه‌ها وێران كرد كه‌ به‌بیست ساڵی تریش وه‌ك خۆی لێ نایه‌ته‌وه‌ , دواجاریش هه‌ر به‌ده‌ستی میلله‌ته‌كه‌ی خۆی به‌ په‌تی سێداره‌ وه‌كرا , ئێستاش كه‌ سه‌رده‌می به‌هاری عه‌ره‌بی و رۆژهه‌ڵاتییه‌ هه‌ندێك له‌دكتاتۆره‌كان به‌ئاسانی و به‌ به‌رگرییه‌كی لاوازه‌وه‌ عه‌رشی ده‌سه‌ڵاتیان جێهێشت و خۆیان دا به‌ ده‌سته‌وه‌ , به‌ڵام هه‌ندێكی تریان وه‌كو قه‌زافی و ئه‌سه‌د به‌رگرییه‌كی خوێناویان كردو وڵاتی خۆیان كرده‌ گۆمی خوێن , به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانن هه‌تاسه‌ر به‌رانبه‌ر به‌ ئیراده‌ی پۆڵاینی گه‌ل خۆڕاگری بكه‌ن , چونكه‌ ویستی ئازادیخوازی و سه‌ربه‌ستی له‌ناخی هه‌موو تاكێكی ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌دا چه‌كه‌ره‌ی كردووه‌و ئاماده‌ن گیانی خۆیانی بۆ به‌خت بكه‌ن , هه‌روه‌كو بینیمان گه‌نجه‌ شۆره‌شگێره‌كانی لیبیا كۆڵیان نه‌دا تا ڕژێمی قه‌زافی و دارو ده‌سته‌كه‌یان له‌ناو بردو حوكمی دكتاتۆرییان له‌و وڵاته‌دا كۆتایی پێ هێنا , ئێستا ده‌توانین بڵێین رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌رَاست و به‌شێك له‌ ئه‌فریقیا به‌قۆناغی ڕێنیسانسدا تێده‌په‌ڕن و بوونه‌ته‌ سه‌رزه‌مینی ئازادیخوازان , له‌م وڵاتانه‌دا ده‌نگی شه‌قام و شه‌پۆڵی ناره‌زایی خه‌ڵك تاج و ته‌ختی ده‌سه‌ڵاتدارانی هێناوه‌ته‌ له‌رزین , جا پێویسته‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌وڵاتی خۆشمانه‌وه‌ به‌ خێرایی و به‌بێ دودڵی ملكه‌چی داخوازییه‌كانی خه‌ڵك بن و داواكانیان جێبه‌جێ بكه‌ن , چونكه‌ ڕوداوه‌كانی میسرو تونس و لیبیا ئه‌وه‌یان بۆ ده‌رخستین كه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان هه‌رچه‌ندی خاوه‌نی سوپاو موخابه‌رات و ئه‌منی تایبه‌ت بن ناتوانن ئیراده‌ی گه‌ل تێكبشكێنن , به‌ڵكو هه‌ر خۆیان تێكده‌شكێن و زه‌لیل و ریسوا ده‌بن له‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه‌ , هه‌موومان بینیمان حوسنی موباره‌ك ئه‌و خاوه‌ن جه‌به‌ڕووته‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سامناكو پڕ مه‌ترسییه‌ كه‌ زۆربه‌ی زلهێزه‌كان پشتگیرییان لێ ده‌كرد , به‌ڵام چۆن خۆی و كوڕه‌كانی خرانه‌ نێو قه‌فه‌سی تاوانه‌وه‌و به‌ زه‌لیلی هێنرانه‌ به‌رده‌می دادگا , ده‌سه‌ڵاته‌ تۆتالیتاره‌كان ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانن كه‌ ڕای گشتی ده‌ره‌وه‌ش له‌گه‌ڵ ده‌نگی شه‌قام دایه‌ نه‌ك له‌گه‌ڵ حه‌زو ئاره‌زووی دكتاتۆره‌كان , ئه‌و دكتاتۆرانه‌ هه‌تا سه‌ریان سپی بوو خزمه‌تی بێگانه‌یان كرد , به‌ڵام بێگانه‌ هه‌روه‌كو نه‌ریتی خۆی كه‌ زانی كه‌ڵكیان نه‌ماوه‌ پشتی تێكردن و له‌به‌رده‌م خه‌ڵك و خوادا زه‌بوونی كردن , پێویسته‌ ئه‌و ڕووداوه‌ ببێته‌ په‌ندو عیبره‌ت بۆ هه‌موو ئه‌و سه‌ركرده‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی كه‌ پشتیان به‌ ئه‌مریكاو ده‌وڵه‌تانی تر به‌ستووه‌ , با دڵیان به‌وه‌ خۆش نه‌بێ كه‌ پشتیان قایمه‌و كه‌س ده‌ره‌قه‌تیان نایه‌ت , به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر رۆژیان هات نه‌ ئه‌مریكاو نه‌ ده‌وڵه‌تانی تریش فریایان ناكه‌ون و وه‌كو موباره‌ك و قه‌زافی قه‌یسه‌رییان لێ ده‌بێته‌ كونه‌ مشك ,

 

•      نه‌جات ئه‌سپینداره‌یی  
   najataspindary@hotmail.com
    تیبینی:  ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ روزنامه‌ی هاولاتی بلاوبوته‌وه‌

Previous
Next

Leave a Reply