Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

دلاوەر قەرەداغى لە تەوەرى نوسین و خوێندنەوەدا

Be First!
by April 22, 2008 گشتی

ئامادەکردنى:    توانا ئەمین……..

ئەمڕۆ نێوەندى روناکبیرى کوردى لەکۆمیدیایەکدا ژیان دەکات، بەدەست دەردێکەوە دەناڵێنێت کەدەتوانین بەپەتاى نەخوێندنەوە ناوزەدى بکەین! دەیان روژنامەى زەردو سەدان کتێبى هیچ لەبازاڕدا بەرچاودەکەون، دەزگاگەلێکى چاپ و پەخش لەم هەرێمە بچوکەى ئێمەدا دەبینرێن کەبەزەحمەت لە بیۆگرافیاکانیاندا کتێبێک، تەنها یەک کتێبى چاک دەدۆزیتەوە، ئەگەر بەختت هەبێت.
رۆژنامەى هەرزان، نوسەرانى سادەگۆ و پیشەیى، روشنبیرى موزەیەف و بەناو روناکبیرى بێئاگا لەدونیا، دەسەڵاتێکى سیاسى بێخەم و بێخەبەر، لە زەمینە سازیەکانى ئەم نەخۆشیەن… ئەمڕۆ لەلاى ئێمە تاڕادەیەک هاوکێشەى نوسەرو خوێنەر لەپێچەوانەبونەوەدان، خوێنەرانێکمان لە ئاستێکدا هەن کەلێناگەڕێن هەموو شتێک بەسەریاندا تێپەڕێت، لەحاڵێکى وادا دەبێت نوسەرى ئێمە حسابێکى جدى تر لەدەیەکانى پێشوو بۆ خوێنەر بکات.
ئێمە لێرەدا لەبارەى گرنگى خوێندنەوە و ئاشنابوون بە کتێب و کلتور، وەک دەروازەیەک بۆ دۆزینەوەى پێگەى خۆمان جارێک وەک مرۆڤ و جارێک وەک نەتەوە، لەمەڕ بەهەند وەرگرتنى مەعریفە وەک مەرجى یەکەم لەپرۆسەى نوسیندا، ئیشى ئیلهامء رۆڵى مەعریفە لەبەرهەم هێنانى دەقدا، لەمەڕ ئەو پاشا گەردانیەى رۆژنامەوانىء رۆشنبیرى کوردى، دەستەیەک روناکبیرء نوسەرى جدیمان لەم تەوەرەدا کۆکردەوە و لەم پرسیارەدا پەیامى خۆمان کورتکردەوە:
 
لەکاتێکدا تێکستە گەورەکانى دونیا زادەى مەعریفەن نەک ئیلهام، کەچى نووسەرى ئێمە کەم دەخوێنێتەوەو زۆر دەنووسێت! نووسینى دواى ئەم هەموو نەخوێندنەوەیە رۆشنبیریى کوردىء بەتایبەتیش ئەدەبیات بەرەو سادەگۆیىء هیچ نەوتن نابات؟

دلاوەر قەرەداغى:
خوێندنە‌وە‌ وە‌ک هە‌ناسە‌دان و گوێ رادێران لە‌ مۆسیقاء پیاسە‌ی دارستان، پێداویستییە و خاڵێکە‌ کە‌ تیایدا جە‌ستە و ڕۆح دە‌گە‌نە‌ ئە‌وپە‌ڕی هارمۆنییە‌ت و لێکحاڵیبوون.     ‌

