Skip to Content

Saturday, December 5th, 2020

ده‌ریایه‌ك له‌خه‌م ، ته‌نهاییه‌ك له‌خۆشه‌ویستی

Be First!

 

 

 

1

چه‌ند ساڵێكه‌ 

ده‌ست بۆهه‌رشوێنیكت ده‌به‌م

پڕن له‌باخی هه‌ڵاڵه‌و

ده‌نكه‌ هه‌ناری ئه‌م وه‌رزه‌و

وه‌ك شه‌ونمی به‌ربه‌یانیان

نمه‌ نمه‌ سپی ده‌بێ و، هه‌ڵده‌وه‌رێ 

كاتێك ده‌مم دێنم ماچت بكه‌م 

ته‌نها گوڵی لێوی ماچه‌كانته‌

وه‌ك په‌ڵكه‌ زێرینه‌په‌خش ده‌بێ و،

سپێده‌یه‌كی،، روناك ده‌نوێنێ

2

كه‌سه‌یرت ده‌كه‌م

هه‌میشه‌ له‌جێی ره‌نگت به‌فری سپی و

له‌جێی ووشه‌، بۆڵوه‌ ترێی ی چاوه‌كانت و

له‌جێی باران فرمێسكه‌كانت و

له‌جێی ساباتی قژه‌كه‌ی ،تۆ ده‌نوسمه‌وه‌

بۆیه‌ خه‌ونمی شعره‌كانم ره‌نگاوره‌نگه‌و

هه‌میشه‌ به‌گه‌نجی ده‌مێنمه‌وه‌

گۆڵی ماچت

له‌سه‌ر قه‌راغی خه‌ونێكما دانرابوو 

كاتێ به‌خه‌به‌رهاتمه‌وه‌ 

ماچ هه‌ڵوه‌ری

ژیان تروسكایی گرت و 

رومه‌ت بێ ماچ مایه‌وه‌

4

من هه‌رماچم نه‌ناسی بوو

كاتێك به‌ره‌نگێكی خۆڵه‌مێشی

لێوت كردم به‌باڵنده‌

له‌نێو سۆزی باوه‌شی تۆدا

بووم به‌گوڵێكی په‌ناهه‌نده‌

5

خۆشه‌ویستیت مۆمێكی داگیرساو بوو

له‌هه‌نگێكی بێ ئارام ده‌چوو

حه‌زت ده‌كرد

ئێواره‌یه‌ك بارانی به‌خوڕ دابكاو

سه‌رو پرچمان به‌په‌لكه‌زێرینه‌ی

ناوه‌خت بشواته‌وه‌

ئاوێنه‌ی روومان

له‌كه‌س نه‌چی، له‌خۆت نه‌بێ

6

كاتێ له‌گه‌ڵ مندا تێكه‌ڵاوبووی

هه‌موو په‌پوله‌كانی باخچه‌ی فرمێسك و

گوڵاڵه‌كانی باخچه‌ی خۆشه‌ویستی

بوونه‌ هاوڕێم

په‌ڕه‌سێلكه‌كانی هه‌ناری دڵم

بوونه‌ غوربه‌ت و

له‌به‌رده‌م په‌یكه‌ری به‌فری تۆدا توانه‌وه‌

7

له‌ئێواره‌یه‌كی غوربه‌تا

بوویته‌ شه‌ونمی سه‌ر ڕووم

بووی به‌مه‌قامێكی پر له‌حه‌سره‌تی

گریاناوی

زه‌رده‌په‌ڕ، گۆرانیه‌كی پڕ له‌وه‌رینی

گه‌ڵاكانی پایزیان بۆده‌ووتم

پۆل پۆل ئه‌فڕین به‌سه‌ر حه‌وشه‌ی ژووری دڵمدا

فێریان كردم شعر

به‌تاڵی قژی ئه‌وان بنووسم و

بیده‌مه‌ ده‌ست بای غه‌ریبی

قه‌ڵه‌مه‌كه‌م بده‌مه‌

تریفه‌ی مانگه‌ شه‌وو

ده‌ست گه‌واڵه‌ هه‌ورێكی سه‌رگه‌ردان

تاكوو خونچه‌ی ژیان بنووسنه‌وه‌

8

من جگه‌ له‌سه‌وزی له‌هۆنراوه‌كانم

وه‌ك پۆلێ باڵنده‌ی عاشق

ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆناو تاریكی ژیان

ئاسمانی كێوێك پڕ ده‌كه‌م

له‌جریوه‌ی شعره‌و

خه‌مێكی ته‌ڕ شك نابه‌م بۆنیشتمان

9

هه‌تا ئاوێزان بوونی

دووجه‌سته‌ هه‌رده‌فڕین

باهه‌رچی گری سۆزی عاشقان هه‌یه‌

له‌خه‌ڵوه‌تگه‌ی به‌رپێت بتوێته‌وه‌

بانێرگزه‌كانی سینه‌م

له‌گه‌ڵ فرمێسكه‌كانی تۆدا بژێته‌وه‌

10

نازانم دڵم له‌ماڵی كام هه‌ور

له‌باخی كام عاشق جێ بێڵَم

ده‌تۆ وه‌ره‌و به‌ روناكی ئه‌م عشقه‌وه‌

مۆمێكم له‌روخسارتا بۆداگیرسێنه‌

به‌ده‌م خه‌یاڵه‌وه‌ پێكی شه‌رابێكم

بۆتێكه‌ڵ كه‌ با مه‌ست بم به‌دیدارت

11

كانیاوی رۆحی تۆ له‌كوێ بێ

قه‌ڵه‌می تینوی من له‌وێه‌

زه‌وی ووشه‌كه‌وه‌بوی تۆ له‌كوێ بێ

شنه‌ی شه‌ماڵی دڵی من له‌ویێه‌

12

چاوم بۆ باخی هێلانه‌یه‌كی

كوژراوی تۆده‌گه‌ڕێت

تا به‌روناكی دڵم ئاشتی كه‌مه‌وه‌

ناوبه‌ناو گۆرانیه‌كی عاشقانه‌ی

كه‌شتیه‌وانێكی شه‌وێكی پڕ

له‌تریفه‌ی مانگی بۆپچڕم

تاكوو به‌ده‌م هه‌نسكی تاسه‌ی دڵمه‌وه‌

دڵم له‌باخچه‌ی گوڵێك بگرم

 

 

كه‌ژاڵ ئیبراهیم خدر 

Previous
Next

Leave a Reply