بە‌ڕاست خوێندنە‌وە‌ چییە‌؟ چی هانمان دە‌دا بخوێنینە‌وە‌؟ ئایا کە‌ ئێمە‌ نووسینگە‌لێکی داهێنە‌رانە‌مان کە‌مە‌، هۆکە‌ی ئە‌وە‌یە‌‌ نووسە‌ری ئێمە‌ کە‌م دە‌خوێنێتە‌وە‌؟ ئێمە‌ هە‌ر لە‌ منداڵییء خێزانء قوتابخانە‌وە‌ چۆن لە‌سە‌ر خوێندنە‌وە‌ ڕاهێنراوین و بۆ دە‌مانە‌وێ بخوێنیننە‌وە؟ ئاخۆ خوێندنە‌وە‌ی کتێب کولتوورەء‌ ئە‌گە‌ر کولتوورە‌ ئایا ئێمە‌ خاوە‌ن ئە‌و کولتوورە‌ین؟ ئایا ئێمە‌ دە‌بێ زۆر بخوێنینە‌وە‌ بۆ ئە‌وە‌ی دە‌قی جوان بنووسین؟
ئە‌مانە‌ و چە‌ندین وردە‌ پرسیاری تر لە‌ پێوە‌ند بە‌ پرسیارە‌‌ سە‌رە‌کییە‌کە‌ی ئێوە‌وە‌ دە‌وروژێنء هە‌ریە‌کە‌یان بۆ خۆی لە‌سە‌روە‌ستانء قسە‌کردنی زۆر هە‌ڵدە‌گرێ. لە‌ڕاستیدا گومانکردنیش لە‌ خودی کتێبء جێهێشتنی کاریگە‌رییە‌کی نە‌رێنی لە‌سە‌ر فیترییە‌تء چە‌مکی چاکە‌خوازی لای نووسە‌ری ئێمە وە‌ک ئینسان، بۆ خۆی باسێکی ترە‌ء دە‌کرێ لە‌ بوارێکی تردا قسە‌ی لێبکرێ.
نووسە‌رگە‌لێک کە‌ لە‌ پرسیارە‌کە‌تاندا ئاماژە‌تان پێداون بە‌وە‌ی کە‌م دە‌خوێننە‌وەء‌ زۆرء بۆر دە‌نووسن، بە‌ڵام ئاخۆ گە‌ر ئە‌و هاوڕێیانە‌‌‌ زۆر بخوێننە‌وە‌ ئیدی جوان دە‌نووسن؟ من پێموایە‌ ئە‌وە‌ ئیشکالیە‌تێکەء‌ لە‌ بناخە‌وە‌‌‌ پێوە‌ندی بە‌ بڕی کە‌م خوێندنە‌وە‌ء زۆر نووسینە‌وە‌ نییە‌، بە‌ڵکو پێوە‌ندی بە بە‌‌کوردیی نووسین و ئە‌و دونیاء کولتوورە‌ پڕ لە‌ ژاوە‌ژاوە‌ی ئێمە‌وە‌ هە‌یە‌ کە‌ هە‌ر دوای نووسینی دوو سێ ستوون لە‌ ڕۆژنامە‌یە‌کء سازدانی دوو سێ چاوپێکە‌وتنء مسۆگە‌رکردنی هە‌ندێک پیاهە‌ڵدان و پێبە‌خشینی بڕێک شاباشء ئیمتیاز، ئیدی بە‌سە‌ر دونیای نووسینء داهێناندا ساخدە‌بینە‌وەء‌ هە‌تا دە‌مرین هە‌ر دە‌نووسین. بڕاوم وایە‌ ئە‌و هاوڕێیانە‌ گە‌ر بیشخوێننە‌وە‌ لە‌باشترین حاڵە‌تدا بۆ ئە‌وە‌ دە‌خوێننە‌وە‌ تا لە‌‌ کاروان جێنە‌مێنن، بۆ ئە‌وە دە‌خوێننە‌وە‌ تا لە‌ موجادە‌لە‌یە‌کدا دوو سێ دێڕیان پێبێ بیڵێنء وە‌ک خە‌ڵکانی مۆدێرنء خوێنە‌وار خۆیانی پێ نمایش بکە‌ن. هە‌ڵبە‌ت من لێرە‌دا تە‌نێ باس لە‌ جە‌وهە‌ری خوێندنە‌وە‌ لای ئە‌و تە‌رزە‌ نووسە‌رە‌ زۆرء بۆر نووسانە‌ دە‌کە‌م نە‌ک خوێنە‌رێکی ئاساییء جیددی کە‌ ڕوانگە‌ی بۆ خوێندنە‌وە‌ی کتێب تە‌واو جیاوازە‌ء بە‌ ئاراستە‌یە‌کی تردا گە‌شتی خۆی لە‌گە‌ڵ کتێبدا دە‌ستپێکردووەء‌ کتێب خوێندنە‌وە‌ لە‌لای بووە‌تە‌ جۆرێک لە‌ پێداویستی. ڕوانگە‌ی ئە‌و خوێنە‌‌رانە‌ بۆ خوێندنە‌وە‌ی کتێب لە‌ خاڵێکی زۆر گرینگدا هاوبە‌شە‌ لە‌گە‌ڵ روانگە‌ی نووسە‌رێکی جیددی خاوە‌ن دە‌قی داهێنە‌رانە‌دا بە‌وە‌ی کە‌ خوێندنە‌وە‌ی کتێب لە‌لایان تە‌واو لە‌ جێهێشتنی وڵات دە‌‌چێت. پێموایە‌ مرۆڤ هە‌ر بە‌تە‌نها لە‌بە‌ر هۆیە‌کی سیاسی یان کۆمە‌ڵایە‌تی یاخۆ سە‌فە‌رکردن و هە‌وا گۆڕین، وڵات جێناهێڵێ، بە‌ڵکو هۆیە‌کی شاراوە‌ و جە‌وهە‌ری تر لە‌ پشت سە‌فە‌رکردنە‌وە‌یە‌ کە‌ ئە‌ویش ونبوونی شتێکە‌ و کە‌سی موسافیر‌ (خوێنە‌ر) پە‌رۆشی دۆزینە‌وە‌یە‌تی، شتێک کە‌ هە‌میشە‌ ون دە‌بێء کاتێکیش دە‌دۆزرێتە‌وە،‌ تە‌ماحی دۆزینە‌وە‌ی شتێکی لە‌و گرینگتر بە‌دوای خۆیدا دێنێ. کتێبە‌کان کۆمە‌ڵێک فە‌زاء وڵاتءڕێگای باریکء پێچاوپێچن کە‌ دە‌چنە‌وە‌ سە‌ر فە‌زا و  وڵات و رێگاگە‌لی باریکء پێچاوپێچی تر … موسافیری ئە‌و وڵاتء رێگایانە‌ هە‌میشە‌ خە‌ڵکانی زاهید و ساکار و خانە‌گومان و ماندوون، قە‌ت لە‌دووی ئە‌وە‌ نین خوێندنە‌وە‌ی کتێب بکە‌نە‌ دە‌سمایە‌ بۆ کاسپی نووسین. خوێندنە‌وە‌ واتە‌ هە‌بوونی پرسیار و گومان و شوێنپێ هە‌ڵگرتن، کە‌ ئێمە‌ خاوە‌ن هیچ گومانێک نە‌بین و هیچ پرسیارێک نە‌بێت بە‌دوای وە‌ڵامە‌کە‌یدا بگە‌ڕێین و هیچ شتێکمان لێ بزر نە‌بووبێ پە‌رۆشی دۆزینە‌وە‌ی بین، ئیدی تە‌نها وە‌ک مۆد و بۆ کات بە‌سە‌ر بردن و خۆدە‌ربازکردن لە‌ بێزاریی، کتێب دە‌خوێنینە‌وە‌، کە‌چی خوێندنە‌وە‌ خۆی وە‌ک هە‌ناسە‌دانء گوێ رادێران لە‌ مۆسیقاء پیاسە‌ی دارستان پێداویستییەء ‌خاڵێکە‌ کە‌ تیایدا جە‌ستە‌ء ڕۆح دە‌گە‌نە‌ ئە‌وپە‌ڕی هارمۆنییە‌ت و لێکحاڵیبوون.     ‌
هە‌ر لە‌ پە‌یوە‌ند بە‌م تە‌وە‌رە‌یە‌وە‌ء هاوشان لە‌گە‌ڵ وروژاندنی ئە‌و پرسیارە‌ی ئێوە‌‌دا، دە‌کرێ ئاماژە‌ بە‌ لایە‌نێکی تر لە‌ مە‌سە‌لە‌ی نووسین و بە‌رهە‌مهێنانی دە‌قی دهێنە‌رانە‌دا‌ لە‌ دە‌رە‌وە‌ی کتێبء خوێندنە‌وە‌وە‌ بدرێ، کە‌ ئە‌ویش پێکهاتە‌ی کە‌سێتیی و ئە‌زموونی شە‌خسی نووسە‌ری ئێمە‌یە‌ هە‌ر لە‌ ژیانی ڕۆژانە‌ی خۆیە‌وە‌ تا دە‌گاتە‌ ئە‌زموونی بینین و سە‌فە‌ر و بە‌رکە‌وتنی بە‌ ڕووبە‌ری تر و جوگرافیای ترە‌وە‌. لە‌ ڕاستیدا ئە‌وە‌ تە‌نها کتێبە‌کان نین کە‌ هزرء ئە‌ندێشە‌ی نووسە‌ر ئاودە‌دە‌نء لە‌ ڕۆح داهێزران دە‌یپارێزن و پڕی دە‌کە‌ن لە‌ ئامادە‌گیی بۆ وە‌بە‌رهە‌مهێنانی دە‌قی جوان، بە‌ڵکو سە‌فە‌رء جێگۆڕکێء بینینی وڵاتانی ترء ئە‌زموونکردنی هە‌ناسە‌دان لە‌ پانتاییگە‌لی کولتووری تردا، نە‌ک هە‌ر بە‌ تە‌نێ بۆ ئە‌زموونی نووسین پێویستە‌، بە‌ڵکو ئە‌و بە‌رکە‌وتنە،‌ کە‌سی نووسە‌ر تا ئاستێکی بڵند‌ بە‌رامبە‌ر نووسە‌ربوونی خۆی دە‌خاتە‌ گومانە‌وە‌، پێموایە‌ دروستبوونی ئە‌و گومانە‌ سە‌رە‌تایە‌کی گرنگە‌ بۆ سە‌رلە‌نوێ خۆدۆزینە‌وە‌ و دە‌ستپێکردنە‌وە‌ بە‌ ڕۆحێکی ترە‌وە‌. لە‌خۆڕا نییە‌ هە‌ندێک لە‌ ئێمە‌مانان لە‌میانە‌ی بینینی ئە‌و ئە‌زموونە‌دا ئازایانە‌ بە‌ یە‌کجاری واز لە‌ نووسین دە‌هێنین و هە‌ندێکی تریشمان بە‌هە‌مان خە‌یاڵء  و لۆژیکی بە‌کوردی نووسینە‌وە‌، بە‌ڵام ئە‌م جارە‌یان بە‌ کۆمە‌ڵێک پۆزی حە‌کیمانە‌ء لافءگە‌زافی بلیمە‌تفکرانە‌وە‌، لە‌سە‌ر بە‌رهە‌مەێنانی شیعرء چیرۆکی خۆمان بە‌ردە‌وام دە‌بینء لە‌سە‌ر هە‌موو شتێک دە‌نووسینء قسە‌ دە‌کە‌ینء ساڵانە‌ هە‌زار دیدارء چاوپێکە‌وتن لە‌گە‌ڵ ڕۆژنامە‌ء گۆڤارە‌کانی کوردستاندا سازدە‌دە‌ین. 
هە‌ر سە‌بارە‌ت بە‌ کێشە‌ی کتێب خوێندنە‌وە‌ء کولتووری خوێندنە‌وە‌، حە‌ز دە‌کە‌م لە‌و ڕووە‌وە‌ ئاماژە‌ بە‌ لایە‌نێکی تر بدرێ کە‌‌ ئە‌ویش هە‌نگاونانە‌ بۆ‌ خوڵقاندنی پە‌روە‌ردە‌ی خوێندنە‌وە‌ء کولتووری خوێندنە‌وە‌‌. ئە‌م لایە‌نە‌ تە‌واوێک تێهە‌ڵکێشی پە‌روە‌ردە‌ء کولتووری خوێندنە‌ کە‌ بە‌ داخە‌وە‌ لای ئێمە‌ خوێندنء سیستمی خوێندن ڕێک بە‌ ئاراستە‌ی دژایە‌تی کردنی پە‌روە‌ردە‌ی خوێندنە‌وە‌ء کولتووری خوێندنە‌وە‌دا‌ کاری کردووە‌ء ئێمە‌یش زوربە‌ی زۆرمان دە‌رچووی ئە‌و قوتابخانە‌ء زانکۆیانە‌ین. قوتابخانە‌ءزانکۆکانی ئێمە‌ لە‌بری ئە‌وە‌ی حە‌زی گە‌ڕانء خوێندنە‌وە‌ی جیددی لە‌ قوتابیدا پە‌رە‌ پێبدە‌ن، ئە‌و حە‌زە‌ی تێدا دە‌کوژنء ڕێگاکانی گە‌ڕانء هە‌ڵگۆزانی پرسیاری لە‌بە‌ردە‌مدا دادە‌خە‌ن. سیستمی خوێندنی ئێمە‌ هە‌میشە‌ لە‌گە‌ڵ کتێبە‌کانی دە‌رە‌وە‌ی قوتابخانە‌دا دوژمنایە‌تی هە‌بووە‌ء کە‌م نین ئە‌و ساتانە‌ی کە‌ مامۆستا ئاگاداری کردووینە‌تە‌وە‌ کە‌ نابێ لە‌ وە‌ڵامی پرسیارە‌کانیاندا لە‌و‌ کتێبە‌ی کە‌ بۆمان دیاری کراوە‌‌ لابدە‌ینء دە‌رچین. باخچە‌ی ساوایان کە‌ خۆی دە‌بێ‌ بناخە‌ء جێگایە‌کی پڕ جووڵە‌ء مانادارء دە‌لالە‌تی گە‌ورە‌ بێ بۆ پێکەێنانی کە‌سێتی منداڵء برە‌ودان بە‌ چێژء ئە‌ندێشە‌ء دروستکردنی گیانی گە‌ڕانء خۆشویستنی کتێب تیایدا، کە‌چی بە‌ چە‌ند گۆرانییء ئۆپە‌رێتێکی ناخۆش ئە‌و تە‌مە‌نە‌ پڕ لە‌ جووڵە‌ء ئامادە‌گییە‌ی منداڵی ئێمە‌ بە‌ڕێدە‌کرێ. دیارە‌ ناکرێ ئە‌و هە‌وڵە‌ تاکوتە‌رایانە‌ لە‌بە‌رچاو نە‌گیرێن کە‌ ئە‌مڕۆ لە‌ کوردستان لە‌و ڕووە‌وە‌ لە‌لایە‌ن خە‌ڵکانێکی دڵسۆزو خە‌مخۆرە‌وە‌ دە‌درێن، بە‌ڵام ئە‌و هە‌وڵانە‌ تە‌نها باڵء کورت مە‌وداء تاکە‌کە‌سینء ناتوانن شتێکی ئە‌وتۆ لە‌ کۆی وێنە‌ گشتییە‌کە‌ بگۆڕن. مە‌بە‌ستمە‌ بڵێم کە‌ ئێمە‌ دە‌بێ لە‌ بناخە‌وە‌ و هە‌ر لە‌میانە‌ی خودی سیستمی‌ پە‌روە‌ردە‌ء خوێندنە‌وە‌ ڕوانینء گۆشە‌نیگای کۆمە‌ڵگە‌ بۆ خوێندنە‌وەء ‌بۆ کتێب بگۆڕین، دیارە‌ ئە‌م ئە‌رکە‌ لە‌ زە‌مە‌نێکدا قورستترە‌ کە‌ تۆڕە‌‌کانی پێوە‌ندی لە‌وپە‌ڕی خێرایی و کاریگە‌ریدان و لە‌ کۆمە‌ڵگە‌یە‌کدا کە‌ خوێندنە‌وە‌ نە‌بووبێتە‌ پێداویستیء کولتوور، ئیدی کتێب دە‌شێ بە‌ سانایی ببێت بە‌ژێر هوروژمی وە‌سوە‌سە‌ و ئیغرائاتە‌کانی جیهانگیرییە‌وە‌‌. ‌ 
           

‌  ‌

Previous
Next

Leave a Reply